وەزیری بەرگری ئەمەریکا: چین خۆی بۆ هێرشکردنە سەر تایوان ئامادە دەکات

2 ڕۆژ لەمەوپێش
یت هێگسێت، وەزیریی بەرگری ئەمەریکا هۆشداریدا لەوەی هێزە سەربازییەکانی چین، مەشق و ڕاهێنان دەکەن بۆ ئەرکێکی گرنگ، کە ڕەنگە خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر تایوان ئامادە بکەن.
هێگسێت لە میانی کۆڕبەندی ئاسایشی شانگریلا لە سەنگافورە گوتی: "ئەوە زانراوە، کە شیجینپینگ، سەرۆکی چین فەرمانی بە سەربازەکانی کردووە تا ساڵی 2027، هێرش بکەنە سەر تایوان، هەروەها سوپایەکی سەربازی بۆ ئەو کارە دروست دەکات، و ڕۆژانە مەشق و ڕاهێنان دەکەن بۆ ئەو ئەرکە."
هێگسێت داوای لە هاوپەیمانە ئاسیاییەکانی واشنتن کرد کە بە خێرایی خەرجییە سەربازییەکانیان لە بەرامبەر هەڕەشەکانی چین زیاد بکەن.
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئاسایش لە سەنگافورەدا داوای لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئاسیا کرد خەرجییەکانی بەرگرییان زیاد بکەن.
ئەو گوتى، هەڕەشەی چین راستەقینەیە و رەنگە نزیک بێت لەبەرئەوەی پەکین هیوادارە زاڵ بێت بەسەر ئاسیادا و هێزە سەربازییەکانی چین تواناکانی خۆیان بۆ داگیرکردنی تایوان پەرەپێدەدەن و رۆژانە بۆ ئەرکی راستەقینە مەشق دەکەن، بۆیە پێویستە وڵاتانی ئاسیا هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپی خەرجییە سەربازییەکانیان زیاد بکەن.
چین تایوان بە خاکی خۆی دەزانێت و بەڵێنی داوە، بیکاتەوە یەک پارچە لە خاکی خۆی، فشارە سەربازی و سیاسییەکانی خۆی بۆ پابەندبوون بە بەڵێنەکانی زیاد کردووە.
حکوومەتی تایوانیش قسەکانی پەکین ڕەتدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەڵکی تایوان بە تەنیا دەتوانن بڕیار لە داهاتوویان بدەن.
