هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ جۆ بایدن لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، زۆر بە جوانی ئەوەم بۆ نەتانیاهو روونکردووەتەوە کە ئەگەر پێبخەنە ناو ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی رەفەحەوە لە غەززە، هەناردەی چەک رادەگرم. دەشڵێت، ئەمریکا بەردەوامدەبێت لە پاراستنی ئیسرائیل. شەوی چوارشەممە 8-5-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ئەمریکی هەڤپەیڤینێکی بڵاوبووەوە. دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل بچێتە ناو رەفەحەوە ناردنی چەک رادەگرم. ئەم قسانەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ئیسرائیل سوورە لەسەر داگیرکردنی رەفەح کە وەک خۆی دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی یەکجاری حەماسە. بایدن دەڵێت، "هێشتا نەچوونەتە ناو سەنتەری شاری رەفەحەوە، ئەو هێرشەی کردوویانە رێک لەسەر سنوورەکەیە. بەڵام بە ئەوەم بە روونی بە ناتانیاهو و دەستەی جەنگ گوتووە، ئەگەر بچنە ناو شارەکەوە، پاڵپشتیی ئێمەیان نابێت". هەرچەندە بایدن دەزانێت چەکەکانی ئەمریکا لە کوشتنی هاووڵاتی سڤیلدا بەکارهاتوون، بەڵام کاتێک رۆژنامەنووسەکە لێیدەپرسێت، ئایا ئیسرائیل "هێڵی سووری" تێپەڕاندووە، بایدن دەڵێت، "نا، هێشتا نا". بە گوێرەی رێکخراوی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کە رێکخراوێکی ناحکومی ئەمریکییە، لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئیدارەی بایدن بە بەهای 18 ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی جەنگیی بۆ ئیسرائیل ناردووە، لە نێویاندا 50 فڕۆکەی ئێف 15 بوونی هەیە. شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئێستا پێیناوەتە مانگی حەوتەمەوە؛ لە دوای ئەوە دەستیپێکرد حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی پاردا پەلاماری ئیسرائیلیدا و 1200 هاووڵاتی سڤیلی کوشت و 250ی دیکەشی بە بارمتە گرت. ئیسرائیل راستەوخۆ هێرشی کردەوە سەر غەززە و تاوەکو ئێستا 34 هەزار و 800 هاووڵاتی سڤیلی فەڵەستینی بەهۆی ئەو شەڕەوە کوژراون.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ هەواڵگری ئۆکراینا دەڵێت، دوو کەسیان دەستگیرکردووە کە ویستوویانە لە سەرووبەندی دانانەوەی ڤلادمیر پووتیندا وەک سەرۆکی رووسیا، ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی تیرۆر بکەن. رۆژی سێشەممە 7-5-2024، ڤاسیل مالیوک، سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری ئۆکراینا دەڵێت، هەوڵی بە بارمتەگرتن و دواتر کوشتنی ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینایان پووچەڵکردووەتەوە. مالیوک دەڵێت، تۆمەتبارەکان ویستویانە لەو کاتەدا پووتین وەک سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم دیاریدەکرێتەوە، ئەمان زیلنسکی بکوژن. ئەمڕۆ بۆ جاری پێنجەم، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ شەش ساڵی دیکە وەک سەرۆکی ئەو وڵاتە دانرایەوە. بە گوێرەی راگەیێنراوی ئەو بەرپرسە هەواڵگرییەی ئۆکراینا، ئەو دوو سیخوڕەی رووسیا هەوڵیانداوە لە رێگەی نزیکبوونەوەیان لە فەرماندە باڵاکانی نێو سوپای ئۆکرایناوە زانیاریان لەبارەی شوێنی زیلنسکی دەستبکەوێت، بیڕفێنن و پاشان بیکوژن. ئەوەشی راگەیاندووە، دوو فەرماندەی پاسەوانی سەرۆکایەتییان دەستگیرکردووە کە لە پلەی کۆڵۆنێلدا بوون بە تۆمەتی بەشداربوون لە پلانەکە. ئەو دوو کۆڵۆنێلەش وا دەردەکەوێت لەلایەن رووسیاوە پێش دەستپێکی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بەکرێگیرابن. هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، پلانەکە لە رووسیاوە چاودێری کراوە و سێ سیخوڕی رووسیش لە ناو ئۆکراینادا کاریان لەسەرکردووە. بەشێکی دیکە لە ئەرکی ئەو سیخوڕانە ئەوەبووە، شوێنی مانەوەی بەرپرسە باڵاکانی ئۆکراینا ئاشکراکەن تاوەکو بە مووشەک و درۆن بکرێنە ئامانج. ئەمە جاری یەکەم نییە ئۆکراینا تۆمەتی هەوڵی کوشتنی بەرپرسانی باڵای ئۆکراینی و ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی دەداتە پاڵ رووسیا. بە گوێرەی ئۆکراینا، لە شوباتی 2022ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ لانیکەم 10 جار هەوڵی کوشتنی زیلنسکی دراوە.

هەوراز حوسێن هاووڵاتی، وارشۆ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ باشووری غەززە دەستیپێکرد و ئێستا ئیسرائیل بەشی باشووری شاری رەفەحی بە تەواوی کۆنترۆڵکردووە کە هاوسنوورە لەگەڵ میسر. رۆژی سێشەممە 7-5-2024، سوپای ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە کرد. ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە وەک وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە دەڵێت، "لەناوبردنی تەواوەتی حەماسە". هێرشەکە لەکاتێکدایە شەوی رابردوو حەماس پێشنیازی ئاگربەستی قبوڵکرد و تاوەکو ئێستاش گفتووگۆکان لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە. ئەو ناوچەیەی ئیسرائیل کۆنترۆڵی کردووە دەرچەیەکی سەرەکی گواستنەوەی هاریکارییە مرۆییەکانە بۆ دانیشتووانی غەزە و ئەو یەک ملیۆن و 300 هەزار فەڵەستینییەی لە رەفەح ئاوارەن. نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری داوە، بەربەستدانان لەبەردەم ئەو رێگەی ئاڵووگۆڕەدا، هەژموونی هاریکارییەکان دادەڕووخێنێت و خەڵک دەکاتە ئەوپەڕی برسێتییەوە. هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، حەماس بە پێشنیازی ئاگربەستی سێ لایەنەی قەتەر، میسر و ئەمریکا رازی بوو، بەڵام هەر زوو ئیسرائیل رەتیکردەوە و رایگەیاند، "خواستەکانی ئەوانی پڕنەکردووەتەوە". دوێنێ ئیسرائیل داوای لە 100 هەزار هاووڵاتیی فەڵەستینیی ئاوارەی رەفەح کردبوو کە شارەکە لە سەرووبەندی هێرشی سوپاکەیدا چۆڵبکەن. هەرچەندە ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئاگاداریی ئیسرائیلیان کردبووەوە کە هێرشەکە نەکات، بەڵام ئەم بەیانییە دەستیپێکرد. خاڵە سنووریەکانی کەرەم ئەبو سالم و میسر دوو رێڕەوی هەستیاری گواستنەوەی خۆراک و دەرمانن بۆ خەڵکی غەززە کە ئەوە دوو رۆژە داخراون. ئێستا بۆ گواستنەوەی پێداویستی ژیان بۆ 2 ملیۆن و 300 هەزار هاووڵاتی غەززە تەنیا رێڕەوی ئەرەز لە نێوان ئیسرائیل و باکووری غەززە ماوەتەوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بزوتنەوەی حەماس لە شەڕەکەیدا لەگەڵ ئیسرائیل بە ئاگربەست قایلبوو؛ ئەوەش دوای ئەوەی قەتەر و میسر پێشنیازیان بۆ کرد. دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 6-5-2024، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس بە سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری زانیاریی میسری راگەیاندووە، پێشنیازی ئاگربەستیان قبووڵە. تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە ئیسرائیل هیچ لێدوان و وەڵامێکیان لەبارەی هەنگاوەکەی حەماسەوە باس نەکردووە و میدیا ئەمریکی دەڵێت پێداچوونەوەی بۆ دەکەن. لە ئاگربەستەکەدا ژمارەیەک مەرج لەلایەن هەردوولاوە دانرابوو، یەکێک لەوانە بەردانی 20 بۆ 33 بارمتەی ئیسرائیلی کە لەلای حەماس دەستبەسەرن بەرامبەر ژمارەیەک زیندانیی فەڵەستینی کە لەلای دەوڵەتی ئیسرائیلن. دوای ئەوەی ئیسرائیل ئاگربەست پەسەند دەکات، چەند هەفتەیەک تێدەپەڕێت تاوەکو تەواوی ئاڵووگۆڕەکان دەکرێن. سەرچاوە ئەمریکییەکان دەڵێن، قایلکردنی حەماس بە ئاگربەست دوای رۆژێکی دوورودرێژ لە گفتووگۆی نێوان ویلیام بەرنس، بەڕێوبەری دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکا و شێخ محەممەد بن عەبدولرەحمان ئەل سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر هاتووەتە بەرهەم. ئێستا رەشنووسی ئاگربەستەکە لەبەردەست بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە و پێداچوونەوەی بۆ دەکات. ماتیو میڵەر دەڵێت، ئەمریکاش بە هەمان شێوە بە وەڵامەکە حەماسدا دەچێتەوە و لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکە گفتووگۆی دەکات. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، فەڵەستینییەکانی غەززە دەستیان بە ئاگەنگگێڕان لە شەقامەکانی تەواوی کەرتی غەززە کردووە. ئاگربەستەکەی حەماس و ئیسرائیل لە دوای شەڕێکی خوێناوی حەوت مانگە دێت کە لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد. تاوەکو ئێستا 34 هەزار و 735 فەڵەستینی لە شەڕەکەدا کوژراون، 78 هەزار و 108 کەسی دیکەش برینداربوون. نزیکەی 1 ملیۆن و 700 هەزار فەڵەستینیش ئاوارەی نێوخۆی کەرتی غەززە بوون کە 1 ملیۆن و 200 هەزار کەسیان تەنیا لە شاری رەفەحن.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم جارێکی دیکە سەردانی ئێرانی کرد بە مەبەستی پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە. ئەو بەرپرسە رۆژئاواییە لەم دواییانەدا هۆشداری دابوو کە ئێران ئێستا دەتوانێت "چەند چەکێکی ئەتۆمی" دروستبکات. رۆژی دووشەممە 6-5-2024، رافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە تاران و ئەمڕۆ لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبێتەوە. گرۆسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، لە سەردانەکەیدا داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات پابەندی "ئەو رێنماییە کۆنکرێتییانە بن" کە ساڵی رابردوو لەگەڵ ئاژانسەکەی لەسەری رێککەوتوون. لە 2023دا ئاژانسەکە و ئێران لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە تایبەت بوو بە رێگەدانی ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە لەلایەن ئێرانەوە بۆ پشکنینی بنکە ئەتۆمییەکان، بەڵام ئێستا ئێران پێشێلی ئەو خاڵانەی کردووە. پێش گەڕانەوەی بۆ ڤیەننا بڕیارە سبەینێ سێشەممە، گرۆسی سەردانی ئەسفەهان بکات و بەشداری لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئەتۆم بکات. کێشەکانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئێران لە 2018ـەوە سەری هەڵدا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاکلایەنانە ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی هێنایە دەرەوە. لە دوای ئەوەوە ئێران تەواوی سنوورەکانی پەیوەست بە رێککەوتنەکەی شکاندووە و پوختی یۆرانیۆمەکەی گەیاندووەتە نزیک 90٪ کە رێژەی پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. ترسی ئاژانسە ئەتۆمییەکە لە بەرەوپێشچوونی زیاتری پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە چەکی ئەتۆمەوە دوای کێشەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیلی نەیاری سەریهەڵداوەتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل ژمارەیەک بنکەی سەربازیی ئەسفەهانی مووشەکبارانکرد و وا بڵاوبوویەوە کە بنکەی ئەتۆمی بوون.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا رووماڵێکی سەربازی دەکەن کە چەکی ئەتۆمیی تێدا بەکاردەهێنرێت. ئەوەش بە بەهانەی "دەستێوەردانی لە رادەبەدەری وڵاتانی رۆژئاوا" لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ئۆکراینا. رۆژی دووشەممە 6-5-2024، وەزارەتی بەرگری رووسیا لە راگەیێنراوێکدا بڵاویکردەوە، پلانیان وایە مانۆڕێکی سەربازی بکەن کە چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی تێدا بەکاربهێنرێت. ئاماژەشی بەوەکردووە، ئەم مانۆڕە "وەڵامی ئەو گوتە و هەڕەشە دنەدەرانەیە بەرپرسانی رۆژئاوا لەبارەی رووسیاوە دەیڵێن". هەرچەندە نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و رووسیا بەبۆنەی هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا لەوپەڕی خراپیدایە، بەڵام ئەمە جاری یەکەمە لە دوای دەستپێکی جەنگەکەوە رووسیا ئەنجامدانی مانۆڕی ئەتۆمی بهێنێتە باسەوە. راگەیاندنەکە وا دەردەکەوێت هەڕەشە بێت بۆ رۆژئاوا کە دەستوەردانەکانیان لە جەنگی ئۆکراینا لەوە قووڵتر نەکەنەوە. چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی بریتییە لە جۆرێکی چەکی ئەتۆمی کە ناوچەیەکی کەمتر لە چەکە وێرانکەرەکانی وەک مووشەکی ئەتۆمیی کیشوەربڕ وێران دەکات. پێشتر رووسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی ئەو چەکانەی لە ئۆکراینا کردبوو و رۆژئاواش بە توندی و روونی داوای لێکردبوو کاری وا نەکات. لەم دوو ساڵەدا دەیان بەرپرس و سەرکردەی رۆژئاوا مەترسیی فراوانبوونی جەنگی ئۆکراینایان بۆ بەشەکانی دیکەی ئەوروپا و خاکی ئەندامانی ناتۆ و دواتریش جەنگی نێوان رووسیا و ناتۆ خستبووەڕوو. ئەمەی رووسیا دەیکات دەکرێت دندەدەری هاتنەدی ئەو مەترسییە گەورەیە بێت. لەو راگەیێنراوانەی بەرپرسانی ئەندامانی ناتۆ کە رووسیا بە "مەترسیدار"یان دەزانێت؛ هەفتەی رابردوو ئیمانویل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، ناردنی هاوکاری بۆ ئۆکراینا دەکرێت ناردنی سەربازی فەرەنسیش بگرێتەوە. دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش گوتی، سوپای کیێڤ دەتوانن مووشەکە دوورهاوێژەکانی بەریتانیا بۆ هێرشکردنە سەر ناو خاکی رووسیا بەکاربهێنن. ئەمە جاری یەکەم نییە رووسیا نیگەرانی بەرامبەر هاریکارییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا و جموجووڵەکانی ناتۆ لە ئەوروپا دەربڕێت. دوای بە ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ، رووسیا بەشێکی چەکە ئەتۆمییەکانی بۆ بێلارووسی هاوپەیمانی گواستەوە. ئێستاش نیازی مانۆڕی ئەتۆمیی هەیە کە دەکرێت نەوتی زیاتر بکات بە ئاگری ئەو جەنگەی بەرۆکی ئەوروپای گرتووە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە حەوت رۆژی رابردوودا لافاو شاری ریۆ دی گراند دۆ سوول لە بەرازیل گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا 74 کەس گیانیان لەدەستداوە و 103 کەسی دیکەش بێسەرووشوێنن. ئەمە جگە لەوەی دەیان هەزار کەس ئاوارەبوون. رۆژی یەکشەممە 5-5-2024، حکومەتی بەرازیل رایگەیاندووە، بەهۆی لافاوەوە لانیکەم 74 کەس گیانیان لەدەستداوە و 103 کەسیش بێسەرووشوێنن. هەروەک 88 هەزار هاووڵاتیش لە ماڵەکانیان هەڵبڕاون. بە گوێرەی ئاماری حکومەتی بەرازیل، لانیکەم 16 هەزار هاووڵاتی ناچار بە ئاوارەبوون بوون. لافاوەکە زیانی گەورەی بە هێڵەکانی گواستنەوە و کارەباش گەیاندووە، لە ئامارێکدا ئەوە خراوەتەڕوو، 800 هەزار هاووڵاتی بەبێ ئاو ماونەتەوە. ئاستی ئاوی رووباری گواهیبە کە بە نێو ئەو شارەدا دەڕوات 5 مەتر و 33 سانتیممەتر بەرزبووەتەوە، بەمەش بەرزترین ئاستی لە مێژووی پێوانەی ئاستی رووبارەکەدا تۆمارکردووە. لە ساڵی 1941 واتە 83 ساڵ لەمەوبەر ئاستی ئاوەکە 4 مەتر و 76 سانتیممەتر بەرزببووەوە. بە گوێرەی پەیمانگەی کەشناسیی نیشتمانیی بەرازیل، لە دووشەممەی رابردووەوە لە هەندێک ناوچە زیاتر لە 300 ملیمەتر باران باریوە، ئەوەش هۆکاری لافاوەکەیە. ئەمە جاری چوارەمە لە کەمتر لە ساڵێکدا رووداوە ژینگەییەکان کارەسات لە بەرازیل دەنێنەوە. لە لافاوی مانگەکانی تەمموز و ئاب و تشرینی دووەمی 2023شدا 75 کەس لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئیسرائیل داوای لە دەیان هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی لە شاری رەفحەی باشووری کەرتی غەززە کردووە چۆڵی بکەن، ئەوەش چونکە تەلئەڤیڤ نیازی وایە ئۆپەراسیۆنی زەمینی "بۆ سڕینەوەی تەواوەتی حەماس" بۆ سەر ئەو شارە بکات. سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە 6ی ئایاری 2024، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، هێرشێک "بەوپەڕی هێزەوە" دەکاتە سەر حەماس لە رەفحە، کە وەک خۆی باسی دەکات دوایین پەناگەی حەماسە. راگەیێنراوەکەی سوپای ئیسرائیل ئەوەندەی دیکە هەوڵی نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانی وەک قەتەر و ئەمریکای بۆ ئاگربەست سەختترکردووە. بەڕێوبەری دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای قەتەریش هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بۆ سەر رەفحە بکات، گفتووگۆکانی پەیوەست بە ئاگربەست پاشەکشە دەکات. کۆڵۆنێل نەداڤ شۆشانی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، داوا لە نزیکەی 100 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی لە رەفحە کراوە ناوچەکە چۆڵبکەن. باسی لەوەکردووە، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی سنووردار بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ئەو شارە دەکات کە حەماس وەک پەناگە بەکاریان دەهێنێت. ئەو هەنگاوەی سوپای ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە 6ی ئایار، چەکدارانی حەماس لە رەفحەوە بە مووشەک هێرشیان کردە سەر سوپای ئیسرائیل و بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەو وڵاتە کوژران. ئەوە حەوت مانگە شەڕی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە؛ ئەوەش دوای ئەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2022 چەکدارانی حەماس بە مووشەک و هێرشی زەمینی پەلاماری ئیسرائیلیاندا.

هاوڵاتی لە دووهەمین رۆژی گەڕی نوێی وتووێژەکانی قاهیرە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە جەنگی غەزە، قسەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس، هیواکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن کاڵ کردۆتەوە. بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ  یەکشەممە ٥ی نیسان ڕایگەیاند، "هەرچەند ئیسرائیل دەیەوێت جەنگی غەزە بە مەبەستی ئازادی بارمتەکان رابگیردرێت، بەڵام حەماس، سوورە لە سەر هەڵوێستە توندڕەوانەکانی و دەیەوێت ئێمە هەموو هێزەکانی خۆمان لە کەرتی غەزە بکێشینەوەو جەنگ کۆتایی پێ بێت و بهێڵین جارێکیتر حەماس بە دەسەڵات بگاتەوە، ئیسرائیل بەم شتە رازی نییە." وتیشی، ڕازی بوون بە خواستەکانی حەماس بە مانای " خۆبەدەستەوەدان"ی ئیسرائیلە و جارێکیتر جەختی کردەوە ئیسرائیل تا گەیشتن بە ئامانجەکانی درێژە بە جەنگ ئەدات. "لەناوبردنی تەواوەتی حەماس" وەک ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل زۆرجار لە لایەن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتەوە باسی لێوەکراوەو رایانگەیاندوە ئامانجیان لە هێرش بۆ سەر غەزە نەهێشتنی تەواوەتی حەماسە. لە بەرامبەردا و وەک وەڵامدانەوەی وتەکانی نتانیاهۆ، ئیسماعیل هەنیە، سکرتێری مەکتەب سیاسی حەماس لە راگەیاندنێکدا  باسی لەوە کرد کە ، حەماس دەیەوێت ئاگربەستێکی گشتگیر بگەن کە کۆتایی بە "داگیرکاری" ئیسرائیل بهێنێت، گەرەنتی بێت بۆ چوونە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەزە و بارمتە ئیسرائیلییەکان لەگەڵ زیندانییە فەلەستینییەکان بگۆڕدرێنەوە."  هەنییە لەم راگەیاندنەدا باسی لەوە شکردووە کە ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت بەردەوام بێت لە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر فەلەستین و جەنگ بەربڵاوتر بێت و کێشە بۆ هەوڵەکانی نێوانگیرەکان و لایەنە جیاوازەکان دروست بکات. هاوکات سەرچاوە فەلەستینییەکان بە رۆیتەرزیان راگەیاندوە، حەماس سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی کە هەر رێککەوتنێک بۆ ئاگربەست ئەبێ بە مانای کۆتایی هاتن بە جەنگ بێت. لەهەمانکاتدا سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕازی کردنی ئیسرائیل ،بەڵآم هێشتا نوێنەرەکانی خۆی نەناردووە بۆ قاهیرە و گفتووگۆکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حەماس و لە ڕێگای نێوانگیرەکانەوە بەڕێوە ئەچێت. سەبارەت بە هۆکاری ئەمەش بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی رۆژی شەممە ٤ی ئەیار بە میدیاکانی فەڕەنسای گوتووە ، ئیسرائیل کاتێک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئامادەی دانوستانەکان دەبێت کە بزانێت  ت پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتووگۆکاندا هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. رۆژی هەینیش ٣ی ئەیار، رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوەیەکی میسرییەوە رایگەیاندبوو، ئیسرائیل ١ هەفتە مۆڵەتی بە حەماس داوە بەوەی رازی بێت بە رەشنووسی رێککەوتنەکان کە ئامادە کراوە، بە پێچەوانەوە هێرشی سەربازی بۆ سەر رەفەح دەست پێدەکات. قسەکردن سەبارەت بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح لەکاتێکدایە  کە ئەمریکا وەک گەورەترین پشتیوانی ئیسرائیل و یەکێک لە وڵاتە نێوانگیرەکان لە وتووێژەکان بۆ رێککەوتنی ئاگربەست، زۆرجار دژایەتی خۆی لە هێرش بۆ سەر رەفەح دەربڕیوە بەتایبەت گەر  پلانێکی گونجار نەخرێتە روو بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی  مەدەنی کە بۆ ئەو ناوچەیە ئاوارە بوون. هه‌وڵه‌كانی نێوه‌ندگیری میسر، قه‌ته‌ر و ئه‌مریكا، بۆ گه‌یشتن به‌ ئاگربه‌ست له‌نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، چه‌ند مانگێكه‌ له‌ پشت په‌رده‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. هێشتا نزیكه‌ی 129 بارمته‌ی ئیسرائیلیمان له‌ غه‌ززه‌ هه‌یه‌، له‌ كۆی نزیكه‌ی 250 بارمته‌ كه‌ له‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوودا له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرابوون، له‌كاتێكدا به‌پێی وته‌ی به‌رپرسانی ئیسرائیل 35یان گیانیان له‌ده‌ست داوه‌. نوێترین هێرشی حەماس ؛ هێرش بۆ سەر ڕێگای پەڕینەوە کەرەم شالۆم: لە کاتێکدا  وتووێژەکان لە قاهیرە بەڕێوە ئەچێت، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ ئەیار رایگەیاند حەماس هێرشی کردۆتە سەر "رێگای پەڕینەوە کەرەم شالۆم" لە نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەزە و بەم هۆیەوە ڕێگاکە داخراوە. بە وتەی سوپای ئیسرائیل، "حەماس بە هەڵدانی ١٠ مووشەک هێرشی کردۆتە سەرئەو ڕێگایە و ئەوەش بۆتە هۆی وەستاندن و  راگرتنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە هاوڵآتیانی ئاوارەی کەرتی غەززە." دوا بە دوای هێرشەکەش لقی سەربازی حەماس چەند کاتژمیر دواتر بەرپرسایەتی ئەم هێرشەی گرتە ئەستۆ و وتی بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە نزیک رێگای کەرەم شالووممان کردۆتە ئامانج.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ دەزگای نیشتمانی کەشناسیی پاکستان دەڵێت، 63 ساڵە لە مانگی نیساندا هێندەی ئەمساڵ باران نەباریوە. باسیش لەوە دەکات، بڕی بارانبارینی نیسانی ئەمساڵ دوو هێندەی نیسانی ئەو ساڵانەی دیکەیە. رۆژی هەینی 3-5-2024، دەزگای کەشناسیی نیشتمانیی پاکستان بڵاویکردەوە، بارانبارینی نیسانی ئەمساڵ بەراورد بە 63 ساڵی رابردوو 164٪ زیادیکردووە.  لە نیسانی ئەمساڵدا پاکستان بارانی بەلێزمە رووی تێکردووە و بەهۆیەوە ژمارەکەی زۆر هاووڵاتی گیانی لەدەستداوە و ژمارەیەک ماڵ و باڵەخانەش زیانیان بەرکەوتووە. شارەزایانی کەشناسی دەڵێن هۆکاری بارانە زۆرەکە گۆڕانی کەشوهەوایە. بارانە زۆرەکە زیانی زیاتری بە هەرێمی خایبەر پەختونخوا لە باکووری رۆژئاوا و هەرێمی بەلووچستان لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە گەیاندووە. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تەنیا لە مانگی نیساندا 143 کەس بەهۆی لافاو و هەورەبروسکەوە لە پاکستان گیانیانلەدەستداوە. لە 2022شدا لافاوێکی زۆر رووی لە پاکستان کرد کە بەهۆیەوە 1700 کەس گیانیان لەدەستدا و ملیۆنان خانوو  رووخیان یان زیانیان بەرکەوت. هەروەک زەوییەکی زۆری کشتووکاڵیش لافاو بردی. بە گوێرەی ئاماری حکومەتی پاکستان، لافاوەکەی 2022، 30 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووری ئەو وڵاتە گەیاندووە. لافاوەکەی 2022ی پاکستان بە جۆرێک بوو، لە چەند ساتێکدا سێیەکی وڵاتەکە لە ژێر ئاودا بوو. زانایانی بواری لەشناسی لە تەواوی جیهان لۆمەی گۆڕانی کەشوهەوایان بۆ ئەو دۆخە ناهەموارە کرد.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، ناتۆ ئامادەکاری بۆ شەڕکردن لەگەڵ رووسیا دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە ناتۆ سەرقاڵی مانۆڕێکی سەربازیی فراوانە لە رۆژهەڵات و باکووری ئەوروپا. رۆژی شەممە 4-5-2024، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "ئێستا ناتۆ سەرقاڵی ئەنجامدانی گەورەترین مانۆڕی سەربازییە لە دوای جەنگی ساردەوە، مانۆڕی ستێدفاست دیفێندەر لە نزیک سنوورەکانی رووسیا بەڕێوەدەچێت". زاخارۆڤا دەڵێت، ئەو مانۆڕە فراوانەی هاوپەیمانێتییە 32 دەوڵەتییەکە وایکردووە رووسیا دان بەوەدا بنێت، "ناتۆ بە جیددی خۆی بۆ شەڕ لەگەڵ رووسیا ئامادە دەکات". هاوکات ئاماژە بەوەشدەکات، لەکاتێکدا ناتۆ رووسیا بەوە تۆمەتباردەکات کە شەڕی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ناتۆ دەکات، ئەوە ناتۆیە بە پێدانی چەک بە ئۆکراینا لە دژی بەرژەوەندییەکانی رووسیا وەستاوەتەوە. لە دەستپێکی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە لە 2022، پەیوەندی نێوان کرێملن و وڵاتانی رۆژئاوا گەیشتووەتە ئەوپەڕی خراپی بەراورد بە 4 دەیەی رابردوو. مانۆڕی ستێدفاست دیفێندەر لە 22ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە و تاوەکو 31ی ئایار بەردەوامدەبێت. ناتۆ 90 هەزار سەرباز لەو مانۆڕەدا بەشداری پێدەکات و ئامانج لێی بەهێزکردنی ئەو هاوپەیمانانەیە کە هاوسنووری رووسیان بۆ ئامادەکردنیان لە ئەگەری هێرشدا.

هاوڵاتی حەماس رایگەیاندووە شاندێکی بۆ درێژەدان بە گفتوگۆگانی پەیوەست بە ئاگربەست لە غەزە سەردانی قاهیرە دەکەن. ئەمریکاش دەڵێت بزوتنەوەکە رێگرن لە ئاگربەست. رۆژی شەممە 5-4-2024، بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، "ئێمە و گرووپە فەڵەستینییەکانی دیکە سوورین لەسەر ئەوەی رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگ، چوونە دەرەوەی هێزە داگیرکەرەکان لە غەزە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و ژیانی خۆیان بکرێت". شەوی رابردووش، ویلیام بۆرنز، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا بۆ بەشداری لەم گفتوگۆیانە گەیشتە قاهیرە. هەمان رۆژ، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، تەنیا شتێک ئێستا بووەتە رێگر لە نێوان خەڵکی غەزە و ئاگربەستدا حەماسە. وڵاتانی نێوانگریش تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی حەماس بۆ پێشنیارەکانی ئیسرائیل دەکەن بۆ ئاگربەستێکی ٤٠ رۆژە، ئەویش بەرامبەر ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لەلای فەڵەستینن و ئەو فەڵەستینیانەش ئیسرائیل زیندانی کردوون. یەکێک لە رێگرییەکانی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ ئاگربەست ئەوەیە، حەماس خوازیاری راگرتنی تەواوەتی جەنگە، لە بەرامبەردا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، لە ئەگەری رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادی بارمتەکان، ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر رەفەح و لەناوبردنی تەواوەتی حەماس دەست پێدەکات. ئەنتۆنی بلینکنیش دەڵێت، هەرچەندە ئەوان پاڵپشتی لە ئاگربەست دەکەن، بەڵام هێشتا بەوە رازی نەبوون ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر باشووری غەزە. ئەوەش چونکە هێشتا ئیسرائیل پێشنیازێکی قایلکەری بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سیڤیل پێشکێشی ئەمریکا نەکردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی دۆخی ١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار فەڵەستینییە کە ئاوارەی کەمپی رەفەح بوون.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد شوێنەوارناسان توانیان روخساری ژنێکی نیاندەرتاڵ دروستبکەن کە بە نزیکترین شێوەی مرۆڤ دادەنرێت، ئەو ژنە نزیکەی 75 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەشکەوتی شاندەر کە لە سنووری پارێزگای هەولێرە ژیاوە. رۆژنامەی "ئیندیپێندنت"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، پاشماوەی ئێسک و پروسکی ئەو ژنە کە ناوی (شاندەر زد) بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2018 لە ئەشکەوتی شاندەر دۆزرایەوە، کە پێدەچێت ئەو ئەشکەوتە بۆ ناشتنی مردووەکان بەکارهێنرابێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لێکۆڵینەوەکان کە لە ساڵانی پەنجاکانەوە ئەنجامدراون دەریانخستووە کە نیاندەرتاڵەکان مردووەکانیان لەناو ئەو ئەشکەوتی شاندەر ناشتووە کە دەکەوێتە زنجیرە چیای زاگرۆس لە پارێزگای هەولێر، هەروەها رێوڕەسمی پرسەیان ئەنجامداوە بە دانانی گوڵ. بەپێی ئەو بەڵگانەی لە ئەشکەوتەکە کۆکراونەتەوه، ئەوە پیشان دەدەن کە مرۆڤی نیاندەرتاڵ زۆر لە بوونەوەرە سەرەتاییەکان پێشکەوتووتر بووە و ئەو باوەڕەی پووچەڵکردەوە کە پێیان وابوو ئەو جۆرە مرۆڤە لەشێکی قەڵەو و  سیمای لە مەیمونەوە نزیکبووە. هەرچەندە نیاندەرتاڵەکان کە پێدەچێت 40 هەزار ساڵ لەمەوبەر لەناوچووبن، کەلەسەریان زۆر جیاواز بوو لە کەلەەسەری مرۆڤی ئاسایی، بەڵام رووخساری بنیات نراوەی ئەم ژنە نیاندەرتاڵە کە پێدەچێت لە تەمەنی چلەکاندا بووبێت کاتێک مرد، ئەوە دەردەخات کە شێوەیان زۆر نزیک بووە لە مرۆڤێکی ئاسایی. ئەم دۆزینەوانە لە فیلمێکی دیکۆمێنتاریی نوێدا بە ناوی "نهێنییەکانی پیاوی نیاندەرتاڵ" ئاشکرا بوون کە لەلایەن بی بی سی بەرهەم هێنراوە و لەم دواییانەدا لەسەر پلاتفۆرمی نێتفلێکس بڵاوکراوەتەوە. رۆژنامەکە لە زاری ئیما پۆمێرۆی، شوێنەوارناس لە زانکۆی کامبریجەوە نووسیویەتی “کەلەسەری نیاندەرتاڵ قەبارەی گەورەیە و چەناگەی نییە و لە روخساریاندا زیاتر لوتیان دەردەکەوێت". پۆمێرۆی دەشڵێت "بەڵام ڕووخساری بنیات نراوەتەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم جیاوازییانە لەگەڵ ڕووخساری ئێستای مرۆڤ لە ڕاستیدا بوونیان نەبووە". توێژەران دەڵێن، پاشماوەی ئەو ژنە، لەنێویاندا کەلەسەری تەختە و ئەستوورییەکەی نزیکەی 2 سانتیمەترە، لەنێو ئەو بەردبووانەی نیاندەرتاڵدا بە باشترین شێوە پارێزراون کە لەماوەی سەدەی ئێستادا دۆزراونەتەوە، هەروەها پێدەچێت دوای ماوەیەکی کەم لە مردنی کەلەسەری ژنەکە چەقێنرابێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی بەردەکان بەسەریدا کەلەسەری تەخت بووە. توێژەرانی زانکۆی کامبریج دوای ئەوەی بە وریاییەوە پاشماوەی ئەو ژنەیان دەرهێنا، لەنێویاندا بۆ ئێسکەپەیکەرەکەی نزیکەی تا کەمەر، مادەیەکیان هاوشێوەی چەسپ بەکارهێنا بۆ بەهێزکردنی ئێسک و پاشماوەکەی، پاشان زاناکان زیاتر لە 200 پارچەی کەلەسەری ئەو ژنەیان کۆکردەوە بۆ ئەوەی بیگەڕێننەوە بۆ شێوەی سەرەتایی خۆی.  

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وتاردانێکدا داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد دژ بە کۆماری ئیسلامی یەکگرتووبن. ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کە لە گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی سعودیەی کرد و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتانی هاوکاری کەنداو، بە ئاماژە بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وتی، "ئەم هێرشە ئەوە دەخاتەڕوو ئێران هەڕەشەیەکی جیدییە و ئەمە وادەکات ئێمە هاوکار بین دژی هێرشەکانی ئێران". وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، "لە چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی و بەهێزکردنی ئاسایشی دەریایی، لەگەڵ شەش وڵاتی ئەنجومەنی وڵاتانی عەرەبی کەنداو وتووێژدەکەین". ئێران ١٣ی نیسانی 2024، وەک وڵامدانەوەی کوشتنی حەوت ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران بە 170 درۆن، 120 مووشەکی بالێستیک و 30 مووشەکی کرۆز هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەرپرسانی ئیسرائیلی باسیان لەوە کرد %99ی ئەم مووشەک و درۆنانە، پێش ئەوەی بگەنە ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەردەن خرانەخوارەوە. جێگەی ئاماژەیە، ئەمە یەکەم گەشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

هاوڵاتی ئیسرائیل داوای یارمەتی لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کردووە کە ڕێگەنەیەن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربچێت . ڕێکخراوی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی نیسان لە راپۆرتێکدا ئەوەی خستەڕوو ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی لە لایەن دادگای نێەدەوڵەتی لاهایەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بێنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە و سەرۆکی گشتی سوپای ئەو وڵاتە هێرزی هالێڤی، دەربچێت بە تۆمەتی تاوانی جەنگ لە جەنگی کەرتی غەزەدا. لەم راپۆرتەدا هاتووە، ئەگەری دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ بووە بە هۆی ئەوەی ئەم بابەتە زۆر بە گرینگیەوە لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە باسی بکرێت. بە پێی ئەم راپۆرتە، ئەگەری دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی رێبەرانی پلەبەرزی ئیسرائیل بوونی هەیە، بە هۆی دروستکردنی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەزە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کەسانی مەدەنی و پابەندنەبوونی ئیسرائیل بە یاسا نێودەوڵەتییەکان . هاوکات  پێشێلکردنی ئاشكرای کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێڤ لە لایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە  بۆتە  هۆی ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل زۆر بە نیگەرانییەوە لەم پرسە بڕوانن.  رۆژنامەی عێبری " معاریۆ" ش لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوودا هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی بەر بە دەرکردنی ئەو بڕیارە بگرێت و بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی جیاواز، بە تایبەت بەرپرسانی ئەمریکی، بۆ ڕێگەگرتن لێی. بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی کەرتەکە، جەنگەکە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی لانیکەم ملیۆنێک و 700 هەزاریان. ملیۆنێک و 100 هەزار کەس لەو کەرتە برسین. رۆژانە کەرتی غەززە پێویستی بە 500 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی هەیە بەڵام لە دەستپێکی جەنگەکەوە رۆژانە تەنیا 125 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیشتوونەتە کەرتەکە.