ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا دوای ئەوەی پشتیوانیی لە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەلەستین کرد لەلایەن کوڕەکەی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هێرشی توند دەکرێتە سەر . یائیر نەتانیاهۆ لە ئێکس بابەتێکی دژی ماکرۆن بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نیو کالیدۆنیا، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی پۆڵینیزیای فەڕەنسی، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کۆرسیکا، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی هەرێمی باسک، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی گینیای فەڕەنسی، بوەستن لە سەردەستیی نوێی فەڕەنسا لە رۆژئاوای ئەفریقا. ئەم قسانەی یائیر دوای ئەوەدێت، کە هەفتەی رابردوو ئیمانوێل ماکرۆن لەسەر دۆسیەی غەزە و فەڵەستین گوتی، هەڵوێستی فەڕەنسا روونە و لەگەڵ ئاشتیدایە، بەڵێ بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، بەڵێ بۆ دەوڵەتی فەڵەستین بەبێ حەماس. یائیر دوای ئەم قسانەی ماکرۆن هێرشی توندیکردە سەر سەرۆکەکەی فەڕەنسا و داوای سەربەخۆیی ئەو شوێنانەی کرد کە لەژێر دەسەڵات و بەڕێوەبەریی فەڕەنسادان.

  لە درێژەی هەڵمەتە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا دژی پێگەکانی حووسییەکان لە یەمەن، فڕۆکە ئەمەریکییەکان پێگەکانی حووسییەکانی لە بەیزا، سەعدە، حودەیدە و مەئرەب بۆمباران کرد. سەرچاوەکان بڵاویان کردەوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا جبەخانەکانی حووسییەکانیان لە بەیزا بۆمباران کردووە. هەروەها فڕۆکە ئەمەریکییەکان سێ هێرشی دیکەیان بۆ سەر جبەخانەکانی حووسییەکان لە شاری سالم لە سەعدە کرد. لەلایەکی دیکەشەوە دوو هێرشی ئاسمانی دیکەی کردە سەر پێگەی حووسییەکان لە شارۆچکەی مونەیرە لە باکووری حودەیدە. هەروەها سێ هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا سەربازگەیەکی حووسییەکانیان پێکا لە ئیدارەی مەکەیراس لە بەیزا. سەرچاوەکان بڵاویان کردەوە، نۆ هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا کۆگاکانی چەکی حووسییەکانیان کردۆتە ئامانج لە شاری سەرواح لە باکووری شاری مەئرەب.

  بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن و کۆتایی هێنان بە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، تا ئێستا سێ خولی دانوستانی فەرمی لە نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدراوە. هەرچەندە هیچ کام لە لایەنەکان بە فەرمی ناوەڕۆکی نامەکانیان رانەگەیاندووە، بەڵام لە لێدوانی بەرپرسانی ئێران، رووسیا، ئەمریکا و ئیسرائیل و هەندێک سەرچاوەی راگەیاندن دەردەکەوێت کە نامەکە "سێ داواکاری تایبەت"ی ئەمریکای بۆ ئێران تێدابووە. ئەم داواکاریانە بریتین لە: داواکارییەکانی ئەمریکا لە ئێران 1- هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. 2- وەستاندنی تەواو و پشتڕاستکردنەوەی سیاسەتی پاڵپشتیکردنی گروپە بە وەکالەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان. 3- سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و توانای چاودێریکردنی ئەو بەرنامانە. ئارگومێنتی ترەمپ بۆ کشانەوەی لە رێکەوتنی ئەتۆمی و دژایەتیکردنی ئێران ئەوە بوو، کە مەحاڵە بگەینە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەبێ ئەوەی بابەتی مووشەکی لە رێککەوتنەکەدا نەخرێتە نێو رێککەوتنەکەوە، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە جۆن کێری، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە بۆ واژووکردنی رێکەوتنەکە فێڵی لێکراوە. ترامپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنیا ئەگەر ئەم داواکاریانە جێبەجێ بکرێن، رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران واژۆ دەکات و بە پێچەوانەوە کۆماری ئیسلامی دەبێت چاوەڕێی "بۆردومان" بکات. داواکارییەکانی ئێران لە ئەمریکا ئێران بەردەوام باسی لەوە کردووە پەیوەندییەکی دوورودرێژیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە کە مێژووەکەی پڕه له رووداو و هەڵوێستی زۆر خراپ و نەرێنی، تا رادەی دوژمنایەتی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران له لایەن ئەمریکاوه، هەر بۆیە بێ متمانەییەکی زۆر دروستبووە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەڵوێستەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکەن. وەزیری دەرەوی ئێران باسی لەوە کردووە، "ئیدارەی پێشووی ئەمریکا نەک هەر هەڵوێستی باشی بەرامبەر ئێران نەبوو، بەڵکو هەڵوێستی زۆر دوژمنکارانەی هەبوو، سیاسەتی گوشار بۆ سەر ئێران و سزا توندەکانی دژی ئێران لە ئیدارەی پێشووی ئەمریکادا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد" عەباس عەراقچی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان لەسەر بنەمای هەڵوێستەکانی ئەمریکا بڕیار دەدەن و بەو پێیە هەڵوێستەکانی خۆیان هەماهەنگ دەکەن. ئێران چەندین داواکاری گرنگی هەیە کە سوورە لەسەری و بەردەوام جەختی لەوە کردووتەوە کە دەبێت ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەم خاڵانە رەچاو بکات: 1-ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران دەتوانێت یەکێک لە هەنگاوە یەکەمەکانی ئەمریکا بێت 2- زیندووکردنەوەی ئەو رێکەوتنەی ترەمپ لێی کشایەوە 3-دانوستانەکان تەنها لە سەر پرسە ئەتۆمییەکان سنووردار بکرێت 4- لابردنی سزاکانی سەر ئێران بە تایبەتی ئەو سزایانەی لەسەر کەرتی وزە و نەوتی ئێران سەپێندراون

  نەتەوەیەکگرتوەکان ئاشکرایکرد، تا ئێستا یەک ملیۆن و 400 هەزار هاوڵاتی سوری، گەڕاونەتەوە وڵاتەکەی خۆیان. کۆمسیاری باڵای پەنەبارانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان بڵاویکردەوە، بەپێی خەمڵاندنەکانیان، لە (8)ـی کانونی دوەمی 2024 و لەدوای روخانی رژێمی ئەسەدەوە 400 هەزار هاوڵاتی سوری لە وڵاتانی دراوسێوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەی خۆیان. ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی سوریا، گەڕاونەتەوە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان. نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداری داوە، رەنگە لەمساڵدا یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس نەتوانن بگەڕێنەوە، هەروەها نەبونی بودجەی پێویست رەنگە سورییەکان ناچار بکات جارێکی دیکە وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن. دەشڵێت: نزیکەی 16.7 ملیۆن کەس لە ناوخۆی سوریا کە دەکاتە (90٪)ـی دانیشتوان پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە، باسی لەوەشکردوە زیاتر لە 7.4 ملیۆن سوری لە ناوخۆی وڵاتەکەیان ئاوارە. پێشتر نەتەوەیەکگرتوەکان، رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی گەڕاندنەوەی یەک ملیۆن و 500 هەزار پەنابەر و دوو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی لەماوەی ساڵی 2025 بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و حاڵیان دەستپێکردوە، بەڵام تا ئێستا تەنها 71 ملیۆن دۆلار لەو 575 ملیۆن دۆلارە بۆیان تەرخانکرابو خەرج کراوە.

  ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێرانی بڵاوی کردەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران تارانی بەجێ هێشتووە و ئێستا گەیشتووەتە مەسقەتی پایتەتی عوممان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف، لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمیی ئێران. ئاژانسەکانی هەواڵیش ئاشکرایان کردووە، شاندی ئەمەریکاش گەیشتوونەتە مەسقەت. ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی(ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت: لەگەڵ چەند هاوڕێییەکی شارەزامان، یاوەری وەزیری دەرەوەمان کرد بۆ مەسقەت، دەشڵێت: پێداگرین لەسەر بەکارهێنانی تەواوی تواناکانمان بۆ پارێزگاری لە توانا و بەرژەوەندییەکانی ئێران. سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئێران و ئەمەریکا لەنێوان عراقچی و ویتکۆف ڕاستەخۆ دەبێت. هەر سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایان کردووە، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆف، گەیشتووەتە مەسقەت بۆ ئەوەی لەگەڵ عراقچی و شاندەکەی لەبارەی پرۆژەی ئەتۆمی کۆ ببێتەوە.

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری کاربەدەستانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە، مەسعود پزشکیان سەرۆکی كۆمارو، سەرۆکی دەسەڵاتەكانی دادوەری و پەرلەمان، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانیان ئاگادار کردۆتەوە، رەتکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا یان شكستهێنانی، بە دڵنیایی هەردوو پێگەی سەرەكی ئەتۆميی نەتەنز و فۆردۆ روبەڕوی هێرشی سەربازی دەكاتەوە. بەرپرسانی ئێران بە خامنەیی_یان ڕاگەیاندووە، وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی سەربازیش، ناوچەکە روبەڕوی مەترسی شەڕێکی فراوانتر دەكاتەوە، ئەوەش سیناریۆیەکە رەنگە زیانی زیاتر بە ئابوریی ئێران بگەیەنێت و نائارامییەکانی ناوخۆ بوروژێنێت. رۆژنامە ئەمریكییەكە باسی لەوەشكردووە، پەیامی ئەو بەرپرسانە روون و ئاشکرابووە، داوای رێگەدانیان بە دانوستان كردووە لەگەڵ واشنتۆن، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات راستەوخۆشبێت، چونکە جێگرەوەكەی رەنگە روخاندنی رژێم بێت لە تاران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کە مانگی ڕابردوو ئاڕاستەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێرانی کردووە، وادەی دیاریکردنی بۆ ئێران بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا دەیەوێت دانوستان لەگەڵ وڵاتەکەی بکات لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، هەڕەشەی گەمارۆو و وەڵامدانەوەی سەربازیی کرد ئەگەر ڕەتی بکاتەوە. ئێران بیر لە وەڵامدانەوەی ئەو نامەیە دەکردەوە و بە وتەی بەرپرسانی باڵای ئێرانی ئاگادار لەو دیدارە، لە مانگی ڕابردوودا سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە و سەرۆکانی دەسەڵاتی دادوەری و مەجلیس لەگەڵ ڕێبەری مەزنی ئێران کۆبوونەوە.

بڕیارە سبەینێ شەممە، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە عوممان دەست پێبکات، لە کاتێکدا نادڵنیایی هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا راستەوخۆ دەبێت یان ناراستەوخۆ، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دووپاتیکردوەتەوە، کە وڵاتەکەی دەرفەت بە دیپلۆماسییەت دەدات. ئیسماعیل باقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوەتەوە، وڵاتەکەی  "دەرفەتێکی راستەقینە" دەداتە ئەم دانوستانانە و گرنگی بە دیپلۆماسییەت دەدات. راشیگەیاند، "تاران هیچ شتێکی پێشوەختە ناکات، بەڵکو نییەتی لایەنی بەرانبەر هەڵدەسەنگێنێت و دواتریش وەڵام دەداتەوە. ئیسماعیل باقائی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، پێمانوایە ئەمەریکا ئەم بڕیارەی دەسەڵاتدارانی ئێران بەرز نرخێنێت. پێشتریش، تامی بروس بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەی داهاتوی وەفدەکانی ئەمریکا و ئێران دەتوانێت سەرەتایەکی باش بێت بۆ تاقیکردنەوەی جددی لەسەر هەڵوێستی تاران.

  سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، 27 ئەندامی یەکێتییەکە لە پلانی وەڵامدانەوەی پێناسی سەپێنراوی گومرگیی ئەمریکا بۆ ماوەی 90 رۆژ دەوەستن، "ئەمەش بۆ ئەوەی دەرفەت بە گفتوگۆ و دانوستاندن بدرێت."   ئورسولا ڤۆن دێرلاین رایگەیاند: "لەکاتێکدا خەریکین رێوشوێنی وەڵامدانەوە تەواو دەکەین و لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە پشتگیرییەکی زۆری کرا، بڕیارماندا بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵیپەسێرین."   رۆژێک پێشتر، یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری دا، لە دژی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا وەڵامیان هەبێت. ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر ئاسن و ئەلەمنیۆمی ئەورووپادا سەپاند.     هەر چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باجی گومرگییەکانی سەر زۆربەی وڵاتانی بۆ ماوەی 90 رۆژ هەڵگرت، ئەمەش 13 کاژێر دوای ئەوەی سەپاندنی. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەو بڕیارە چین ناگرێتەوە.   ڤۆن دێرلاین گوتیشی: "ئەگەر دانوستاندنەکان جێی رەزامەندی نەبوون، وەڵامی پێناسە گومرگییەکان دەدەینەوە."   ئەمریکا 20٪ـی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵاکانی ئەورووپا سەپاندووە.   مارۆس سێفکۆڤیچ، بەرپرسی یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوارد لوتنیک، وەزیری بارزگانیی ئەمریکا و جەیمسن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا کردووە.   سێفکۆڤیچ لە ئێکس نووسی: "تەلەفۆنێکی دیکە، ئەمە لە کاتێکدا وەڵامەکانی یەکێتیی ئەورووپا هەڵدەپەسێرین و دەچینە نێو دانوستاندنە بەماناکانەوە. پەیوەندیی بەردەوام و ئاگاداربوونی رۆژانە وامان لێدەکات بەرەوپێش بچین."   ئەو وەڵامەی یەکێتیی ئەورووپا بەنیاز بوو بیداتەوە، کاڵای ئەمریکی بایی 20 ملیار یۆرۆ بە ئامانج دەگرت لەوانەش فاسۆلیای سۆیا، ماتۆڕسکیل و بەرهەمەکانی جوانکاریی خانمان.   یەکێتییە 27 ئەندامییەکە هێشتا کار لەسەر وەڵامێک بۆ پێناسە جیهانییەکانی ئەمریکا دەکات، ڤۆن دێرلاین گوتی: "کاری ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوە بەردەوامە. هەموو بژاردەکانمان لەبەردەستن."

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەیەکی باڵای ئێران، شەممەی داهاتوو لە عومان بەڕێوەدەچێت. ڕوبیۆ لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا زیادی کرد: هیوادارین ئەمە ببێتە هۆی ئاشتی. وتیشى: ئێمە زۆر ڕوونین کە ئێران هەرگیز خاوەنی چەکی ئەتۆمی نابێت و پێموایە ئەوە بووە هۆی ئەم کۆبوونەوەیە. تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە لە عومان لەگەڵ ئێرانییەکان، هەڵسەنگاندن بۆ جددیەتی تاران دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کۆبوونەوەیە گەڕانێکی سەرەتاییە لە نیازی ئێران بۆ دانوستان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدا لەوەی دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەبێتە "کێشەیەکى گەورەو حیساباتێکى هەڵەیە". تامی بروس وتی: هەڕەشەی ئەم جۆرە کارە بە ڕوونی لەگەڵ جەختکردنەوەکانی ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەی ناتەبایە. عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵاى ئیسلامیی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هێرشی سەربازی یان بەردەوامی هەڕەشەی دەرەکی ببێت، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕێکخراوی نەتەوەکان دەربکات.  

ڕاوێژکارێکی سەربازیی عەلی خامنەیی رایگەیاند، هەڕەشەکانی  سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی هیچ کات جێبەجێنابن و ئەوان لەبەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا ئامادەی وەڵامدانەوەن. ئەمیر ناسر ئاراستە جێگری گرووپی راوێژکارانی سەربازیی خامنەیی لە کاردانەوەی هۆشداریی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران رایگەیاند، وەک سەربازێکی دێرین بە دڵنیاییەوە دەڵێت ئەم هەڕەشانە جێبەجێنابن. وتیشی، هێزە چەکدارەکان لە سەرووی ئەم هەڕەشانەوە ئامادەیی وەڵامدانەوەیان هەیە و لە هەموو رەهەندە سەربازییەکاندا هێزەکانیان ئامادەکردووە تاوەکو بە دەسەڵاتەوە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بدەنەوە. ئەمەش لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپە کە هۆشداریی دابوو لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکاندا، بژاردەی هێرشی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی بەکاردەهێنرێت. ترەمپ لە ساڵی 2018 و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی دا، لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە. ئێستاش "ئەگەر هەیە" ئیسرائیل بەیارمەتیی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەر هیچ رێککەوتنێکی نوێ نەکرێت.   ترەمپ هۆشداریی دایە تاران و گوتی، "ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سەرکەوتوو نەبن، پێموایە ئێران لە مەترسییەکی گەورەدا دەبێت، حەز ناکەم بیڵێم، مەترسییەکی گەورە، چونکە ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت."   لە هەمان کاتدا بەرپرسان رایانگەیاندووە بڕیارە رووسیا، چین و ئێران رۆژی سێشەممە لە مۆسکۆ لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئێران کۆببنەوە.

لە کاتێکدا دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕاگرتنی کاتی بەشێک لە باج بەرزەکانی وڵاتەکەی لەسەر هاوبەشەکانی ڕاگەیاند، کەڤین هاسێت ڕاوێژکاری ئابووری کۆشکی سپی ڕوونیکردەوە کە واشنتۆن نزیکە لە ئەنجامدانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەوان. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە ئەمریکا گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانی دەکات و نزیکە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەندێکیان سەبارەت بە باج. بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە دانوستان لەگەڵ چین هێشتا دەستی پێنەکردووە. ناوبراو هەروەها ڕوونیکردەوە کە ئیدارەی ترەمپ میکانیزمێکی کردەیی بۆ ڕێککەوتنی گومرگی داناوە. ئەو ڕاوێژکارەى کۆشکى سپى ئەوەشى خستەڕوو باجی گومرگی بەشدارە لە کەمکردنەوەی کورتهێنان و بەهێزکردنی بازاڕی بۆندەکان. لە هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەردا دوێنێ، دوای چەند ڕۆژێک لە شەڕی بازرگانی جیهانی کە بازاڕەکانی هەژاند، ترەمپ ئەو باجانەی کە بەسەر دەیان وڵات و هاوبەشەکانیدا سەپێندرابوون، لەنێویاندا یەکێتی ئەوروپا، بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، ڕاگرت. لە کاتێکدا بە هێشتنەوەی باجی 10% ڕازی بوو. هەروەها ئەمڕۆ یەکێتی ئەوروپا وەڵامی دایەوە و بە ڕاگرتنی باجەکانی بەرامبەر بە بەرهەمە ئەمریکییەکان بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ، بە ئامانجی "دەرفەتێک بۆ دانوستانەکان"، ئۆرسولا ڤۆن دێر لیین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕوونیکردەوە. جێگای سەرنجە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەمریکا سێ جار باجی سەپاندووە، لەنێویاندا لەسەر یەکێتی ئەوروپا. سەرەتا باج لەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆم، پاشان لەسەر ئۆتۆمبێل و لە کۆتاییدا باجی 20% لەسەر هەموو بەرهەمە ئەوروپییەکان.

  ڕۆژنامە "یەدیوت ئەهرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی،  لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دوو بۆ سێ هەفتە مۆڵەتی بە بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و دەیەوێت بە زوترین کات ئەوە روبدات. بە گوێرەی راپۆرتی ڕۆژنامەکە، گەرچی ترەمپ لە کۆبونەوەکەدا ستایشی ناتەنیاهۆی کردوە، بەڵام وادیارە سەرۆکی ئەمەریکا  لە پشت نەتانیاهۆوە پلانی دیکەی هەیە و  کار لەسەر ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە دەکات کە بەم زوانە دەبێتە هۆی ئازادکردنی هەمو بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە. لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە؛  چەند بەرپرسێکی ئیسرائیل  کە لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکانیان قسەیان کردوە، بیستویانە کە ترەمپ کاتێکی زیاتری داوە بە ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە شەڕەکە، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ نەبوە، ڕەنگە دوو بۆ  سێ هەفتە بێت و جەختیان لەوە کردوەتەوە کە دەیەوێت بەم زوانە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت. پێشتریش، سەرچاوە ئەمەریکییەکان بە بنەماڵەی بارمتەکانیان راگەیاندوە؛ کارکردن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە ئێستادا کاری لە پێشینەیانە و لە کۆبونەوەکەی دوشەممەی رابردوی نێوان  ترەمپ و  ناتەنیاهۆ لە کۆشکی سپی، پرسی سەرکی کۆبونەوەکەوە بوە. ئەمە لە کاتێکدایە،  ڕۆژێک دوای دیدارەکەی لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ناتەنیاهۆ ئاماژەی بەو کردوە لە کوبونەوەکەدا سەرۆک ترەمپ  پشتگیری کردوە لە شەری غەززەدا و بە رۆژنامەنوسانی وتوە؛ سەرۆک سەیری منی کرد و وتی؛ ئەم پیاوە بەردەوام کار بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکات. پێشتریش و لە دوای کۆبونەوەکەیان، دۆناڵد ترەمپ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ نەتانیاهۆ لە کۆشکی سپی رایگەیاند؛  ئێمە کێشەی بارمتەمان هەیە و هەوڵی ئازادکردنیان دەدەی ، پرۆسەیەکی درێژخایەنە و نابێت ئەوەندە ماوە بخایەنێت، هیوادارم ئیسرائیلییەکان وەک من بن، ئەمەش بەو مانایەی ئەوانیش بیر لە کۆتایی هێنان بە شەڕەکە بکەنەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە؛ ئەمەریکییەکان دەیانەوێت ڕێکەوتنی بارمتەکان سەربگرێت، کە ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێککەوتنە کۆتاییهێنانە بە شەڕی غەززە.

  سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ ئێران نەگەنە رێككەوتن هێرش دەكەنە سەر تاران و ئیسرائیلیش سەركردایەتی هێرشەكان دەكات. دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، چاوەڕوانی دانوستانی عومان دەكەن لەگەڵ ئێراندا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.  وتیشی، ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ ئێران نەكرا ئەوا رێگای سەربازی دەگرێتەبەر و هێرش دەكاتەسەر تاران و ئیسرائیلیش بەشدار دەبێت و سەركردایەتی هێرشەكان دەكات و ئەوەی دەیانەوێت ئەوە دەكەن.  دەشڵێت، هیچ كاتێك دانەنراوە بۆ رێككەوتن و هیچ پێشبینییەكیش ناكات بۆ دانوستانەكان، دەیەوێت ئێران بە باشی بمێنێتەوە، بەڵاام نابێت چەكی ئەتۆمی هەبێت، ئێرانیەكانیش تێگەیشتنیان بۆ ئەو بابەتە هەیە.  هاوكات، پیت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی پێداویستی جەنگی بۆ زەریای هیندی گواستوەتەوە و  بۆ شەڕی حوسییەكان بەكاریدەهێنێت، ئەگەر رێككەوتنیش لەگەڵ ئێران نەكرێت ئەوا دژی تارانیش بەكاریاندەهێنێت. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن گوتی، "رێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی دوو بژاردەی هەیە؛ رێککەوتن یان لە رێگەی سەربازییەوە."   سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هەر رێککەوتنێکی قبووڵکراو، دەبێت هاوشێوەی رێککەوتنی ساڵی 2003ـی لیبیا بێت، کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا کەرەستە و پێکهاتە سەرەکییەکانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتەیان لەنێوبرد یان بردیانە دەرەوە.    رۆژی دووشەممە، ترەمپ لە کۆشکی سپی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیدارەکەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستپێدەکات.   سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی "راستەوخۆ" دەبن.   ترەمپ گوتی، هیواخوازە لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتن، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە "مەترسییەکەی گەورە" دەکەوێتە سەر ئێران، ئەگەر دانوستاندنەکان سەرکەوتوو نەبن.

  ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند؛ بەمەبەستی گەڕاندنەوەی دادپەروەری  ڕەنگە لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، وڵاتەکەی  بە هاوبەشی سعودییە  دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت. دوای لێدوانە بەردەوامەکانی ناتەنیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ لەسەر چۆڵکردنی غەززە، سەرۆکی فەرەنسا بۆ یەکەمجار باس لە دانان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەکات و  قسەی بۆ یەکێک لە کەناڵی وڵاتەکەی کردوە و جەختی کردوەتەوە؛ واقیعەکە وادەخوازێت هەنگاو بنێین بەرەو دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین و لە چەند مانگی داهاتودا ئەو کارە دەکەین. سەرۆکی فەرەنسا ڕونیکردوەتەوە؛ کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی دڵخۆشکردنی هیچ لایەنێکی دیاریکراو نابێت، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەیە پێیان وایە ئەم کارە دادپەروەرانەیە و وەک فەڕەنسا هەوڵ دەدەن بەشێکبن لە پشتگریرکردن لە دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لە داهاتویەکی نزیکدا. ناوبراو وتوشیەتی؛ ئامانجیان ئەوەیە لە مانگی حوزەیراندا لەگەڵ سعودیە هاوسەرۆکایەتی کۆنفرانسێک بکەن و هەوڵدەدەن لەگەڵ چەند لایەنێکی تردا  هەنگاوی دانپێدانانی  دەوڵەتی فەلەستین تەواو بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە، لەم هەفتەیەدا ماکرۆن بەشداری لوتکەی سێ قۆڵی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و عەبدوڵڵای دوەم شای ئوردن لە قاهیرە کرد. لە لوتکەکەدا تیشک خرایە سەر کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و پاڵپشتیکردنی پلانی عەرەبی بۆ کەرتی غەززە لەبەرامبەر پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و کردنەوەی دەروازەکان بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت بە هاوکاری بۆ ناو ناوچە گەمارۆدراوەکە.

بڕیارە سبەی شاندی ئەمریکا و روسیا لە ئیستەنبوڵ چاویان بەیەک بکەوێت و گفتوگۆ لەسەر چالاکیی باڵیۆزخانەکانیان بکەن، بەڵام بابەتی ئۆکراین لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەیاندا نییە. تامی بروس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رۆژی 10ـی ئەم مانگە شاندی ئەمریکا و روسیا بۆ جاری دووەم لە ئیستەنبوڵ کۆدەبنەوە، هیچ دۆسیەیەکی سیاسی و ئەمنی و دۆسیەی ئۆکراینیش لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی دوو شاندەکەدا نین. بەگوێرەی قسەکانی تامی بروس، سەرنجی کۆبوونەوەکە تەنها لەسەر کاری باڵیۆزخانەکانی روسیا و ئەمریکایە، نەوەک ئاسایکردنەوەی تەواوەتی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان، چونکە ئەوەیان روونادات هەتا ئاشتی نەگەڕێتەوە بۆ نێوان روسیا و ئۆکراین.