ئێران: ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن پلانی جێگرەوەمان هەیە

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی شکست بهێنن، تاران پلانی جێگرەوەی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەیە.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی گریمانەی توندکردنەوەی سزاکان لەلایەن ئەمریکاوە ئەگەر گفتوگۆکان شکست بهێنن، ڕایگەیاند، "ڕێگایەک (سەدان ڕێگا) بۆ خۆڕاگری و تێپەڕاندنی گەمارۆ و کێشەکان دەدۆزینەوە".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا هەواڵێکی "باش یان خراپ" لەبارەی ئێران ڕادەگەیێنێت، ئاسودەیی خۆیشی لەگەڵ گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران نیشاندا.

پێشتریش ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند تاران کات بەفیڕۆ نادات، بەڵکو بە جددی دانوستان دەکات بۆ ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە، جەختیشی کردەوە، تاران بۆ دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا ئامادەیە.

بەقایی ڕوونی کردەوە "ئێران بەشێوەیەکی بنیاتنەر پەیوەندی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەیە، هەروەها جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە لەم هەفتەیەدا سەردانی تاران دەکات بۆ بەدواداچوون بۆ هاوکارییە تەکنیکییە دوولایەنەکان."

ئەو بەرپرسەی ئێران، داوای لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کرد "بێلایەنی و پیشەیی" بپارێزێت و نەکێشرێتە ناو فشارە سیاسییەکانی لایەنی دیاریکراو.

ئێران و ئەمریکا لە 12-4-2025ـەوە پێنج گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆیان بە نێوەندگیریی عومان ئەنجامداوە، هەردوولا ئەنجامی دانوستاندنەکان بە ئەرێنی و بەرهەمدار وەسف دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی گشتگیر.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار