ترەمپ بۆ زیلینسکی: ڕازیبە بە رێككەوتن

3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ئەمریکا ئێوارەی رۆژی هەینی ئامۆژگارییەکی روونی ئاراستەی ئۆکراینا کرد و داوای لێکرد "رێککەوتنێک بکات." ئەمە لە کاتێکدایە کە لووتکەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین لە ئەلاسکا بەبێ هیچ رێککەوتنێک کۆتاییهات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دوای دیدارەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا، بە كەناڵی "فۆکس نیوز"ی وت: بەپێوەری لە یەكەوە بۆ دە، دە لە دە بە كۆبونەوەكەم دەدەم لەگەڵ پۆتین.
دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز رایگەیاند: لەگەڵ پۆتین دانوستانم کرد لەسەر چەند پرسێک لەوانە، ناتۆ، رێوشوێنە ئەمنییەکان و خاک، پێموایە ئێمە زۆر لە رێککەوتن نزیک بووینەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئامۆژگاری ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی هاوتا ئۆکراینییەکەی کرد، رێککەوتن بكات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا .
ترەمپ لەوباریەوە رایگەیاند: ئۆکرانیا دەبێت رازی بێت، رەنگە رازی نەبێت، ئامۆژگاری من بۆ زيلينسکی ئەوەیە رێککەوتن ئەنجام بدات.
دوای نزیکەی 3 کاژێر لە گفتوگۆی لووتکەی نێوانیان؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە ئەلاسکا ئاماژەیان بە "پێشکەوتن" و بووژانەوەی "هاوڕێیەتی" کرد، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی، بەتایبەتی لەسەر ئاگربەست لە ئۆکراینا، رانەگەیێندرا.
ترەمپ، کە پێشتر خۆی وەک مامۆستای رێککەوتنەکان ناساندبوو، لە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەلاسکا پێشوازییەکی گەرمی لە پووتین کرد، کە ئەمە یەکەمجار بوو سەرۆکی رووسیا لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 پێ بنێتە سەر خاکی رۆژئاوا.
دوای کۆبوونەوەکە، ترەمپ و پووتین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی کورتدا کە تەنیا 12 خولەکی خایاند، قسەیان کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانیان نەدایەوە، کە ئەمە هەنگاوێکی نامۆ بوو بۆ سەرۆکی ئەمریکا.
