وەزیرێکى ئیسرائیل: جولەکەکان بەریتانیا و بەلجیکا بەجێبهێڵن

6 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆمەڵگە جولەکەکانی بەریتانیا و بەلجیکا کرد کە بەخێرایی ئەو دوو وڵاتەبەجێبهێڵن، چونکە وەک پێشتر نەماوەو ئیسلامیە توندڕەوەکان باڵا دەستن.
لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ چەند میدیایەکى وڵاتەکەى، ئەمیچای شێکلی، وەزیری کاروباری ڕەوەندی ئیسرائیل، جەختى لەسەر ئەوەکردەوە بارودۆخى سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورى لەناو گەلى بەریتانیاو بەلجیکادا بەرەو ئاستێکی نیگەرانی جددی تێکچووە.
ئەمیچای شێکلی، وتى: بەلجیکا و بەریتانیا تا ڕادەیەکی زۆر ئاستیان دابەزیون، بەرەو خوارەوە دێن، ئەگەر گۆڕانکارییەکی سیاسی دراماتیک ڕوونەدات، هەردوو وڵات ڕووبەڕووی "داگیرکاریى ئیسلامییەکان دەبنەوە".
بە بڕوای ئەو وەزیرە، پەرەسەندنی کاریگەریی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان، بارودۆخى ئەمنی و کولتووری ئەو کۆمەڵگایە ئەوروپیانەی خستۆتە مەترسییەوە و کۆمەڵگە جوولەکەکانیش بە لاوازی و بێ پارێزراو هێشتووەتەوە.
وەزیرەکەى ئیسرائیل بەشێکی زۆری تاوانەکانی خستە سەر ئەوەی کە بە شکستی سیاسەتە فرە کولتورییەکانی ئەوروپا وەسفی کرد. ئەو ڕایگەیاند: فرە کولتوری لە ئەوروپا شکستی هێناوە و لەبری پەروەردەکردنی گشتگیری و ڕێزگرتنی یەکتر، ئەم سیاسەتانە بوونەتە هۆی بەهێزکردنی ئایدۆلۆژیای توندڕەویی.
ئەو تا ئەو شوێنە ڕۆیشت کە بڵێت گەلانی وەک بەریتانیا ئێستا "لەلایەن ئیسلامییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و تەنها ملکەچن"، بەرەنگارییەکی کەمی پێشکەش بەو شتە کردووە کە ئەو وەک ڕەوتێکی مەترسیدار سەیری دەکات.
لێدوانەکانی ئەمیچای شێکلی پێشتر ڕەخنەی هەندێک ڕەوەندی جوولەکە و ڕێکخراوە جوولەکەکانی ئەوروپای لێکەوتەوە، دەڵێن ئەم جۆرە لێدوانانە دەتوانن ئاگرو بلێسەى تورەییەکان زیاتر دەکات، هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژە جوولەکە و بەرەوپێشبردنی یەکگرتن دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

