وڵاتانى ئەوروپا پلانی ناردنی هێزیان بۆ ئۆکرانیا هەیە

14 كاتژمێر لەمەوپێش



ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، وڵاتانی ئەورووپا پلانیان هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی لە ئۆکرانیا.

ڤۆن دێر لاین لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ "فاینانشیاڵ تایمز"ی ئاشكرا کرد، ئەورووپا پلانێکی تۆکمەی هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازیی لە ناوچە جیا جیاکانی ئۆکرانیا، گوتیشی: ئەم هەنگاوەی ئەورووپا لە چوارچێوەی پلانی ئاشتی بۆ قۆناغی دوای جەنگ دەبێت، کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت.

بە گوێرەی لێکتێگەیشتنی نێوان ترەمپ و زێلێنسکی و چەند سەرکردەیەکی ئەورووپی، وڵاتانی ئەورووپا لە ژێر سەرپەرشتی ئەورووپا و پشتیوانی ئەمەریکا، پلانی ناردنی دەیان هەزار سەربازیان هەیە، ئەرکی هێزەکە جیا لە ڕۆڵی ئاشتیگێڕان، کۆنترۆڵکردنی ئاسایش، چاودێری سنوورەکان و سیخووری لەخۆ دەگرێت.

هەروەها ڕۆژنامەکە لە زاری سێ دیپلۆماتکاری ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە چەند سەرکردەیەکی ئەورووپی لە پاریس کۆببنەوە، لە نێوانیاندا، فرێدریک مێرز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، کییەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و مارک ڕووتە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ و ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر هەوڵەکانی ئاگربەستی جەنگ و قۆناغەکانی دواتری بکەن.

سوپای ڕووسیا لە 24ـی شوباتی 2022، هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئۆکرانیا و دوای زیاتر لە سێ ساڵ و کۆنترۆڵکردنی هەرێمەکانی لۆگانسک، دۆنێستک، زاپۆریژیا و خێرسۆن جەنگ هەر بەردەوامە، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیری تورکیا، سێگەڕ دانوستانیان کردووە، بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ئاگربەستێک، تەنیا ژمارەیەک دیلیان ئاڵوگۆڕ کردووە و ژمارەیەک منداڵێکی ئۆکڕانیش لە ڕووسیاوە گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکەیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار