قەتەر: مافى خۆمانە وەڵامى هێرشەکەى ئیران بدەینەوە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر نامەیەکی ئاڕاستەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کرد سەبارەت بە هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەلعودەید.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 23-6-2025، ئێران بە ژمارەیەک مووشەک هێرشی کردە سەر بنکەی عەدید لە قەتەر، سوپای پاسداران هێرشەکەی پشتڕاستکردووەتەوە. هاوکات ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی ناوە "موژدەی سەرکەوتن".
قەتەر لەو پەیامەیدا ئیدانەی توندی هێرشە مووشەکییەکەى ئێران دەکات کە بنکەی ئاسمانی ئەلعودەیدی کردە ئامانج، دەشڵێت دەریخست کە ئەوەی ڕوویدا پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیە و مەترسی لەسەر ئاشتی ناوچەکە دروستکردووە.
هەر لەو نامەیەدا وەزارەتى دەرەوەى قەتەر هێرشەکە بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و ئاسمانی وڵاتەکەی زانی، قەتەر لە نامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە مافی خۆیەتی بەشێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ دەستدرێژی و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەڵام بداتەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، هێزەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی قەتەر، بە سەرکەوتوویی بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی بالیستیی ئێرانیان داوەتەوە کە کرابووە سەر بنکەی ئاسمانیی عەدید لە قەتەر.
سێنتکۆم رایگەیاند، بەهۆی وەڵامدانەوەی "پیشەگەرانە، خێرا و هاوئاهەنگ"ـی هێزەکانی ئەمریکا و قەتەر، هێرشە مووشەکییەکە لە رێگەی پاترییۆتی ئەمریکی و قەتەرییەوە تێکشکێنرا و هیچ زیانێکی گیانی بەر هێزەکانی ئەمریکا و قەتەر نەکەوتووە.
