ڕۆژنامەی ئەمریکی: تیمەکەی مەسک داتای هەستیاری حکومەتیان دەستکەوت

17 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرای کرد کە تیمی ملیاردێر ئیلۆن مەسک لە سەردەمی سەرکردایەتیکردنی وەزارەتی کارامەیی حکومەتدا دەستڕاگەیشتنێکی بێ وێنەیان بە زانیارییە هەستیارەکانی حەوت دەزگای ئەمریکی بەدەستهێناوە. داتاکان بریتی بوون لە گرێبەستی حکومەت و نهێنی بازرگانی و سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکانی مەسک.

سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی خراپ بەکارهێنانی، ئەم دەستڕاگەیشتنە نیگەرانییەکی بەرفراوانی لە بازنەکانی پیشەسازی و ڕێکخستندا دروستکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەردەوامبوونی داوای یاسایی و گرژی یاسایی بۆ هەوڵدان بۆ سنووردارکردنی ئەم کاریگەرییە.

ئەمەش لەکاتێکدایە جارێکی دیکە شەڕی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ئیلۆن مەسک دەستی پێکردەوە. ڕۆژی دووشەممەى ڕابردوو مەسک هێرشی کردە سەر ئەو یاسایەی دۆناڵد ترەمپ و پارتی کۆمارییەکان ئامادەیان کردووە و براوەتە کۆنگرێس بۆ پەسەندکردنی. 

مەسک ئەو یاسایە- کە ترەمپ و کۆمارییەکان بە پرۆژە "یاسا گەورە و جوانەکە" ناوی دەبەن- بە مەترسی دادەنێت و هۆشداری دەدات، کە ئەگەر پەسەند بکرێت، ئابووریی ئەمریکا بەرەو هەڵدێر دەبات.

سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی مەسکی دایەوە و لە ترووس سۆشیاڵ نووسیوویەتی: "ئەگەر پشتیووانی و هاوکاریی فیدراڵیت لێببڕم، ناچاریت دووکانەکەت دابخەیت و بگەڕێیتەوە بۆ ئەفریقای باشوور."

مەسک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پشتگیریی لە بەربژێری کۆمارییەکان کرد، 270 ملیۆنی دۆلاریشی بەخشییە هەڵمەتەکەی. لەبەرامبەردا ترەمپ بۆ 130 رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتی، کردیە راوێژکاری خۆی و سەرپەرشتیاری فەرمانگەی کارامەیی حکومەت، کە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی قەبارەی ژمارەی فەرمانبەرە فیدراڵییەکانی ئەمریکا و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت.
 
دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە کۆشکی سپی لە کۆتایی مانگی ئایار، مەسک دەستی بە رەخنەگرتن لە پرۆژە یاسای خەرجییەکانی ترەمپ گرت و دواتر ناکۆکییەکان تەقینەوە و گەیشتە ئەو ئاستەی مەسک لە تۆڕی ئێکس داوای دامەزراندنی پارتێکی سیاسیی نوێ لە ئەمریکا بەناوی "پارتی ئەمریکا" بکات. 

وەزارەتی کارامەیی حکومەت کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دروستکراوە و بە سەرۆکایەتی مەسک دەسەڵاتی ئەوەی هەبووە بچێتە ناو سیستەمی حەوت دەزگای فیدراڵی، لەوانە وەزارەتی بەرگری، ناسا، وەزارەتی کار و نووسینگەی پاراستنی دارایی بەکاربەران.

جێسیکا تیلیپمان، ڕاگری یاریدەدەر بۆ توێژینەوەکانی یاسای تەداروکاتەکانی حکومەت لە قوتابخانەی یاسای زانکۆی جۆرج واشنتۆن دەڵێت: "ئەم زانیاریانە تێڕوانینەکان دەدەن، یارمەتیدەرن بۆ پێشبینیکردنی تەداروکاتەکانی داهاتوو، وردەکارییەکان دەخاتە ڕوو کە دەزگایەک پێویستی بە چییە، و تێڕوانینەکان لەبارەی کارکردنی ناوخۆیی خۆیەوە دەدات." "لە بنەڕەتدا، تۆ وردەکارییەک لە پرۆسەکانی بیرکردنەوەی ناوخۆیی دەزگایەکدا دەبینیت. نەک تەنها ئەوە، بەڵکو کێ بیریان لێدەکاتەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار