هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی رووسیا لە پێش سەردانەکەیدا بۆ چین بە میدیای چینی راگەیاند، ئامادەیە گفتووگۆ لەبارەی ئاشتییەوە لە ئۆکراینا بکات. رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، ڤلادمیر پووتین رایگەیاند، "رووسیا هەرگیز لە دژی گفتووگۆی ئاشتی نەبووە. خواستی وایە رێکەوتنێکی گشتگیر، سەقامگیر و دادوەرانە لەسەر شەڕەکە بکرێت لە رێگەی گفتووگۆی ئاشتییەوە." ساڵی رابردوو، چین پێشنیازێکی 12 خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا خستە بەردەستی وڵاتانی جیهان. ئەمریکا و ئەوروپا هەرزوو لە دژی وەستانەوە و رووسیا گوتی خاڵەکانی پێشنیازەکەی لەلا رەوایە. بە گوێرەی کرێملن، ڤلادمیر پووتین و شی ژینگ پینگ گفتووگۆیەکی ورد لەبارەی تەواوی کێشەکانی پەیوەست بە هاوبەشییە گشتگیرەکەیان و هاوئاهەنگییە ستراتیجییەکەیانەوە دەکەن. هەروەها رێگەی نوێ بۆ بەرەوپێشبردنی هاوپەیمانێتییەکەیان لە داهاتوودا دەدۆزنەوە. هەروەها بە وردی باسی کێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان پێکەوە دەکەن. لە سەروبەندی بوونەوەی پووتین بە سەرۆکی رووسیا و سەردانەکەی بۆ چین، مۆسکۆ هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی خارکیڤ لە ئۆکراینا چڕکردووەتەوە و بەهۆیەوە 8 هەزار هاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارەبوون. چین لە رابردوودا باسی ئەوەی کردووە کە لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینادا بێ لایەنە، بەڵام لەوکاتەوەی شەڕەکە لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، پەیوەندیی ئابووری و ستراتیجی لەگەڵ کرێملن زیاترکردووە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە پەڕەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا بڵاوکراوەتەوە، دۆخی تەندروستیی ئەو سەرکردەیە ناجێگیرە. ئەمە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە دوای کۆبوونەوەی کابینەکەی هەوڵی تیرۆرکردنی درا. رۆژی چوارشەممە، 15ی ئایاری 2024، رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا دوای ئەوەی بۆ مەراسیمێک لەگەڵ پاڵپشتیکارانیدا سەردانی شارۆچکەی هاندلۆڤای کرد، لەلایەن هاووڵاتییەکی رەگەزی نێرەوە تەقەی لێکرا و بریندارکرا. لە لاپەڕەی فەرمیی فەیسبووکەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، ئێستا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لە مان و نەماندایە. هەر دوای تەقەکردنەکە تۆمتبارەکە لەلایەن پاسەوانانی سەرۆکوەزیرانەوە دەستگیرکرا. بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی نێو فەیسبووکەکەی، فیکۆ چەند گوللەیەکی بەرکەوتووە. ئەو شارۆچکەیەی فیکۆ تێیدا بریندارکرا دەکەوێتە دووری 150 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی براتیسلاڤای پایتەختی ئەو وڵاتە. هەربۆیە دوای رووداوەکە بە هەلیکۆپتەر گوازراوەتەوە نەخۆشخانەیەکی شاری بانسکا بیستریکا کە 29 کیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەکەوە دوورە. لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دۆخی تەندروستیی فیکۆ یەکلایی دەبێتەوە. فیکۆ بەوە دەناسرێت کە سیاسییەکی دژە ئەمریکایە و لە رووسیاوە نزیکە. لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی مانگی ئادار و نیسانی ئەمساڵدا بۆ جاری سێیەم بردییەوە و بووە سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بە مەبەستی رێگریکردن لە چوونی کۆچبەری ئەفغانی بۆ ناو ئێران، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران بڕیاریداوە دیوارێکی کۆنکرێت بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر لە سنووری ئەفغانستان دروستبکات. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 3 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری بۆ بەهێزکردنی پاسەوانیی سنوورەکەی لەگەڵ ئەفغانستان خەرجکردووە، بەشێک لەو پارەیەش بۆ دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێت کە بەرزییەکەی 4 مەترە و درێژییەکی 74 کیلۆمەترە تەرخاندەکرێت. بڕیارە دیوارەکە سنووری باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای خۆراسانی ناوەڕاست و باکووری خۆراسانی باشوور بگرێتەوە. ئێران نزیکەی 920 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئەفغانستان هەیە، لە 40 ساڵی رابردوودا هەزاران کۆچبەر کە لە دەست باری ناجۆری ئابووری و ئاسایشی ئەفغانستان هەڵاتوون، روویان لە ئێران کردووە. بە گوێرەی ئاژانسی کۆچبەریی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی ئەفغانی لە ئێران دەژین، کە نزیکەی 1 ملیۆنیان دوای هاتنە دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ ئەو وڵاتە هەڵاتوون؛ لەو ژمارەیەش تەنیا 500 هەزاریان وەک پەناخواز تۆمارکراون. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، مەبەستێکی دیکەی دروستکردنی دیوارەکە کەمکردنەوە چوونی تیرۆرستە بۆ ئەو وڵاتە، کە گوایە دوای هاتنەدەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان مەترسییە تیرۆرستییەکان زیاتربووە. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ دوو تەقینەوەی گەورە لە شاری کرمان 80 هاووڵاتی سڤیلی کوشت کە دەوڵەتی ئیسلامی خۆراسان بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ فەرماندەیەکی باڵای وەزارەتی بەرگریی رووسیا بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن دەستگیرکرا، ئەمە دوو رۆژ دوای دوورخستنەوەی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی. میدیای رۆژئاوا دەڵێن، خەونەکەی یاڤگینی پریگۆژین دوای مردنی هاتە دی. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، میدیای رووسیا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە یوری کوزنێتوڤ، فەرماندەی سەربازانی سوپای رووسیا لە ڤێلاکەی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەستگیرکراوە. دەزگای لێکۆڵینەوەی رووسیا دەڵێت، تۆمەتی بەرتیلخواردنی بەسەردا دراوە و ئێستا دەسگیرکراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگەن لەسەر دۆسیەکە. بە گوێرەی دەزگاکە بێت، ئەو بەرپرسە رووسیە "بەرتیلێکی گەورە"ی قبوڵکردووە کە بە گوێرەی یاسای رووسیا سزاکەی زیاتر لە 15 ساڵ بەندکردنە. دەزگای ئاسایشی رووسیا لە شیرینی خەودا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی لە مۆسکۆ، وا باسدەکرێت لە پەنجەرەوە چوونەتە ژوورەوە و کەرەستەی لەکژری، لیرەی ئاڵتوون، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار کاشیان لە ماڵەکەیدا دۆزیوەتەوە. دەستگیرکردنی ئەو فەرماندە سەربازییە دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە، دوای بوونی بە سەرۆک بۆ جاری پێنجەم، ڤلادمیر پووتین، سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیای لە پۆستەکەی دوورخستەوە و کردی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا. ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو تیمۆر ئیمانۆڤ، جێگری وەزیری بەرگریی رووسیاش هەر لەسەر بەرتیلوەرگرتن دەستگیرکرا. یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە 23ی حوزەیرانی 2023 فەرمانی بە چەکدارانی کرد هێرشبکەنە سەر رووسیا؛ ئەوەش بە ئامانجی لەکار لابردنی سێرگی شۆیگۆ لە پۆستی وەزیری بەرگریی رووسیا و جێگرتنەوەی. پریگۆژین لای وابوو شۆیگۆ بەرپرسێکی "ترسنۆک و گەندەڵە" و پەیمانەکانی بە ڤاگنەری دابوو نەگەیاندووەتە جێ. یەکێک لەو رەخنانەی لە شۆیگۆی هەبوو بریتیبوو لە جێهێشتنی سەنگەرەکانی جەنگ و نەناردنی چەک بۆ چەکدارانی ڤاگنەر کە لە پێناو رووسیا شەڕیان دەکرد. سەربازانی گرووپی ڤاگنەر لە دوای بیستنی ئەو هەواڵانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام دڵخۆشیی خۆیان دەربڕیوە، چونکە ئەو کات سەرۆکەکەیان کە لە 23ی ئابی 2023دا کوژرا ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی شۆیگۆ، جێگرەکەی و فەرماندەی سەربازانی سوپای رووسیا دەربڕیبوو.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ 76 ساڵ لەمەوبەر فەڵەستینییەکان “لەنێو خاک و ماڵی خۆیان کە ئێستا ئیسرائیلە” دوورخرانەوە و لە غەززە گیرسانەوە. لای زۆرێک ئەو ئەزموونە ئێستا دووبارە دەبێتەوە. نەکبە کە وشەیەکی عەرەبییە و بە واتای کارەسات دێت، بۆ هەڵبڕانی 700 هەزار فەڵەستینی دەگەڕێتەوە لەو ناوچانەی ئەمڕۆ دەوڵەتی ئیسرائیلی لێدروستکراوە؛ ئەمە لە پێش و سەرووبەندی جەنگی عەرەب و ئیسرائیل لە ساڵی 1948 کە دواتر بە دروستبوونی ئیسرائیل کۆتایی هات. ئێستا سێ بەشی دانیشتووانی ئەمڕۆی غەززە ئەو ئاوارانەن کە بەهۆی جەنگەکەوە لە ماڵەکانی خۆیان هەڵبڕان. دوای جەنگ ئیسرائیل رێگەی نەدان بگەڕێنەوە، بە هۆکاری ئەوەی ژمارەیان لە جووەکان زیاتر دەبوو. رێگەنەدان بە گەڕانەوەی فەڵەستییەکان بۆ ئیسرائیل هۆکاری سەرەکیی سەرنەگرتنی گفتووگۆکانی ئاشتی بوو 15 ساڵ لەمەوبەر. ئێستا مەترسیی ئەوە لەسەر فەڵەستینییەکانی غەززە هەیە کە لە رەفەح ئاوارەن، مێژوو بەسەریاندا دووبارەبێتەوە، بەڵام ئەم جارە بە خراپتر. بە هەمان شێوەی پێشتر، خەڵک پشتی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ دەکەن و رەفەح لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل جێدەهێڵن. شەڕی غەززە تاوەکو ئێستا 35 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوشتووە و یەک ملیۆن 700 هەزار کەسی دیکەش بەهۆیەوە ئاوارەبوون. ئەو ژمارەیە زیاترە لە دوو هێندەی ئەو ژمارەیەی لە 1948 لە ماڵەکانی خۆیان هەڵبڕان و لە غەززە ئاوارەبوون. بەدەر لەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ئەگەر شەڕەکە بەم جۆرە بەردەوامبێت، 3 ملیۆن و 130 هەزار هاووڵاتی غەززە دووچاری قات و قڕی و برسێتی دەبنەوە. شەڕەکە دوای پەلاماری چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بەهۆیەوە 1200 ئیسرائیلی کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران.
رووسیا لە ئۆکراینا لە پێشڕەویدایە و ئەمریکا دەڵێت چەکەکانمان گۆڕانکاریی راستەقینە لە جەنگەکەدا دەکەن
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەنتۆنی بلینکن بە سەردانێکی کتووپڕ خۆی گەیاندە کیێڤ و دەڵێت ئەو چەکانەی بۆ ئۆکراینای دەنێرن جیاوازی گەورە لە جەنگی دژ بە رووسیادا دروستدەکات. ئەمە لەکاتێکدایە رووسیا لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەرێکی گەورەی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیێنراو گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و چاوی بە ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کەوت. بلینکن رایگەیاند، "دەزانین ئەمە کاتێکی دژوارە، بەڵام هاریکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا جیاوازی راستەقینە لە دژی داگیرکارییەکەی رووسیا لە مەیدانی جەنگدا دەکات". سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا لەکاتێکدایە، رووسیا لە هەفتەی رابردووەوە دەستی بە گوژمەیەک هێرشی نوێ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردووە و تاوەکو ئێستا لانیکەم 125 کیلۆمەتر دووجا رووبەری ژێردەست هێزەکانی ئۆکراینای لە هەرێمی خارکیڤ کۆنترۆڵکردووە. لەو رووبەرەدا لانیکەم حەوت گوندی تێدایە و بەهۆی هێرشە نوێیەکانەوە 7500 هاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارەبوون. کەمتر لە مانگێکە کۆنگرێسی ئەمریکا 60 ملیار هاریکاریی سەربازیی بۆ ئۆکراینا پەسەندکرد کە زۆرینەی هاریکارییەکە لە تۆپهاوێژ و سیستمی بەرگری ئاسمانی پێکدێت. بلینکن دەڵێت، هەندێک لەو هاریکارییانە گەیشتوون و هەندێکیان بە رێگاوەن. بەرپرسانی ئۆکراینا لە رابردوودا لۆمەی ئەمریکایان بەوەکردبوو کە لە هەناردەکردنی کەرەستەی سەربازی بۆیان دواکەوتووە و ئێستاش بەشێک لە بەرپرسانی سەربازیی ئۆکراینا بۆ ئەم پێشڕەوییەی رووسیا لە خارکیڤ لۆمەی ئەمریکا دەکەن. لە شوباتی ساڵی 2022ـەوە کە رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد، ئەمریکا گەورەترین هاریکاریی سەربازی بەراورد بە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا ناردووە. لەوکاتەوە تاوەکو مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئەمریکا بە بڕی 175 ملیار دۆلار هاریکاریی سەربازی بۆ کیێڤ دەستەبەرکردووە.
هەوراز حوسێن وارشۆ، هاوڵاتی دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم لە مێژوودا، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەردانی چین دەکات. چین دەڵێت "هیچ سنوورێک" لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا نییە. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، ڤلادمیر پووتین سەردانی پەکین دەکات و لەگەڵ شی ژینگ پینگ، سەرۆکی چین گفتووگۆ لەبارەی پەیوەندییە دوولایەنەکانیان و کێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن. کۆشکی کرێملن هەمان رۆژ سەردانەکەی پشتڕاستکردەوە و باسی لەوەکرد، پووتین لەسەر بانگهێشتی فەرمی شی دەچێتە چین. ئەمەش یەکەم سەردانی وڵاتێکی بێگانەیە بۆ پووتین لە دوای بوونی بە سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم. لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناوە تاوەکو ئێستا، چین سەرکۆنەی هێرشی رووسیای بۆ سەر کیێڤ نەکردووە؛ ئەمە لەلای رۆژئاوا بە پاڵپشتیی ناڕاستەوخۆی هێرشەکە لێکدەدرێتەوە. لە سەرەتای جەنگەکەوە چین هەناردەی کەرەستە و بابەتی تەکنەلۆجی و ئەلیترۆنی بۆ رووسیا زیادکردووە و وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، ئەو هەناردانە هاوکاری سوپای رووسیان لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئۆکراینا. لەلایەکی دیکەشەوە چین دابینکارێکی سەرەکی وزەی رووسیایە، ئەمەش وادەکات رووسیا لە دۆخی جەنگیشدا دووچاری کەمی لە وزەدا نەبێت. چین لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە بەردەوام ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە هاوبەشی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیادا "بێ سنوورە" و بە توندی سەرکۆنەی سزا ئابووری دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی رۆئاوای بۆ سەر مۆسکۆ کردووە. هەروەها لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا چەندین جار مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان کردووە و هەردوولا هەوڵ بۆ سەپاندنی هەژموونی هاوبەش بەسەر ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای باشوور دەدەن. سەردانەکەی پووتین لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو شی ژینگ پینگ سەردانێکی پێنج رۆژەی بۆ ئەوروپا کرد، کە دووان لە وڵاتەکان سڕبیا و هەنگاریا بوون کە بە نزیک لە مۆسکۆ سەیردەکرێن.
هاوڵاتی ئەمساڵ بەڵگە فیلمی کۆرۆوای-ی تۆڕی میدیایی رووداو لەنێو زیاتر لە 13 هەزار بەشداربوو بووە براوەی خەڵاتی وێبی، بەڵگە فیلمەکە سەر بە بەشی گەشت و شێوەی ژیانە (Travel and Lifestyle) لەنێو هەزاران بەڵگە فیلمێکی ئەمەریکی، نیوزیلاندی و جۆرجیایی بووە براوەی خەڵاتەکە. سی ئێن ئێن و بلوومبێرگ دوو میدیای نێوداری ئەمریکی و جیهانی لەگەڵ رووداو لە رکابەریی بەدەستهێنانی وێبی بوون، رووداو بە دەنگی خەڵک لەو دوو میدیایەی بردەوە. بەڵگە فیلمی کۆرۆوای لە دارستانەکانی پاپوای رۆژئاوا لە ئیندۆنیزیا تۆمارکراوە و لەسەر خێڵێکی نێو دارستانەکەیە کە تاوەکو ساڵی حەفتاکانی سەدە رابردوو، نە کەس دەیزانی ئەو خێڵە هەن و نە ئەندامانی خێڵەکەش دەیانزانی جیهانێک لە دەرەوەی دارستانەکەیاندا هەیە. رۆژ عەلی زاڵە کە دەرهێنەری بەڵگە فیلمەکەیە رایگەیاند "سەرۆکی رێکخراوی خەڵاتی وێبی پێیوتم، ئەم ساڵ 13 هەزار ئەکتەر و فیلم و بەڵگە فیلم لە 70 وڵاتی جیهانەوە، هەوڵیان بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە دا، کە رووداو بردییەوە. دەیان هەزارانی دیکە بە هیوای ئەوەبوون لە وێبی کارەکانیان هەر تەنیا ناویان بهێنرێت". خەڵاتی وێبی ساڵی 1996 دامەزراوە و ساڵانە لەلایەن ئەکادیمیای نێودەوڵەتی هونەر و زانستە دیجیتاڵییەکان (IADAS) پێشکەش دەکرێت، ئەمساڵ یادی 28 ساڵەی خەڵاتەکەیە، خەڵاتەکان تایبەتن بە داهێنان و لێهاتوویی تەکنیکی لەسەر پلاتفۆڕمە جیاوازەکان لە تۆڕی ئینتەرنێتدا، بەشێوەیەک بە ئۆسکاری ئینتەرنێت ناوی دەهێندرێت.
هاوڵاتی سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" رایدەگەیەنێت لە سەرەتای جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا نزیکەی دوو هەزار منداڵ کوژراون و برینداربوون. ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئایاری 2024، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" رایگەیاند، "لە سەرەتای جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا لانیکەم هەزار و 993 منداڵ لە ئۆکرانیا کوژراون و برینداربوون". لە رۆژی 24ی شوباتی 2022، رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و لەو کاتەوە جەگی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەستیپێکردووە، بەپێی ئامارەکانی یونیسێف لەگەڵ دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا - ئۆکرانیا، هەموو رۆژێک دوو منداڵ لە ئۆکرانیا دەکوژرێن یان برینداردەبن. رێجینا دی دۆمینیسێس، بەرپرسی یونیسێف بۆ کاروباری ئەوروپا و ئاسیای ناوەند و رێکەخەری تایبەت بۆ وەڵامدانەوە بە پەنابەر و کۆچبەرەکان، لە راگەیاندنێکدا وتی "ئەم ئامارە لەو زانیاریانەوە وەرگیراوە کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتڕاستکراونەتەوە، ژمارەی مناڵانی قوربانی لە جەنگی ئۆکرانیادا رەنگە زۆر زیاتر لەمە بێت کە بڵاودەکرێتەوە". بە وتەی دۆمینیسێس، جگە لەوەی منداڵان کوژراون و برینداربوون، بەشێکی زۆر لە منداڵانی ئۆکرانیا کەسە نزیکەکانی خۆیان لە دەستداوە و بە شێوەی جیاواز رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە و ئەمە کاریگەری خراپی دەروونی هەیە لە سەریان.
هاوڵاتی پیاوێکی تەمەن 62 ساڵ چەند مانگێک دوای ئەوەی کە بووە یەکەم کەس لە جیهاندا کە نەشتەرگەری گواستنەوەی گورچیلەی بەرازی بۆ بکرێت گیانی لەدەستدا و نەخۆشخانەکەش دەڵێن جارێ نازانرێت بەهۆی نەشتەرگەرییەکەوە مردبێت یان نا. یک سلەیمان، لە مانگى سێ-ى ئەمساڵ دواى ئەوەى توشى وەستانى گورچیلەکانى ببو، بڕیارى چاندنەوەىە گورچیلەى بۆ دراو و دواى چوار نەشتەرگەریی بە سەرکەوتویی لە نەخۆشخانەی ماساچوسێتس جەنەڕاڵ لە ولایەتی ماساچوسێتس گورچیلەى بەرازێکى بۆ دانرا. سلەیمان بۆ ماوەى مانگێک و دواى نەشتەرگەرییەکەى لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و مانگى رابردو نێردراوەتەوە ماڵەوە، دواى نەشتەرگەریی پێی راگەیەنراوە کە ئەم گورچیلەیەی کە گورچیلەى بەرازە ماوەى ساڵێک دەمێنێتەوە، بەڵام بەپێی وتەى پزیشکەکان "زۆر شتى نەزانراو هەیە کە لە دانانى ئەندامى ئاژەڵ بۆ مرۆڤ دروست دەبن". ئەو هاوڵاتییە ئەمەریکییە سلێمان بۆ ماوەی 11 ساڵ نەخۆش بووە و پێشتر لە ساڵی 2018 گورچیلەیەکی لە مرۆڤێکی بەخشەر وەرگرتووە و دوای چاندنی گورجیلە نوێکەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە نەخۆشی شەکرە و بەرزی پەستانی خوێنەوە ژیاوە و گورچیلەکە دوای پێنج ساڵ دەستی کرد بە نیشانەکانی شکست هێنان ولە ساڵی 2024 بووە یەکەم مرۆڤ کە گورچیلەی ئاژەڵی بۆ دابنرێت. بەپێی ئامارێکى تۆڕی دابینکردن و چاندنی ئەندامەکانی جەستە لە ئەمەریکا زیاتر لە 100 هەزار کەس چاوەڕێی بەخشینى ئەندامە جیاوازەکانى لەش-ن و ئەو پێویستییەى هەیە زۆر زیاترە لەو ئەندامانەى کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ نەخۆشەکان. دانانى ئەندامى جەستەى ئاژەڵ بۆ مرۆڤ کە بە وتەى پسپۆڕانى تەندروستى ئەمەریکا یارمەتیی کێشەى کەمى ئەندامانى جەستە دەکات تا ئێستا سێ جار لە ئەمەریکا ئەنجام دراوە، دوانیان بۆ دوو نەخۆش بوە و دڵیان بۆ چێنراوە، هەردوکیان دواى چەند هەفتەیەک لە نەشتەرگەرییەکە کۆچى دواییان کردوە و دواینیشیان ریک سلەیمانە کە تەنها چەند مانگێک بە گورچیلەى بەرازێکەوە ژیا.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی یەکشەممە داکۆکی لەو بڕیارەی ئەمەریکا کرد کەتیایدا ناردنی 3,500 بۆمبی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووەو وتی ئیسڕائیل " پلانێکی بەجێی " نیە بۆ پاراستنی نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی کە ڕەفەحییان وەکو پەناگەیەک بەکارهێناوە. بلینکن لە پڕۆگرامی This Week ی کەناڵی ئەی بی سیدا ڕایگەیاند، "ئەو پلانەی ئیسرائیل لە رەفەح بیری لێدەکاتەوە زیانێکی گەورە بە هاوڵاتیانی مەدەنی دەگەیەنێت بەبێ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکات." گوتیشى، "هێرشی ئیسرائیل لە رەفەح دەتوانێت پشێویی بەدوای خۆیدا بهێنێت." بلینکن باسی لەوەشکرد کە بایدن ڕوونی کردووەتەوە بۆ ئیسڕائیل کە ئەگەر " ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورە سەربازییە لە ڕەفەح ئەنجام بدات ئەوا هەندێک سیستمی سەربازیی هەن کە ئێمە پشتگیرییان لێناکەین لەم ئۆپەراسیۆنەدا بۆ ئیسڕائیلی دابین بکەین." ئاماژەی بەوەشدا کە " زۆر نیگەرانین سەبارەت بە چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو سیستمانە. ئیسڕائیل پێویستی بەوەیە پلانێکی بەجێ و ڕوونی هەبێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، ئەو پلانەشمان نەبینیوە." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشى روونکردەوە، ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە کەرتی غەززە زیاترە لە ژمارەی کوژراوانی بزووتنەوەی حەماس لە ئێستادا نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی سڤیل لە ڕەفەحن، زۆربەیان ئاوارەن و لە شوێنەکانی دیکەی غەززەوە بە مەبەستی پارێزراوییان هەڵاتوون بۆ ڕەفەح، لە نێوەندی کەمی خۆراک و ئاودا دەژین.
هاوڵاتی هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" خستنەخوارەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان لە دەریای سوور راگەیاند. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سەرکەوتووبوون لە تێکشانی ئەو سێ فڕۆکەیەی کە حوسییەکان لە ئاسمانی دەریای سوورەوە و لە ژێر ناوچەی دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن هەڵیان دابوو". ئاماژە بەوەشکراوە، "تێکشکاندنی ئەو سێ فڕۆکەیە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هیچ زیانێکیش بەر کەشتییە ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانان نەکەوتووە". سێنتکۆم روونیشیکردووەتەوە، "ئەو فڕۆکانە مەترسییەکی گەورەبوون بۆ هەردوو هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا، ئێمەش ئەم رێگەیەمان لەپێناو پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و پاراستنی ئازادی کەشتیوانییە".
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا دەڵێت ئەو هەنگاوانەی حکومەت بۆ رێگریکردنن لە هاتنی کۆچبەر گرتوویەتییە بەر بەفیڕۆدانی پارەیە و ئەوان پلانیان هەیە بە هێزی دژەتیرۆر باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەناوبەرن. رۆژی هەینی 10-5-2024، کیەر ستامەر، سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا لە گوتارێکدا لە کەناری باشووری بەریتانیا رایگەیاند، "ئەمە پەیامی منە بۆ قاچاخچییەکان، کەناراوەکان دەبنە ناوچەیەکی توندوتیژ بۆتان. دەتاندۆزینەوە، راتاندەگرین و قوربانییەکانی دەستتان دەپارێزین". ئەو سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەی بەریتانیا دەشڵێت، ئەو کارانەی حکومەت دەیکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەر لە بەریتانیا بێ سوودە، بەڵام ئەگەر ئەوان حکومەت بگرنە دەست بە هێزی دژە تیرۆر و هاوکاریی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیان ئەو باندانە دەکەنە ئامانج کە کۆچبەر بۆ بەریتانیا دەبەن. لە پێشتردا پارتی پارێزگاران ئۆپۆزسیۆنی بەوە تۆمەتبارکردبوو کە هیچ پلانێکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چوونی کۆچبەر بۆ بەریتانیا نییە. ئەم گوتار و رووبەڕووبوونەوانەی پارتی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن لەکاتێکدایە بڕیارە کانوونی دووەمی 2025 هەڵبژردنی پەرلەمانیی بەریتانیا بەڕێوەبچێت و لە ئێستاوە کامپەینی ناڕاستەوخۆ لەلایەن هەردوولاوە دەستیپێکردووە. ستامەر دەڵێت، پلانی ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا لەلایەن حکومەتەوە تەنیا 1٪ چوونی کۆچبەر بە نۆکەندی ئینگلیزدا بۆ بەریتانیا کەمدەکاتەوە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 8 هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمە دوای تەواوی رێکارەکانی حکومەتی تۆرییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەران. لە 2023دا 29 هەزار و 437 کەس بە نۆکەندی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە بەریتانیا، ژمارەکە بۆ 2022، 45 هەزار و 755 پەناخواز بووە کە ریکۆردی بەرزترینی شکاند لە 2018ـەوە کە دەستکرا بە تۆمارکردنی چوونی کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ کێشەی کەمی لەدایکبوونی منداڵ دەمێکە یەخەی ئیتاڵیای گرتووە و چەندین ساڵە کەمترین رێژەی زیادبوونی دانیشتووانەکەی لە یەکێتی ئەوروپا هەبووە، بەڵام کێشەکە تا بێت زەقتر دەبێت. بە گوێرەی ئاماری نوێی حکومەتی ئیتاڵیا، جارێکی دیکە رێژەی لەدایکبوون لە ئیتاڵیا لە 2023 بەراورد بە 2022 کەمیکردووە. لە 2022 رێژەی لەدایکبوونی منداڵ بەرامبەر ژنانی پێگەیشتوو 1.24 بووە، واتە هەر ژنێک 1.24 منداڵی بووە، بەڵام لە 2023 رێژەکە ئەوەندەی دیکە هاتووەتە خوارەوە و بووە بە 1.2. لە 2022دا تەنیا 379 هەزار منداڵی ئیتاڵی لەدایکبوون، ئەمەش نوێترین ریکۆردی کەمترین رێژەی لەدایکبوونە لە ئیتاڵیا کە 15 ساڵە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. شارەزایانی بواری گەشەسەندنی دانیشتووان ئەمە وەک مەترسییەکی زۆر گەورە بۆ گۆڕانی دیمۆگرافیای ئیتاڵیا دادەنێن و دەڵێن کار وا بڕوات تاوەکو 2030، ئەو 59 ملیۆن دانیشتووانەی ئەمڕۆی ئیتاڵیا بۆ 1 ملیۆن کەمدەبنەوە. لە ئێستاوە زیادبوونی رێژەی بەساڵاچوو کاریگەرییەکانی بەسەر ئیتاڵیاوە دەرکەوتووە، بەتایبەت لەسەر هەریەک لە سێکتەرەکانی تەندروستی و خانەنشینی. تەمەنی 24٪ی دانیشتووانی ئیتاڵیا لە سەروو 63.5٪ ساڵەوەیە، 63٪ لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵ و 12.4٪یش لە خوار 15 ساڵییەوەن. ئامارێکی دیکەش دەڵێت ئێستا ئیتاڵیا 4.5 ملیۆن هاوڵاتی سەروو تەمەن 80 ساڵی هەیە لەکاتێکدا تەنیا 4.4 ملیۆن منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵ هەن. پۆپ فرانسیس، لە دواین گوتاریدا بۆ ئیتاڵییەکان داوایان لێدەکات منداڵیان ببێت، "تاوەکو هیوا بە داهاتووی وڵاتەکە لەناونەچێت". فرانسیس دەڵێت بەردەوامدەبێت لە بانگەوازەکەی بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای ئیتاڵیا و چاوەڕێدەکات تا 2025 ئەنجامی کامپەینەکەی ببینێت. حکومەتەکەی جۆرجیا میڵۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا هەر لە دەستبەکاربوونییەوە بە جیددی کاری لەسەر ئەم کێشەیە کردووە و ئامانجیانە ژمارەی لەدایکبوونی منداڵی ئیتاڵی ساڵانە بۆ سەروو 500 هەزار بەرزبکەنەوە.
هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگیان لەسەر پرۆژەیاسای پێدانی "ماف و بەرژەوەندیی" زیاتر بە فەڵەستیندا و پشتیوانی خۆیان بۆ رێگەدان بە بەئەندامبوونی فەڵەستین لە رێکخراوەکە نیشاندا. رۆژی هەینی 10-5-2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بوون بە ئەندامی 194ـەمی فەڵەستین و پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی بەرژەوەندی و مافی زیاتر بە فەڵەستین دەنگیدا. لە کۆی 193 ئەندامی رێکخراوەکە، 143یان دەنگیان لە بەرژەوەندی پرۆژەیاساکەدا. ئەمە لەکاتێکدایە 18ی مانگی نیسانی ئەمساڵ ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەمان پرۆژەیاسای ڤیتۆ کردبوو. رۆبێرت ود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئیدارەی بایدن بە تەواوی دژی پرۆژەیاساکەیە؛ دەشڵێت، ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە زۆر روون بووە لە سەرەتاوە کە دەبێت بە ئەندامبوونی تەواوەتی فەڵەستین بە دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکات. دەشڵێت، هەموو دەزانن بە ئەندامبوونی تەواوەتی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆهەنگاوێکی سەرەتایی پێویستە، بەڵام وادیارە "وڵاتە عەرەبییەکان و فەڵەستینییەکان هەوڵدەدەن باز بەسەر ئەو کۆهەنگاوەدا بنێن". لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تەواوی 193 ئەندامی رێکخراوەکە مافی دەنگدانیان هەیە و هیچ کەس مافی ڤیتۆی نییە، بۆیە ئەم جارە ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن رێگربن. پێشبینی دەکرێت پرۆژەیاساکە زۆرینەی دەنگ بەدەستبێنێت. بە گوێرەی دەستووری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەگەر پرۆژەیاسایەک دوو لەسەر سێی دەنگەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەدەستبێنێت، ئیدی ئەنجوومەنی ئاسایش ناتوانێت رەتی بکاتەوە. فەڵەستین لە 2012ـەوە وەک چاودێر چووە نەتەوەیەکگرتووەکان و هەوڵەکان بۆ بوون بە ئەندامی فەرمی لەو کاتەوە دەستیان پێکردووە.