گرۆسی: یۆرانیۆمی ئێران سەلامەتە دیارە زیانی بەرنەکەوتووە

5 كاتژمێر لەمەوپێش
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، لە لێدوانێکدا رایگەیاند؛ کە گفتوگۆکانی ئاژانسەکەی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان لەو شوێنانەی کە ئیسرائیل و ئەمریکا بۆردومانیان کردوون، نابێت لەوە زیاتر درێژە بکێشێت.
گرۆسی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: "ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ زانیارییەکی لە ئێرانەوە دەستنەکەوتووە لەبارەی دۆخ و شوێنی یۆرانیۆمی پیتێندراو، لەو کاتەوەی ئیسرائیل یەکەم هێرشەکانی لە 13ی حوزەیراندا بۆ سەر شوێنەکانی پیتاندن دەستپێکردووە."
ئێران کراوەیە بۆ دانوستان، بەڵام بە مەرجەوە:
لەلایەکی دیکەوە، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوێنێ سێشەممە دووپاتی کردەوە کە ئێران کراوەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام لە هەمان کاتدا هەر سنوردارکردنێکی بۆ پڕۆگرامە مووشەکییەکەی رەتکردەوە.
لاریجانی لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیبووی: "رێگەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کراوەیە، بەڵام ئەمریکییەکان تەنها باسی گفتوگۆ دەکەن و نایەنە سەر مێزی دانوستان، بە هەڵە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێران دانوستان ناکات." وتیشی: "ئەوان شتگەلێک دەوروژێنن کە دەزانن ناتوانرێت بەدەست بهێندرێن، وەک سنوردارکردنی موشەکەکان، نموونەیەک پێشکەش دەکەن کە بە کردەیی دەبێتە هۆی داخستنی ڕێگەی دانوستان."
ئەم لێدوانانە دوای چەند رۆژێک دێت لە چالاککردنی ئەو میکانیزمەی کە بە "میکانیزمی لێدان" (Trigger Mechanism) ناسراوە لەلایەن سێ وڵاتی ئەوروپی (بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا)، کە رێگە بە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر تاراندا دەدات، بەپێی رێککەوتنی 2015ی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران (پلانی گشتگیری کاری هاوبەش). شایەنی باسە، دەرفەتی دوبارە چالاککردنەوەی سزاکان لە تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر کۆتایی دێت. ئەمریکاش پێشوازی لەم هەنگاوە کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە کراوەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران.
هۆکاری وەستانی دانوستانەکان
دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە ناوەڕاستی حوزەیران/یۆنیۆدا وەستان، ئەمەش دوای هێرشە ئیسرائیلییەکەی سەر ئێران کە تیایدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئەنجامدانی لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەشدار بوو.
واشنتۆن لە ساڵی ٢٠١٨دا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندەوە، ئەمەش لە سەردەمی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا بوو. لەو کاتەوە، تاران پاشگەز بووەتەوە لە هەندێک لە پابەندبوونەکانی، بەتایبەتی لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە.
وڵاتانی ڕۆژاوا گومان دەکەن کە ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدایە، بەڵام تاران ئەمە ڕەت دەکاتەوە و بەرگری لە مافی خۆی دەکات بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامێکی ئەتۆمی بۆ مەبەستی شارستانی.
