هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، تورکیا نایەوێت هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئیسرائیل لە سوریا ڕووبدات. ئەم پەیامەش دوای ئەوە دێت ئیسرائیل لەڕێگەی هێزی ئاسمانیەوە دووجار هێرشی کردە سەر چەند شوێنک لەناوخاکی سوریا، ئەوشوێنانە بنکەی سەربازیی بوون تورکیا دەیویست بیانکات بەسەربازگە بۆخۆی. هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە برۆکسل، ئاماژەی بەوەدا کە کردەوەکانی ئیسرائیل لە سوریا ڕێگا بۆ ناسەقامگیری داهاتووی ناوچەکە خۆش دەکات. فیدان ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئیدارەی نوێ لە دیمەشق بیەوێت لەگەڵ ئیسرائیل "لەگەڵ لێکتێگەیشتنێکی دیاریکراو" بگات، ئەوە کاری خۆیەتی و پەیوەندی بەئێمەوە نییە. لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سوریا چڕتر کردەوە و هێرشەکانی بە هۆشداری بۆ فەرمانڕەوا نوێیەکانی دیمەشق ناساند. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو تورکیای بە هەوڵدان بۆ سەپاندنی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر سوریادا تۆمەتبار کرد.

  وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ''لێدوانە چەواشەکارییەکانی وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی وڵاتەکەمان، رەنگدانەوەی ئەو دۆخە دەروونییەیە کە تێیدان''. هەروەها دەشڵێت، ''ئیسرائیل بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە''.   وەزارەتی دەرەوەی تورکیا شەوی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لێدوانە چەواشەکارەکانی وەزیرانی ئیسرائیل" لەبارەی وڵاتەکە، "رەنگدانەوەی ئەو سیاسەتە هێرشکار و فراوانکارییەی حکومەتی نەتەوەپەرستی ئیسرائیلە کە پەیڕەوی دەکات''.   وەزارەتەکە دەڵێت، ''وێڕای ئەوەی لە سووریا هیچ هێرشێک بە ئاراستەی ئەو (ئیسرائیل) نەکراوە، ئیسرائیل دوێنێ شەو (2ـی نیسان) هێرشی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر زۆر شوێن کرد''.   وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها راشیگەیاند، ''وەزیرانی ئیسرائیل بە بەئامانجگرتنی تورکیا، ناتوانن ئەو کۆمەڵکوژییەی لە غەززە دەیکەن، ئەو شەڕەی بەرامبەر بە گەلی فەلەستین دەیکەن، ئەو تیرۆرەی دەیکەن، ئەو نیازەی کە لەبارەی لکاندنی کەرتی رۆژئاوا هەیانە، هەروەها ئەو ئامانجە فراوانکارییانەی لە پشت هێرشەکانیان بۆ سەر لوبنان و سووریا هەیانە، بیشارنەوە''.    وەزارەتەکە دەشڵێت، ''ئیسرائیل کە لە رێگەی هێرشەکانی، یەکێتیی نیشتیمانیی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە بەئامانج دەگرێت، هاوکات بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکەمان، بەو شێوەیە دەبێتە هۆی نانەوەی پشێوی و پەرەدان بە تیرۆر''.   تورکیا داوای کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکی سووریا دەکات و دەڵێت: ''لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکە، پێویستە سەرەتا ئیسرائیل واز لە سیاسەتە فراوانکارییەکانی بهێنێت. هەروەها لەو ناوچانە بکشێتەوە کە داگیریکردوون و کۆتایی بە هەوڵەکانی لە دژی بەرقەرارکردنی ئاسایش لە سووریا بهێنێت''.   وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راشیگەیاند، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێکاری پێویست لە بەرامبەر ''هێرشەکانی ئیسرائیل'' بگرێتەبەر.   ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی سووریا بکاتە پاشکۆیەکی پارێزراوی خۆی.    وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل راشیگەیاند، ئیسرائیل لە "هەڵوێستی تووند"ی تورکیا بەرامبەر بە خۆبەڕێوەبەرایەتیی کورد، بە تایبەتی لە رۆژئاڤا نیگەرانە.

  وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، دوو هاووڵاتیی فەڕەنسی کە نزیکەی سێ ساڵە لە ئێران دەستبەسەرکراون، زیاتر لە ساڵێکە کونسوڵگەری فەرەنسا ناتوانێت هیچ خزمەتگوزاریەکیان پێبگەیەنێت، ئەمەش وایکردووە پاریس سکاڵایەک لە دادگای نێودەوڵەتیی داد ئامادە بکات. سێسیل کۆهلەر و هاوبەشەکەی جاک پاریس لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ەوە دەستبەسەرن، تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران لە کۆتایی ئەو ساڵەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی پەخش کرد کە وا دیار بوو دانیان بەوەدا ناوە کە بەناوی دەزگای هەواڵگری فەرەنساوە ڕۆڵیان گێڕاوە، ئەمەش شتێک کە پاریس بە توندی ڕەتیدەکاتەوە. فەرەنسا کە لە زیندانی ئەوینی تاران ڕاگیراون، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەوان لە بارودۆخێکی هاوشێوەی ئەشکەنجەدان. کاربەدەستانی فەرەنسا زمانی خۆیان بەرانبەر ئێران توندتر کردووە، بەتایبەتی لەسەر بەرەوپێشچوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و چالاکییە ناوچەییەکانی، بەڵام لەگەڵ دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیانی ئەوروپی لەو وڵاتە. ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دوای کۆبوونەوەیەکی کابینەی حکومەت بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانى ئێران لە ڕۆژی چوارشەممەدا، ئاماژەی بەوەدا کە پاریس بەم زووانە بابەتی پێشێلکردنی مافی پاراستنی کونسوڵگەری دەباتە بەردەم دادگای نێودەوڵەتیی نێودەوڵەتی. کریستۆف لیمۆین، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "ئێمە سکاڵا کۆدەکەینەوە کە لە دادگای نێودەوڵەتیی دادوەری تۆماری دەکەین"، ئاماژەی بەوەشکرد، کۆهلەر و پاریس لە دۆخێکی "شۆککەر"دا ڕاگیراون. لیمۆین ئامادەنەبوو بڵێت کەی تۆمار دەکرێت و دانی بەوەدانا کە ڕێکارەکان لە دادگای نێودەوڵەتیی دادوەری درێژخایەنن، بەڵام پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە تاران پێویستی بە ئاگادارکردنەوەیە لەسەر ئەو پرسە، چونکە زیاتر لە ساڵێکە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکە دەستیان بە هاووڵاتیانی خۆیان نەگەیشتووە.

  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ڕووبەڕووی ئێران و هاوپەیمانەکانی دەبێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک تەنها بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی خۆی، بەڵکو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا. ناتانیاهۆ لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای دیدارەکەی لەگەڵ هاوتا هەنگارییەکەی، ڤیکتۆر ئۆربان، ڕوونیکردەوە، وڵاتەکەی و هەنگاریا دیدێکی هاوبەشیان هەیە کە "پێویستی بەرگریکردن لە بەهاکانی شارستانیەتی ڕۆژئاوا و خەباتکردن بۆ داهاتووەکەی". ناوبراو زیادی کرد: "دوژمنی سەرەکی" ئیسرائیل لەم بارەوە "ئیسلامی توندڕەو"ە، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ڕێگەی سێ لایەنی سەرەکییەوە پاڵپشتی سەرەکی ئەو وڵاتەیە کە بریتین لە حـ.ـەماس، ح.زبوڵڵای لوبنان و بزووتنەوەی ئەنسارڵای یەمەن. لە کۆتاییدا وتی: "ئێمە دەسەڵات و قەڵمڕەویی تیرۆریستی ئێران لەناو دەبەین، کە نەک هەر ئێمە، بەڵکو هەڕەشە لە ئەوروپا و زۆرێک لە دراوسێکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئێمە پابەندین بەم کارە بەمەش پارێزگاری لە ئەوروپا دەکەین. ئاژانسی هەواڵی فەرمی هەنگاریا، MTI، لە زاری گێرگلی گولیاس، سەرۆکی ئەرکانی ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ڕایگەیاندووە، حکومەتی وڵاتەکەی بڕیاری کشانەوەی لە دادگای داوە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بوداپێست و لەگەڵ هاوتا هەنگارییەکەی کۆبووەوە. ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا ڕایگەیاند، "بەڵگەنامەیەکم واژۆکرد بۆ کشانەوە لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، چونکە بەسیاسی کراوە"، بانگەشەی ئەوەی کرد کە سەلامەتی و سەقامگیری ئیسرائیل کلیلی ئاسایشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشداری بە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی سووریا دەدات و دەڵێت، باجێکی گەورە دەدەن، ئەگەر رێگە بدەن لە سووریاوە هەڕەشە لە بەژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بکرێت.   رۆژی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا پەیامێکی بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا نارد.    وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامەکەدا ئەحمەد شەرعی بە 'ئەبو محەممەد جۆلانی' ناوبردووە و دەڵێت: "هۆشداری دەدەمە جۆلانی، سەرکردەی سووریا: ئەگەر رێگە بدەیت هێزە شەڕەنگێزەکان بچنە نێو سووریا و هەڕەشە لە بەژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بکەن، باجێکی قورس دەدەیت."   وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت: "ئیسرائیل رێگە نادات سووریا بۆ کۆمەڵگە و بەژەوەندییە ئەمنییەکان [ـی ئیسرائیل] ببێتە هەڕەشە."   کاتز ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانیی دوێنێ بۆ سەر بنکەی سەربازی T-4 و فڕۆکەخانەی حەما و دەوروبەری دیمەشق پەیامێکی روون و هۆشداریین بۆ داهاتوو: رێگە نادەین زیان بە ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل بگات."   شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکیان لە سووریا بۆردوومان کرد.   سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، گەورەترین فڕۆکەخانەی سەربازیی سوپای پێشووی سووریای لە دەرعا کردووەتە ئامانج؛ دەسەڵاتدارانی پارێزگاکە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانیکەم 9 کەسی سڤیل کوژراون.    ئاژانسی هەواڵیی سووریا دەڵێت، هێرشێک کراوەتە سەر باڵەخانەیەکی توێژینەوە لە گەڕەکی بەرزە لە باکووری دیمەشق و هێرشێکیش کراوەتە سەر پێگەیەک لە نزیکی شاری حەما، بەڵام زانیاری زیاتری لەسەر هێرشەکان ئاشکرا نەکرد.   هێرشەکە کاردانەوەی حکومەتی سووریای لێکەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و گوتی: "هێزەکانی ئیسرائیل لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی سووریادا هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێنج شوێنی جیاواز لە سەرانسەری وڵات."   وەزارەتی دەرەوەی سووریا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکانیش کرد، رێگە لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بگرێت.   لە دوای رووخانی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل هێزەکانی لە ناوچەی داماڵدراو لە سنووری نێوان بەرزاییەکانی گۆلان و سووریا بڵاوکردووەتەوە و داوای کردووە کە تەواوی باشووری سووریا لە چەک دابماڵدرێت.   بەگوتەی سەرچاوە نێوخۆییەکانی سووریا، لەو رۆژەوەی کە ئەسەد رووخاوە، ئیسرائیل زیاتر لە 540 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا.

  بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایدەگەیەنێت: بۆردوومانەکەى شەوى ڕابردووى سووریا پەیامێک بووە بۆ تورکیا و ڕێگە بە دروستکردنی هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتە نادەن.  ڕۆژانامەی "جورزلم پۆست" لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، بۆمبارانەکانی شەوی چوارشەممە، 02-04-2025ـی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر چەند ناوچەیەکی دیمەشق، حومس و حەما، پەیامێک بووە بۆ تورکیا.  بــە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵا ئیسرائیلییە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ئامانجی پەیامەکە ئەوە بوو، بەرپرسانی تورکیا لەوە ئاگادار بکەنەوە، ڕێگە بە دروستبوونی هیچ هەڕەشەیەک لەسەر ئاسایشی تەلئەڤیڤ نادەن.  ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لــــەوە کــردەوە، بەردەوام دەبن لە بۆمبارانی سووریا و ڕێگە بە دروستکردنی هیچ بنکەیەکی سەربازی لەلایەن تورکیاوە لە خاکی سووریا نادەن. لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، بە هۆی بۆمبارانەکانی ئیسیرائیلەوە کە بۆ زیاتر لە 30 خولەک بەردەوام بوون، فڕۆکەخانەی سەربازیی حەما بە تەواوی وێران بووە و دەیان کەسیش بوونەتە قوربانی، بەشێکیان سەرباز و بەشێکیشیان هاووڵاتیی مەدەنین.  وەزارەتی دەرەوەی سووریا بۆمبارانەکانی ئیسرائیل بە "پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناو بردووە و دەڵێت: هەوڵێکە بۆ درێژەدان بە ئازار  ومەینەتییەکانی گەلی سووریا. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەڵوێستیان هەبێت بۆ ڕاگرتنی "دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل" بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی. 

سەرۆکی ئەمریکا سەپاندنی پێناسی گومرگیی بەسەر چەندین وڵاتی جیهاندا راگەیاند، بەشێوەیەک کە عێراق 39% و سووریا 41% و تورکیا و ئێران 10%ـە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێناسە گومرگییەکانی وڵاتەکەی بۆسەر وڵاتانی جیهان راگەیاند و دەڵێت، ئەمڕۆ "رۆژی رزگاریی ئەمریکایە" و چیدی رێگەنادەن وڵاتانی دیکە لەسەر حیسابی ئابووریی ئەمریکا وڵاتانی خۆیان دەوڵەمەند بکەن. هاوکات سەرۆک و سەرکردەکانی وڵاتانیشی ئاگادار کردەوە، لێخۆشبوون بۆ هیچ وڵاتێک نییە و ئەگەر دەیانەوێت پێناسە نوێیەکان جێبەجێ نەکرێن، ئەوا دەبێت ئەو وڵاتانە پێناسی گومرگی بۆ بەرهەمەکانی ئەمریکا کەم بکەنەوە. سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، واژۆی لەسەر پێناسە گومرگییەکانی وڵاتانی جیهان کرد و لە سەروو هەمووشیانەوە، باجی 25%ی بەسەر ئۆتۆمبێلی وڵاتانی بیانیدا سەپاند، هەروەها باجی 39%ی بەسەر بەرهەمەکانی عێراقدا سەپاند. هەروەها دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاژێر 12:00ی شەوی چوارشەممە بە کاتی ئەمریکا، پێناسە گومرگییەکان دەچنە واری جێبەجێکردنەوە. سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، "لەمەودوا نابێت کەس لەسەر گیرفانی ئێمە دەوڵەمەند ببێت. چەرخی زێڕینی ئەمریکا گەڕایەوە و ئەمڕۆ رۆژی رزگاریی ئەمریکایە. ئەمریکا دەوڵەمەند دەکەینەوە. کۆتایی بە نیو سەدە تاڵانکردنی سامانی ئەمریکا دەهێنم. ئەمریکا دزیی لێدەکرێت و ئێمە ئەوە دەوەستێنین." لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ گوتیشی، "وڵاتان باجێکی زۆری نادادپەروەرانەیان خستەسەر بەرهەمەکانی ئەمریکا. چیدیکە کورتهێنانی بودجەی وڵاتانی وەکو کەنەدا و مەکسیک پڕناکەینەوە. چیدیکە رێگە نادەین سامانی ئەمریکا ببرێت." دواتر ترەمپ لیستی تەواوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا کرد کە پێناسی نوێی گومرگی بەسەر بەرهەمەکانیان دەسەپێنن. ترەمپ باجی گومرگیی بەسەر وڵاتاندا بەم شێوەیە راگەیاند: %34 خستە سەر بەرهەمەکانی چین. %24 لەسەر بەرهەمەکانی ژاپۆن. %39 لەسەر بەرهەمەکانی عێراق. %41 بۆ سەر بەرهەمەکانی سووریا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی تورکیا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئێران. %20 بۆ سەر بەرهەمەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا. %46 بۆ سەر بەرهەمەکانی ڤێتنام. %32 بۆ سەر بەرهەمەکانی تایوان. %24 بۆ سەر بەرهەمەکانی ژاپۆن. %26 بۆ سەر بەرهەمەکانی هیندستان. %25 بۆ سەر بەرهەمەکانی کۆریای باشوور. %36 بۆ سەر بەرهەمەکانی تایلاند. %31 بۆ سەر بەرهەمەکانی سویسرا. %32 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئیندۆنیزیا. %24 بۆ سەر بەرهەمەکانی مالیزیا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی بەریتانیا. %37 بۆ سەر بەرهەمەکانی بەنگلادیش. %17 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئیسرائیل. %31 بۆ سەر بەرهەمەکانی سویسرا. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی بەرازیل. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئوسترالیا. %29 بۆ سەر بەرهەمەکانی پاکستان. %20 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئوردن. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی ئیمارات. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی میسر. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی مەغریب. %28 بۆ سەر بەرهەمەکانی تونس. %10 بۆ سەر بەرهەمەکانی لوبنان.

ا  ڕێکخراوی حەڤدەی شوبات، گربوونەوەیەکی ناڕەزایی ڕێکخست لە شاری لەندەن لە بەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دژی درێژ کردنەوەی ماوەی زیندانی کردنی جالاکوان و ڕۆژنامەنووس شیروان شێروانی. دوای ئەوەی کە بڕیار بوو ئازاد بکرێت بەڵام ناوبراو زیندانی کردنەکەی بۆ درێژکرایەوە بۆ ماوەی شەش مانگی تر.  گردبونەوەکە  ڕۆژى چوارشەممە ٢/٤/٢٠٢٥ لە شاری لەندەن لە بەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها لە شاری مانجستەر لەبەردەم قونسوڵگەری عێراق ڕێکخرابوو. ئاوات جەمال ساڵح، بەرپرسی ڕاگەیاندنی رێکخراوی 17ی شوبات رایگەیاند جالاکوانانی لەندەن لەبەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم ناڕەزایەتیان دەربڕی وە جەندین دروژمیان دەوتەوە بۆ ئازاد کردنی ناوبراو وە ڕەخنەیان لە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری دەگرت  بە هەمان شێوە لە شاری مانجستەریش لەبەردەم قونسوڵگەری عێراق ناڕەزایەتیان دەربڕی کە ئازادی ڕادەربڕین و میدیا لەعێراق بە گشتی نیە و ڕۆژنامەنووس ژیانیان پارێزراونیە وە دادگا و دادوەرەکان سەربەخۆنین

  ئەمڕۆ جیهان چاوەڕوانی دوایین بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا دەكات، كە بڕیارە شەڕی نوێی گومرگی بۆ سەر بازرگانی جیهانی رابگەیەنێت. ترەمپ بەنیازە، پاکێجێکی گەورەی سەپاندنی باج بەسەر سەرجەم وڵاتاندا بسەپێنێت، وەک خۆی ئاماژەی پێكردووە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی تەرازوی بازرگانی لە بەرژەوەندی ئەواندایە، واتە زیاتر هەناردەی ئەمریکا دەکەن لەوەی کە لێیەوە هاوردە دەکەن، ئەم بڕگەیە عێراقیش دەگرێتەوە. ئەو بڕیارانەی کە پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ترەمپ دەریانبكات، بەهۆی گرنگی و گەورەیی قەبارەكەی، ترەمپ رۆژی ٢ی نیسانی ناو ناوە بە رۆژی ڕزگاری، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دەریان دەكات. ترەمپ باسی لەوەکردووە، ئەو روسوماتە گومرگیانەی لەم هەفتەیەدا رایدەگەیەنێت، هەموو وڵاتان دەگرێتەوە، نەک تەنها ژمارەیەکی سنوردار لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ناهاوسەنگی بازرگانییان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە. عێراق، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هاوسەنگی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکادا لە بەرژەوەندیدایە، لە ساڵی 2023، عێراق بە بەهای نزیکەی (9)ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی ئەمریکا کردووە، لەنێویاندا (6) ملیار دۆلار نەوتی خاو، لەبەرامبەردا عێراق بە بەهای تەنها یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵای لە ئەمریکاوە هاوردە کردووە.

  وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەفەرمانی پیت هێگێست، وەزیری بەرگری، فڕۆکەی جەنگی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسیەکان و زیاتر بوونی گرژیەکانیان لەگەڵ ئێران.  وەزارەتی بەرگری شوێنی مەبەست یان جۆری فڕۆکەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، هەفتەی ڕابردوو شەش فڕۆکەی  ' B-2' کە هەڵگری مووشەک و چەکی ئەتۆمە، گواستراونەتەوە بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا و بەریتانیا لە دوورگەی دیگۆگارسیا لەناو زەریای هیندی. شارەزایان دەڵێن: فڕۆکەی B-2 کە 'شەبەح'یشی پێدەڵێن، خاوەنی تەکنەلۆژیای خۆدزینەوەیە لە ڕادار و قورسترین بۆمب و چەکی ئەتۆمی هەڵدەگرێت، بۆیە هێنراوەتە ئەو بنکەیە تاوەکوو بتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری پێبکرێت.  فەرماندەیی ستراتیجی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە ژمارەی ئەو فڕۆکانەی B-2، ئاشکرا بکات کە گەیشتوونەتە بنکەی دیگۆ گارسیا، بە ئاماژەدان بەوەی کە هیچ لێدوانێک لەسەر مەشق و ڕاهێنان یان ئۆپەراسیۆنەکانی B-2 نادات، هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان پێشبینی دەکرێت بەم زووانە سوپای ئەمەریکا دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگر بنێرنە ناوچەکە. سەرەتای ئەم هەفتەیە سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی لە ئێران کرد بەوەی ئەگەر لەسەر پرسی ئەتۆمی دانووستان نەکات، ئەوە ڕەنگە نژاردەی سەربازی بەکار بهێنێت. هێزی ئاسمانی ئەمەریکا 20 فڕۆکەی بۆمبڕێژکراوی B-2 هەیە، بۆیە بە شێوەیەکی گشتی زۆر بەکارناهێنرێن.

  مارین لوپان سه‌ركرده‌ی پارتی "گردبوونه‌وه‌ی نیشتمانی"ـی فه‌ره‌نسا كه‌ نه‌یارێكی سه‌رسه‌ختی ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌یه‌، به‌ تۆمه‌تی "گه‌نده‌ڵیكردن" سزای چوار ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا و چانسی بوون به‌ سه‌رۆكی داهاتووی فه‌ره‌نسای له‌ده‌ست دا. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 31ـی ئازاری 2025 دادگای پاریس به‌ تۆمه‌تی خراپبه‌كارهێنانی سامانی گشتیی وڵات، سزای چوار ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ر مارین لوپاندا سه‌پاند و به‌پێی بڕیاری دادگا، نیوه‌ی ئه‌و سزایه‌ جێبه‌جێده‌كرێت و لوپان دوو ساڵ زیندانیده‌كرێت. بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگا، رێگریده‌كات له‌وه‌ی مارین لوپان تا پێنج ساڵی داهاتوو خۆی بۆ پۆستی حكومی كاندیدبكات. له‌ هه‌مان دانیشتنی دادگاكه‌دا و به‌ هه‌مان تۆمه‌ت كه‌ خراپبه‌كارهێنانی سامانی گشتییه‌، هه‌شت په‌رله‌مانتاری یه‌كێتیی ئه‌وروپا كه‌ سه‌ر به‌ پارته‌كه‌ی مارین لوپانن، بڕیاری زیندانیكردنیان بۆ ده‌ركرا. مارین لوپان له‌ دیارترین رابه‌رانی راستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كانی فه‌ره‌نسایه‌ و پارتی "گردبوونه‌وه‌ی نیشتمانی"ـی كه‌ ناوبراو سه‌ركردایه‌تیی ده‌كات، بووه‌ته‌ گه‌وره‌ترین پارتی ناو په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا و له‌ كۆتایی ساڵی رابردوودا میشێل بارنیێ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی فه‌ره‌نسای له‌ پۆسته‌كه‌ی لابرد، فشاریشی ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئیمانوێل ماكرۆن كورسیی سه‌رۆكایه‌تیی فه‌ره‌نسا به‌جێبهێڵێت و ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، به‌ڵام ماكرۆن پێداگیریی كرد له‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات و تا ساڵی 2027 له‌ پۆسته‌كه‌یدا ده‌مێنێته‌وه‌. به‌پێی راپرسییه‌كان، پێش بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی دادگای پاریس، مارین لوپان ده‌بووه‌ دیارترین كاندیدی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2027ـی سه‌رۆكایه‌تیی فه‌ره‌نسا، به‌ڵام به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی دادگاوه‌ چانسی خۆكاندیدكردنی له‌ده‌ست دا.

  بەرەبەیانی ئەمڕۆ حوسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی دیکەی ئەمریکییان لە ناوەڕاستی یەمەن خستووەتەخوارەوە. یەحیا سەریع گوتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە بەیاننامەیەکدا گوتی، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بە بەکارهێنانی مووشەکێکی دروستکراوی ناوخۆیی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکایان خستەخوارەوە کە ١٦ەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییە لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا لەناویان بردووە. گوتیشی، دووپاتیدەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە رێگری لە کەشتییەکانی ئیسرائیل تا ئەوکاتەی دەستدرێژی بۆ سەر غەزە دەوەستێت و گەمارۆ هەڵدەگیرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە رۆژانی رابردوودا رایگەیاند هەر هێرشێکی حوسییەکان بە هێرشی راستەوخۆی ئێران دەزانێت و وەڵامی ئێران دەداتەوە.

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بە بڕیارەوە بەرەو ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر هەنگاو دەنێن و وڵاتێک بنیات دەنێن کە تورک و کورد و عەرەب و عەلەوی پێکەوە بە ئارامی بژین.    رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پەیامێکی ئاراستەی رێکخراوەکانی پارتەکەی کرد و پیرۆزبایی جەژنی لێکردن.    ئەردۆغان لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا باسی لە پرسە سیاسییەکان و پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە کرد.   ئاماژەی بەوەدا، کاتێك کاریگەری چەک نەمێنێ، هێزی سیاسەتی سڤیل بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان زیاتر دەبێت.    لە تورکیا پرۆسەیەکی بۆ چارەسەری پرسی کورد دەستی پێکردووە، کە دەوڵەت ناوی ناوە (تورکیایەکی بێ تیرۆر) و کوردیش پێیدەڵێت (بە دیموکراتیبوونی تورکیا).   رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.    ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.    رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.   باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیش کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.    پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە رۆژی 1ی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند. ئەوەش لە دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێت کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.    پەکەکە رایگەیاند: "تاوەکو ئەو کاتەی هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکی ئێمە کردەی چەکداری ناکات" و جەختی کردەوە کە "جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەکدانان تەنیا بە پێشەنگایەتی پراکتیکیی رێبەر ئاپۆ دەکرێت."   پەکەکە هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە نیشاندا. هەروەها جەختی کردەوە، بۆ ئەوەی کۆنگرەکە سەرکەوتوو بێت، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی بەڕێوەی ببات.

سەرۆكی گروپی عەسایئبی ئەهلی هەق، دەڵێت: توركیا میلیشيای لە هەزران چەكداری عێراقى پێكهێناوەو لەناوخۆی توركیا راهێنانی پێكردون و سەركردایەتیكردن و دابینكردنی پارەو ئیدارەكردنیان، بەتەواوی لەلایەن ئەنكەرەوە بەڕێوەدەبرێت. قەیس خەزعەلی، ئەمرۆ دووشەممە لەوتاری جەژندا وتی، چەندین هاوڵاتی عێراقی لەهەردوو پارێزگای كەركوك و نەینەواوە براونەتە توركیاو راهێنانیان پێكراوەو رێكخراون، كە تائێستا بەشێكیان تائەم ساتەش لەلایەن توركیاوە موچەكانیان دابین دەكرێت، ناوی فەرمیان، هێزەكانی پاسەوانی نەینەوا، لەپارێزگای نەینەواو، هێزەكانی قەڵغانی كەركوك، لە پارێزگای كەركوكە. خەزعەلی وتیشی، بەشێك لەمانە بە قودەرتی قادر كە پێویستە لێكۆڵینەوەی لێبكرێت، خزێنراونەتە ناو هێزەكانی حەشدی شەعبی و، بەناوی حەشدی شەعبیەوە موچە وەردەگرن بۆ ئەوەی بارگرانی توركیا كەمبكەنەوە، بەتایبەت لە لیوای (59) لە نەینەوا. جەختیشيكرد، باس لە تێوری پیلانگێڕی و شرۆڤەكردن ناكات، بەڵكو باسى بەڵگەو ژمارە دەكات، كە نابێت چاوپۆشی لێبكرێت. ئاماژەی بەوەشكرد، رێگای گەشەپێدان سودی چییە بۆ وڵاتێك كە بەشێكی خاكەكەی داگیركردبێتیت، بەپێویشتیشی زانی هێزەكانی بكشێنێتەوەو بەهانە بۆ شتێك نەهێنێتەوە كە خۆی خولقاندویەتی.

  ماڵپەڕی ئەکسيۆس رايگەياند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا ناوەراستی مانگی ئايار سەردانی سعوديە دەکات، ئەوەش يەکەم گەشتی دەرەوەی وڵاتی دەبێت لەدوای گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپی. ئەکسيۆس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمريکی و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گەشتەکەی ترەمپەوە رايگەياندووە، گەشتەکە لە چەند هەفتەی رابردوودا لە نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و هاوتا سعودییەکانیان تاوتوێ کراوە، لە پەراوێزی گفتوگۆکان سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیاش کە لە سعودیە ئەنجامدرا باسی لێوەکراوە. يەکێک لە سەرچاوەکان بە ئەکسيۆسی گوتووە، "سەرەتا گفتوگۆ کراوە سەردانەکە لە 28ی نیساندا بکرێت، بەڵام دواتر دواخراوە". بەرپرسێکی ئەمریکیش رايگەياندووە، پلانی ئێستا ئەوەیە کە ترەمپ لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا سەردانی سعودیە بکات، گفتوگۆکانيش لەبارەی پلانی سەردانەکەوە بەردەوامن. ئەو بەرپرسە گوتیشی، گفتوگۆکان لەسەر تاوتوێکردنی وەبەرهێنانی بیانی و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت. بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن، لەم کاتەدا پلانەکانی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەيوەندييەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە پشتگوێخراوە، چونکە سعودييەکان رێگايەکيان دەوێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستين ئيسرائيليش ئەوە رەتدەکاتەوە. رۆژی شەشی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ لە ئۆفيسە هێلکەييەکەی لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنوسانی راگەياند، لە مانگ و نيوی داهاتوودا سەردانی سعوديە دەکات.