پوتین: ئامادەین سێ هەزار تەرم رادەستی ئۆکراین بکەینەوە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕووسیا ئامادەیە بۆ قۆناغێکى نوێ دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا، کە شوێن و وادەی دانوستانەکانیش هێشتا ڕێککەوتنی لەسەر نەکراوە
ئەمڕۆ هەینی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی لوتکەی ناوچەیی لە شاری مینسکی پایتەختی بیلاروسیا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا وتى: سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەربڕم بۆ ڕۆڵی لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەردوولا لە ئەستەنبوڵ کە جێبەجێکراوە.
پوتین ڕوونیشیکردەوە کە بەڕووی "پەیوەندی و کۆبوونەوەکانەوە کراوەیە، لەنێویاندا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا"، جەختیشی کردەوە کە "رێزێکی زۆری بۆ ترەمپ هەیە"، هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکاشی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا بە "دڵسۆزی" وەسفکرد.
لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا پوتین ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی "سێ هەزار تەرمی دیکەی سەربازى کوژراو ڕادەستی ئۆکرانیا بکاتەوە، جگە لەو شەش هەزار تەرمەى کە پێشتر ڕادەستکراون".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، پوتین هۆشداریدا لەوەی "زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان نابێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاسایشی ڕۆژئاوا بەڵکو ئاستی ژیان دادەبەزێت".
سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوەدا کە ڕووسیا پلانی هەیە خەرجییەکانی چەک کەم بکاتەوە، هەروەها وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی گەشەپێدانی ئابووری لە ئێستادا کار بۆ ئەو ئامانجە دەکەن، پوتین وتى: دەمانەوێت لە داهاتوودا بودجەی بەرگری کەمبکەینەوە پێچەوانەی وڵاتانی رۆژئاوا.
سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ کیێڤ ئاشکرای کرد کە ئەو دوو یاداشتە کە بڕیارە دیدگای ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەخۆ بگرێت، پێشنیاری "تەواو دژبەیەک"ی تێدایە.
پوتین وتی: ئەوە شتێکی سەرسوڕهێنەر نییە. "ئەمە دوو یاداشتنامەی تەواو دژبەیەکن. بەڵام دانوستانەکان بە وردی بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان ئەنجام دەدرێن."
سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند کە "ڕووسیا و ئۆکرانیا پەیوەندی نێوانیان دەپارێزن دوای تەواوبوونی ئاڵوگۆڕی دیل و سەرباز".
