هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی یەکشەممە داکۆکی لەو بڕیارەی ئەمەریکا کرد کەتیایدا ناردنی  3,500 بۆمبی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووەو وتی ئیسڕائیل " پلانێکی بەجێی " نیە بۆ پاراستنی نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی مەدەنی کە ڕەفەحییان وەکو پەناگەیەک بەکارهێناوە. بلینکن لە پڕۆگرامی This Week ی کەناڵی ئەی بی سیدا ڕایگەیاند، "ئەو پلانەی ئیسرائیل لە رەفەح بیری لێدەکاتەوە زیانێکی گەورە بە هاوڵاتیانی مەدەنی دەگەیەنێت بەبێ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکات." گوتیشى، "هێرشی ئیسرائیل لە رەفەح دەتوانێت پشێویی بەدوای خۆیدا بهێنێت." بلینکن باسی لەوەشکرد کە  بایدن ڕوونی کردووەتەوە بۆ ئیسڕائیل کە ئەگەر " ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورە سەربازییە لە ڕەفەح ئەنجام بدات ئەوا هەندێک سیستمی سەربازیی هەن کە ئێمە پشتگیرییان لێناکەین لەم ئۆپەراسیۆنەدا بۆ ئیسڕائیلی دابین بکەین." ئاماژەی بەوەشدا کە " زۆر نیگەرانین سەبارەت بە چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو سیستمانە. ئیسڕائیل پێویستی بەوەیە پلانێکی بەجێ و ڕوونی هەبێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل، ئەو پلانەشمان نەبینیوە." وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشى روونکردەوە، ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە کەرتی غەززە زیاترە لە ژمارەی کوژراوانی بزووتنەوەی حەماس لە ئێستادا نزیکەی 1.4 ملیۆن هاووڵاتی سڤیل لە ڕەفەحن، زۆربەیان ئاوارەن و لە شوێنەکانی دیکەی غەززەوە بە مەبەستی پارێزراوییان هەڵاتوون بۆ ڕەفەح، لە نێوەندی کەمی خۆراک و ئاودا دەژین.

هاوڵاتی هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" خستنەخوارەی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان لە دەریای سوور راگەیاند. ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی ئایاری 2024، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سەرکەوتووبوون لە تێکشانی ئەو سێ فڕۆکەیەی کە حوسییەکان لە ئاسمانی دەریای سوورەوە و لە ژێر ناوچەی دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن هەڵیان دابوو". ئاماژە بەوەشکراوە، "تێکشکاندنی ئەو سێ فڕۆکەیە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هیچ زیانێکیش بەر کەشتییە ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانان نەکەوتووە". سێنتکۆم روونیشیکردووەتەوە، "ئەو فڕۆکانە مەترسییەکی گەورەبوون بۆ هەردوو هێزەکانی هاوپەیمانان و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا، ئێمەش ئەم رێگەیەمان لەپێناو پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و پاراستنی ئازادی کەشتیوانییە".

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی پارتی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا دەڵێت ئەو هەنگاوانەی حکومەت بۆ رێگریکردنن لە هاتنی کۆچبەر گرتوویەتییە بەر بەفیڕۆدانی پارەیە و ئەوان پلانیان هەیە بە هێزی دژەتیرۆر باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەناوبەرن. رۆژی هەینی 10-5-2024، کیەر ستامەر، سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا لە گوتارێکدا لە کەناری باشووری بەریتانیا رایگەیاند، "ئەمە پەیامی منە بۆ قاچاخچییەکان، کەناراوەکان دەبنە ناوچەیەکی توندوتیژ بۆتان. دەتاندۆزینەوە، راتاندەگرین و قوربانییەکانی دەستتان دەپارێزین". ئەو سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەی بەریتانیا دەشڵێت، ئەو کارانەی حکومەت دەیکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەر لە بەریتانیا بێ سوودە، بەڵام ئەگەر ئەوان حکومەت بگرنە دەست بە هێزی دژە تیرۆر و هاوکاریی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیان ئەو باندانە دەکەنە ئامانج کە کۆچبەر بۆ بەریتانیا دەبەن. لە پێشتردا پارتی پارێزگاران ئۆپۆزسیۆنی بەوە تۆمەتبارکردبوو کە هیچ پلانێکیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چوونی کۆچبەر بۆ بەریتانیا نییە. ئەم گوتار و رووبەڕووبوونەوانەی پارتی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن لەکاتێکدایە بڕیارە کانوونی دووەمی 2025 هەڵبژردنی پەرلەمانیی بەریتانیا بەڕێوەبچێت و لە ئێستاوە کامپەینی ناڕاستەوخۆ لەلایەن هەردوولاوە دەستیپێکردووە. ستامەر دەڵێت، پلانی ناردنی پەناخوازان بۆ رواندا لەلایەن حکومەتەوە تەنیا 1٪ چوونی کۆچبەر بە نۆکەندی ئینگلیزدا بۆ بەریتانیا کەمدەکاتەوە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 8 هەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمە دوای تەواوی رێکارەکانی حکومەتی تۆرییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کۆچبەران. لە 2023دا 29 هەزار و 437 کەس بە نۆکەندی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە بەریتانیا، ژمارەکە بۆ 2022، 45 هەزار و 755 پەناخواز بووە کە ریکۆردی بەرزترینی شکاند لە 2018ـەوە کە دەستکرا بە تۆمارکردنی چوونی کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا.

  هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ کێشەی کەمی لەدایکبوونی منداڵ دەمێکە یەخەی ئیتاڵیای گرتووە و چەندین ساڵە کەمترین رێژەی زیادبوونی دانیشتووانەکەی لە یەکێتی ئەوروپا هەبووە، بەڵام کێشەکە تا بێت زەقتر دەبێت. بە گوێرەی ئاماری نوێی حکومەتی ئیتاڵیا، جارێکی دیکە رێژەی لەدایکبوون لە ئیتاڵیا لە 2023 بەراورد بە 2022 کەمیکردووە. لە 2022 رێژەی لەدایکبوونی منداڵ بەرامبەر ژنانی پێگەیشتوو 1.24 بووە، واتە هەر ژنێک 1.24 منداڵی بووە، بەڵام لە 2023 رێژەکە ئەوەندەی دیکە هاتووەتە خوارەوە و بووە بە 1.2. لە 2022دا تەنیا 379 هەزار منداڵی ئیتاڵی لەدایکبوون، ئەمەش نوێترین ریکۆردی کەمترین رێژەی لەدایکبوونە لە ئیتاڵیا کە 15 ساڵە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. شارەزایانی بواری گەشەسەندنی دانیشتووان ئەمە وەک مەترسییەکی زۆر گەورە بۆ گۆڕانی دیمۆگرافیای ئیتاڵیا دادەنێن و دەڵێن کار وا بڕوات تاوەکو 2030، ئەو 59 ملیۆن دانیشتووانەی ئەمڕۆی ئیتاڵیا بۆ 1 ملیۆن کەمدەبنەوە. لە ئێستاوە زیادبوونی رێژەی بەساڵاچوو کاریگەرییەکانی بەسەر ئیتاڵیاوە دەرکەوتووە، بەتایبەت لەسەر هەریەک لە سێکتەرەکانی تەندروستی و خانەنشینی. تەمەنی 24٪ی دانیشتووانی ئیتاڵیا لە سەروو 63.5٪ ساڵەوەیە، 63٪ لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵ و 12.4٪یش لە خوار 15 ساڵییەوەن. ئامارێکی دیکەش دەڵێت ئێستا ئیتاڵیا 4.5 ملیۆن هاوڵاتی سەروو تەمەن 80 ساڵی هەیە لەکاتێکدا تەنیا 4.4 ملیۆن منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵ هەن. پۆپ فرانسیس، لە دواین گوتاریدا بۆ ئیتاڵییەکان داوایان لێدەکات منداڵیان ببێت، "تاوەکو هیوا بە داهاتووی وڵاتەکە لەناونەچێت". فرانسیس دەڵێت بەردەوامدەبێت لە بانگەوازەکەی بۆ پاراستنی دیمۆگرافیای ئیتاڵیا و چاوەڕێدەکات تا 2025 ئەنجامی کامپەینەکەی ببینێت. حکومەتەکەی جۆرجیا میڵۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا هەر لە دەستبەکاربوونییەوە بە جیددی کاری لەسەر ئەم کێشەیە کردووە و ئامانجیانە ژمارەی لەدایکبوونی منداڵی ئیتاڵی ساڵانە بۆ سەروو 500 هەزار بەرزبکەنەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگیان لەسەر پرۆژەیاسای پێدانی "ماف و بەرژەوەندیی" زیاتر بە فەڵەستیندا و پشتیوانی خۆیان بۆ رێگەدان بە بەئەندامبوونی فەڵەستین لە رێکخراوەکە نیشاندا. رۆژی هەینی 10-5-2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بوون بە ئەندامی 194ـەمی فەڵەستین و پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی بەرژەوەندی و مافی زیاتر بە فەڵەستین دەنگیدا. لە کۆی 193 ئەندامی رێکخراوەکە،  143یان دەنگیان لە بەرژەوەندی پرۆژەیاساکەدا. ئەمە لەکاتێکدایە 18ی مانگی نیسانی ئەمساڵ ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەمان پرۆژەیاسای ڤیتۆ کردبوو. رۆبێرت ود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئیدارەی بایدن بە تەواوی دژی پرۆژەیاساکەیە؛ دەشڵێت، ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە زۆر روون بووە لە سەرەتاوە کە دەبێت بە ئەندامبوونی تەواوەتی فەڵەستین بە دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکات. دەشڵێت، هەموو دەزانن بە ئەندامبوونی تەواوەتی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆهەنگاوێکی سەرەتایی پێویستە، بەڵام وادیارە "وڵاتە عەرەبییەکان و فەڵەستینییەکان هەوڵدەدەن باز بەسەر ئەو کۆهەنگاوەدا بنێن". لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تەواوی 193 ئەندامی رێکخراوەکە مافی دەنگدانیان هەیە و هیچ کەس مافی ڤیتۆی نییە، بۆیە ئەم جارە ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن رێگربن. پێشبینی دەکرێت پرۆژەیاساکە زۆرینەی دەنگ بەدەستبێنێت.  بە گوێرەی دەستووری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەگەر پرۆژەیاسایەک دوو لەسەر سێی دەنگەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەدەستبێنێت، ئیدی ئەنجوومەنی ئاسایش ناتوانێت رەتی بکاتەوە.  فەڵەستین لە 2012ـەوە وەک چاودێر چووە نەتەوەیەکگرتووەکان و هەوڵەکان بۆ بوون بە ئەندامی فەرمی لەو کاتەوە دەستیان پێکردووە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ رووسیا هێرشی زەمینی بۆ سەر ئۆکراینا لە نزیک شاری خارکیڤ دەستپێکردەوە و ئۆکراینا دەڵێت ژمارەیەک هێڵی بەرگریان تێپەڕاندووین. ئۆکراینا هێزی پشتیوانیی بۆ ئەو ناوچەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان ناردووە. ئەمڕۆ هەینی 10-5-2024، سوپای رووسیا لە نزیک شاری خارکیڤ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا هێرشی زەمینی بە بەکارهێنانی تۆپ و دەبابە کردە سەر هێڵەکانی بەرگریی ئۆکراینا. ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رووسیا هێرشی پێچەوانەی لەو ئاڕاستەیەوە دەستپێکردووە و ئێستا شەڕێکی زۆر سەخت لەو ناوچەیە دەگوزەرێت.  ئۆکراینا لە پێشتردا هۆشداری دابوو کە رووسیا لەو ناوچەیە دەستی بە کۆکردنەوەی هێزی زیاتر کردووە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن دڵنیا نەبوون کە ئایا رووسیا هێرشەکە دەکات یاخود نا. زیلنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکەن رووسیا ئەم بەهارە یان هاوین هێرشێکی فراوان بکات؛ دەشڵێت، بۆ هێرشەکەی ئەمجارە سوپاکەیان ئامادەبووە، بەڵام لەوانەیە رووسیا سەربازی زیاتر بۆ ئەو ناوچەیە بنێرێت و کێشەیان بۆ دروستبکات. زیلنسکی دەڵێت، بە نزیکەیی کاژێر 5:00ی سەرلەبەیانی رووسیا هەوڵێکی بۆ تێکشکاندنی یەکێک لە هێڵەکانی بەرگریمان دا، بەڵام وەڵامی درایەوە. تاوەکو ئێستاش بە گوتەی زیلنسکی شەڕ بە چڕی جۆراوجۆر بەردەوامی هەیە. رووسیا لە شوباتی 2022ـەوە هێرشی بۆ ئۆکراینا کردووە و تاوەکو ئێستا بە کریمیاوە 18٪ی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکردووە و دەشڵێت ئامانجم هەرێمی دۆنباسە لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە. هێرشەکانی ئەمڕۆی رووسیا بۆ سەر خارکیڤی ئۆکراینا لە سەرووبەندی ناردنی هاریکاریی سەربازی زیاتر لە لەلایەن رۆژئاواوە بۆ ئۆکراینا بوو.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ناتانیاهو وەڵامی قسەکانی جۆ بایدنی دایەوە کە باس لە راگرتنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەکات؛ دەڵێت، ئەگەر پێویستکات بە نینۆک شەڕدەکەین. رۆژی پێنجشەممە 10-5-2024، لە سەرووبەندی یادی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کورتە ڤیدیۆیەکی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاوکرایەوە کە تێیدا پەیامێک ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکا دەکات. ناتانیاهو دەڵێت، "بۆ لەناوبردنی دوژمنەکانمان کە دەیانەوێت بمانکوژن، ئەگەر پێویستکا بە تەنیا شەڕکەین، بە تەنیا شەڕدەکەین. پێشتریش گوتوومە، ئەگەر پێویستکا بە نینۆک شەڕدەکەین". رۆژی چوارشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی گوتی، ئیسرائیل بچێتە ناو رەفەح ناردنی چەک بۆ تەلئەڤیڤ رادەگرێت. ئەوەش لەبەرئەوەی مەترسی کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە. بەڵام وادیارە ئیسرائیل سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر رەفەح کە وەک خۆی دەڵێت بۆ لەناوبردنی یەکجاریی حەماسە. دانیاڵ هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە هەمان شێوە لە وەڵامی قسەکانی بایدن دەڵێت، "سوپا چەکی پێویستی بۆ ئەو ئەرکانە هەیە کە پلانی بۆ دادەنێت، بۆ ئەرکی رەفەحیش بەشی پێویستی هەیە، ئەوەی پێویستمانە لەبەردەستمانە". ئیتەمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل لە دوای قسەکانی بایدن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە پۆستێکدا ناوی حەماس و بایدنی بەیەکەوە نووسیوە و دڵێکی لە نێوانیان داناوە، ئەوەش وەک تەنزێک کە گوایە بایدن پشتیوانی لە حەماس دەکات. 1 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە رەفەح ئاوارەبوون کە زیاتر لە نیوەی تەواوی دانیشتوانی کەرتی غەززەن، ئیسرائیلیش بەردەوام هەڕەشەی ئەوە دەکات هێرشبکاتە سەر شارەکە. رەفەح جگە لە پەناگەی مانەوەی ئاوارەکانی غەززە، دەرچەیەکی سەرەکی گەیاندنی هاریکارییە مرۆییەکانە بۆ فەڵەستینییەکان. ئێستا بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆ سەر شارەکە، دوو لە رێڕەوە مرۆییە سەرەکییەکان داخراون. نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی ئەو داخرانەوە ئێستا 2 ملیۆن و 300 هەزار کەس لە غەززە لەسەر لێواری لەبرسامردنن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بڕیارە ئەمڕۆ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەک بدات کە گوایە "ماف و بەرژەوەندی" زیاتر دەداتە فەڵەستین و رێگە بۆ پێداچوونەوە بە داواکاریی بە ئەندامبوونی دەسەڵاتی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان خۆشدەکات. رۆژی هەینی 10-5-2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر بوون بە ئەندامی 194ـەمی فەڵەستین و پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی بەرژەوەندی و مافی زیاتر بە فەڵەستین کۆدەبێتەوە و دەنگدەدات. ئەمریکا کە مافی ڤیتۆی لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە، بە تەواوەتی لە دژی ئەو هەنگاوەیە، هەربۆیە بە ئەندامبوونی فەڵەستینی لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە 18ی نیسانی ئەمساڵ ڤیتۆ کرد. رۆبێرت ود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، ئیدارەی بایدن بە تەواوی دژی پرۆژەیاساکەیە؛ دەشڵێت، ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە زۆر روون بووە لە سەرەتاوە کە دەبێت بە ئەندامبوونی تەواوەتی فەڵەستین بە دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێبکات. دەشڵێت، هەموو دەزانن بە ئەندامبوونی تەواوەتی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کۆهەنگاوێکی سەرەتایی پێویستە، بەڵام وادیارە "وڵاتە عەرەبییەکان و فەڵەستینییەکان هەوڵدەدەن باز بەسەر ئەو کۆهەنگاوەدا بنێن". لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تەواوی 193 ئەندامی رێکخراوەکە مافی دەنگدانیان هەیە و هیچ کەس مافی ڤیتۆی نییە، بۆیە ئەم جارە ئەمریکا و ئیسرائیل ناتوانن رێگربن. پێشبینی دەکرێت پرۆژەیاساکە زۆرینەی دەنگ بەدەستبێنێت. بە گوێرەی دەستووری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەگەر پرۆژەیاسایەک دوو لەسەر سێی دەنگەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بەدەستبێنێت، ئیدی ئەنجوومەنی ئاسایش ناتوانێت رەتی بکاتەوە. فەڵەستین لە 2012ـەوە وەک چاودێر چووە نەتەوەیەکگرتووەکان و هەوڵەکان بۆ بوون بە ئەندامی فەرمی لەو کاتەوە دەستیان پێکردووە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ  وەزارەتی بەرگری پۆڵەندا رایگەیاندووە، سنوورەکەیان لەگەڵ بێلارووس بەهێزتر دەکەن، ئەوەش بۆ رێگریکردنی کۆچی نایاسایی لە بێلارووسەوە بۆ ناو پۆڵەندا و دواتریش بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا. رۆژی پێنجشەممە 9-5-2024، کۆشینیاک کامیژ، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "بەربەستی سەر سنووری پۆڵەندا و بێلارووس بەهێزتر دەکەین. ئەو بودجەیەی بۆمان دابینکردووە، گەورەترینە لە مێژووی پۆڵەندادا". ئەو بەرپرسەی پۆڵەندا ئەوەشی خستەڕوو، زیادکردنی هێزی سەربازیی پۆڵەندا و هاوپەیمانانی لە نزیک سنوورەکانی بێلارووس، دەبێتە رووگەیەکی بەهێز بۆ ناتۆ و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپاش. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە لە نزیک سنووری بێلارووس و کالینینگراد هێڵێکی بنکەی سەربازیی بەرگری دروستدەکەن و کەند لێدەدەن، تاوەکو خۆیان لە لێشاوی کۆچبەری نایاسایی بپارێزن. لای  پۆڵەندا وایە، ئەو ژمارە زۆرەی کۆچبەر کە هەوڵدەدەن لە بێلارووسەوە بچنە پۆڵەندا و یەکێتی ئەوروپا، لەلایەن بەرپسانی مینسک و مۆسکۆوە هاندەدرێن، بۆیە بەرپرسانی وارشۆ هەموو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە دەدەن. پۆڵەندا لە 5 ساڵی رابردوودا وەک دەرچەیەک بۆ چوونە ناو ئەوروپاوە لەلایەن کۆچبەرانەوە سەیردەکرێت، بەتایبەت لە دوای لاشاوە زۆرەکەی لە 2019دا رووی لەو وڵاتە کرد کە بەشێکی کۆچبەرەکان هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بوون. بە گوێرەی ئاماری حکومەتی پۆڵەندا، لە 2021دا رێگەیان لە لانیکەم 30 هەزار و 781 پەڕینەوەی نایاسایی لە بێلارووسەوە بۆ ناو وڵاتەکەیان گرتووە؛ ژمارەکە لە 2022دا 12 هەزار و 157 کەس بووە. لە 2023شدا زیاتر لە 30 هەزار کەس هەوڵی چوونەژوورەوەیان داوە و لەو ژمارەیە 13 هەزاریان گەیشتوونەتە ئەڵمانیا و 17 هەزاریشیان دەستگیرکراون. لە رابردوودا چەندین جار بەرپرسانی وارشۆ رووسیا و بێلارووسیان بەوە تۆمەتبارکردووە کە هەوڵی ناسەقامگیرکردنی پۆڵەندا بە رێگەدانی چوونی کۆچبەری نایاسایی بۆ ناو وڵاتەکەیان دەدەن؛ ئەوەش لەبەر ئەوەی پۆڵەندا هاوپەیمانێکی سەرەکی ئۆکراینایە و ئەندامە لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی رووسیا لە گوتارەکەیدا لە یادی بردنەوەی رووسیادا لە جەنگی جیهانی دووەم دەڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا مەترسیی جەنگێکی دیکەی جیهانی دروستدەکەن؛ دەشڵێت هیچ کەس بۆی نییە هەڕەشە لە گەورەترین هێزی ئەتۆمی بکات. رۆژی پێنجشەممە 9-5-2024، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە گوتارێکی لەیادی بردنەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ئەڵمانیای نازی ئەوکات پێشکێشکرد و گوتی، "ئەو سەرکردە لەخۆباییانەی رۆژئاوا" بیریانچۆتەوە یەکێتی سۆڤیەت چی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە تێکشکاندنی نازییەکان هەبوو. هاوکات دەڵێت، رۆژئاوا بەم کارانەی مەترسیی پێکدادانی جیهانی زیاتردەکات، "ئێمە دەزانین ئەم دنەدانانە بەرەو کوێ دەڕۆن، رووسیا هەموو شتێک بۆ رێگریکردن لە جەنگی جیهانی دەکات"، بەڵام لە هەمان کاتدا "رێگە بە کەس نادەین هەڕەشەمان لێبکات. هێزە ستراتیجییەکانمان بەردەوام لە دۆخی ئامادەباشیی جەنگدان". وڵاتانی رۆژئاوا بەیەکەوە رژدن لەسەرئەوەی لە جەنگی ئۆکراینادا لە رووسیا ببەنەوە کە لە 2015ـەوە 18٪ی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە؛ ئەمە بە کریمیاشەوە. رۆژئاوا دەڵێن رووسیا "داگیرکەرە" و کرێملنیش دەڵێت، ئەوانە بەشێک لە خاکی ئیمپراتۆرییەتی رووسیا و بوون ئێستاش بەشێکن لە وڵاتی رووسیا. کاژێر 11:01 خولەکی شەوی 8ی ئایاری ساڵی 1945، سوپای نازییەکانی ئەڵمانیا کە هیتلەر سەرکردایەتی دەکردن تێکشکان، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا ئەو رۆژەیان بە "بردنەوەی رۆژی ئەوروپا" دیاریکرد. بەڵام لە رووسیا 9ی ئایار دیاری کراو بە ناوی "رۆژی بردنەوە" ناونرا و رووسییەکانیش ئەو جەنگە چوار ساڵییەی لەگەڵ نازییەکان لە 1941 بۆ 1945 کردیان بە “جەنگی گەورەی پاتریۆت” ناودەبەن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ جۆ بایدن لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، زۆر بە جوانی ئەوەم بۆ نەتانیاهو روونکردووەتەوە کە ئەگەر پێبخەنە ناو ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی رەفەحەوە لە غەززە، هەناردەی چەک رادەگرم. دەشڵێت، ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە پاراستنی ئیسرائیل. شەوی چوارشەممە 8-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ئەمریکی هەڤپەیڤینێکی بڵاوبووەوە. دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل بچێتە ناو رەفەحەوە ناردنی چەک رادەگرم. ئەم قسانەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ئیسرائیل سوورە لەسەر داگیرکردنی رەفەح کە وەک خۆی دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی یەکجاری حەماسە. بایدن دەڵێت، "هێشتا نەچوونەتە ناو سەنتەری شاری رەفەحەوە، ئەو هێرشەی کردوویانە رێک لەسەر سنوورەکەیە. بەڵام بە ئەوەم بە روونی بە ناتانیاهو و دەستەی جەنگ گوتووە، ئەگەر بچنە ناو شارەکەوە، پاڵپشتیی ئێمەیان نابێت". هەرچەندە بایدن دەزانێت چەکەکانی ئەمریکا لە کوشتنی هاووڵاتی سڤیلدا بەکارهاتوون، بەڵام کاتێک رۆژنامەنووسەکە لێیدەپرسێت، ئایا ئیسرائیل "هێڵی سووری" تێپەڕاندووە، بایدن دەڵێت، "نا، هێشتا نا". بە گوێرەی رێکخراوی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کە رێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکییە، لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئیدارەی بایدن بە بەهای 18 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی جەنگیی بۆ ئیسرائیل ناردووە، لە نێویاندا 50 فڕۆکەی ئێف 15 بوونی هەیە. شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئێستا پێیناوەتە مانگی حەوتەمەوە؛ لە دوای ئەوە دەستیپێکرد حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی پاردا پەلاماری ئیسرائیلیدا و 1200 هاووڵاتی سڤیلی کوشت و 250ی دیکەشی بە بارمتە گرت. ئیسرائیل راستەوخۆ هێرشی کردەوە سەر غەززە و تاوەکو ئێستا 34 هەزار و 800 هاووڵاتی سڤیلی فەڵەستینی بەهۆی ئەو شەڕەوە کوژراون.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ هەواڵگری ئۆکراینا دەڵێت، دوو کەسیان دەستگیرکردووە کە ویستوویانە لە سەرووبەندی دانانەوەی ڤلادمیر پووتیندا وەک سەرۆکی رووسیا، ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی تیرۆر بکەن. رۆژی سێشەممە 7-5-2024، ڤاسیل مالیوک، سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری ئۆکراینا دەڵێت، هەوڵی بە بارمتەگرتن و دواتر کوشتنی ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینایان پووچەڵکردووەتەوە. مالیوک دەڵێت، تۆمەتبارەکان ویستویانە لەو کاتەدا پووتین وەک سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم دیاریدەکرێتەوە، ئەمان زیلنسکی بکوژن. ئەمڕۆ بۆ جاری پێنجەم، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ شەش ساڵی دیکە وەک سەرۆکی ئەو وڵاتە دانرایەوە. بە گوێرەی راگەیێنراوی ئەو بەرپرسە هەواڵگرییەی ئۆکراینا، ئەو دوو سیخوڕەی رووسیا هەوڵیانداوە لە رێگەی نزیکبوونەوەیان لە فەرماندە باڵاکانی نێو سوپای ئۆکرایناوە زانیاریان لەبارەی شوێنی زیلنسکی دەستبکەوێت، بیڕفێنن و پاشان بیکوژن. ئەوەشی راگەیاندووە، دوو فەرماندەی پاسەوانی سەرۆکایەتییان دەستگیرکردووە کە لە پلەی کۆڵۆنێلدا بوون بە تۆمەتی بەشداربوون لە پلانەکە. ئەو دوو کۆڵۆنێلەش وا دەردەکەوێت لەلایەن رووسیاوە پێش دەستپێکی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەکرێگیرابن. هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانەکە لە رووسیاوە چاودێری کراوە و سێ سیخوڕی رووسیش لە ناو ئۆکراینادا کاریان لەسەرکردووە. بەشێکی دیکە لە ئەرکی ئەو سیخوڕانە ئەوەبووە، شوێنی مانەوەی بەرپرسە باڵاکانی ئۆکراینا ئاشکراکەن تاوەکو بە مووشەک و درۆن بکرێنە ئامانج. ئەمە جاری یەکەم نییە ئۆکراینا تۆمەتی هەوڵی کوشتنی بەرپرسانی باڵای ئۆکراینی و ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی دەداتە پاڵ رووسیا. بە گوێرەی ئۆکراینا، لە شوباتی 2022ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ لانیکەم 10 جار هەوڵی کوشتنی زیلنسکی دراوە.

هەوراز حوسێن هاووڵاتی، وارشۆ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ باشووری غەززە دەستیپێکرد و ئێستا ئیسرائیل بەشی باشووری شاری رەفەحی بە تەواوی کۆنترۆڵکردووە کە هاوسنوورە لەگەڵ میسر. رۆژی سێشەممە 7-5-2024، سوپای ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە کرد. ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە وەک وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە دەڵێت، "لەناوبردنی تەواوەتی حەماسە". هێرشەکە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو حەماس پێشنیازی ئاگربەستی قبوڵکرد و تاوەکو ئێستاش گفتووگۆکان لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە. ئەو ناوچەیەی ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردووە دەرچەیەکی سەرەکی گواستنەوەی هاریکارییە مرۆییەکانە بۆ دانیشتووانی غەزە و ئەو یەک ملیۆن و 300 هەزار فەڵەستینییەی لە رەفەح ئاوارەن. نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری داوە، بەربەستدانان لەبەردەم ئەو رێگەی ئاڵووگۆڕەدا، هەژموونی هاریکارییەکان دادەڕووخێنێت و خەڵک دەکاتە ئەوپەڕی برسێتییەوە. هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، حەماس بە پێشنیازی ئاگربەستی سێ لایەنەی قەتەر، میسر و ئەمریکا رازی بوو، بەڵام هەر زوو ئیسرائیل رەتیکردەوە و رایگەیاند، "خواستەکانی ئەوانی پڕنەکردووەتەوە". دوێنێ ئیسرائیل داوای لە 100 هەزار هاووڵاتیی فەڵەستینیی ئاوارەی رەفەح کردبوو کە شارەکە لە سەرووبەندی هێرشی سوپاکەیدا چۆڵبکەن. هەرچەندە ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئاگاداریی ئیسرائیلیان کردبووەوە کە هێرشەکە نەکات، بەڵام ئەم بەیانییە دەستیپێکرد. خاڵە سنووریەکانی کەرەم ئەبو سالم و میسر دوو رێڕەوی هەستیاری گواستنەوەی خۆراک و دەرمانن بۆ خەڵکی غەززە کە ئەوە دوو رۆژە داخراون. ئێستا بۆ گواستنەوەی پێداویستی ژیان بۆ 2 ملیۆن و 300 هەزار هاووڵاتی غەززە تەنیا رێڕەوی ئەرەز لە نێوان ئیسرائیل و باکووری غەززە ماوەتەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بزوتنەوەی حەماس لە شەڕەکەیدا لەگەڵ ئیسرائیل بە ئاگربەست قایلبوو؛ ئەوەش دوای ئەوەی قەتەر و میسر پێشنیازیان بۆ کرد. دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 6-5-2024، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس بە سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری زانیاریی میسری راگەیاندووە، پێشنیازی ئاگربەستیان قبووڵە. تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە ئیسرائیل هیچ لێدوان و وەڵامێکیان لەبارەی هەنگاوەکەی حەماسەوە باس نەکردووە و میدیا ئەمریکی دەڵێت پێداچوونەوەی بۆ دەکەن. لە ئاگربەستەکەدا ژمارەیەک مەرج لەلایەن هەردوولاوە دانرابوو، یەکێک لەوانە بەردانی 20 بۆ 33 بارمتەی ئیسرائیلی کە لەلای حەماس دەستبەسەرن بەرامبەر ژمارەیەک زیندانیی فەڵەستینی کە لەلای دەوڵەتی ئیسرائیلن. دوای ئەوەی ئیسرائیل ئاگربەست پەسەند دەکات، چەند هەفتەیەک تێدەپەڕێت تاوەکو تەواوی ئاڵووگۆڕەکان دەکرێن. سەرچاوە ئەمریکییەکان دەڵێن، قایلکردنی حەماس بە ئاگربەست دوای رۆژێکی دوورودرێژ لە گفتووگۆی نێوان ویلیام بەرنس، بەڕێوبەری دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکا و شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئەل سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر هاتووەتە بەرهەم. ئێستا رەشنووسی ئاگربەستەکە لەبەردەست بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە و پێداچوونەوەی بۆ دەکات. ماتیو میڵەر دەڵێت، ئەمریکاش بە هەمان شێوە بە وەڵامەکە حەماسدا دەچێتەوە و لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکە گفتووگۆی دەکات. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، فەڵەستینییەکانی غەززە دەستیان بە ئاگەنگگێڕان لە شەقامەکانی تەواوی کەرتی غەززە کردووە. ئاگربەستەکەی حەماس و ئیسرائیل لە دوای شەڕێکی خوێناوی حەوت مانگە دێت کە لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا 34 هەزار و 735 فەڵەستینی لە شەڕەکەدا کوژراون، 78 هەزار و 108 کەسی دیکەش برینداربوون. نزیکەی 1 ملیۆن و 700 هەزار فەڵەستینیش ئاوارەی نێوخۆی کەرتی غەززە بوون کە 1 ملیۆن و 200 هەزار کەسیان تەنیا لە شاری رەفەحن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جارێکی دیکە سەردانی ئێرانی کرد بە مەبەستی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. ئەو بەرپرسە رۆژئاواییە لەم دواییانەدا هۆشداری دابوو کە ئێران ئێستا دەتوانێت "چەند چەکێکی ئەتۆمی" دروستبکات. رۆژی دووشەممە 6-5-2024، رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە تاران و ئەمڕۆ لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە. گرۆسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، لە سەردانەکەیدا داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات پابەندی "ئەو رێنماییە کۆنکرێتییانە بن" کە ساڵی رابردوو لەگەڵ ئاژانسەکەی لەسەری رێککەوتوون. لە 2023دا ئاژانسەکە و ئێران لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە تایبەت بوو بە رێگەدانی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە لەلایەن ئێرانەوە بۆ پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان، بەڵام ئێستا ئێران پێشێلی ئەو خاڵانەی کردووە. پێش گەڕانەوەی بۆ ڤیەننا بڕیارە سبەینێ سێشەممە، گرۆسی سەردانی ئەسفەهان بکات و بەشداری لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئەتۆم بکات. کێشەکانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئێران لە 2018ـەوە سەری هەڵدا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاکلایەنانە ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی هێنایە دەرەوە. لە دوای ئەوەوە ئێران تەواوی سنوورەکانی پەیوەست بە رێککەوتنەکەی شکاندووە و پوختی یۆرانیۆمەکەی گەیاندووەتە نزیک 90٪ کە رێژەی پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. ترسی ئاژانسە ئەتۆمییەکە لە بەرەوپێشچوونی زیاتری پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە چەکی ئەتۆمەوە دوای کێشەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیلی نەیاری سەریهەڵداوەتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل ژمارەیەک بنکەی سەربازیی ئەسفەهانی مووشەکبارانکرد و وا بڵاوبوویەوە کە بنکەی ئەتۆمی بوون.