ئەو جولەکەیەى واى لەترەمپ کرد بڕیارێک دژی دانیشتوانی غەززە دەربکات

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی هەڵسەنگاندنێکى بۆ لۆرا لومەر (٣٢ ساڵ) کرد، کە یەکێکە لەو کەسانەى کە قسەکانى کاریگەرى تەواوى هەیە لەسەر ئیدارەى ترەمپ، ئەوژنە چالاکوانێکی سیاسی ڕاستڕەوی توندڕەو و جێگاى متمانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە.
بەهۆى پۆستێکى لۆراوە رۆژى شەممە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریكا ڕایگەیاند، هەمو ئەو ڤیزای سەردانیکردنە ڕادەگرێت کە بەو کەسانە دەدرێت کە لە غەززەوە دێن بەمەبەستی پزیشکی و مرۆیی. هۆكارەكەشی بۆ "پێداچونەوەیەکی تەواو و گشتگیر بۆ ئەو پرۆسە و ڕێکارانە" دەگەڕێنێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ڕاگەیەندراوێكدا لەسەر پلاتفۆرمی "X" بڵاویكردەوە، "هەمو ڤیزای سەردانیکردنێک بۆ ئەو کەسانەی لە غەززەوە دێن ڕاگیراوە".
ئەو بەڵگەنامانەی لۆمەر بڵاوی کردەوە، وایکرد وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چیدیکە ڤیزە نەداتە فەلەستینییەکان بچنە ئەمریکا.
ئەو ژنە جولەکەیە چەند بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە کە باس لە گەیشتنی خەڵکی غەززە دەکات گەشتیان کردوە بۆ ئەمریکا بە هۆکاری پزیشکی و وەرگرتنى چارەسەرـ لۆمەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "گەلی ئەمریکا هاوڕان: ئێمە نامانەوێت خەڵکی غەززە بهێنرێنە وڵاتەکەمان، ئەوان پزیشکیان لە وڵاتانی دیکە هەیە".
لە پۆستێکی دیکەدا نووسیویەتی "منداڵانی موسڵمان ئەوروپایان لەناوبردووە"، هەروەها "هەر هاولاتیەکى غەززە کە دەچێتە ناو ئەمریکاوە، پێویستە دیپۆرت بکرێتەوە". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە خێرایی خۆی لەگەڵ قسەکانى لۆمەر هاوڕاکردووەو ڕایگەیاند کە ڤیزاکان ڕادەگرن، تاوەکو "پێداچوونەوەیەکی ورد و گشتگیر" تەواو دەبێت.
لۆرا هەرچەندە پۆستێکی فەرمی لە ئیدارەی ترەمپدا نەبوو، بەڵام وەک هاوکارو ڕاوێژکارێکى ترامپ دەردەکەویت، لە پشت پەردەوە کاریگەری لەسەر حکومەت هەبووە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمریكا زیاتر لە سێ هەزار و 800 ڤیزای سەردانیکردنی لە جۆری "بی1" و "بی2" دەرکردوە کە ڕێگە بە بیانییەکان دەدات چارەسەری پزیشکی لەناو ئەمریكا وەربگرن و لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینییەوە دەرچوە، كە بەگوێرەی شیكارییەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە مانگی (ئایار/5)ـدا 640 ڤیزای دەرکراوە.
دەشڵێت، "بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە ڕاگرتنی ڤیزای سەردانیکردن بۆ ئەو کەسانەی لە غەززەوە دێن، دوای لێدوانەکانی لۆرا لومەر، چالاکوانی ڕاستڕەوی توندڕەو و هاوپەیمانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاتوە".
دوابەدواى ئەو بڕیارە لۆرا لومەر، لە سۆشیال میدیاکەیدا پۆستێکى کردوەو شانازى بەوەوەدەکات کە بەهۆى قسەکانى ئەوەوە بڕیارەکە دەرکراوە.
لومەر نووسیویەتی: ئەمڕۆ دەیان هاوڵاتی ئەمریکیم لە کوشتن ڕزگارکردوە لەلایەن جیهادییەکان و لایەنگرانى حەماسەوە. خودا تەنها دەزانێت ئەمڕۆ من بە شێوەیەکی شەخسیی چەند ژیانم ڕزگار کرد ڕووى ئەو کەسانە ناپاکانەم دەرخست لە وەزارەتی دەرەوە کە ڤیزە دەدەن بە خێزانەکانی غەززە."
