شاندی ئیمراڵی پەیامی ئۆجالانیان بڵاوکردەوە، بفەرموون لە دەزگای میدیایی هاوڵاتییەوە گوێبیستی دەقی پەیامەکە بن: بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی پارتی؛ لە سەدەی بیستەم دامەزراوە، توندوتیژترین سەدەی مێژووە. ئەو ژینگەیەی کە پەکەکە تێیدا دروست بوو، ژینگەی دوو شەڕی جیهانی، سۆسیالیزمی ڕاستەقینە و سەردەمی شەڕی سارد بوو لە جیهاندا. لەو چوارچێوەیەدا نکۆڵیکردن لە واقیعی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی بیرکردنەوە ڕوویدا. واقیعی سیستەمی سۆسیالیستی واقیعی سەدە کاریگەری لەسەر ئەم پێکهاتە هەبووە لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە. لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە هۆی هۆکاری ناوخۆیی و داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی و تێکچوونی نکۆڵی لە ناسنامە لە وڵاتدا و پێشهاتەکانی ئازادیی بیرکردنەوە بووە هۆی ئەوەی پارتی مانای خۆی لەدەست بدات و زیاتر خۆبەدەستەوەدەر بێت. بۆیە وەک ئەوانی تر گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی و پێویستی بە کۆتاییهێنانە. پەیوەندی کورد و تورکیا؛ بەدرێژایی زیاتر لە هەزار ساڵ لەمێژوودا، تورک و کورد هەمیشە بەپێویستیان زانیوە خۆبەخشانە لە هاوپەیمانییەکدا بمێننەوە بۆ ئەوەی بوونی خۆیان بپارێزن و دژی زلهێزە هەژموونییەکان بوەستنەوە. دوو سەدەی ڕابردووی مۆدێرنیتی سەرمایەداری ئامانجی شکاندنی ئەم هاوپەیمانییە بووە. ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر بووە، لەگەڵ بناغە چینییەکانیان، ئەمەیان وەک بنەمایەک وەرگرتووە. ئەم پرۆسەیە بەهۆی لێکدانەوە یەکسانەکانی کۆمارەوە خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییە کە ئەمڕۆ تێکچووە، بە گیانی برایەتی و یەکڕیزی، بەبێ ئەوەی بیروباوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین. پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی حاشا هەڵنەگرە. پەکەکە درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی یاخیگەر و توندوتیژانە لە مێژووی کۆماردا. چونکە ڕێگای سیاسەتی دیموکراسی داخرا، پارتی بەهێزتر بوو و پشتیوانی پەیدا کرد. دەوڵەتە نەتەوەیی و فیدراسیۆنە جیاکراوەکان، ئۆتۆنۆمی ئیداری و چارەسەری کولتووری کە دەرئەنجامی پێویستی ناسیۆنالیزمی توندڕەون، ناتوانن وەڵامی کۆمەڵناسی کۆمەڵگەی مێژوویی بن. ڕێزگرتن لە شوناسەکان، ئازادی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراسی و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان تەنیا بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و فەزای سیاسی مومکین دەبێت. سەدەی دووەمی کۆمار تەنیا کاتێک دەتوانێت یەکگرتوویی و بەردەوامی هەمیشەیی هەبێت کە تاجی دیموکراسی لەسەر بێت. هیچ ڕێگەیەکی تر نییە بۆ گەڕان بەدوای سیستەمەکان و جێبەجێکردنیان جگە لە ڕێگەی دیموکراسی و ناکرێ. کۆدەنگی دیموکراتی میتۆدی بنەڕەتییە. زمانی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیش بەگوێرەی ئەم واقیعە پەرەی پێبدرێت. ئەو بانگەوازەی بەڕێز دەولەت باخچەلی کردوویەتی، ئەو ئیرادەیەی جەنابی سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و ڕێبازە ئەرێنییەکانی لایەنەکانی دیکە ئەم پرۆسەیەیان خوڵقاندووە و منیش داوای داماڵینی چەک لەم پرۆسەیەدا دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە لە ئەستۆ دەگرم. هەروەک چۆن هەموو کۆمەڵگا و حیزبێکی هاوچەرخ کە بوونیان بە زۆر کۆتایی پێنەهاتووە، ئێوەش خۆبەخشانە کۆنگرەی خۆتان بانگ دەکەن و بڕیار دەدەن؛ پێویستە هەموو گروپەکان چەکەکانیان دابنێن و پارتی هەڵبوەشێتەوە. سڵاوی خۆم بۆ هەموو ئەو کەسانە دەنێرم کە باوەڕیان بە پێکەوە ژیان هەیە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن. ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥ عەبدوڵڵا ئۆجالان”
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا پێگەیشت بۆ ئەوەی لە مانگی ئایاری داهاتوو سەردانی ڕووسیا بکات. ئەمڕۆ چوارشەممە (26ی شوباتی 2025)، لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوەخراوەتەڕوو سودانی پێشوازی کردووە لە سێرگی تسیڤلێڤ وەزیری وزەی ڕووسیا، لەکۆبونەویەکدا تیایدا باسیان لە بوارەکانی هاوکاری هاوبەش کرد، بەتایبەتی لە بواری وزە و کەرتی نەوت. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا ئەوەش ئاشکراکراوە سودانی "بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە وەزیری ڕوسیا وەرگرتووە کە لەلایەن ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیاوە بۆى نێردراوە بۆ ئەوەى بەشداری بکات لە ئاهەنگەکانی هەشتاهەمین ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر نازیزیەکاندا کە لە مانگی ئایاری داهاتوودا ئەو مەراسیمە بەڕێوەدەچێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو دیدارەدا جەختی لەوە کردەوە عێراق کار بۆ فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ لایەنی ڕووسی لە چەند بوارێکدا، و پەرەپێدانی هاوبەشی و شارەزایی لە بواری زیرەکی دەستکرد کاردەکات. لای خۆیەوە، تسیڤیلێڤ ئەو پێشکەوتنانەی لە کۆبوونەوەکانی خولی دەیەمی لیژنەی باڵای عێراق و ڕووسیا، کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، کە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات، و ئەو یاداشتانەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی لە بوارەکانی گواستنەوەی دەریایی، تەندروستی، و کەرتی نەوت، هەروەها لەسەر ئاستی ژوورە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دووپاتکردەوە، ئاماژەی بە خواستی حکومەتی وڵاتەکەی کرد بۆ هاوبەشی زیاتر دوو وڵات لە بوارە جیاوازەکانی بەرژەوەندی هاوبەشدا.
هاوڵاتى وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێککەوتووە ئەو وڵاتە لەڕووی وزەوە سەربەخۆ بێت و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لەڕێگەی هێڵی بۆری عێراق و تورکیاوە بەخێرایی دەستپێبکاتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وردەکاری نوێی سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبووی راگەیاند. تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا وتی: رۆبیۆ لەگەڵ سودانی کۆمەڵێک بابەتی تاوتوێ کردووە، لەوانە، کاریگەری ئێران لە ناوچەکە، پێویستی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزەو وەبەرهێنانە بازرگانییەکانی ئەمریکا. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پێویستی سەربەخۆیی عێراق لەبواری وزەو دەستپێکردنەوەی کارپێکردنی هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بەخێرایی و، پابەندبون بە مەرجەکانی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراق کاردەکەن بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر. وەزیری دەرەوە جەختیکردەوە کە گرنگە سووریا نەبێتە پێگەیەک بۆ تیرۆر و هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، لەم بوارەشدا سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە جەختیان لە بەردەوامی ڕاوێژ لەبارەی دۆسییەکانی ناوچەکە و بەهێزکردنی هاوبەشی ئەمنی لەنێوان عێراق و ئەمریکا کردەوە. بەیاننامەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە كاتێكدایە، پێشتر نوسینگەی راگەیاندنی سودانی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفونییەی رۆبیۆو سودانی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، گفتوگۆ لە بوارەكانی هەماهەنگی نێوان عێراق و ئیدارەی نوێی ئەمریكاو چوارچێوەی هاوكاری كراوە، لەسەر بنەمای رێككەوتنە دوو قۆڵیەكان. هاوكات ئەو پێشكەوتنانە خراوەتەڕوو كە لە كاری هاوبەش لە بوارە جیاوازەكان بە ئەنجام گەیشتووە، رێككەوتون لەسەر چڕكردنەوەی پەیوەندیەكان و قۆڵكردنەوەی هاریكاری نێوانیان، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ كام لەو زانیارییانە بكات كە لە بەیاننامەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە. ئەمریکا بڕیاریداوە سزای توند بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و هەناردەی نەوتەکەی بۆ سفر بەرمیل دابەزێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت عێراق بە خێرایی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی نەوتی ئێران دەستپێبکاتەوە، تا ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا بکات.
هاوڵاتى وەزیری ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سێهەمین ڕۆژی کۆنفرانسی گەورەی پارێزگارانی ئەمەریکا (CPAC) ڕایگەیاند "دووبارە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئایەتوڵا دەسەڵاتدارەکانی ئێران دەخاتە سەر ئەژنۆیان. داگ بورگێم وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا لەبەشێکى ترى لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکەیدا، ڕایگەیاند حکومەتی ئێران سەدان ملیار دۆلار داهاتی لە فرۆشتنی نەوت بەدەستهێناوە کە دانۆڵد ترامپ دەیەوێت ئەو کارە بوەستێنێت. وەزیری ناوبراو، ئەوەشى خستەڕوو ترامپ بە گەڕاندنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" وەک لە خولی یەکەمی خۆیدا کردی، ئایەتو دەسەڵاتدارەکانی ئێران دەخاتە سەر ئەژنۆی خۆیان. ئاماژەی کورتی داگ بۆرگێم بە ئێران لە کاتێکدایە کە بەرنامە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە دەستێوەردانگەرییەکانی حکوومەتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێک بووە لە گرینگترین وتارەکانی چەندین بەرپرس و کەسایەتییەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمارییەکان. مارک واڵاس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی "یەکگرتوویی دژی ئێرانی ئەتۆمی" ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136 ڕووی ڕاستەقینەی سەرکوت و سروشتی ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئێرانە. واڵاس لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136 ئامێرێکی کوشتنی ترسناکە کە نەوەک تەنها دژی ئۆکرانیا، بەڵکو لە دژی ئیسرائیل، ئەمەریکا، حکومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها کەشتیوانی لە دەریای سوور و بابولمەندەب بەکارهاتووە و سێ سەربازی ئەمەریکایی لە هێرشێکی ئەو فڕۆکەبێفڕۆکەوانانەدا کوژراون. کۆبوونەوەی کۆمارییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستیپێکردووە و تا ڕۆژی شەممە، 22ی مانگی دوو بەردەوام دەبێت. لە ئیدارەی یەکەمیدا، ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری بەرامبەر ئێران پەیڕەوکرد، بەڵام ئیدارەی بایدن لەو باوەڕەدا بوو، سیاسەتەکە شکستخواردووە، بۆیە دوای کەمتر لە مانگێک لە دەستبەکاربوونی لە 2021، هەڵیوەشاندەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "من بەڕاستیی دەمەوێت ئاشتی ببینم و هیواداریشم بتوانین بەوە بگەین. بابەتەکەش سادەیە. ئەوان نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت و ئەگەر من گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە ئەوان دەبنە خاوەن چەکی ئەتۆمی، زۆر خراپ دەبێت بۆیان".
ئەڵمانییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەندامانى پەرلەمانی فیدراڵیی، ڕاپرسییەکان باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەنجامەکەی ڕاوێژکاری نوێ و هاوپەیمانییەکی نوێی حوکمڕانی بێت. هاوڵاتیانى ئەڵمانیا بەدەنگەکانیان بڕیار لەسەر حکومەتی داهاتوویان دەدەن هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازو کاریگەرە لەسەر ئاراستەی سیاسەتی ئەڵمانیا و ئەوروپا لە داهاتوودا. لەم هەڵبژاردنەدا 60 ملیۆن کەس مافی بەشداریکردنیان هەیە، 736 ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا ناسراو بە "بوندستاگ" هەڵدەبژێرن، 45 پارت رکابەری دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەربەستی 5٪ تێپەڕێنن و نوێنەرایەتییان لە پەرلەماندا هەبێت، لە خولی بیستەمینی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا، حەوت پارت نوێنەریان هەیە کە گرنگترینیان ئەمانەن سۆشیاڵ دیموکرات، پارتی دیموکراتی ئازاد، پارتی سەوز، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا، پارتی دیموکراتی کریستیان. چوار کاندیدی دیار کێبڕکێ لەسەر پۆستی ڕاوێژکار دەکەن، ئەوانیش ئۆڵاف شۆڵتز، لە پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD)، فرێدریش مێرتز سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا، ڕۆبەرت هابێک لە پارتى سەوز، ئالیس ڤایدل، سەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا. ئەوەى ڕوونە لەم هەڵبژاردنەدا، هیچ پارتێک ناتوانێت حوکمڕانی بکات بەبێ پێکهێنانی هاوپەیمانی و ئەوەش چەند هەفتەیەک دەخایەنێت. بەگوێرەی نوێترین راپرسی؛ پێشبینی کراوە بۆ هەڵبژاردنەکانی 23ی شوبات پارتی کریستیان دیموکرات CDU-ی پارێزگار 30%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، هەرچی پارتی راستڕۆی دژە کۆچبەری تووندڕۆیە پێشبینی کراوە ببنە هێزی دووەم و 20%ی دەنگەکان بەدەستبهێنن. بوژانەوەی ئابووری یەکێک بووە لە دوو بابەتی گەورەی هەڵمەتەکە؛ ئەوی دیکەیان کۆچ و ئاسایش بووە، کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤ەوە بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی کوشندەیەوە خراوەتە سەر سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا. کۆچبەری جێگەی سەرنجی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە بووە، نیگەرانییەکان بەشێکی بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی باڵاوە پەرەی سەندووە کە گوایە لەلایەن پەناخوازان یان کۆچبەرانەوە ئەنجامدراون. بە پێی ئامارێکی فەرمیی ئەڵمانیا لە 2015وە زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە سووریا، عێراق و ئەفغانستان داوای مافی پەناخوازییان کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ، دەڵێت ئەمەریکا بەرەو چارەسەرێکی " دادپەروەرانە و بەردەوام " کاردەکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بەڵام مۆسکۆ و کیێڤ دەبێت لە پێناو خستنەوەی ئاشتیدا سازش بۆ یەکتر بکەن. لێدوانەکەی ڕوبیۆ دوای ئەوە هات ئەمڕۆ سێ شەممە خۆی و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکایی لە سعودیە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ و یاریدەدەرەکانیدا کۆبوونەوە، ئەمەش لە یەکەم هەوڵی دوو وڵاتەکەدا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە و باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا. ڕوبیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئامانجەکە کۆتایی هێنانە بەم ململانێیە بە شێوەیەک کە دادپەرەوەرانە و بەردەوام و قبووڵکراو بێت بۆ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان." بەڵام هیچ بەرپرسێکی ئۆکرانیایی و ئەوروپایی لە کۆبوونەوەکەدا نەبوون. ڕوبیۆ باوەڕی وایە کە مۆسکۆ ئامادەیە بۆ بەشداریکردن لە " پڕۆسەیەکی جددیدا " بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە، کە ڕووسیا سێ ساڵ لەمەوبەر دژی ئۆکرانیا دەستیپێکرد. دەیان هەزاران سەربازی ڕووسیایی و ئۆکرانیایی و هاووڵاتیانی سڤیلی ئۆکرانیایی لە جەنگەکەدا کوژراون، جەنگەکە خراپترین جەنگ بووە لە ئەوروپادا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا تامی بروس وتی ئەمەریکا و ڕووسیا ڕێککەوتوون لەسەر " دەستنیشانکردنی تیمی ئاست بەرز بۆ دەستپێکردن بە کارەکان لەسەر ڕێگەیەک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بە زووترین کات." وتیشی کۆبوونەوەکە " هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ پێشەوە " بەرەو ئاشتی. ڕوبیۆ وتی ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەوروپاش دەبێت بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکەن سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە جەنگەکە. وتی ئەگەر جەنگەکە ڕابگیرێت، ئەوا ئەمەریکا " دەرفەتی زۆر سەرسوڕهێنەری لەبەردەستدا دەبێت بۆ هاوبەشیکردن " لەگەڵ ڕووسیادا لەسەر بازرگانی و پرسە جیهانییەکانی دیکە. وتی " کلیلەکە بۆ کردنەوە کۆتایی هێنانە بەم ململانێیە." ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا مایک واڵتز و نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستیڤ ویتکۆفیش بەشداری گفتوگۆکانییان کرد. واڵتز وتی گفتوگۆکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە سەنگ دەخەنە سەر خاک و گرەنتیە ئاسایشییەکان بۆ ئۆکرانیا و بۆ ڕووسیاش. وتی " ئەمە پێویستە کۆتاییەکی هەمیشەیی بێت بۆ جەنگەکە نەک کۆتاییەکی کاتی بێت، وەکو چۆن لە ڕابردوودا بینیومانە." بروس وتی ڕوبیۆ و لاڤرۆڤ چوارچێوەیەکی کارییان داناوە بۆ گفتوگۆی زیاتریش، نەک تەنها گفتوگۆکانی کۆتایی هێنان بە جەنگەکە. وتی دوو لایەنەکە " میکانیزمێکی ڕاوێژکردن پێکدەهێنن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسانەدا کە کێشەیان بۆ پەیوەندییە دوو لایەنییەکە دروست کردووە، بە ئامانجی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئاساییکردنەوەی کارەکانی نێردە دیبلۆماتییەکانمان." گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا نیگەرانییان لە نێو سەرکردەکانی ئەوروپادا دروست کردووە کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا جەختییان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئۆکرانیا بەشدار بێت لە گفتوگۆکاندا سەبارەت بە داهاتووی خۆی، هەروەها دەبێت وڵاتانی ئەوروپاش بەشداربن و ڕۆڵێکیان هەبێت لە پێشهاتەکاندا لە پێناو ئاسایشی خۆیاندا. سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی دووشەممە میوانداری کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی ئەوروپای کرد لە پاریس و تاوتوێی زیادکردنی خەرجی بەرگریی و ئەگەری پێدانی گرەنتی ئاسایشییان کرد بە ئۆکرانیا. بەڵام لەسەر بیرۆکەی ڕەوانەکردنی هێزی ئاشتی پارێز بۆ ئۆکرانیا لە چوارچێوەی ئەگەری کۆتایی هاتنی جەنگەکەدا دابەشبوون هەبووە، وڵاتانی وەکو بەڕیتانیا و سوید کراوە بوون بە ڕووی ئەو بیرۆکەیەدا، بەڵام ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز وتی گفتوگۆکردن لەو بارەیەوە جارێ زووە.
هاوڵاتى وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، 47 پەناخوازی عیراقی کە داوای مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە، دیپۆرتى عێراق کراونەتەوە. ڕۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی لەژمارەى ئەمڕۆ دووشەمەدا، ڕاپۆرتێکى لەو بارەیەوە بلاویردۆتەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە گەشتێکی دیپۆرتکردنەوە بۆ عێراق دەستیپێکرد. لەناو کەشتییەکەدا کەسانێک هەن کە پێویستە لە کۆی گشتی یازدە ویلایەتی فیدراڵی وڵاتەکە بەجێبهێڵن. بەپێى ڕۆژنامەکە، 47 کەس لە یازدە ویلایەتی فیدراڵی ئەڵمانیاوە، لە فڕۆکەخانەی هانۆڤەرەوە دیپۆرتکرانەوە بۆ عێراق. ئەمەش لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە پشتڕاستکرایەوە، وەزارەتەکەهیچ وردەکارییەکی زیاتری نەخستەڕوو. ئەو هاووڵاتییانە لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئەڵمانیاوە و بە یاوەری هێزێکی زۆری پۆلیس بەرەو فڕۆکەخانەی شاری هانۆڤەر بردراون. لەوێوە کاتژمێر 09:30 خولەکی بەیانی بە فڕۆکەیەکی یەکێک لە هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان، کە تایبەتە بە دیپۆرتی پەنابەران، بەرەو عێراق نێردراونەتەوە. بەپێى ڕاپۆرتى ڕۆژنامەکانى ئەڵمانیا، لەناو ئەو کەسانەی کە دیپۆرتکراونەتەوە، کەسێکى ئێزیدی تەمەن ٣٠ ساڵ هەیە، وەک ئەنجومەنی پەنابەران بڵاویکردەوە، ئەو هاوڵاتیە بەشێک لە بنەماڵەکەی لە ساڵی 2014 لەلایەن تاقمی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کوژراون. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمڕۆ زۆرێک لە ئەندامانی خێزانەکە لە هانۆڤەر دەژین. یەکێک لە براکانی ئێستا ڕەگەزنامەی ئەڵمانی هەیە"، کۆمەڵەکە دەنووسێت. ئێستا خێزانەکە جارێکی دیکە بەهۆی دیپۆرتکردنەوەی ئەو گەنجە تەمەن ٣٠ ساڵە لەیەکتر دادەبڕێنەوە.
هاوڵاتى بۆ یەکەمجار لە دوای ڕووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا لە 8ـی کانوونی دووەمى رابردوو، ئەسما ئەسەد، هاوسەری سەرۆکی پێشووی سوریا، لە زنجیرە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس قسەی کرد. ئەکاونتە نوێیەکەی ئەسما ئەسەد لەلایەن کوڕەکەیەوە بەناوی حافز ئەسەد لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی تێلێگرام ئاشکراکراوە، کە پێشتریش گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی لەسەر شەقامێکی مۆسکۆ بڵاوکردەوە. ئەسەد جونیۆر نووسیویەتی: ئەکاونتی خاتوو ئەسما ئەسەد لە پلاتفۆرمی ئێکس پێتانڕادەگەیەنم ئەکاونتەکە دوور دەبێت لە سیاسەت و ئامانجی ئەوەیە ناوەڕۆکێک پێشکەش بکات، کە رەنگدانەوەی لایەنە جیاوازەکانی ژیان و چالاکییە مرۆییەکانی خۆیەتى. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو رووداوێک چیرۆکێکى هەیە، هەر قۆناغێکیش نهێنی خۆی هەیە، ئامانج لێی وروژاندنی مشتومڕ نییە، بەڵکو ئەوەیە چیرۆکەکە وەک خۆی بگێڕێتەوە دوور لە گرژی و تۆمەت. ئەوەی لە تاریکیدا بوو، کاتی ئەوە هاتووە وەک خۆی بگێڕدرێتەوە”. لاى خۆیشییەوە ئەسما ئەسەد نووسیویەتی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەمیشە بێدەنگ بووە سەبارەت بە پرسە سیاسییەکان و لە داهاتووشدا هیچ دەستوەردانێکی نابێت. ئەو روونیکردووەتەوە، دوای ماوەیەک بێدەنگی، کاتی ئەوە هاتووە سەرلەنوێ دەستپێبکەینەوە، هیوا و گۆڕانکارییەکان ناوەستن، بۆیە با پێکەوە دەست پێبکەین، جەختیشیکردەوە “سوریا بە هەموو جوانی و مێژووی دێرینەکەیەوە لە دڵماندا دەمێنێتەوە، هیوای سەلامەتی و سەرفرازی بۆ گەلەکەی دەخوازین و هیوادارین رۆژانی خۆش بگەڕێنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەموو ناخۆشییەکانى”. ئەسما ئەسەد جەختی لەوەش کردووەتەوە، “نیشتمان تەنها شوێنێک نییە، بەڵکو هەستێکە، کە لە دڵدا دەژی هەرچەندە دوور بین سوریا وەک جوانترین چیرۆک دەمێنێتەوە، فێرمان دەکات، دەمانگۆڕێت، دەرگایەکمان بۆ دەکاتەوە، کە هەرگیز بە خەیاڵماندا نەهاتووە. باسى لەوەش کردووە، هەر مرۆڤێک رێگای خۆی هەیە، هەندێک رێگاش هەرگیز هەڵبژاردەی خۆت نییە، قۆناغگەلێک لە ژیاندا هەن، کە ناسرێنەوە.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە سعودیە پێش دانوستانە چاوەڕوانکراوەکان لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە شەڕی نزیکەی سێ ساڵەی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا. دانوستانەکان دوای ئەوە دێت کە هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا کرد و فەرمانی بە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کرد کە دانوستانەکان لەسەر شەڕەکە دەستپێبکەن، کە چەندین جار سوێندی خواردبوو لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کۆتایی پێبهێنێت. ئاژانسى ڕۆیتەرز دەڵێت بەپێی زانیارییەکان بڕیارە ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەی بەرپرسانی ترەمپ لەگەڵ ڕووسەکان ئەنجام بدرێت، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکاش دەڵێت هەفتە و ڕۆژەکانی داهاتوو دیاری دەکەن کە ئایا پوتین جدییە لە ئاشتی یان نا. حکومەتى ڕیاز کە هاوکات بەشدارە لە گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە داهاتووی کەرتی غەززە، ڕۆڵی هەبووە لە پەیوەندییە پێشوەختەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ کە لە ٢٠ی مانگى یەکى ڕابردوو،دەستبەکاربووە و مۆسکۆ، هاوکار بووە بۆ دەستەبەرکردنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە هەفتەی ڕابردوودا. ڕوبیۆ، دیپلۆماتکاری باڵای ئەمریکا، کە ڕۆژی شەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی هاوتا ڕووسیەکەی قسەی کردووە، شانبەشانی مایک والتز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەرلەمانتاری ئەمریکا و سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە سعودیە چاوی بە بەرپرسانی ڕووسیا دەکەوێت. یەکسەر دیار نەبوو لە ڕووسیاوە چاویان بە کێ دەکەوێت. ڕۆژنامەی کۆمێرسانتی ڕووسی بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەک کە ناوی نەهێنراوە، بڵاوی کردووەتەوە کە دانوستانەکان ڕۆژی سێشەممە لە ڕیازی پایتەختی سعودیە بەڕێوە دەچن. دانوستانەکان لە یەکەم گفتوگۆی ڕاستەوخۆی ئاستی باڵا دەبێت لە ساڵانی ڕابردوودا لە نێوان بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمریکا و مەبەست لێی پێش کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکەکانی ئەمریکا و ڕووسیایە. ڕوبیۆ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، هەفتە و ڕۆژەکانی داهاتوو دیاری دەکەن کە ئایا پوتین جدییە لە ئاشتی. هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ناوچەکەدایە. زێلێنسکی کە ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ڕایگەیاند کە بەنیازی سەردانی سعودیە و تورکیاش بکات، بەڵام هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ پلانێکی نییە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمریکا و پێناچێت ئۆکرانیا بانگهێشتی ئەو دانوستانانەی کە سعودیە میوانداری دەکات.
هاوڵاتى سەرۆکی ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، ڕایدەگەیەنێت لە کۆنفرانسەکەی پاریس لەسەر داهاتووی سوریا، نوێنەری کوردی ڕۆژئاڤا و باشور بەشدارنەبوون، بەڵام سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، وەک ئەوەی سەرۆککۆماری کوردستان مامەڵەیکرد و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد کرد. عادل باخەوان لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک، نوسینێکى بڵاوکردوەتەوەو تیایدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لە کۆنفرانسەکەی پاریس لەسەر داهاتووی سوریا، نوێنەری کوردی ڕۆژئاڤا و باشور بەشدارنەبوون، بەڵام کورد شانسی ئەوەی هەبوو کە کەسی یەکەمی کۆنفرانس، سەرۆک ماکرۆن، وەک ئەوەی سەرۆککۆماری کوردستانبێت مامەڵەیکرد و بەرگری لە مافەکانی گەلی کورد کرد و کردی بەمەرج بۆئەوەی یەکێتی ئەوروپا یەکەم سزاکان لەسەر سوریا هەڵبگرێت و دووەم مامەڵە لەگەڵ سوریا وەک پارتەنەری نوێ بکات. سەرۆکی ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، ئەوەش دەڵێت پاشان، لە پشت کامێراکانەوە دەستی وەزیری دەرەوەی سوریا دەگرێت و پێیی دەڵێت : ئێمە ئامادەین هەموو هاوکاریەکتان بکەین، بەڵام بەمەرجێک کە کورد ئەکتەری سەرەکی بیناکردنەوەی سوریابن. هەروەها دەڵێت: ئێمە هەرگیز ناتوانین هاوپەیمانەکانمان بەتەنها بەجێبێڵین، چونکە ئەوەی کورد بۆ ئێمەی کردوە، کەس بۆی نەکردوین. ڕۆژى پێنجشەممەى ڕابردوو 13ـی شوباتی 2025، لە پاریس کۆنفرانسێکی نێودەڵەتی لە بارەی داهاتووی سووریا و قۆناغی دوای رووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەدا هەریەک لە نوێنەرانی وڵاتانی (G7) کە پێکهاتوون لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، کەنەدا، بەریتانیا، ژاپۆن و ئەمەریکا لەگەڵ نوێنەرانی تورکیا، سووریا، سعوودیە، عێراق و لوبنان بەشدار بوون.
هاوڵاتى سەرۆک وەزیرانی حکومەتى ئیسڕائیل، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئیسڕائیل و ئەمەریکا سوورن لەسەر بەرپەرچدانەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ ئەتۆم و دوژمنکارییەکانی لە ناوچەکەدا. لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەکەی لە ئۆرشەلیم لەگەڵ مارکۆ، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل، وتی: گفتوگۆیەکی زۆر بە بەرهەممان کردووە لەسەر چەندین پرس، گرنگترینییان پرسی ئێران بوو. ئەو وتیشی: ئیسڕائیل و ئەمەریکا پێکەوە شان بە شانی یەکتر دژی مەترسی ئێران وەستاون، ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی کە ئایەتوڵاکان نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت و ڕێککەوتین لەسەرئەوەی دوژمنکارییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەبێت ڕابگیرێن." هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وتی: لە پشت هەر گروپێکی تیرۆریستییەوە، لە پشت هەر کارێکی توندوتیژییەوە، لە پشت هەر چالاکییەکی ناسەقامگیرکەرەوە، لە پشت هەر شتێکەوە کە مەترسی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری ملیۆنان کەس دروست بکات لەم ناوچەیەدا ئێرانە. نەتانیاهۆ ئەوەشى وت ئیسڕائیل "بە توندی لە ئێرانی داوە" لە ماوەی 16 مانگی جەنگەکەی ناو غەززەدا دژی حەماس، وتیشی بە پشتیوانی ترامپ "هیچ گومانێکم نیە لەسەر ئەوەی دەتوانین و کارەکە تەواو دەکەین." وتی ئیسڕائیل حزبوڵای لە باشووری لوبنان لاواز کرد و سەدان ئامانجی لە سوریا پێکاوە لە هەوڵیدا بۆ ڕێگریکردن لە کردنەوەی بەرەیەک لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانەوە دژی ئیسڕائیل. لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانى حکومەتى ئیسرائیل، ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، ئێستا، ئەگەر هەر هێزێکی دیکە باوەڕی وابێت کە ئیسڕائیل ڕێگە بە هێزی دوژمنکاری دیکە دەدات سوریا وەکو بنکەیەک بۆ ئۆپەراسیۆن دژمان بەکاربهێنێت ئەوا زۆر هەڵەن.
ڕۆژنامەنووسێکى مۆسکۆ ئاشکرای دەکات، سەرچاوەکانی لە دەزگا ئەمنییەکانی ڕووسیا دەڵێن "بەشیکى زۆرى کارمەندو ئەفسەرەکانى دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ئەرکی پاراستنی ئەسەدو بنەماڵەکەیان لەڕووسیا پێسپێردراوە، چونکە ڕووسەکان ئاسایشی ئەسەد و ئەندامانی بنەماڵەکەیان زۆر بە جددی وەردەگرتووەو دەیانەوێت بیانپارێزن. ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنووسێکی مۆسکۆ کە ڕۆژنامەی "ئیسرائیل تودەی" بڵاویکردووەتەوە، وردەکارییەکانی ئەو ژیانەی ئاشکرا کردووە کە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریای لەکارلابردو لە ڕووسیا تێیدا دەژی. ئەو ڕۆژنامەنووسە کە بە مەرجی ئەوەی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بەدواداچوون بۆ ژیانی نوێی ئەسەد دەکات لە پایتەختی ڕووسیا، وتی: “ئەسەد نەک هەر توانی هەڵبێت و ڕزگاری بێت بەهۆی فەرمانی ئاشکرای ڤلادیمێر پوتین بۆ دوورخستنەوەی لە ناوەندی ڕووخانی ڕژێمەکەی، بەڵکو هەموو ئەو شتانەی لەگەڵ خۆی هێنا کە پێویستی بوو بۆ ژیانێکی ئاسوودە و بێخەم و پارەیەکی زۆرى هێناوە”. بە وتەی ئەو ڕۆژنامەنووسە کە دانیشتووی مۆسکۆیە، بنەماڵەی ئەسەد لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لانیکەم ١٩ شوقەی جیاوازیان لە سەرانسەری شارەکەدا هەبووە. ئەو ڕۆژنامەنوسە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە ڕەنگە بەدیارکراوى نەزانرێت کێ هەڕەشە لە ئەسەد دەکات لە مۆسکۆ کە هەزاران کیلۆمەتر لە سوریاوە دوورە؟ ئەو دەڵێت: “بەڵام لەبیرت نەچێت کە هاوڵاتیانی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست کە سەردەمانێک بەشێک بوون لە یەکێتی سۆڤیەت – بۆ نموونە ئۆزبەکستان و تاجیکییەکان – دەتوانن بەبێ ڤیزا بچنە ناو ڕووسیا، و لەوانەیە بێنە مۆسکۆ و بەدوای تۆڵەسەندنەوە لەو کەسانە بگەڕێن کە هەڤاڵەکانیان کوشتووە. ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ئەرکی پاراستنی ئەسەدی پێسپێردراوە، ڕووسەکان ئاسایشی ئەسەد و ئەندامانی بنەماڵەکەی زۆر بە جددی وەردەگرن. ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشبینی کردووە کە "ئەسەد" بچێتە ناو بواری بازرگانییەوە، ئەگەر بە شێوەیەکی شەخسی نەبێت ئەوا لە ڕێگەی کوڕەکانییەوە ئەو کارەدەکات. میدیاکانی ڕووسیا ڕووماڵی چالاکییەکانی بنەماڵەی ئەسەد لە مۆسکۆ ناکەن، ڕۆژنامەنووسانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە "ئەمە بابەتێکی قەدەغەکراوە بۆ ڕووماڵکردن". ڕوونیشیکردەوە، هیچ ڕۆژنامەنووسێک ناوێرێت قەدەغەکردنەکە پێشێل بکات و بە ئاشکرا ڕاپۆرتێک بدات کە ئەم خێزانە لە کوێ دەژین و چی دەکەن و ژیانی ڕۆژانەیان چۆنە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنی ئەسما ئەسەد خراپتر بووە، ئێستاش لە دامەزراوەیەکی پزیشکی بەناوبانگی مۆسکۆ لە دابڕانێکی تەواودایە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە. جگە لەوەش جێگەی پرسیارە کە ئایا ئەسەد خۆی لەگەڵ پێگەی نوێی خۆیدا گونجاندووە وەک دەربەدەرێکی دەوڵەمەند کە ڕۆژەکانی بە ئاهەنگگێڕان بەسەر دەبات. لە کۆتاییدا، بە دڵی بێت یان نا، نیگەرانییەکانی ئاسایشی کەسی بەدوایدا دەڕۆن بۆ پایتەختی ڕووسیا، بەپێی هەمان ڕاپۆرت. ئەو ڕۆژنامەنوسە دەڵێت: لە ڕاستیدا سەرۆکی ڕووسیا حەز ناکات لەگەڵ کەسێک دەربکەوێت کە کۆنترۆڵی وڵاتەکەی لەدەستداوە و وێنەی دۆڕاوێکی بەدەستهێناوە. بەشار پێویستی بە لەبیرکردنی سیاسەت و کۆبوونەوەی لوتکە لەگەڵ سەرکردەکان دەبێت، بەڵام مۆسکۆ یاریزانی بەهێزی کەم نییە کە بە خۆشحاڵییەوە هاوکاری بازرگانی لەگەڵدا بکەن و ئەو پارەیەی لە خەزێنەی سوریا هێناویەتی قسەیەکی زۆر دەکات.
هاوڵاتى دوای بڕیاری ڕاگرتنی لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی بایدن، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، گەیشتنی باری بۆمبی قورسی ڕاگەیاند کە لەلایەن ئیدارەی ئێستای ئەمریکاوە ئازادکرابوون. نزیکەى مانگێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ، ڕایگەیاند فەرمانی بە سوپای ئەمەریکا کردووە بۆمبە 2000 پاوەندییەکان بدەن بە ئیسڕائیل دوائ ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆ بایدن ناردنی ئەو جۆرە بۆمبەی بۆ ئیسڕائیل ڕاگرتبوو. ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بە بۆمبەکانی ئێم کەی (مارک) ٨٤ کە بەم دواییە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە فەرمانی پێکرابوو، ڕایگەیاندووە، بارێکی بۆمبی ئاسمانی قورس کە بەم دواییە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە نێردراوە، ئەمشەو گەیشتوەتە ئیسرائیل. ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل سوپاسی ئیدارەی ترەمپی کرد و ڕایگەیاند، ناردنی بۆمبی قورس کە شەوی شەممە گەیشتە ئیسرائیل، زیادکردنێکی گرنگە بۆ هێزی ئاسمانی و سوپای ئیسرائیل. کاتز وتی: ئەمە زیادکردنێکی گرنگە بۆ هێزی ئاسمانی نێودەوڵەتی و هێزی ئاسمانی، سوپاسی سەرۆک ترامپ و ئیدارەی ئەمریکا دەکەم بۆ پاڵپشتییە چەسپاوەکانیان بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل. باری بۆمبی قورسی کەشتییەکە بریتی بوو لە بۆمبی ئێم کەی ٨٤ کە کێشی تەقینەوەی بە نیو تۆن مەزەندە دەکرێت و تیژڕەوی بەرکەوتنی ٣٦٥ مەتر دەبێت. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیل، زیاتر لە 76 هەزار تۆن کەرەستەی سەربازی بە 678 فڕین و 129 باری دەریای گەیشتوونەتە ئیسرائیل، ئەمەش بە گەورەترین باری ئاسمانی و دەریای دادەنرێت لە مێژووی ئیسرائیلدا. بۆمبێکی 2000 پاوەندی دەتوانێت کۆنکریت و کانزای ئەستوور ببڕێت و نیوەتیرەی تەقینەوەیەکی بەرفراوان دروستبکات. ڕۆیتەرز ساڵی ڕابردوو بڵاویکردەوە کە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن هەزاران بۆمبی 2000 پاوەندی بۆ ئیسڕائیل ناردووە دوای هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل. بەڵام یەکێک لە بارەکانی بۆ ئیسڕائیل ڕاگرتووە. لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە ئەمەریکا بە بەهای ملیاران دۆلار یارمەتی بۆ ئیسڕائیل ڕاگەیاندووە. کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی بۆچی ئەو بۆمبانەی داوە بە ئیسڕائیل، رامپ وتی " لەبەرئەوەی کڕیویانە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت سەردانەکەی ڕوبیۆ سعودیە و ئیمارات دەگرێتەوە، ناتانیاهۆ ئاشکرای دەکات بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەک بۆ ئاستی سیاسی و ئەمنی ئەنجام دەدرێت بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوی داهاتوو لە غەززە. درەنگانێکى شەوى ڕابروو، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە یەکەم سەردانیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای دەستبەکاربوونیەوە گەیشتە تەلئەبیب، بڕیارە دواتر سەردانى هەریەکە لەوڵاتانى سعوودیە و ئیماراتیش بکات. هەروەها بڕیارە ئەمرۆ یەکشەممە ڕوبیۆ گەشت بۆ قودس بکات، پێش ئەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل گفتوگۆ بکات. لە گفتوگۆکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا داهاتووی کەرتی غەززە دەبێت، هەروەها پلانی دۆناڵد ترەمپ لەو بارەوە. ڕوبیۆ پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندبوو کە پلانەکەی ترەمپ تاکە پلانە کە لە ئێستادا بەردەستە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن ئامادەیە گفتوگۆ بکات لەبارەى پێشنیارەکانی وڵاتانى عەرەبى سەبارەت بە غەززە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هەر پلانێک کە حەماس لە غەززە بەجێبهێڵێت کێشەیەک دەبێت، چونکە ئیسرائیل تەحەمول بەو شتە ناکات، بەپێی دەربڕینەکەی. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە هەر پلانێکی عەرەبی بۆ غەززە کرد کە "باشتر" بێت لە پێشنیازی ترەمپ. وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا وتیشى: هەموو ئەم وڵاتانە دەڵێن گرنگی بە فەلەستینییەکان دەدەن، بەڵام هیچیان نایانەوێت هیچ فەلەستینییەک ببەن، هەروەها هیچ کامیان مێژوویەکیان نییە کە هیچ کارێکیان بۆ غەززە کردووە لەم ڕووەوە.
ئەمشەو، سێرگی لاڤرۆڤ و مارکۆ روبیۆ، وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئەمریکا بەتەلەفۆن قسەیان کردووە و ئامادەکارى دەکەن بۆ کۆبونەوەى پوتین و ترەمپ، هاوکات هەردوولا ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی هاوبەش دووپاتکردووەتەوە. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، بەدەستپێشخەرى واشنتن، ئەمشەو مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیەکى تەلەفۆنى لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤى هاوتا ڕووسیەکەى ئەنجامداوە. لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا، هەردوو وەزیى ناوبراو، ویستی خۆیان بۆ کارکردن لەسەر پرسە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە "کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، دۆخی فەلەستین و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و پرسە ناوچەییەکانی دیکەش پیشانداوە." "سێرگی لاڤرۆڤ و مارکۆ ڕوبیۆ ئامادەیی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ کارکردن پێکەوە بۆ گەڕاندنەوەی گفتوگۆی نێوان وڵاتەکانیان کە ڕێز لە یەکتر دەگرن بەگوێرەی ئەو هەنگاوانەى کە سەرۆکەکان دانیا دەنێن. ترەمپ و پوتین ڕۆژی چوارشەممەى ڕابردوو زیاتر لە کاتژمێرێک قسەیان کردوە، ئەمەش یەکەم پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان سەرۆکەکانی ئەمریکا و ڕووسیایە کە پوتین پەیوەندییەکی لەگەڵ جۆ بایدن هەبووە، ماوەیەکی کەم پێش ئەوەی لە شوباتی ٢٠٢٢دا فەرمانی بە دەیان هەزار سەرباز بدات بۆ ناو ئۆکرانیا. رۆژی 12-02-2025 دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی (ترووس سۆشیال) رایگەیاند: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدار و درێژم لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتین کرد." بەوتەی ترەمپ، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، هەردوو سەرۆکەکە باسیان لە ئۆکراینا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وزە، هێزی دۆلار، ژیریی دەستکرد و چەندین بابەتی دیکە کردووە. ترەمپ وتی: "[لەگەڵ پووتین] رێککەوتین گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس لە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بوەستێنین و زۆر لە نزیکەوە پێکەوە کاربکەین. هەروەها رێککەوتین سەردانی وڵاتی یەکدی بکەین."