باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل: شەوی ڕابردوو پێنج جار خۆم حەشاردا

23 كاتژمێر لەمەوپێش



 

باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوێکی سەختیان بەڕێ کردووە و لەو ماوەیەدا پێنج جار چووتە نێو پەناگە.

مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند، بەهۆی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، شەوی ڕابردوو (13-06-2025) زۆر سەخت بووە بۆیان و چاوەڕێ ناکرێت، ئەمڕۆ شەممەش، 14-06-2025، ئارامتر ببێت. 

باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی پۆستەکەیدا باسی لەوە کردووە، شەوی ڕابردوو ناچار بووە بەهۆی مووشەکەکانی ئێران، پێنج جار بچێتە نێو پەناگەکاندا. گوتیشی: داوام لە گەلی ئیسرائیل کردووە، لە نێو پەناگەکاندا بمێننەوە. 

لەلایەکی دیکەوە کەناڵی 'سی ئێن ئێن'ـی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە بڵاوی کردەوە، لە کاتی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری، لە بارەگایەکی سەربازیی ژێرزەویدا بوون و هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی دوای هێرشەکان کردووە.

هێرشەکەی ئیسرائیل و وەڵامدانەوەکەی ئێران

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 13-06-2025، گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ گەیشتنە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدار، کاتێک ئیسرائیل بە زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" چەندان هێرشی ئاسمانی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانجی ستراتیجی لەنێو خاکی ئێراندا.

ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا بنکە ئەتۆمییەکانی، نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهانی کردە ئامانج و بە گوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، زیان بەو بنکە ئەتۆمییانە گەیشتووە. بە پێی میدیای  ئێرانی، لە هێرشەکاندا شەش زانای ئەتۆمیی ئێرانی کوژراون. 

هەر بەپێی میدیای ئێران، لەو هێرشە ئاسمانییەدا، ئیسرائیل ژمارەیەک لە باڵاترین فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی کوشتووە، لەنێویاندا محەممەد باقری، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکان و حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران. هەروەها فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانیش لەنێو کوژراوەکاندایە.

 باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا 78 کەس کوژراون و 320ی دیکە بریندار بوون.

چەند کاتژمێر دوای هێرشەکانی ئیسرائیل، سوپای پاسداران لە ڕێگەی شەش زنجیرە هێرشی مووشەکی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"، دەیان شوێنی لە ئیسرائیل کردە ئامانج، لەنێویاندا شاری تەلئەڤیڤ.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار