سیناتۆرێکی ئەمریکی: تەیف سامی مووچەی کوردانی عێراق نادات، ترەمپ ئەمە چارەسەر دەکات سیناتۆرێکی کۆماریی ئەمریکا دەڵێ تەیف سامی کوردانی عێراق برسی دەکات و مووچەکانیان نادات، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا ئەمە چارەسەر دەکات.   جۆ وێڵسن، کۆنگرێسمانی کۆمارییەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، داوا دەکات "گەنجینەی ئەمریکا چیدیکە سزادانی بانکی رافیدەین دوانەخات" کە بە گوتەی ئەو، "ملیاران دۆلار بۆ میلیشیا عێراقییەکان سپی دەکاتەوە."   کۆنگرێسمانە ئەمریکییەکە ناوی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقیشی هێناوە و دەڵێ "تەیف سامی کوردانی عێراق برسی دەکات و مووچەکانیان نادات. ئەمە دەبێت کۆتایی پێبێت، ترەمپ ئەمە چارەسەر دەکات."   ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ 11ـی ئاداری 2025ـە و هێشتا عێراق مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.

  مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایدەگەیەنێت هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتین نییە، بەبێ دەستکەوت بۆ هەردوولا، گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان روسیا و ئۆکراین ئەستەمە. لە کاتێکدا کە بڕیارە سبەی سێشەممە وتووێژەکانی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئۆکرانیا لە شاری جددەی سعودیە دەست پێبکات، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، هیوادارم کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئۆکراینییەکان بە باشی بەڕێوەبچێت. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە فڕۆکەکەیدا لە ڕێگەی سعودیە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، گەشبینین بە کۆبوونەوەکەی سبەینێ و سوپاسگوزارین بۆ سعودیە کە میوانداری کۆنفرانسەکەی کرد. ناوبراو زیادی کرد: دەتوانین بە ئاگربەست لە ئۆکرانیا دەست پێ بکەین و دواتر هەنگاو بنێین بۆ دانوستان. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەریتانیا و فەڕەنسا ڕۆڵێکی ئەرێنییان لە دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیادا بینیوە، جەختی لەوە کردەوە کە ئاگربەست لە ئۆکرانیا بەبێ ئیمتیازاتی هەردوولا ڕوونادات. ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین دیارینەکراوە. جگە لەوەش وەزیری ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەی ئەمریکا ئامرازەکانی خۆی هەیە بۆ فشارخستنە سەر ڕووسیا و هیوادارین سوودیان لێ وەرنەگیرێت. ڕوبیۆ ڕۆژی دووشەممە سەردانی سعودیە دەکات لە ڕاگەیەندراوێکی تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە، ڕوبیۆ لە 10 تا 12ی ئازار لە شاری جددە دەبێت و لەوێ لەگەڵ هاوتا ئۆکراینیەکانی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی "پێشکەوتن بەرەوپێشبردنی ئامانجی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا".

"دەستووری بنەڕەتی من ژیانێکی ئەفسوناوییە لەگەڵ ئێوە!" من ئاگاداری ئەو ڕاستیەم کە، لەسەر خاکی خودبوون، تۆ بە هەموو شێوەیەک حەقیقەتی مرۆڤایەتی دەژیت، ئێوەی ژنانی بەها ئەفسوناوییەکان، من هەرگیز وازم لە ژیان لەگەڵ ئێوە نەهێنا، ئەم ژیانە لەم حاڵەتەدا بوو بە شتێکی سەرەکی کە بەردەوام بووم. بەڵام، ئەو ڕاستییەی کە بۆ یەکەمجار ئەوەندە شایستە و ئازادە، وەک یەکەمەکانی تری میزۆپۆتامیا شایستە دەبێت، ڕەنگە ئەمە ڕوویدابێت، پرسی ئازادی ژن هێشتا گرنگی خۆی پاراستووە، پرۆسەی کۆمۆنالیستی دیموکراسی، دۆخی مۆدێرنی بە کۆمەڵایەتیکردنی ژنی پێشەنگە، گەیشتن بە حەقیقەتی کۆمەڵایەتی تەنیا لە ڕێگەی ئەم شێوازەوە دەکرێت، تا کولتووری دەستدرێژی/دەستدرێژی سێکسی لەناو نەچێت، حەقیقەتی کۆمەڵایەتی لە بواری زانستی و جوانکاری و ئایینیدا سەرهەڵنادات، هەروەک مارکسیزمیش جەختی کردۆتەوە، سەرکەوتنی سۆسیالیزم مەحاڵە تا ئەو کولتوورە پیاوانە لە قوڵایی کۆمەڵگەی مۆدێرن بنبڕ نەکرێت، ڕێگای سۆسیالیزم بە ئازادی ژندا تێدەپەڕێت، تۆ ناتوانی سۆسیالیست بیت تا ڕزگاری ژن بەدی نەیەت، سۆسیالیزم مسۆگەر نییە، سۆسیالیزم بەبێ دیموکراتیک نابێت. یەکەم ئەزموونم لەگەڵ سۆسیالیزمدا لە شێوازی قسەکردنم لەگەڵ ژنێکدا دیار بوو. کەسێک کە نەزانێت قسە لەگەڵ ژن بکات، ناتوانێت سۆسیالیست بێت، کۆمەڵایەتیبوونی پیاو پەیوەستە بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ ژنێکەوە.   "ژن خودی گەردوونە" پیرۆزی ژنە. ژن خۆی گەردوونە، هەروەها مرۆڤ هەسارەیەکی سەرگەردانییە لە خولگەی ئەم گەردوونەدا، بۆ یەکەمجار کە  بانگی منداڵ دەکرێت و ئەو کەسەی زمانی دروست کردووە ئەوە ژنە، دروستکەری کولتوور ژنە. دروستکەری کۆمەڵگەش ژنە. هەروەها پیرۆزی و خودایی هی ژنانە، بۆ ژنان بیردۆزییەکی ڕزگاریخوازی ژنانم پەرەپێدا کە لە چوار بوار پێکهاتبوو، ئەمە تیۆرییە. کولتووری ژنی پێشەنگ، سەردەمی خوداوەندەکان، دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ١٠ هەزار بۆ چوار هەزار پێش زایین. ئایینە یەکتاپەرستەکان لە بابلەوە دەست پێدەکەن، داستانی بابل داستانێکی کۆیلەکردنی ژنانە، دروستکردنی داستانی بابلی یەکێکە لە بناغە بنەڕەتییەکانی ئەفسانەی میزۆپۆتامیا. لە نێوان ساڵانی ٤٠٠٠ بۆ ٢٠٠٠ پێش زایین، تێکچوونی کولتووری ژنان دەستیپێکرد. دوای ئەوەی کولتووری ژنی پێشەنگ داڕما، ژنە کۆشکەکە لەگەڵ میتانییەکان سەریهەڵدا. هەروەها نەفەرتیتی ژنێکی خەڵکی کۆشکە، ژنانی کۆشکی ئەو سەردەمە لە پرۆسەی مێژووییدا بوون بە ژنی ماڵەوەی ئەم سەردەمە، وەک دەزانن کولتوور و نەریتی ساتی هەیە، لە کولتوری ساتیدا ژن فڕێ دەدرایە ناو ئاگر و دەسوتێندرا، ئەمەش لە ساڵانی ١٨٣٢دا ڕووی دەدا، دواتر ئینگلیز کۆتایی بەم کولتوورە هێنا.   "ئەو نوێبوونەوەیەی کە دووبارە ڕوودەداتەوە زۆر گرنگە"  ئەو نوێبوونەوەیەی کە دووبارە ڕوودەداتەوە زۆر گرنگە، نابێت ژنان بە زاراوەی بایۆلۆژی هەڵسەنگێندرێن، بەڵکو بە زاراوەی کولتووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی هەڵسەنگێندرێن، وەک سیمۆن دی بۆڤوار دەڵێت؛ ژن لەدایک نابێت، بەڵکو هەبوونە، دژی خۆشەویستی و هاوسەرگیری نیم. بەڵام ڕۆژانە چەندین کوشتنی دڕندانە بەناوی خۆشەویستییەوە ئەنجام دەدرێن، مرۆڤی عاشق چۆن خۆشەویستی خۆی دەکوژێت؟ ئەمە خۆشەویستی نییە، تا ئەمڕۆش زۆرێک لە ژنان بەهۆی ئەم جۆرە پەیوەندییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، هەروەها کولتووری ژنانی ئازاد هەیە. ئەو ئاستەی تۆ پێی گەیشتووی نزیکە لەم کولتوورە، ژنان هەوڵ دەدەن سنووری دایکایەتی و هاوسەرگیری تێپەڕێنن، بەڵام، هێشتا ئێوە تەنها لەسەدا ١٠ـی کولتووری ئازادیی ژن بەڕێوە دەبەن. بنەماش ئەوەیە کە دەبێت بە تێگەیشتن شەڕ بکرێت، سیستمی کۆمەڵایەتی پیاوانی سەردەست هەمیشە بۆ ژنان کێشە دروست دەکات. توندوتیژی هەیە، داگیرکاری هەیە، سێکس هەیە، دەستدرێژی ڕەگەزیی هەیە، ئەگەری کوشتنی منداڵانی کچ هەیە. لە داهاتوودا منداڵان بکوژرێن ئێوە چی دەکەن؟ کاتێک من باسی کەلتووری ساتی دەکەم، من سەرنج دەخەمە سەر ئەو ڕاستییە. دەبێت ئێوە لەگەڵ ئەم کەلتوور و تێگەیشتنە شەڕ بکەن. لەم بوارەدا کەموکوڕی و ناکۆکییتان هەیە، خۆتان لەم کەموکوڕی و ناکۆکییانە ڕزگار بکەن. کێشەی ژن لە کێشەی کورد قووڵترە، کێشەیەکی لەم جۆرە هەیە. لەم بوارەدا ئێمە دەستپێکێکی بچووکمان پێک هێنا. کەلتووری شەڕ و پێکدادان زۆرترین جار دژی ژنان بەڕێوەدەچێت. تێکشکاندنی ئەم کەلتوورە داینەمۆی تێکۆشانمانە. ڕۆحی ئەم سەردەمە سیاسەتی دیموکراتیکە، زمانی ئەم سەردەمەش زمانی ئاشتییە. بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی ئازاد" لە هەمان کاتدا بۆ ژنان ڕێنیسانسە. من سڵاو لەو ژنانەی گوێ لە بانگەوازەییەکەم دەگرن، باوەڕ بە ژیانی هاوبەش دێنن بە ئەشقی مەم و زین، بە ئەشقی دەروێشی عەبدی نوێ دەکەم و ٨ـی ئاداری ڕۆژی جیهانی ژنانی ڕەنجدەر پیرۆز دەکەم.   سڵاو و خۆشەویستیم عەبدوڵا ئۆجالان ٨/مارسی ٢٠٢٥

نیوەڕۆى ئەمرۆ بۆمبێکی نەتەقینەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیهانی دووەم، دۆزرایەوە لە نزیک وێستگەی گەورەی شەمەندەفەری پاریس، بەوهۆیەشەوە هاتووچۆی وێستگەى گار دو نۆرد لە پاریس کە سێیەم قەرەباڵغترین وێستگەی شەمەندەفەرە لە جیهاندا پەکخستووە. کۆمپانیای نیشتیمانیی شەمەندەفەری فەرەنسا ئەمرۆ هەینی، 7ـی ئاداری 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسی، "بۆمبێکی نەتەقیو لە نێو سکەی شەمەندەفەر لە وێستگەی گار دوو نۆرد لە ناوچەی سەینت دێنیس لە باکووری پاریس دۆزراوەتەوە." بۆمبەکە لە دووری 2.5 کیلۆمەتر لە گار دو نۆردەوە دۆزراوەتەوە، لە ناوەڕاستی ڕێڕەوەکاندا، پۆلیسی پاریس ڕایگەیاند، بۆمبەکە کاتژمێر 3:30 خولەکی بەیانی دۆزراوەتەوە، لە شاری سانت دێنیس کە گەڕەکی باکووری پاریسە و لەکاتی کارەکانی بیناسازیدا دۆزراوەتەوە. فیلیپ تابارۆ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن پێشبینی دەکات کە پەککەوتنى هاتووچۆ لانیکەم تا کۆتایی ڕۆژەکە بەردەوام بێت. بەرپرسانی پاریس هەموو گەشتەکانی وێستگەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر پۆلیس بۆ پووچەڵکردنەوەی بۆمبەکە رەوانەی وێستگەکە کراون.  بەگوێرەی نووسینگەی گەشتیاری پاریس، ساڵانە نزیکەی 220 ملیۆن سەرنشین بە ڕێگای گار دو نۆرد، قەرەباڵغترین وێستگەی شەمەندەفەر لە ئەوروپادا تێدەپەڕن و گەشت و گەڕانەوە بۆ شوێنەکانی باکوری فەرەنسا و لەندەن و بەلجیکا و هۆڵەندا و ئەڵمانیا دەکەن. ئەم وەستان و پچڕانە کاریگەری لەسەر هێڵی ئاسنی هاتووچۆ و شەمەندەفەرە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان هەیە، لەنێویاندا خزمەتگوزارییەکانی یۆرۆستار، وتەبێژی کۆمپانیاکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کۆمپانیای یۆرۆستار بەنیازە سەرجەم شەمەندەفەرەکانی گار دو نۆرد و گەڕانەوە بۆ گار دو نۆرد هەڵبوەشێنێتەوە. ماڵپەڕەکەی ئامۆژگاری گەشتیارانی کردووە کە کاتەکانی گەشتەکانیان دابنێن.

لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل پێکەوە مانۆڕێکی ئاسمانی هاوبەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبەن. فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە فڕۆکە بۆمبهاوێژکان لە ئەرکێکدا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانیان لەگەڵ هاوبەشەکانی ئەمەریکا و نیشاندانی تواناکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامدا. سێنتکام بە بڵاوکردنەوەی وێنەی مانۆڕەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەشکردووە ئەمە سێیەم ئەرکی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی بووە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا و لەو ماوەیەشدا فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری بۆینگ بی 52 ستراتۆفۆرتریس A B-52H Stratofortress) ) کە بنکەکەی لە ڕاف فێرفۆردی بەریتانیا بووە، بە فڕینی بەسەر کیشوەری ئەوروپادا بەشداریی لە مانۆڕەکەدا کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکامدا بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بەشداری ئیسرائیل بکات لە مانۆڕەکەدا، ئاماژەی بەوەشکردووە لە کاتی مانۆڕەکەدا گەیاندنی سووتەمەنی لە ئاسماندا و ڕاهێنانی "گەلانی هاوبەش" ئەنجامدراوە. هاوکات سوپای ئیسرائیل وێنەی ئەم مانۆڕە ئاسمانییە هاوبەشەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە مانۆڕەکە "بۆ بەهێزکردن و پاراستنی هاوکارییە درێژخایەنەکانی نێوان هەردوو هێزەکە داڕێژراوە، ئەمەش بۆ بە فراوانکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی توانا هاوبەشەکان بۆ سیناریۆی جۆراوجۆر". بەگوێرەی بەیاننامەیەکی سوپای ئیسرائیل، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلی F-35I و F-15I گەشتێکی هاوبەشیان لەگەڵ فڕۆکەیەکی بۆینگ بی 52 بۆمبهاوێژ ئەنجامداوە و لەو ماوەیەدا ڕاهێنان بۆ پەیوەندی ئۆپەراسیۆنی نێوان هەردوو سوپا "بەمەبەستی باشترکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە" بەڕێوەچووە. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە هاوکاری نێوان هێزەکانی سوپای ئیسرائیل و سێنتکام "دەرخەری هاوپەیمانی ستراتیژی و پەیوەندی نزیکی نێوان هەردوو سەربازییە کە بەردەوام لە گەشەکردن و بەهێزبووندایە." هاوکات لەگەڵ مەشقی ئاسمانی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل، سەرۆکی ئەرکانی نوێی سوپای ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە 5ی مانگی سێ لە کۆبوونەوەی فەرماندە باڵا سەربازییەکانی وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند کە ساڵی 2025 بە تایبەتی لەسەر شەڕی غەززە و ئێران چڕ دەبێتەوە و هاوکات بەرەکانی دیکەش وەک خۆیان دەبن لە بەرچاو دەگیرێن بۆ تاوتوێکردن.

  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە هۆشداریەکەى ترەمپ سەبارەت بە ئازادکردنی بارمتەکان، ڕایدەگەیەنێت ترەمپ ئەو بێزارە لە سەیرکردنی ڤیدیۆی ئازادکردنی بارمتەکان  بەلاوازى، هۆشداریەکەى ترەمپ بە کەم مەزانن و هەرشتێک بڵێت دەیکات. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دواین هۆشداری دەداتە سەرکردایەتیی حەماس تاوەکو غەزە بەجێبهێڵن و سەرجەم بارمتەکانیش بەزوویی ئازادبکەن. ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی بە ناوی تروس سۆشیاڵ پەیامێکی بۆ حەماس بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، “سڵاو یاخود ماڵئاوا حەماس، خۆتان هەڵیبژێرن، هەر ئێستا تەواوی بارمتەکان ئازادبکەن نەوەک دواتر، بەخێرایی تەرمی هەموو ئەو کەسانە بگەڕێننەوە کە کوشتوتانن، ئەگینا کۆتاییتان پێدێت.” مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتگیرییەکی توندی بۆ ئەو داواکاریەى دۆناڵد ترەمپ دەربڕی، وتی: چاوەڕوانیەکانى سەرۆک کۆتایی هات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە ئەو شتێک ناڵێت کە نەیکات،  ئەگەر بڵێت شتێک دەکەم، ئەوا دەیکات. باشترە ئەو هۆشداریە بە جددی وەربگرن. لە وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، حازم قاسم، گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "هەڕەشەکانی ترەمپ هانی ئیسرائیل دەدات، پابەندی هەموو بەندەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە نەبێت." گوتەبێژی بزووتنەوەی حەماس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داواشی لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا کرد، فشار لە ئیسرائیل بکات تاوەکوو دەست بە گفتوگۆکانی تایبەت بە قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە بکات.  ئەم هەڕەشانەی ترەمپ لە کاتێکدان، کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە "ئادەم بولر، نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پرسی بارمتەکان، بە ڕاوێژیی ئیسرائیل، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، لە قەتەر کردووە و دەسەڵاتی ئەوەیشی هەیە، بۆ ئازادکردنی بارمتەکان گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەکدا بکات."  نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، ناتانیاهۆ ئاگاداری گفتوگۆکانی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمەریکا و حەماسە و هەڵوێستی خۆیشی لەوبارەوە بە بەرپرسانی واشنتن ڕاگەیاندووە. 

  دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دواین هۆشداری دەداتە سەرکردایەتیی حەماس تاوەکو غەزە بەجێبهێڵن و سەرجەم بارمتەکانیش بەزوویی ئازادبکەن. ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی بە ناوی تروس سۆشیاڵ پەیامێکی بۆ حەماس بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، “سڵاو یاخود ماڵئاوا حەماس، خۆتان هەڵیبژێرن، هەر ئێستا تەواوی بارمتەکان ئازادبکەن نەوەک دواتر، بەخێرایی تەرمی هەموو ئەو کەسانە بگەڕێننەوە کە کوشتوتانن، ئەگینا کۆتاییتان پێدێت.” ترەمپ دەڵێت: تەنها کەسانی نەخۆش تەرم لەلای خۆیان دەهێڵنەوە، ئێوەش نەخۆشن، ئیسرائیل هەرچییەکی پێویستبێت بۆ تەواوکردنی ئەم کارە بۆی دەنێرین، ئەگەر ئەوەی دەیڵێم نەیکەن، یەک ئەندامی حەماس بە پارێزراوی نامێنێتەوە. دوێنێ چوارشەممە پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد ئەمریکا راستەوخۆ دانوستانی لەگەڵ حەماس دەستپێکردووە لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان، بەتایبەتی ئەو بارمتانەی ئەمریکین. ئەمە یەکمجارە ئەمریکا ئەو کارە دەکات و دوای راپۆرتەکەی ئەکسیۆسیش، کۆشکی سپی پشتڕاستیکردەوە کە دانوستانی راستەوخۆ لەنێوان ئادام بۆیڵەر، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتەکان و بەرپرسانی حەماس روویداوە. لەو 251 بارمتەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 دەستگیریکردن، هێشتا 58 کەسیان لە غەزە ماون و سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، لەنێو بارمتەکاندا پێنج هاووڵاتی ئەمریکی هەن کە تەنها یەکێکیان زیندووە. لە پەیامەکەیدا ترەمپ کۆتا ئاگادارکردنەوە بە حەماس و خەڵکی غەزە دەدات و دەڵێت، “ئەمە ئاگادارکردنەوەی کۆتاییە و ئێستا کاتی بەجێهێشتنی غەزەیە، بۆ هەموو هاووڵاتییانی غەزە، ئێوە داهاتوویەکی جوان چاوەڕێتانە، بەڵام ئەگەر بارمتەکان لای خۆتان بهێڵنەوە، ئەو داهاتووەتان نابێت و دەمرن و دۆزەخێک دێتەئاراوە دەبێت باجەکەی بدەن.”

دۆناڵد ترامپ ئەمشەو سێشەممە وتارێک لە کۆنگرێسی ئەمەریکا پێشکەش دەکات و تیایدا تیشک دەخاتە سەر بەشێک لە کارەکانی چەند هەفتەی سەرەتایی سەرۆکایەتییەکەی. ئەم وتارەی کە وەک بارێکی باو بە وتارێک لەسەر ڕەوشی وڵات دوای دەستبەکاربوون بەناوبانگە، دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ سەرۆک ترامپ هەتا بۆچوونەکانی خۆی لەسەر ئابوری و ڕێبازی کۆچبەری ئەمەریکا بخاتە ڕوو و ڕێگە خۆش دەکات تا بەرگری لە بڕیارە مشتومڕ لەسەرەکانی ئەم دواییەی بکات بۆ کەمکردنەوەی هێزی کاری فیدراڵی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی. بەڵام یەکێک لە ئاستەنگە بەرچاوەکان بۆ ترامپ بریتی دەبێت لە یەکخستنی زۆرینەی کۆمارییەکان لە سینات و ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تێپەڕاندنی بودجەی حکومەت هەتا دوا وادەی 14ی مانگی 3. کۆمارییەکان دوودڵن لەسەر ئەوەی کە ئایا بەرنامە بەناوبانگەکانی تۆڕی سەلامەتی کۆمەڵایەتی وەک مێدیکەید کە بیمەی تەندروستی بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە داهاتیان کەمە ببڕن یان نا، بۆ دانەوەی قەرزی ئەمەریکا و پێدانی درێژکردنەوەی کەمکردنەوەی باجەکانی ساڵی 2017 کە لە خولی یەکەمی ترامپدا پەسەندکرا. ترامپ داوای "یەک پڕۆژە یاسای گەورە و جوان" دەکات بۆ دابینکردنی بودجەی کارنامەی سیاسەتە ناوخۆییەکانی. مایک جۆنسۆن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، "کاری زۆر قورسمان لە پێشە، بەڵام بڕیارە کارنامەی ئەمەریکای یەکەم بگەیەنین". گوتیشی "ئێمە هەمووی ئەنجام دەدەین، نەک تەنها بەشێکی." دیموکراتەکانی کۆنگرێس ڕەخنەیان لە بودجە گرتووە و دەڵێن سوودی بۆ دەوڵەمەندەکان هەیە. چاک شومەر سەرۆکی کەمینە لە سینات هەفتەی ڕابردوو وتی "هەڵە مەکەن، ئەمە کەسانی بەساڵاچوو و منداڵان و کەمئەندامان تاڵان دەکات بۆ ئەوەی پارە بدەن بۆ دەوڵەمەندەکان هەتا دەوڵەمەندتر بن". هەروەها پێدەچێت سەرۆک ترامپ باس لە هۆکاری سەپاندنی باج لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەر وڵاتانی دیکەدا بکات. دووپاتی کردەوە کە 25% باج لەسەر کەنەدا و مەکسیک لە ڕۆژی سێشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ترامپ ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "دەبێت باجێکیان لەسەر دابنرێت." و گوتیشی "کەواتە، ئەوەی دەبێت بیکەن دروستکردنی کارگەی ئۆتۆمبێلەکانیانە، ڕاشکاوانە، و شتی دیکە لە ئەمەریکا، لەو حاڵەتەدا هیچ باجێکیان لەسەر دانانرێت." هەفتەکانی سەرەتای سەرۆکایەتی ترامپ چەندین فەرمانی سەرۆکایەتیشی تێدا مۆر کران لەسەر ئەو بابەتە سەرەکییانەی کە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا ئاماژەی پێکردبوون لە ناویاندا چاکسازی لە کۆچبەریدا. چاوەڕوان دەکرێت لە وتارەکەیدا سێشەممە شەو تیشک بخاتە سەر گۆڕانکارییەکانی ئاسایشی سنووری باشووری ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیک. هەروەها دەشێت قسە لەسەر دامەزراندنی وەزارەتی کارایی حکومەت بکات کە بە DOGE ناسراوە و بە سەرۆکایەتی ملیاردێر ئیلۆن ماسک. لە کاتێکدا کە پرسە ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی نەریتی جێگەی بایەخی وتاری سەرۆکایەتن بۆ کۆنگرێس، بەڵام پێدەچێت باس لە چەندین ئاستەنگی سیاسەتی دەرەوەییش بکات. ترامپ دوای مشتومڕێکی لەگەڵ ڤۆلدمیر زێڵێنسی ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هەست ناکات ئۆکرانیا بە شێوەیەکی پێویست دان بە بەشداریکردنی نزیکەی 200 ملیار دۆلاری ئەمەریکادا ناوە لەو ململانێیەدا کە کاتێک ڕووسیا لە 24ی دووی 2022دا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ترامپ باس لە ئاگربەست لە غەززە بکات و پلانەکانی بۆ پەرەپێدانی خانووبەرە لەو ناوچە پڕ لە کێشەیە بخاتە ڕوو. ئەلیسا سلۆتکین، سیناتۆر و شرۆڤەکاری پێشووی سی ئای ئەی وەڵامی دیموکراتەکان بۆ وتارەکەی ترامپ دەداتەوە. سلۆتکین لە ویلایەتی میشیگان سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە گرنگیدان بە ئابووری لە گەیاندنی خۆی بۆ دەنگدەران.

واشنتن لە چوارچێوەی پێداچوونەوە بە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ململانێ، سەرجەم هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا بەشێوەیەکی کاتی، ڕاگرێت. بەرپرسێکی ئیدارەی ترەمپ ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکرانیا ڕاگرت و جێگری سەرۆکی ئەمەریکاش دەڵێت: ڕێککەوتنی کانزا باشترین گەرەنتی ئەمنی دەبێت بۆ کیێڤ. هاوکات وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەموو سەرنجەکانی لەسەر ئاشتییە و بۆ ئەوەش پێویستی بەوەیە سەرجەم هاوبەشەکانی پابەندی ئەو ئامانجە بن، بۆیە سەرجەم هاوکاریی و پاڵپشتییەکانی رادەگرێت، بۆ ئەوەی بەشداربێت و رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکراینا. بە وتەی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییەکە، کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی داوە کۆتایی بە شەڕ و ململانێیکانی ئۆکرانیا بهێنێت، بەڵام پێویستە وڵاتە هاوپەیمانەکانی پابەندی پرۆسەی ئاشتی بن. هەروا ئاشکرای کردووە، لە دوای ئەو دەمەقاڵێیەی بە بەرچاوی میدیاکانەوە لە کۆشکی سپی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕووی دا، ترەمپ بڕیاری بلۆک کردن و ڕاگرتنی هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمەریکای بۆ کیێڤ دەرکردووە، هەربۆیە هەموو هاوکارییەکان ڕاگیراون و پێداچوونەوە بە هەنگاوەکانی ڕێککەوتنی ئاشتی دەکرێت. هەر لەم بارەوە، کەناڵی تەلەفزیۆنی فۆکس نیوز و ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاویان کردووەتەوە، ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی بە بڕیاری ترەمپە بۆ ئەوەی سەرکردە و بەرپرسانی ئۆکرانیا ناچار و پابەندی ئاشتی بکات. لە لایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا قسەی بۆ فۆکس نیووز کردووە و ئاماژەی داوە، ئەو سوود و بەرژەوەندییە ئابوورییەی واشنتن بۆ ئۆکرانیا پێشنیازی کردووە، گەرەنتی ئەمنیی بەو وڵاتە دەدات بەرانبەر بە جەنگەی ڕووسیا لە شوباتی 2022ـەوە دژی دەستی پێ کردووە. هەروەها ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنی کانزا لەگەڵ ئۆکرانیا، پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی درێژ مەودای ئەمەریکا دەبێت لەو وڵاتە و ئەمەش زەمانەتێکی ئەمنی تەواو دەبێت بۆ کیێڤ تاوەکوو ڕووسیا جارێکی دیکە هێرشی سەر ئەو وڵاتە نەکاتەوە. جەی دی ڤانس دەشڵێت: ئێمە دەرگامان بۆ ئاشتی کراوەیە، گەر زێلێنسکی ئاشتی دەوێت با گەڕێتەوە، چونکە جارێکی دیکە ناتوانێت بێتە کۆشکی سپی و ئاشتی ڕەت بکاتەوە.  

  ئەرجەنتینییەکان لە مێژە چاوەڕێی ئەوە بوون کە پاپا فرانسیس سەردانی ئەو نیشتمانە بکات کە لە ساڵی ٢٠١٣ بەجێی هێشتووە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی کەنیسەی ڕۆمانی کاسۆلیکی. بەهۆی ئەوەی تەندروستی خراپە،  لەکاتێکدا شەڕی دووانە هەوکردنی سییەکان دەکات، پێدەچێت گەڕانەوەی ئێستا تادێت بەدوور دەزانرێت. پاپا فرانسیس تەمەن ٨٨ ساڵ بەهۆی هەوکردنی سییەکانییەوە باری تەندروستی ناجێگیرە. دوو هەفتەی لە نەخۆشخانەی گێمێلی ڕۆما درێژترین مانەوەی پاپایەتی و جەخت لەسەر لاوازییەکەی دەکاتەوە. فرانسیس لە سەردەمی پاپاییدا زیاتر لە 45 گەشتی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە، لەوانە یەکەم گەشتی هەر پاپایەک بۆ عێراق، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، میانمار، باکووری مەقدۆنیا، بەحرەین و مەنگۆلیا. بەڵام ئەو قەشە سەرەکییەی کە جارێک بووە لە بوینس ئایرێس هەرگیز نەگەڕاوەتەوە بۆ ئەرجەنتین. جیمی بێرنز، نووسەری ژیاننامەی "فرانسیس، پاپای بەڵێنی باش" لە ساڵی ٢٠١٥دا دەڵێت: "یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشە گەورەکانی پاپاایەتییەکەی ئەوە بوو کە بە پێچەوانەی سەرۆکەکانی پێش خۆی، فرانسیس هەرگیز سەردانی وڵاتی زێدی خۆی نەکردووە". بێرنز وتی پێی وایە فرانسیس نایەوێت ببینرێت کە لایەنگری پێرۆنیستە چەپەکان بێت و نە لەگەڵ کۆنەپەرستان لە ژینگەی سیاسی جەمسەرگیری وڵاتەکەدا. وتیشی: "هەر سەردانێک هەوڵی دەدا و لەلایەن لایەنێک یان لایەنێکی دیکەوە دەقۆزرێتەوە و ئەویش بەبێ ئەوەی بزانێت سووتەمەنی ئەو دابەشبوونانە دەدات". زۆرێک لە ئەرجەنتین پێشبینی سەردانێکیان بۆ ئەو وڵاتە دەکرد دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی فرانسیس و سەردانی بەڕازیل. ساڵی ڕابردوو دیسانەوە قسە لەسەر گەشتێک هاتە ئاراوە. بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا سەردانەکە هەرگیز بەدی نەهات. گیلەرمۆ مارکۆ، وتەبێژی پێشووی پاپا کاتێک کاردیناڵ خۆرخی بێرگۆلیۆ بوو لە بوینس ئایرێس، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، "دەرفەتێکی بەفیڕۆچوو" بووە بۆ ئەرجەنتین. فرانسیس، وتی، "ڕۆحێکی تانگۆ"ی هەبووە - ئاماژەیە بۆ ئەو مۆسیقا و سەمایەی کە سەرچاوەی لە شەقامەکانی پشتەوەی بوینس ئایرێسەوە هەیە.

  لە رۆژئاوای ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو خەڵکدا کرد. دوو کەس گیانیان لەدەستداوە؛ لانیکەم ٢٥ کەسیش بریندارن، پۆلیسیش گومانلێکراوێکیش دەستگیرکردووە. ڕۆژی دووشەممە، 03-03-2025، لە شاری مانهایمی رۆژئاوای ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو قەرەباڵخییەکدا کرد. ستێفان ویلهێلم، وتەبێژی پۆلیسی شارەکە رایگەیاند:  شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ڕاگیراوە و ڕوون نییە تۆمەتباری دیکە هەبن یان نا. پۆلیس بانگەوازی کردوە کە لە ناوەندی شار دوور بکەونەوە. بەگوێرەی میدیای خۆجێیی مانهایم، ئۆتۆمبێلێکی رەنگ رەشی بەرز بە خێراییەکی زۆرەوە بەرەو رووی بازاڕێکی شارەکە لێی خوڕیوە و خۆی بەنێو خەڵکدا کردووە. رووداوەکەش لە گۆڕەپانی پارادێپلاتز روویداوە. نەخۆشخانەی زانکۆی مانهایم رایگەیاند، پلانیان بۆ فریاگوزاری لەناکاو داناوە، ئەمەش لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی بریندارەکان یان ئەوانی گیان لەدەستدەدەن.     ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 13-02-2025 پۆلیسی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە شەقامی زایدێ لە میونشن، ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد. دوای رووداوەکە ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد و شۆفێرەکەیان دەستگیرکرد، کە پەناخوازێکی ئەفغانستانی بوو. لە رووداوەکە منداڵێکی دوو ساڵ و دایکی گیانیان لەدەستدا.   لە مانگی 12ـی پار ئۆتۆمبێلێک لە شاری ماگدێبۆرگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا خۆی بە نێو بازاڕێکی کریسمسدا کرد و شەش کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش برینداربوون.

  ژان نۆئێل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا هۆشداری دا کە "هێڵی پێشەوە بەردەوام لە ئێمە نزیک دەبێتەوە" بەهۆی "تەماحى ئیمپریالیستییەکانی ڕووسیاوە". بارۆت لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی فرانس ئینتەر ئەمڕۆ دووشەممە چەند کاتژمێرێک پێش مشتومڕێک لە پەرلەمان لەسەر شەڕی ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا، وتی: مەترسی شەڕ لە کیشوەری ئەوروپا، لەناو یەکێتی ئەوروپادا، هەرگیز ئەوەندەی ئەمڕۆ نزیک نەبووە، چونکە نزیکەی ١٥ ساڵە مەترسییەکە بەردەوام لێمان نزیک دەبێتەوە، هێڵی پێشەوەش بەردەوام لێمان نزیک دەبێتەوە. ناوبراو وتی: ئەوەی ئێمە شاهیدی بووین بەئاگاهاتنەوەی تەواوی بەشێک لە ئەوروپییەکانە کە ڕەتیان دەکردەوە واقیعی شتەکان وەک خۆیان ببینن، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم وڵاتە ئەوروپییانە بوونەتە قەناعەت بە پێویستی "ئەوروپا بتوانێت بەرپرسیارێتی بەرگری و ئاسایشی خۆی بگرێتە ئەستۆ، هەروەها هەموو ئامرازە پێویستەکان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی هەرگیز ناچار نەبین لە ئەمریکا بپرسین چی دەتوانێت بۆ ئاسایشی ئەوروپا بکات". وەزیرەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دەستدرێژیی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، دەمانەوێت ئەمریکا بتوانێت، لە ڕێگەی فشارەوە، وابکات (ڤلادیمیر) پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لەسەر مێزی دانوستان دابنیشێت و ڕازی بێت کە دواجار واز لە تەماحە ئیمپراتۆرییەکانی بهێنێت کە هێڵی پێشەوەی زیاتر لە ئێمە نزیکتر و نزیکتر کردووەتەوە. بارۆ خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامی ئەو لوتکەیە دەربڕی کە یەکشەممە لە لەندەن بەڕێوەچوو، لەو میانەیدا پانزە سەرکردەی ئەورووپا لە نێویاندا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەڵێنیان دا پشتیوانی لە کیێڤ بکەن و چەکداریی خۆیان لە دژی ڕووسیا بەهێزتر بکەن.

حکومەتى بەریتانیا و ئۆکراینا رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی لەندەن (2.26 ملیار پاوەند) 2.84 ملیار دۆلار بە قەرز بە کیێڤ بدات تاوەکو توانا بەرگرییەکانی ئۆکراینا بەهێز بکات.   لەندەن دەڵێت، رێککەوتنەکە دەرخەری "پشتیوانیی نەگۆڕ و بەردەواممانە بۆ خەڵکی ئۆکراینا." رەیچڵ ریڤز، وەزیری دارایی بەریتانیا بە ئامادەبوونی کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها، سێرگی مارچێنکۆ، وەزیری دارایی ئۆکراینا کە بەشێوەی ڤێرچوەڵ ئامادەبوو، واژۆی لەسەر رێککەوتنەکە کرد.   دەگوتر‌ێت، ئۆکراینا بە سامانی سڕکراوی رووسیا، ئەو قەرزە بە بەریتانیا دەداتەوە.  پێش واژۆکردنی رێککەوتنامەکە، ستامەر بەگەرمی پێشوازی لە زیلینسکی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی هەینی دەمەقاڵێ لەنێوان سەرۆکی ئۆکراینا و هاوتا ئەمریکییەکەی دروستبوو.    کۆمەڵێک خەڵکی ئاسایی لەبەردەم خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت بە چەپڵە پێشوازییان لە زیلینسکی کرد و لەگەڵ ستامەر باوەشیان بەیەکدا کرد، وێنەیان پێکەوە گرت و دواتر چوونەژوورەوە.  ستامەر بە زیلینسکی گوت "زۆر، زۆر بەخێربێی بۆ داونینگ ستریت. تۆ ئاگات لە هوتافی سەر شەقامەکە بوو. پشتیوانی تەواوەتیی بەریتانیات هەیە و، پشتگیریی تۆ و ئۆکراینا دەکەین." ستامەر ئاماژەی بەوە کرد، هەردووکیان "ئاشتییەکی درێژخایەن"ـیان بۆ ئۆکراینا دەوێت، "لەسەر بنەمای سەروەری و ئاسایش بۆ ئۆکراینا."  زیلینسکی لە وەڵامدا باسی ئەوەی کرد، سەدان پشتیوانکاری لە داونینگ ستریت بینیوە.    گوتیشی: "دەمەوێت سوپاستان بکەم، سوپاسی خەڵکی بەریتانیا دەکەم، بۆ ئەم پشتیوانییە گەورەیەی لە سەرەتای جەنگەوە هەبووە. زۆر دڵخۆشم کە خاوەنشکۆ پاشا قبووڵیکرد سبەی من ببینێت و ئێمە لە ئۆکراینا زۆر دڵخۆشین کە هاوبەشێکی ستراتیجیی لەم جۆرەمان هەیە." زیلینسکی هەروەها گوتی "دڵمان بە پشتیوانیی ئێوە گەرمە."  ستامەر و زیلینسکی بۆ ماوەی 75 خولەک لە پشت دەرگا داخراوەکان کۆبوونەوە، لە کاتی رۆیشتنیشی دا، ستامەر تاوەکو لای ئۆتۆمبێلەکە یاوەریی زیلینسکی کرد و پێش ئەوەی سەرکەوێت، لە ئامێزی گرت.

ئەڵمانیاو پۆڵەندا و فەرەنسا کاردەکەن بۆ کۆکردنەوەى پاڵپشتى ئۆکرانیا ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، جەختی لە زیادکردنی دەستبەجێی پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ ئۆکرانیا کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی لەگەڵ پۆڵەندا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکە کاردەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی بەرگرییەکانی کیێڤ. هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوروپا پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە بۆ پشتگیریکردنی بەرگرییەکانی، وتیشى "بەداخەوە ئەوەى ڕویدا خەونێکی خراپ نەبوو، بەڵکو واقیعێکی قورس بوو". هەروەها وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا، داوای ئەوەشیکرد هەردوو ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا یاساکانی بودجەی خۆیان شل بکەنەوە بۆ ئاسانکاری پشتگیریکردن لە ئۆکرانیا دوای ئەو کێشەیە کە بە فڕێدانی زێلێنسکی لە کۆشکی سپی کۆتایی هات. لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، فرانک واڵتەر شتاینمایەر سەرۆکی ئەڵمانیا بە توندی ڕەخنەی توندی لە هاوتا ئەمریکییەکەی دۆناڵد ترەمپ گرت و چاوپێکەوتنە تووڕەییەکەی لە کۆشکی سپی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە دەرەوەی خەیاڵ وەسف کرد. شتاینمایەر ڕۆژی شەممە لە کاتی گەشتى فڕۆکەکەیدا بۆ ئۆرۆگوای بە ئاژانسی ڕۆژنامەوانی ئەڵمانی (dpa)ی ڕاگەیاند: دیپلۆماسی کاتێک شکست دەهێنێت کاتێک هاوبەشەکان لەبەردەم جیهاندا زەلیل بکرێن. وەک شتاینمایەر دەڵێت، دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە ئاساییەکان: “ئەو دیمەنەی لە کۆشکی سپیدا ڕوویدا، هەرگیز باوەڕم نەدەکرد کە ڕەنگە ناچاربین بەرگری لە ئۆکرانیا بکەین لە بەرامبەر ئەمریکا.” سەرۆکی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوروپییەکان پابەندن بە ئازادی و دیموکراسی و سەروەری یاساوە، "دەبێت ڕێگری لە ئۆکرانیا بکەین کە ناچار بێت ملکەچبوون قبوڵ بکات". ترەمپ ڕۆژی هەینی زێلێنسکی بە مەترسی خستنە سەر ئاسایشی جیهانی تۆمەتبار کرد بە ڕەتکردنەوەی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا و هۆشداریدا لەوەی کە "قومار لەگەڵ جەنگی جیهانی سێیەم" و ژیانی ملیۆنان کەس دەکات.

"راگەیاندنی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"، رێگای هەموو هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی رووناک دەکاتەوە و وەک مانیفێستۆی سەردەمە. لەبەر ئەوەی مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتی بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتی زیاد کردووە، بە رێزەوە سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەین. جێبەجێکردنی نێوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو زۆر گرنگە لەگەڵ بانگەوازی باسکراودا دیارە کە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرۆسەیەکی مێژوویی دەستی پێکردووە. ئەمە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر پێشکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی و ژیانی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت. پەیوەست بەمەوە بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە سەر شانی هەموومان؛ پێویستە هەر کەس ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بێگومان کردنی بانگەوازێک بەم شێوەیە زۆر گرنگ بوو؛ ئێستا جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە. ئێمە وەک پەکەکە راستەوخۆ بەشداری نێوەڕۆکی بانگەوازی باسکراو دەبین و رایدەگەیەنین کە ئێمە بەپێی پێداویستیەکانی بانگەوازەکە هەڵسوکەوت دەکەین و جێبەجێیان دەکەین. بەڵام بۆ سەرکەوتن پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی سیاسەتی دیموکراتی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێن. هێزی بەڕێوەبردنی خەبات و هاوئاهەنگی پەکەکە کە داڕێژراوە دەدرێتە گەل زۆر ئاشکرایە کە پەکەکە، بووەتە بزووتنەوەی راستی و پاڵەوانە گەورەکانی نیو سەدەی دوایی کوردستان. هەموو شتێک بە خەباتێکی گەورەی پاڵەوانەتی، فیداکاری، قوربانیدان و رەنجی زۆر بەدەست هاتووە. ئێمە هەموو شەهیدە پاڵەوانەکانی ئەم خەباتی ئازادییە بە رێز، خۆشەویستی و سوپاسگوزاریەکی گەورە بەبیر دێنینەوە. ئێستا ئێمە بە هەمان گیان و باوەڕ دەستکەوتە مێژووییەکانی باسکراو دەگوازینەوە بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات. ئەو ژیرییەی کە رێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە و ئەزموونی گەورەی پەکەکە دروستی کردووە، باشی، راستی، جوانی و هێزی بەڕێوەبردنی خەباتی ئازادی لە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیەوە دەداتە گەلەکەمان. بە رادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات لەم چوارچێوەیەدا، بۆ ئەوەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی جێبەجێ بکرێت، ئێمە لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. بە ڕادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. هەروەها جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت. بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی بەڕێوەی ببات هەروەها ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتی بەڕێوە ببەین. بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەمە پێویستە مەرج و پێداویستیە گونجاوەکان دابین بکرێن و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەش پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. تا ئێستا لەگەڵ هەموو هەڵە و کەموکوڕیەکان ئێمە بەڕێوەبەرایەتی شەڕمان کرد؛ بەڵام تەنها رێبەر ئاپۆ دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بکات. پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی ئازادی جەستەیی، ژیان و کارکردنی ئازاد دابین بکرێن ڕاستیە بەرچاوەکان زۆر ئاشکرا نیشان دەدەن کە بۆ ئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ ببێت، بۆ دیموکراتیکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتی کێشەی کورد، بۆ پێشخستنی بزووتنەوەی دیموکراسی گڵۆباڵ، پێویستە مەرجەکانی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بژیت و کار بکات دابین بکرێن، هاوڕێکانیشی لەناویاندا بتوانن بەبێ بەربەست لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیانەوێت پەیوەندی دروست بکەن. ئێمە هیوادارین کە پێداویستیەکانی ئەمە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێن. بانگەواز کۆتایی نییە دەستپێکێکی نوێیە گەل و دۆستە بەڕێزەکانمان! بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بێگومان کۆتایی نییە، بە پێچەوانەوە دەستپێکێکی نوێیە. وەک کە لە ڕاگەیاندنەکەدا زۆر سەرنجڕاکێش دەوترێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەخاتە بەرچاو کە ئەو شتانەی کە پێویست بوو لە 35 ساڵی رابردوودا بەتایبەتی لەم 20 ساڵەی دواییدا بکرابان، بەڵام بەو رادەیەی دەخوازرێت لە کاتی خۆیاندا نەکراون، ئێستا پێویستە بێگومان بکرێن. لەم بوارەدا پێویستە بانگەوازی ڕێبەرایەتی، هۆکارەکانی، تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پرۆسە نوێیەکە کە دەستی پێکردووە بە دروستی و تەواوی تێبگەین و پێویستە پێداویستیەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. پێویستە بە بەرپرسیاریەتی و جیددیەتێکی گەورەوە نزیک لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە ببینەوە و زۆر گرنگە کە لە هەموو بوارێکدا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ بکرێت. پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین با لەبیرمان نەچێت کە بارگرانیەکەی هەرە زۆر ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە خستوویەتیە سەر شانی خۆی، ڕێگامان ڕووناک دەکاتەوە و پێشەنگایەتیمان دەکات. ئێستا بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی' هەنگاوێکی نوێ دەنێت و بۆ هەموو ژێردەستەکان بەتایبەتی ژنان و لاوان پرۆسەیەکی نوێی خەبات دەست پێدەکات. لەبەر ئەمە با تایبەتمەندیەکانی ئەم پرۆسە نوێیە بە دروستی تێبگەین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەردەم لە بەرامبەر هەر جۆرە ساختەکاری و هێرشێک ئامادە بین، ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. با ڕێکخستنبوونی دیموکراتی و خەباتی ئازادیمان لە هەموو بوارێکدا بە ئازایەتی و فیداکاریەکی گەورەوە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چوار لای جیهان گەش بکەین. پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین. بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە 8ی مارس و نەورۆز بکەن ئەوەتا، چووینە مانگی مارسێکی نوێوە و هەیەجانی 8ی مارس و نەورۆز دەژین. ئێمە شۆڕشی ئازادی ژنان لەسەر بنەمای ژنناسی پێش دەخەین و لەسەر هێڵی شارستانیەتی دیموکراتی ژیانی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی رێکدەخەین. هەوڵ دەدەین ڕاستی ئاپۆیی بە شێوەیەکی دروست و تەواو تێبگەین و شۆڕشی ڕاستی کە شۆڕشی بیرکردنەوە و شێوازی ژیانە پێشبخەین. بانگەوازی دوایی ڕێبەر ئاپۆ لە راستیدا بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە 8ی مارس و نەورۆز بکەن و بە هەیەجانێکی گەورەوە پیرۆزی بکەن. لە هەر کەسێک زیاتر پێویستە ژنان و لاوان ئەم بانگەوازە بە دروستی تێبگەن، بە بەهێزی پشتگیری لێبکەن و پێداویستیەکانی جێبەجێ بکەن. لەسەر ئەم بنەمایانە ئێمە 8ی مارس ڕۆژی ژنانی کرێکار و نەورۆز لە هەموو ژنان و لاوان، گەلەکەمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەین و بانگەواز لە هەر کەسێک دەکەین کە بە گیانی 8ی مارس و نەورۆز پشتگیری لە بانگەوازی رێبەرایەتی بکەن و لە هەموو بوارێکدا خەباتی ئازادی گەش بکەن! بژی پێشەنگی پاڵەوانی گەلەکەمان پەکەکە! "بژی رێبەر ئاپۆ!"