هاوڵاتی سوپای ئیسرائل رایگەیاند، "دوو فەرماندەی سەربازی حزبوڵڵای لوبنانی کوشتووە"، دواتر بە درۆن هێرشکرایە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی ئیسرائیل.  رۆژی سێشەممە 23ی نیسانی 2024، سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، "حسێن عەلی عەزقوول، فەرماندەی یەکەی مووشەکەکانی حزبوڵڵای لوبنان، هەروەها محەممەد خەلیل عەتییە، بەرپرسی هێزی ئاسمانی یەکەی سەربازی رەزوانی حزبوڵڵای لوبنان، لە دوو هێرشی جیاوازدا لە باشووری لوبنان کوژراون".  سوپای ئیسرائیل حسێن عەلی عەزقولی وەک یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی حزبوڵڵای لوبنان لە بەشی بەرگری ئاسمانی حزبوڵڵا ناساندووە کە بەرپرسی بەشێکی زۆر لەو هێرشانە بووە کە کراونەتە سەر ئیسرائیل لە لایەن حزبوڵڵاوە. میدیاکانی ئیسرائیل بەگرینگییەوە باسی کوژرانی ئەم دوو فەرماندە سەربازییەی حزبوڵڵایان کردووە و بە لێدانێکی گەورە لە حزبوڵڵا وەسفی کردووە. کەناڵی تەلەفیزیۆنی " المیادین" سەر بە حزبوڵڵای لوبنان، رایگەیاند دوای کوژرانی ئەم دوو فەرماندە باڵایەی حزبوڵڵا بە درۆن هێرش کراوەتە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی لە باشووری ئیسرائیل.

هاوڵاتی/ هەوراز حوسێن بەرپرسێکی سەربازیی ئۆکراینی دەڵێت، لە دوای ناردنییەوە لەلایەن ئێرانەوە بۆ رووسیا، رۆژێکم بیر نایەت دەنگی درۆنی شاهیدی ئێرانیم لە ئاسماندا گوێ لێنەبووبێ لە مەیدانی جەنگدا. دەستپێکی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە جیهاندا کاردانەوەی سیاسی و سەربازیی جۆراوجۆری بە دوای خۆیدا هێنا و ئاڕاستەی دیپلۆماسیی ژمارەیەک وڵاتیشی بۆ چوونە پاڵ رۆژئاوا یان جەمسەری رۆژهەڵاتی زەوی روونکردەوە. ئێران لە مانگی ئابی ساڵی 2022ـەوە دەستیکرد بە ناردنی درۆنی شاهید بۆ رووسیا و لەوکاتەوە رووسیا لە بەرەی پێشەوەی جەنگەکەدا بەکاریان دەهێنێت. ئیڵیا یاڤلیش، گوتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکراینا دەڵێت، درۆنی شاهید بەشدارییەکی گەورەی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەیە و زۆر وێرانکەرە. بە گوێرەی ئەو بەرپرسە سەربازییە، "ئەگەر درۆنێکی شاهید خۆی بە باڵەخانەیەکدا بکێشێت کە پڕ بێت لە خەڵک، هەموویان لەناودەبات." ئێران درۆنی شاهیدی تەنیا نەداوە بە رووسیا، بەڵکو لە هێرشەکەی هەفتەی رابردوویدا بۆ سەر ئیسرائیلیش هاوکات لەگەڵ 300 مووشەکی دیکەدا بەکاریهێنا. شێوازی بەکارهێنانی درۆنی شاهید تەنیا یەک جارە؛ جیاواز لە درۆنەکانی دیکە ئەم جۆرە درۆنە مووشەک و تەقەمەنی بۆ پێکانی ئامانجەکەی لێنابەسترێت، بەڵکو خۆی بە ئامانجەکەیدا دەتەقێنێتەوە، بۆیە هەر درۆنێکی شاهید تەنیا یەک جار بەکاردێت و بۆ پێکانی ئامانجی دوورمەودا بەکاردێت.

هەوراز حوسێن هاووڵاتی – وارشۆ توێژینەوەیەکی بنکۆڵکاری دەریدەخات، خەرجیی سەربازیی وڵاتانی ئەوروپا لە 2024دا لە ساڵانی جەنگی سارد زیاتربووە. رۆژی دووشەممە 22-4-2023، پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی بڵاویکردووەتەوە، لە دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرایناوە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە زیادکردنێکی بەرچاوی خەرجییە سەربازییەکانیان کردووە و کۆی گشتیی ئەو خەرجییانەش لە کۆتایی ساڵی 2023 گەیشتووەتە 552 ملیار یۆرۆ. خەرجییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتانە بەراورد بە 2022، 16٪ زیادیکردووە و بەراورد بە 2014ش 62٪ زیادیکردووە کە ئەوکات کۆی خەرجیی سەربازییان دەگەیشتە 330 ملیار یۆرۆ. تەواوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا جگە لە رۆمانیا، ئیتاڵیا و یۆنان کە ئەوانیش ئەندامی رێکخراوی ناتۆن خەرجییە سەربازییەکانیان زیادیکردووە. بە گوێرەی پەیمانگەکە، زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەوروپا لە دوای کۆنترۆڵکردنی نیمچە دورگەی کریمیای ئۆکراینا بوو لەلایەن رووسیاوە لە شوباتی 2014. هەروەها زیادکردنی جددیش لە دوای هێرشی رووسیا بوو بۆ سەر ئۆکراینا لە 2022. زیادکردنی خەرجییەکان لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپا بەرزترین بووە؛ بەریتانیا لە 2023دا گەورەترین خەرجیی سەربازی لە ئەوروپا هەبووە کە 2.3٪ی بەرهەمی ناوخۆی پێکهێناوە. وەزارەتی بەرگریی شانشینەکەش رایگەیاندووە، بڕیارە لە 2024 ئەو رێژەیە بۆ 2.5٪ بەرزبکەنەوە. ئەڵمانیا لەلایەکی دیکەوە بەراورد بە 2014، 48٪ خەرجییە سەربازییەکانی زیادیکردووە. لە 2022دا ئەڵمانیا خەرجییە سەربازییەکانی بۆ 2٪ی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەی بەرزکردەوە تاوەکو بگاتە ئەو ستانداردەی ناتۆ داوای لێدەکات. پۆڵەندا لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا کە دراوسێی ئۆکراینایە، پشکی شێری مەترسی و هەڕەشەکانی رووسیا و بێلارووسی لەسەرە کە خاکەکەی هاوسنووری هەردوو وڵاتە، لە نێوان 2022 بۆ 2023 گەورەترین بەرزکردنەوەی خەرجیی سەربازی کردووە کە رێژەکەی 3.8٪ـە و دوو هێندەی ئەو خەرجییەیە کە لە پێش 2014 لە کەرتی سەربازیی وڵاتەکەدا تەرخاندەکرا.

هاووڵاتی، هەوراز حوسێن کۆمپانیای تێسلا بەهۆی کەمیی فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانییەوە لە جیهان بۆ جاری دووەم نرخەکانی کەمکردەوە. کۆمپانیا ئەمریکییەکە دووچاری رکابەرییەکی گەورە لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان بووەتەوە. ئەو هەنگاوەی تێسلا دوای ئەوە هات، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا کەمترین فرۆشی وەرزی بەراورد بە وەرزەکانی دوو ساڵی رابردووی تۆمارکرد. لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ کۆتایی مانگی ئادار، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تێسلا فرۆشتوونی 387 هەزار ئۆتۆمبێل بووە. ئەوەش 8٪ کەمتر بووە لە وەرزی پێش خۆی و هاوکات بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە 40٪ کەمیکردووە. رۆژی سێشەممە 23-4-2024، کۆمپانیای تێسلا راپۆرتی دارایی وەرزیی خۆی لە 2024 لە ئەمریکا بڵاودەکاتەوە، هەربۆیە بۆ بەرزکردنەوەی فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی نرخەکانی کەمکردووەتەوە. رۆژی یەکشەممە 21-4-2024، ئیڵۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای تێسلا لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "نرخەکانی تێسلا پێویستە بەردەوام بگۆڕێن تاوەکو هاوتای داواکارییەکان بێت". تێسلا نرخی هەر ئۆتۆمبێلێکی بۆ مۆدێلەکانیY، X و S لە ئەمریکا بە بڕی 2 هەزار دۆلار کەمکردووەتەوە. لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقاش نرخی ئۆتۆمبێلەکانی کەمکردووەتەوە. هۆکاری سەرەکی کەمکردنەوەی نرخەکان رکابەرییە گەورەیەکەیەتی لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان. هەریەک لە کۆمپانیاکانی نیۆ و بی وای دی مۆدێلی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە نرخێکی هەرزانتر دەخەنە بازاڕەوە. مانگی رابردوو کۆمپانیای شاومیی چینی کە کاری دروستکردن و بەرهەمهێنانی مۆبایلە، مۆدێلێکی ئۆتۆمبێلی کارەبایی خستە بازاڕەوە.

هاوڵاتی، هەوراز حوسێن دەوروبەری کاژێر 10ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بە درۆن هێرشی کرایە سەر. ئەمە دوای ئەوە هات شەوی رابردوو میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بڵاویانکردەوە لە هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بەردەوامدەبن. ئەمڕۆ دووشەممە 22-4-2024، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق بە درۆن هێرشی کرایە سەر. هێشتا زیانی گیانی و مادی دیارنییە. رۆژێک بەر لە ئێستاش بنکەی خەرب لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە 5 مووشەک لەلایەن چەکدارانی کەتایب حزبوڵای نزیک لە ئێرانەوە کرایە ئامانج. بە گوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا مووشەکەکان لە پارێزگای زوممارەوە ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکە کراون. ئەم دوو هێرشە دوابەدوای یەکەی چەکدارانی نزیک لە ئێران لە عێراق دوای ئەوە دێت، لە مانگی شووباتەوە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق راگرتبوو. بەڵام دوای سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا رایانگەیاند، هێرشەکانیان دەستپێدەکەنەوە. ئەمریکا نزیکەی 2500 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی لە ژێر ناوی ئەمریکا و نزیکەی 900 سەربازی دیکەشی لە سنوورەکانی سووریا لە ژێر ناوی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق هەیە. ئەو هێزانەش بەردەوام نیشانەی هێرشی درۆنی و مووشەکی هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێرانن لە عێراق.

هەوراز حوسێن هاووڵاتی، وارشۆ سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکای بۆ پەسەنکردنی خەرجیی 61 ملیار دۆلار هاریکاریی سەربازی بۆ ئۆکراینا کرد. رۆژی شەممە 20ی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا خەرجکردنی 61 ملیار دۆلار هاریکاریی سەربازی ئەمریکای بۆ ئۆکراینا پەسەندکرد. ئێستا بۆ چەسپاندنی هاوکارییەکە تەنیا پەسەنکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە ماوە. زێلنسکی سەرەڕای سوپاسگوزاری بۆ هاریکارییەکە، نیگەرانی خۆی لەوە نیشانداوە، کیێڤ شەش مانگە چاوەڕێی ئەو گوژمە هاریکارییە بوون، بەڵام بەدەستیان نەگەیشتووە. هەربۆیە ژمارەیەکی زۆر سەربازیان کوژراوە و رووبەرێکی گەورەشیان لە هەرێمی دۆنباس بەو هۆیەوە لەدەستداوە. لە گوژمە هاوکارییەکەی ئەمریکادا پێشبینی دەکرێت سیستمی بەرگری ئاسمانی، مووشەکی دوور یان مامناوەند هاوێژ و گولەتۆپ هەبن. ئۆکراینا دەڵێت نەبوونی ئەو چەکانە لەم چەند مانگەی رابردوودا هۆکاری لەدەستدانی سەدان هەزار کیلۆمەتر لە خاکەکەیانە بە رووسیا. سوودی ئەو چەکانەش وەک خۆیان باسی دەکەن بۆ ئۆکراینا ئەوەیە، دەتوانن رێگری لە خۆسەپێنی و زاڵی هێزی ئاسمانی رووسیا لەسەریان بکەن و هەوڵبدەن وردە وردە پێشڕەوی بکەنەوە. رووسیا لەم بارەیەوە نیگەرانە؛ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە، ئەمریکا بەو هاریکارییەی بۆ ئۆکراینا، لە مەیدانی شەڕەکە هاوشێوەی جەنگی ڤیێتنام و ئەفغانستان دووچاری شەرمەندەیی و شکست  دەبێتەوە. ئەمریکا لە جەنگی ڤیێتنام لە 1955 بۆ 1975 بەرامبەر ڤیێتنامی باکووری کۆمیونیست شکستی هێنا و سەرەنجام 58 هەزار سەربازی ئەمریکی کوژران. لە شەڕی ئەمریکاشدا لە 2001 بۆ 2021 لە دژی بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئەمریکا 2 هەزار و 459 سەربازی کوژران و زیاتر لە 20 هەزاری برینداربوون، بەڵام لە کۆتاییدا ئەفغانستانیان جێهێشت و رێگەیان بە تاڵیباندا دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بگرێتەوە دەست. ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش دەڵێت، روونە کە ئەمریکا دەیەوێت ئۆکراینییەکان تا دوا هاووڵاتیان شەڕ بکەن و هێرشیش ببەنە سەر خاکی رووسیا. کرێملن لای وایە ئەم کارەی ئەمریکا نەوت بە ئاگرداکردنی شەڕەکەیە و دەبێتە هۆکاری زیاتر پەلهاوێشتنی پریشکی شەڕەکە. جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دوو ساڵ زیاترە بەردەوامی هەیە و بووەتە بەربەستێکی گەورە و جێگیر لە نێوان پەیوەندییەکانی رۆژئاوا و رووسیادا.

هاووڵاتی، هەوراز حوسێن  کۆمپانیای ئەپڵ هەردوو ئەپلیکەیشنی سرێدس و وەتسئاپی لە نێو ئەپ ستۆر لە چین سڕییەوە؛ دوای ئەوەی بەرپرسانی پەکین بە هۆکاری مەترسیی ئاسایش ئەو دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەیان قەدەخەکرد. رۆژی یەکشەممە 21-4-2024، کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند، لە رۆژی هەینییەوە هەردوو ئەپلیکەیشنی وەتسئاپ و سرێدسی لە خزمەتگوزاری ئەپ ستۆر لە نێو ئامێرەکانی ئەپڵ سڕیوەتەوە. سڕینەوەی ئەو ئەپلیکەیشنانە نیگەرانییان لەسەر ئاڕاستەی حکومەتی چین بەرامبەر ئازادی رادەربڕین دروستکردووە. هەروەها پێشبینی دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر فرۆشی بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ لە چین دروستبکات کە دووەم گەورەترین بازاڕی ئەو کۆمپانیایەیە لە دوای ئەمریکاوە. کۆمپانیای ئەپڵ ئاماژەی بەوەکردووە، "دەزگای بۆشایی ئەلیکترۆنیی چین فەرمانیان کردووە لەبەر مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی چین، ئەپلیکەیشنەکان بسڕینەوە". ئەپڵ دەشڵێت، "ناچارین شوێن یاساکانی ئەو وڵاتە بکەوین کە کاری تێدا دەکەین، هەرچەندە نەشمانەوێت." هەردوو ئەپلیکەیشنی وەتسئاپ و سرێد لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە خاوەنداری دەکرێن کە فەیسبووکیش بەشێکە لەو خێزانە. بڕیاری قەدەخەکردنی ئەو دوو تۆڕە ئەمریکییە دوای هەوڵی بەرپرسانی ئەمریکا دێت بۆ قەدەخەکردنی تیکتۆک لەو وڵاتە، کە تۆڕێکی کۆمەڵایەتی باوە و لەلایەن کۆمپانیای بایت دانسەوە خاوەنداری دەکرێت و بنکەی سەرەکی لە پەکینی پایتەختی چینە.

هاوڵاتی/ هەوراز حوسێن لە کۆریای باکوور گۆرانییەک لەسەر کیم جۆن ئون، سەرۆکی ئەو وڵاتەدا دەرکراوە کە بە "باوکی میهرەبان" پێیدا هەڵدەدات. ڤیدیۆ کلیپەکە رۆژی چوارشەممە 17ی ئەم مانگە لە تەلەفزیۆنی ناوەندیی کۆریاوە پەخشکراوە. چەند چینێکی جیاواز لە منداڵ و گەنج و پیر لە کلیپەکە و گوتنەوەی گۆرانییەکەدا بەشدارن. بەشێکی دیکەی گۆرانییەکە دەڵێت، "با گۆرانی بڵێین بۆ کیم جۆن ئون، سەرکردە گەورەکە"؛ لە بەشێکی دیکەدا دەڵێت، "با شانازی بە کیم جۆن ئونەوە بکەین، باوکە میهرەبانەکە'. تیمێکی ئۆرکێسترا و گۆرانیبێژیش راستەوخۆ گۆرانییەکەیان گوتەوە کە کیم جۆن ئون خۆی لە تەماشاکەرانیان بوو. گۆرانییەکە لە ئاهەنگێکدا گوترایەوە کە بەبۆنەی دروستکردنی 10 هەزار خانووی نوێ بۆ هاووڵاتیان گێڕدرابوو. بنەماڵەی کیم لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە حکومڕانی کۆریای باکوورن و بەردەوام هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆیانداوە. لە کۆریای باکووردا دیموکراسی نییە و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە نێو بنەماڵەی کیم نەوە دوای نەوەیە.

هاوڵاتی/هەوراز حوسێن شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل بۆردومانی کەمپی رەفحەی لە باشووری غەززە کردووە و بەهۆیەوە 18 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 14یان منداڵبوون. رۆژی یەکشەممە 21-4-2024، بەرپرسانی تەندروستیی غەززە رایانگەیاند، سوپای ئیسرائیل لەکاتی شەودا بۆردومانی کەمپی رەفحەی لە غەززە کردووە کە نزیکەی 2 ملیۆن و 300 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی تێیدا ئاوارەن. پزیشکانی نەخۆشخانەی کوەیتی رایانگەیاندووە، بۆردوومانەکە بە دوو جار روویداوە؛ لە جاری یەکەمدا پیاوێک و هاوژینەکەی و منداڵێکی 3 ساڵانیان کوژراون. ژنەکە دووگیان بووە و توانراوە منداڵەکە بە زینوویی لە سکی دایکە مردووەکەی دەربهێنن. لە بۆردوومانی دووەمدا 13 منداڵ و 2 ژن کوژراون کە هەموویان سەر بە یەک خێزان بوون. بۆردومانەکانی ئیسرائیل لە شەوی رابردوودا بۆ سەر کەمپی رەفحە لەکاتێکدایە، شەوێک بەر لەم بۆردومانانەش، لە هێرشێکی دیکەی هاوشێوەدا 9 کەس لەو کەمپە کوژراون کە 6یان منداڵ بوون. بە گوێرەی ئاماری نەخۆشخانەکانی غەززە، شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 34 هەزار فەڵەستینی و برینداربوونی زیاتر 76 هەزار و 901 کەسی دیکە. ئەمە جگە لەوەی 80٪ی خەڵکی غەززە ئاوارەی نێوخۆی کەرتەکە بوون. شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دوای ئەوە هات، 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو چەکدارانی حەماس هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل کرد و 1200 هاووڵاتی ئیسرائیلییان کوشت و 250ی دیکەشیان بە بارمتە گرت.

هاوڵاتی رۆژی شەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٤ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا چەند یاسایەکی دژ بە کۆماری ئیسلامی پەسەند کرد، لەوانە یاسای "ژینا" (مەهسا) و ئەمە بۆ دووەەمجارە لە چوارچێوەی "یاسای ئاشتی سەدەی ٢١" لەگەڵ کۆمەڵێک رەشنووسی دیکە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە  پەسەند دەکرێت. یاسای مەهسا لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا دەکەوێتە دەنگدانەوە، لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم رەشنووسە لە ئەنجومەنی پیران و واژۆکردنی لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکاوە کۆمەڵێک گەمارۆی نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێت. پێشتر و لە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٣  ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە ٤١٠ دەنگی بەڵێ و ٣ دەنگی دژ، رەشنووسی "یاسای ژینا (مەهسا)"ی پەسەند کرد، ئەم ڕەشنووسە لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمەریکا هەندێ ئاڵوگۆڕی تێداکرا.  ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، رۆژی شەممە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٤ هەمان ڕەشنووسی پێشتری "یاسای ژینا"ی پەیوەست کرد بە پاکێجی یارمەتییە دەرەکییەکانەوە. ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هیوادارن رەشنووسی پێشنیارکراو بۆ سزادانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ پاکێجی یارمەتیدان بە ئۆکراین و ئیسرائیل، پێکەوە لە ئەنجومەنی پیران پەسەند بکرێت. لەئەگەری پەسەندکردنی "یاسای ژینا " لە ئەنجومەنی پیران، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێویستە سەرجەم ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی پێشێلکاری مافی مرۆڤن لەوانە، عەلی خامنەیی ، رێبەری کۆماری ئیسلامی، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، بخاتە لیستی گەمارۆکانەوە. ئەم یاسایە هەروەها ئەمریکا ناچار ئەکات بەوەی هەر ٩٠ رۆژ جارێک راپۆرتێک دەربارەی ئەو کەسانەی پێشێلکاری مافی مرۆڤن لە ئێران، عەلی خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی و نووسینە و دامەزراوەکانی سەر بە ئەوان، بخاتە بەردەست کۆنگرە.

هاوڵاتی راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا رەخنە لە هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل دەگرێت بۆسەر شاری ئەسفەهانی ئێران و بە هێرشێکی هەڵە ناوی دەبات. جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" رەخنەی لە هێرشەکەی ئیسرائیل کرد بۆ سەر ئەسفەهان و رایگەیاند "هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر بۆ سەر شاری ئەسفەهانی ئێران هەڵە بوو، چونکە پێموایە ئیسرائیل لەژێر فشارێکی گەورەدا بوو لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە بۆ کەمکردنەوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران تاوەکو گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر نەبن، بەڵام ئەگەر مەبەستەکە نیشاندانی هێزی ئیسرائیل بووبێت بۆ راگرتنی هێرشەکانی داهاتووی ئێران، دڵنیام ئەو ئەرکەیان بە ئەنجام گەیاندووە". راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا  رەخنەی لە نەبوونی هیچ ستراتیژێکی ئەمەریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرت و جەختی لەسەر پێویستی رووبەڕووبوونەوەی “بازنە ئاگرین" کرد کە ئێران لەگەڵ بریکارەکانی لە ناوچەکەدا دامەزراندووە. هەروەها بۆڵتن بە دووری نەزانی لە ئایندەدا ئیسرائیل هێرشی دیکە بکاتە سەر ئێران، بەڵام داوای کرد هێرشەکان بەهێز بێت و وتی “پێدەچێت وەڵامدانی لاواز ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە".

هەوراز حوسێن/ هاووڵاتی رووسیا باس لەوە دەکات، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشێکی درۆنی ئۆکراینا بۆ سەریان، 50 درۆنیان خستووەتە خوارەوە. لە هێرشەکەدا دوو هاووڵاتی و ژنێکی دووگیان کوژراون. رۆژی هەینی 20-4-2024، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو 50 درۆنی ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە. باسیش لەوە دەکات، ئەمە یەکێک لە بەربڵاوترین هێرشەکانی ئۆکراینایە بۆ سەر خاکی رووسیا لە دوای دەستپێکی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە شووباتی 2022. وەزارەتی بەرگری رووسیا ئاماژەی بەوەکردووە، 26 لە درۆنەکان لە هەرێمی بێلگۆرۆد، 10 دانە لە بریانسک، 8 لە کورسک، 2 لە توولا خراونەتە خوارەوە و ئەوانی دیکەش لە هەریەک لە هەرێمەکانی سمۆلێنسک، ریازان، کالوگا و مۆسکۆ تێکشکێنراون. ڤیاچیشڵاف گلادکۆڤ، سەرۆکشارەوانی هەرێمی بێلگۆرۆد کە هاوسنووری ئۆکراینایە رایگەیاندووە، دوو هاووڵاتی سڤیل لە هێرشە درۆنییەکەدا لەو هەرێمە گیانیانلەدەستداوە. لە دواتریشدا رایگەیاندووە، ژنێکی دووگیان و کۆرپەکەی سکی کە لەگوندێکی هەرێمی شێبێکینۆ بەهۆی هێرشێکی ئۆکرایناوە برینداربوون، هەردووکیان گیانیانلەدەستداوە. بەرپرسێکی ئۆکرایناش هێرشەکەی بۆ میدیای بەریتانی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک بنکەی پیشەسازی گرنگی رووسیا کە هاوکاری سوپای رووسیا بوون. رووسیا هێرشەکانی ئۆکراینا بە تیرۆر ناودەبات. سەرۆکشارەوانی هەرێمی سمۆلێنسکی رووسیا رایگەیاندووە، درۆنێکی ئۆکراینی کۆگایەکی سووتەمەنی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ئاگری گرتووە. هەروەها کاژمێر 2:00ی سەرلەبەیانی، ڤاسیلی ئانۆخین، سەرۆکشارەوانی هەرێمی کاردیم رایگەیاندووە، یەکێک لە درۆنەکان بنکەیەکی سووتەمەنییان لەو هەرێمە کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگری گرتووە. جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە 24ی شوباتی ساڵی 2022 دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە، رووسیا لەو کاتەوە 119 هەزار کیلۆمەتر دووجا خاکی ئۆکراینای لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە داگیرکردووە و ئەوە ساڵێکیشە ئۆکراینا جگە لە بەرگریکردن جارووبار هێرشی ئاسمانی و مووشەکی بۆ ناو خاکی رووسیا دەکات.

هەوراز حوسێن /هاوڵاتی  هەڵبژاردنی پەرلەمانی هیندستان دەستیپێکرد و پارتی بهاراتیا جاناتای سەرۆکوەزیران و هاوپەیمانییەکی 25 پارتی رکابەریی بۆ بردنەوەی زۆرتین کورسی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەکەن. رۆژی هەینی 19-4-2023، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هیندستان دەستیپێکرد و نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەوڵدەدات بۆ سێیەم جار لەسەریەک حکومەتی ئەو وڵاتە لە ژێر دەسەڵاتی پارتەکەیدا بهێڵێتەوە. نزیکەی 969 ملیۆن خەڵک لە هیندستان مافی دەنگدانیان هەیە و ئەم هەڵبژاردنە بە گەورەترین پرۆسەی دیموکراسی لەسەر زەوی دەناسرێت. لەبەر زۆری ژمارەی دەنگدەر و دانیشتوانی هیندستان، هەڵبژاردنەکە بە 7 قۆناخی جیاواز بەڕێوەدەچێت و 6 هەفتەی پێدەچێت؛ ئەنجامی کۆتاییش لە 4ی حوزەیرانی ئەمساڵ رادەگەیێنرێت. ئەنجوومەنی نوێنەرانی هیندستان کە بە لۆک سەبا ناسراوە لە 543 ئەندام پێکدێت. ئەو رۆژانەی بۆ هەڵبژاردن دیاریکراون بریتین لە 19ی نیسان، 26ی نیسان، 7ی ئایار، 13ی ئایار، 20ی ئایار، 25ی ئایار و 1ی حوزەیرانی 2024. بۆ ئەوەی پارتێک بتوانێت ببێتە حوکمڕانی هیندستان، پێویستە 272 کورسیی لۆک سەبا بەدەستبێنێت، لە هەڵبژاردنی رابردوو کە لە 2019 بەڕێوەچوو، پارتەکەی نارێندرا مۆدی 303 کورسی بردەوە. ئاڕاستەی پارتەکەی مۆدی وایە، هەژموونی هیندوویی نیشتمانپەروەری بەسەر دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت و ئۆپۆزسیۆنیش ئەمە بە داماڵینی هیندستان لە دیموکراسی و رەوتە سێکیولارییەکەی پێشووی لێکدەداتەوە. هاووپەیمانێتییە 25 پارتەکە، کە گەورەترینیان پارتی کۆنگرێسی نیشتمانی هیندییە بانگەشە بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی و رێگریکردن لە، وەک خۆیان دەڵێن بنبڕکردنی دیموکراسی لە نێو دامەزراوەکانی حکومەتی هیندستان دەکەن. لە ماوەی ئەو 10 ساڵەی مۆدی لە دەسەڵاتدا بووە، لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە رەخنەی ئەوەی لێگیراوە هەژموونی هیندوویی نیشتمانپەروەری دەسەپێنێت و هەوڵی کەمکردنەوەی ئازادییە دیموکراسییەکان لەو وڵاتە دەدات. کەچی دوایین راپرسیی ئاژانسی پیوی ئەمریکی ئەوە نیشاندەدات، هەشتیەکی هیندییە پێگەیشتووەکان ئاڕاستەی سیاسیی سەرۆکوەزیرانیان بە دڵە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی لە 2014، مۆدی دەستی لە تەرخانکردنی خەرجییەکی زۆردا بۆ ژێرخانی ئەو وڵاتە هەیە. لەوانە دروستکردنی شاڕێ، وێستگەی کارەبا، پرۆژەی ئاوی و دروستکردنی ملیۆنان خانوو بۆ هاووڵاتیان. لە ژێر دەسەڵاتی مۆدیدا، هیندستان ریکۆردی خێراترین گەشەی ئابووری لە جیهان شکاندووە و بووەتە یەکێک لە زلهێزەکانی جیهان. ئەو رەخنانەشی لێیدەگیرێن، بەرزبوونەوەی رێژەی بێکارییە لە نێو گەنجان، نایەکسانی و دروستکردنی ئیسلامۆفۆبیایە لە نێو خەڵکدا کە ناسەقامگیری بۆ سەر ژیانی 230 ملیۆن موسڵمان دروستکردووە.

هەوراز حوسێن/ هاووڵاتی ئەمریکا دەڵێت بەرنامەی خۆراکیی نەتەوەیەکگرتووەکان قایلبووە لە رێگەی دەریاوە هاوکاری مرۆیی و خۆراک بگەیێنێتە دەست ئاوارەکانی غەزە؛ بەو مەرجەی پنتاگۆن بەندەرێکی لە غەزە بۆ دروستبکات. رۆژی هەینی 20-4-2024، ئاژانسی ئەمریکا بۆ بەرەوپێشچوونی نێودەوڵەتی بە میدیای ئەو وڵاتەی راگەیاند، ئەمریکا و پرۆگرامی خۆراکی جیهانی کار لەسەر ئەوە دەکەن هاریکاریی مرۆیی بە شێوازێکی "سەربەخۆ، بێلایەن و یەکسان" بگەیێننە دەست ئاوارەکانی کەرتی غەزە, جێگەیباسە تاوەکو ئێستا پرۆگرامی خۆراکی جیهانی لێدوانی لەو بارەیەوە نەداوە. لە دوای 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 هاووڵاتی سڤیلی کوشت و 250ی دیکەشی بە بارمتە گرت، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکردووە. رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن، لەو کاتەوەی شەڕەکە دەستیپێکردووە، 70٪ی دانیشتووانی کەرتی غەزە دووچاری برسێتی و قات و قڕی بوونەتەوە. هێزی ئەمریکا کە ئێستا کەشتی و سەربازیان لە دەریای نێوەڕاست هەیە، بەندەرێکی کاتی لە کەناراوەکانی کەرتی غەزە دروستدەکەن. درێژی بەندەرەکە 550 مەترە و پنتاگۆن دەڵێت، توانای گەیاندنی 2 ملیۆن ژەم خۆراکی رۆژانەی بۆ خەڵکی غەزە دەبێت. لە دروستکردنی بەندەرەکەدا 1000 سەربازی ئەمریکی بەشداردەبن و ئەمریکاش داوای لە ئیسرائیل کردووە ئاسایشی کەناراوەکان بپارێزێت. دوای دەستپێکی هێرشەکانی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە کە ئامانج لێی لەناوبردنی حەماسە، نزیکەی لە 33 هەزار و 800 هاووڵاتی و سەرباز کوژراون و لەنێویاندا سەدان کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکان هەبوون کە کاریان گەیاندنی هاریکاریی مرۆیی بووە. نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، یەک ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی لەنێوخۆی غەزەدا ئاوارەبوون.

هاوڵاتی لەسەر هەسارەکانی وەک نەپتون و ئۆرانۆس، زاناکان پێیان وایە ئەڵماس دەبارێت بەهۆی ئەو پەستان و پلەی گەرمی زۆرەی هەسارەکە کە وادەکات  کاربۆن بگۆڕێت بۆ  ئەڵماس. کێڤن بەینز لە زانکۆی ویسکۆنسن-مەدیسۆن و تاقیگەی جێت پڕۆپوڵژنی ناسا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو داتا نوێیانەی لەسەر بەرگەهەوای ئەو دوو هەسارەیە دەستیان کەوتووە پێشبینی ئەوە دەکەن کە ئەڵماس بە شێوەی باران ببارێت لەو دوو هەسارەیەدا. بە گوێرەی قسەکانی ئەو زانایە بۆ ئاژانسی هەواڵی بی بی سی، بە پێ دوایین پێشبینییەکانی پلەی گەرمی و پەستان کە بۆ بەرگەهەوای ئەو دوو هەسارەیە دەستیان کەوتووە و بە پشتبەستن بە ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان لەسەر چۆنییەتی ڕەفتاری کاربۆن لە پلەی گەرمییە جیاوازەکاندا گەیشتونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە کە کریستاڵە جێگیرەکانی ئەڵماس دەکرێت  بە شێوەی باران ببارێن لەو دوو هەسارەیەدا. ئەو زانایە دەڵێت لە بەشی سەرەوەی بەرگە هەوای هەسارەکاندا ، هەورەتریشقە گازی میسان دەگۆڕێت بۆ سووتو (وردیلەی کاربۆنی پەیدابوو لە سوتاندنی هەندێ ماددەی ئەندامی کە لەسەر ڕووە کانزاییەکان دەنیشێت) دواتر لەگەڵ هاتنە خوارەوەی بە بەرگە هەوای هەسارەکەدا پەستانێکی زۆر دەچێتە سەری دوای نزیکەی ١٦٠٩ کیلۆمەتر ، دەگۆڕێت بۆ گرافایت (ئەو جۆرە کاربۆنەی کە لە پێنووسەکاندا دەیدۆزیتەوە) و دوای بڕینی ٦٠٠٠ کیلۆمەتر ئەو پارچە گرافایتانە خەستتر دەبنەوەو دەگۆڕێن بۆ ئەڵماس. ئەوەشی روونکردەوە لەگەڵ زیاتر نزیکبوونەوەی ئەڵماسە دروستبووەکە  لە ناوکی هەسارەکە بەهۆی ئەو پلە گەرمییە زۆرەی کە هەیەتی ئەڵماسەکە شیدەبێتەوەو دەچێتە دۆخی شلییەوە و پێشبینی دەکرێت دەریایەک لە کاربۆنی شلی دروست کردبێت. یۆرانیۆم و نیپتۆن دوو هەسارەی گەورەی کۆمەڵەی خۆرن  و ئێستا هەردووکیان بە زەبەلاحی سەهۆڵ دادەنرێن هاوکات توێژینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بەرگە هەوای ئەم دوو هەسارەیە بەشێکی زۆری لە گازی میسان پێکهاتووە کە ئەمەش پشتگیری لەو لێکۆڵینەوە و پێشبینییانە دەکات کە دەڵێت دەکرێت لەم دوو هەسارەیە بارانی ئەڵماس ببارێت.