مادورۆ هەڕەشە لەئەمریکا دەکات: شەڕ دروستببێت زۆر بێبەزەیی دەبین

16 كاتژمێر لەمەوپێش
نیکۆلاس مادورۆ سەرۆکی ڤەنزوێلا هەڕەشەى توند لە ئەمریکاو دۆناڵد ترەمپ دەکات و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە توندی پابەندە بە ئاشتیەوە، بەڵام لە ئەگەری هەر هێرشێکدا بۆ سەرخاکى وڵاتەکەى بەرگریەکى بەهێز لە خاکەکەی دەکات.
مادورۆ وتیشی: ئێمە مرۆڤی ئاشتیخوازین، بەڵام ئەوە بزانن کە کاتێک خاکەکانمان و مێژوومان و مافەکانمان پێشێل دەکرێن، دەبینە جەنگاوەری زۆر بێبەزەیی.
بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنج شەممە لە میانی کردنەوەی مۆنۆمێنتێکدا لە کاراکاسی پایتەخت بۆ یادی ٨٠ ساڵەی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم لە زەریای هێمن، نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا وتارێکى پێشکەشکردو هۆشداریدا لەوەی کە ئەمریکا کەشتی جەنگی بنێرێتە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا وەڵامیان دەبێت.
ناوبراو لەوتارەکەیدا جەختی لە پابەندبوونی بەهێزی وڵاتەکەی بۆ ئاشتی کردەوەو وتی: ئێمە مرۆڤی باشین ئاشتیخوازین، بەڵام ئەوە بزانن کاتێک دەست لە زەوییەکانمان و مێژوومان و مافەکانمان دەدرێت، دەبینە جەنگاوەری بێبەزەیی، ئەم خاکە خاکی ڤەنزوێلاییەکانە، خاکی ژن و پیاوی ڤەنزوێلایە و هیچ خائینێک و ئیمپراتۆریەتێک ناتوانێت دەست لەو خاکە پیرۆزانە بدات یان پیس بکات کە ئازادیخوازان بە وەسیەتیان بۆیان داناوین.
مادورۆ بە ڕەخنەگرتن لە هەڵوێستی ئەمریکا لە دژی وڵاتەکەی وتی، "ئەمڕۆ ئیمپریالیزم هێرشێکی نوێ دەستپێدەکات، ئەمە یەکەم هێرش نییە یان دوا هێرش نییە، تەنها هێرشێکی دیکەیە، وە ڤەنزوێلا وەستاوە. پێتان دەڵێم، ڤەنزوێلا بەردەوام دەبێت لە وەستان، بە خوێنی سارد، بە ئیرادە، بە باوەڕێکی نەگۆڕ بە سەرکەوتن و ئاشتی...".
مادۆرۆ لە هەڵبژاردنەکانی تەممووزی 2024ـدا براوە بوو، بۆ سێیەم جار بووەوە سەرۆک.
واشنتن مادورۆ تۆمەتبار دەکات بە سەرۆکایەتیکردنی کارتێلێکی بازرگانیکردنی کۆکاین، بە ناوی کارتیلی "دێ لۆس سۆلێس"، کە ئیدارەی ترەمپ وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشانی کردووە.
ئەمریکا مانگی رابردوو، بڕی ئەو پارەیەی بۆ دەستگیرکردنی مادۆرۆ تەرخانی کردبوو لە 25 ملیۆنەوە بۆ 50 ملیۆن دۆلار زیاد کرد.
لە ساڵی 2020 و لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، مادۆرۆ و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی ڤەنزوێلا لە دادگایەکی فیدراڵی لە نیویۆرک بە چەندین تۆمەت تۆمەتبار کران.
هەفتەى ڕابردوو سەرۆکی ڤەنزوێلا رایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا هەرگیز ناتوانن ڤەنزوێلا داگیر بکەن، ئەمەش دوای ئەوەی واشنتن پێنج کەشتیی جەنگی و چوار هەزار سەربازی رەوانەی دەریای کاریبی کرد بۆ گوشار خستنە سەر ئەو سەرکردە چەپە.
ئەمریکا رایگەیاندووە، ناردنی هێزەکان بۆ باشووری دەریای کاریبی، نزیک لە ئاوە هەرێمییەکانی ڤەنزوێلا بۆ ئۆپەراسیۆنێکە لە دژی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر.
ڤەنزوێلاش بە ناردنی کەشتی جەنگی و درۆن بۆ ناوچە کەناراوەکانی وەڵامی دایەوە و هەڵمەتێکی بۆ جێگیرکردنی هەزاران ئەندامی هێزە ئەمنییەکان دەستپێکردووە.
مادۆرۆ دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ پاراستنی "ئاشتی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی" و ئەمریکا هەرگیز "ناتوانێت بچێتە ڤەنزوێلا".

