هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە نێو تەواوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا 4 میدیا و رۆژنامە قەدەخەکران کە گوایە پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندی کرێملن بڵاودەکەنەوە و هەوڵی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی ئۆکرایناش دەدەن. رۆژی هەینی 17-5-2024، ئەنجوومەنی ئەوروپا رایگەیاند، چوار میدیا و رۆژنامەمان خستووەتە لیستی رەشەوە کە پێکدێن لە دەنگی ئەوروپا، نۆڤۆستی RIA، ئیزڤێستیا و رۆسیسکایا گازێتا. ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن کرێملنەوە بەڕێوەدەبرێن. لە راگەیێنراوەکەی ئەنجوومەنی ئەوروپادا ئەوەش باسکراوە، "رووسیا سەرقاڵی کامپەینێکی نێودەوڵەتی و سیستماتیکە بۆ بەلاڕێدابردنی میدیا، ئەوەش بۆ پاڵپشتیکردن لە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا و بەروپێشبردنی ستراتیجیی ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی و یەکێتی ئەوروپا و ئەندامانی". رۆژی چوارشەممە ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشداری دابوو کە ئەگەر کارێکی لەو جۆرە بکرێت، ئەوانیش لە مۆسکۆ میدیاکانی رۆژئاوا لەکاردەخەن. ئەنجوومەنەکە باسی لەوەشکردووە، ئەوروپا لەبەردەم گەورەترین هێرشی میدایی و ئەلیکترۆنی رووسیایە و نابێت چیدیکە رێگە بەوە بدات.

دەیان پارێزەر: تاران بەرتیلی بە ئەفریقای باشوور داوە بۆ ئەوەی سکاڵا لە سەر ئیسرائیل تۆمار بکات ژمارەیەک پارێزەر کە 160 پارێزەرن لە نامەیەکدا بۆ وەزیری دەرەوە، وەزارەتی داد و ئەنجومەنی نوێنەرانی باڵای کۆنگرەی ئەمەریکا، نووسیویانە کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەرتیلی داوە بە حزبی دەسەڵاتداری ئەفریقای باشوور، بۆ ئەوەی لە دادگای لاها، ئیسرائیل بە جینۆساید تۆمەتبار بکات. ئەم 160 پارێزەرە خوازیاری ئەوە بوون لێکۆڵینەوە بکرێت لە گەندەڵی ماڵی ئەم حزبە. بەپێی راپۆرتێك کە لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، ١٦٠ پارێزەر بە رێبەری ناوەندی یاسایی ئیسرائیل شۆرات هادین (ShuratHaDin) داوایان لە بەرپرسانی سیاسی و دادوەری ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵێنەوە بکەن دەربارەی رێبەرانی ئەفریقای باشوور و ئەندامانی حزبی کۆنگرەی نەتەوەیی لەو وڵاتە کە دەسەڵاتیان بە دەستە و زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی ئەفریقای باشوور سەر بەم حزبەن. ئەم پارێزەرانە داوایان کردووە بە پێی یاسایی ماگنێتسکی (Magnitsky Act) لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی بەربڵاو و بەتایبەت بەرتیل بکرێت لەمبارەوە. ماگنیتسکی یاسایە کە ساڵی 2012 پەسەندکراوەو بە پێی ئەم یاساییە، دەوڵەتی ئەمەریکا بۆی هەیە گەمارۆ بخاتە سەر ئەو وڵات و لایەنە بیانیانەی کە پێشێلکاری مافی مرۆڤن یان لە گەندەڵی مادییەوە گلاون و هەروەها دەست بەسەر داراییەکانیاندا بگرێت. لە نامەی ئەم 160 پارێزەرەدا ئەوە هاتووە کە بەرپرسانی باڵای حیزبی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەفریقای باشوور بۆ ئەوەی بتوانین قەرزەکانی حیزبەکەیان بدەنەوە بەرتیلیان لە کۆماری ئیسلامی وەرگرتووە بۆ ئەوەی لە دادگای نێونەتەوەیی لاها، ئیسرائیل بە جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار بکەن. ئەمڕۆ هەینی 17ی ئایاری 2024، دانیشتنی دادگای لاها لەسەر سکاڵای ئەفریقای باشوور دژی ئیسرائیل بەڕێوەچوو و ئەفریقای باشوور لە بەردەم 15 دادوەری نێونەتەوەیی، لەوانە دادوەرێکی باڵای ئیسرائیلی، داوای کردووە بەر بە " جینۆساید" و " تاوانی جەنگی" بگیردرێت لە غەزە لە لایەن ئیسرائیلەوە. لە بەرامبەردا پارێزەرەکانی ئیسرائیل بەرگریان لە سوپای ئیسرائیل کرد و سکاڵای ئەفریقای باشووریان بە نادروست ناوبرد.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ پزیشکانی غەززە هۆشداری دەدەن کە خەریکە دەرمانیان نامێنێت. باس لەوە دەکەن چەندین جار دۆخی نەخۆشخانەکانی جەنگیان بینیوە، بەڵام ئەمە "کارەساتاویترینە". رۆژی پێنجشەممە 15-5-2024، دکتۆر جاوید عەلی، سەرۆکی رێکخراوی نەخۆشخانەی سەربازیی نێودەوڵەتی لە غەززە رایگەیاندووە، بەهۆی جێهێشتنی 1 ملیۆن و 400 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی لە رەفەحی باشووری غەززە، نەخۆشخانەکانی مەواسی زیاد لە توانای خۆیان قەرەباڵخبوون. مەواسی ناوچەیەکە لە باشوور و رۆژئاوای غەززە و ئیسرائیل داوای لە خەڵک کردووە بەرەو ئەوێ بڕۆن تا ژیانیان پارێزراوبێت لە هێرشەکانی سەر رەفەح. ئەو پزیشکە باس لەوەشدەکات، زۆرینەی ئەو خەڵکانەی سەردانیان دەکەن زۆربەیان برینی سەختیان هەیە و دوای چارەسەریشیان داوای خۆراک، پارە و دەرمانی زیادە دەکەن تاوەکو خێزانەکانیان بپارێزن. لە هەفتەی رابردووەوە ئیسرائیل دەستی بە هێرش بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە کردووە. بەهۆی هێرشەکەوە لە 3 دەروازەی سنووری، دووانیان داخراون و بووەتە هۆکاری وەستانی گەیشتنی هاریکاریی مرۆیی و تەندروستی بۆ خەڵکی غەززە. دوێنێ چوارشەممە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند زیاتر لە 2 ملیۆن خەڵک بەبێ خۆراک و چادر ماونەتەوە و ئەوانیش نیانە بیاندەنێ.

هاوڵاتی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا لە راپۆرتێکی نوێدا باسی لەوە کردووە، لە 2023دا هێرش بۆ سەر هاوڕەگەزخوازانی فەرەنسا بەراورد بە 2022 بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. ئەمڕۆ 16-5-2024، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە بە شێوەیەکی گستی لە 2023دا توندوتیژی بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان 13٪ بەراورد بە ساڵی 2022 زیادیکردووە. تاوانە راستەوخۆکانی وەک هەڕەشە، دەستدرێژی و ناوزڕاندن بە رێژەی 19٪ بەرامبەر ئەو کەمینەیە زیادیکردووە. بە گوێرەی حکومەتی فەرەنسا تەنیا لە 2023دا، 2 هەزار و 870 دۆسیەی توندوتیژی، دەستدرێژی و ناوزڕاندنیان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان تۆمارکردووە. رێکخراوەکانی پاڵپشتیکاری هاوڕەگەزخوازان دەڵێن ئەم ئامارە مەترسیدارە و حکومەتی فەرەنسا دەبێت بە جیددی کاری لەسەر بکات. وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئەوەشی باسکردووە، لە 2016ـەوە تاوەکو ئێستا هەموو ساڵێک رێژەی تاوان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان لەو وڵاتە 16٪ زیادیکردووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە 70٪ی ئەو هاوڕەگەزخوازانەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە پیاوبوون و 82٪ی تۆمەتبارەکانیش هەر پیاوبوون. ئاماژە بەوەشکراوە، زیاتر لە نیوەی ئەوانەی توندوتیژییان بەرامبەرکراوە تەمەنیان لە خوار 30 ساڵەوەیە و زیاتر لە سێیەکێکیان خوار 19 ساڵ بوون.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ حکومەتی بەریتانیا پێشنیازێکی بڵاوکردووەتەوە کە وانەونتنەوە لەبارەی رەگەزەوە لە خوێندنگەکاندا قەدەخەبکات، ئەوەش دوای ئەو نیگەرانیانەی لەبارەی زۆربوونی ژمارەی ئەو کەسانەوە دروستبوون کە رەگەزیان دەگۆڕن دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2024، جیلیان کیگان، وەزیری پەروەردەی بەریتانیا پێشنیازێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە، بابەتی هەستیاری وەک فرەیی لە رەگەزدا نابێت بە خوێندکارانی پۆلی یەکی سەرەتایی هەتا 12ی ئامادەیی بگوترێتەوە. وەزیری پەروەردەی بەریتانیا دەڵێت، پێشنیازەکە بۆ ئەوە کراوە منداڵان بەر ئەو زانیارانە لە تەمەنێکی کەمدا نەکەون، تاوەکو هەستی منداڵی و بێتاوانیان لە منداڵی و مێرمنداڵیدا لەدەستنەدەن. ئاماژە بەوەشدەکات، لە پێشنیازەکەدا رێکارەکانیان بە روونی نوێکردۆتەوە کە نابێت منداڵان تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی بابەتی فرەیی رەگەز و گۆڕانی رەگەز فێربکرێن. لە دوای 2020ـەوە خوێندن و بڵاوکردنەوەی رۆشنگەری لەسەر فرەیی رەگەز لە بەریتانیادا لە خوێندنگە ناوەندییەکانەوە کرا بە زۆرەملێ. منداڵان لە تەمەنی 11 ساڵییەوە فێردەکران کە "رەگەز تەنیا نێر و مێ نییە و دەیانی دیکە هەن". ئێستا بابەتەکە لە نێوان ئەوانەی بیرکردنەوەیەکی پارێزگاریان هەیە و ئەوانەی لیبراڵن خەریکە دەبێتە جەنگێکی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەمڕۆ لوتکەی کۆمکاری عەرەب لە بەحرەین دەکرێت و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی گفتووگۆ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە غەززە دەکەن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-5-2024، فڕۆکەی سەرکردەی 22 وڵاتی عەرەبی لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین نیشتنەوە؛ لوتکەی کۆمکاری عەرەبی بەڕێوەدەبەن کە گوایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دۆخی ئێستای غەززە بەڕێوەدەچێت. ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی بەرپرسانی عەرەبییە لە دوای دواین لوتکەی کۆمکارەکە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2023 لە ریاز. لەو کۆبوونەوەیەدا وڵاتانی عەرەبی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر غەززە کرد و بە "بەربەریانە" ناویان برد، بەڵام نەیانتوانی بڕیار لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی سیاسی و ئابووری دژ بە ئیسرائیل دەربکەن. وادیارە ئەم جارە ئەو ئاڕاستەیە دەگۆڕێت و توندتر دەبێت بەرامبەر ئیسرائیل، بەتایبەت لەم کاتەدا کە زۆرینەی وڵاتانی جیهان داوای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ فەڵەستین دەکەن. ئەوە حەوت مانگ زیاترە شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دەستیپێکردووە؛ لە دوای پەلامارەکەی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، تەلئەڤیڤ دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ "لەناوبردنی یەکجاریی حەماس" کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامانجەکەی بەدەستنەهێناوە. بەهۆی شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا 35 هەزار و 233 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش ئاوارەبوون. جگە لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس، بڕیارە سەرکردەکانی عەرەب گفتووگۆی شەڕ لە لیبیا، سوودان، یەمەن و سووریا بکەن. ئەمەش بە بەشداریی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کە پار دوای بومەلەرزەکەی 12ی شوبات گەڕایەوە ناو کۆمکارەکە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا رایگەیاند، پێش کۆتایی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن. دەڵێت لایان وایە چارەسەری دوو دەوڵەتی لەم دۆخی شەڕەدا باشترین رێگەیە بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی لە غەززە. رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، مایکڵ مارتن، وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا گوتی، "پێش کۆتایی ئەم مانگە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێین. بەروارەکە هێشتا دیاریکراو نییە، چونکە هێشتا لە گفتووگۆداین لەگەڵ هەندێک وڵاتدا بۆ ئەوەی بە هاوبەشی دانپێدانانەکە بکەین". مەبەستی  وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا لە دانپێدانانی هاوبەش، ئیسپانیا، سلۆڤینیا و ماڵتایە کە ئەوانیش ئامادەیی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نیشانداوە. هەریەک لەو وڵاتانە داوای ئەوە دەکەن، دەوڵەتی فەڵەستین دروستبێت و لەو خاکەی ئێستا فەڵەستین و ئیسرائیلی لەسەر دوو دەوڵەتی دراوسێ دروستببن. هەوڵەکان دوای دەستپێکی شەڕی نێوان غەززە و چەکدارانی حەماس دەستیانپێکردووە، کە ئێستا ئیسرائیل دەڵێت ئامانجیانە حەماس بە تەواوی بسڕنەوە. کۆمەڵگەی  نێودەوڵەتیش داوای ئاگربەستی هەمیشەیی و گفتووگۆی ورد بۆ دروستبوونی ئاشتی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا دەکەن. لە ساڵی 1988ـەوە تا ئێستا، 139 دەوڵەتی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە 193 ئەندامی تەواوی ئەو رێکخراوە، دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. مارتن دەڵێت، هەنگاوەکان لەسەر رێچکەی رێکەوتنی ئاشتیی عەرەب دەکەن کە ئامانج لێی دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینە و "پەیامێک بۆ خەڵکی فەڵەستین بە گشتی دەنێرین کە پاڵپشتیان دەکەین لە مافی چارەی خۆنووسین".

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەرکرد کە خۆراک و چادریان بەشیی دوو ملیۆن فەڵەستینیی ئاوارە نەماوە و ناتوانن چیدیکە دەستەبەریکەن. دەشڵێت، قاتووقڕیی گەورە بەڕێوەیە. رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، یەریۆش پێترۆپۆلۆس، سەرۆکی نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە غەززە بۆ کارووباری هاریکاریی مرۆیی بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، کۆگەکانیان خاڵی بوونەتەوە لە خۆراک و چادر و هیچ ئومێدێکیشیان نییە دووبارە بتوانن کەرەستەی نوێیان بەدەست بگات؛ ئەمە لەبەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح و داخرانی رێگەکانی گواستنەوەی هاریکاری. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدی کات نەماوە بۆ کردنەوەی خاڵە سنوورییەکان بۆ گەیاندنی هاریکاری بۆ غەززە و دەبێت چی زووە بکرێتەوە. رۆژی سێشەممە 54 بارهەڵگر بە دەروازەی ئەرەزدا گەیشتوونەتە غەززە، بەڵام بەرپرسانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن، بۆ ئەوەی بتوانن خۆراک و پێداویستی بۆ تەواوی 2 ملیۆن و 300 هەزار کەسەکەی غەززە دابینبکەن، پێویستیان بە 500 بارهەڵگر هەیە. لە دوای دەستپێکی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە، لانیکەم 600 هەزار کەس ئاوارەبوون و لە ماڵەکانیان هەڵبڕاون. 100 هەزار کەسی دیکەش لە باشووری غەززە بەهۆی هۆشداریی ئیسرائیلەوە لە هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە ماڵەکانیان جێهێشتووە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ سەرۆکی رووسیا لە پێش سەردانەکەیدا بۆ چین بە میدیای چینی راگەیاند، ئامادەیە گفتووگۆ لەبارەی ئاشتییەوە لە ئۆکراینا بکات. رۆژی چوارشەممە 15-5-2024، ڤلادمیر پووتین رایگەیاند، "رووسیا هەرگیز لە دژی گفتووگۆی ئاشتی نەبووە. خواستی وایە رێکەوتنێکی گشتگیر، سەقامگیر و دادوەرانە لەسەر شەڕەکە بکرێت لە رێگەی گفتووگۆی ئاشتییەوە." ساڵی رابردوو، چین پێشنیازێکی 12 خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا خستە بەردەستی وڵاتانی جیهان. ئەمریکا و ئەوروپا هەرزوو لە دژی وەستانەوە و رووسیا گوتی خاڵەکانی پێشنیازەکەی لەلا رەوایە. بە گوێرەی کرێملن، ڤلادمیر پووتین و شی ژینگ پینگ گفتووگۆیەکی ورد لەبارەی تەواوی کێشەکانی پەیوەست بە هاوبەشییە گشتگیرەکەیان و هاوئاهەنگییە ستراتیجییەکەیانەوە دەکەن. هەروەها رێگەی نوێ بۆ بەرەوپێشبردنی هاوپەیمانێتییەکەیان لە داهاتوودا دەدۆزنەوە. هەروەها بە وردی باسی کێشە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان پێکەوە دەکەن. لە سەروبەندی بوونەوەی پووتین بە سەرۆکی رووسیا و سەردانەکەی بۆ چین، مۆسکۆ هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی خارکیڤ لە ئۆکراینا چڕکردووەتەوە و بەهۆیەوە 8 هەزار هاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارەبوون.  چین لە رابردوودا باسی ئەوەی کردووە کە لە شەڕی رووسیا و ئۆکراینادا بێ لایەنە، بەڵام لەوکاتەوەی شەڕەکە لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، پەیوەندیی ئابووری و ستراتیجی لەگەڵ کرێملن زیاترکردووە.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ لە پەڕەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا بڵاوکراوەتەوە، دۆخی تەندروستیی ئەو سەرکردەیە ناجێگیرە. ئەمە دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە دوای کۆبوونەوەی کابینەکەی هەوڵی تیرۆرکردنی درا. رۆژی چوارشەممە، 15ی ئایاری 2024، رۆبێرت فیکۆ، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا دوای ئەوەی بۆ مەراسیمێک لەگەڵ پاڵپشتیکارانیدا سەردانی شارۆچکەی هاندلۆڤای کرد، لەلایەن هاووڵاتییەکی رەگەزی نێرەوە تەقەی لێکرا و بریندارکرا. لە لاپەڕەی فەرمیی فەیسبووکەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، ئێستا دۆخی تەندروستی ناجێگیرە و لە مان و نەماندایە. هەر دوای تەقەکردنەکە تۆمتبارەکە لەلایەن پاسەوانانی سەرۆکوەزیرانەوە دەستگیرکرا. بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی نێو فەیسبووکەکەی، فیکۆ چەند گوللەیەکی بەرکەوتووە. ئەو شارۆچکەیەی فیکۆ تێیدا بریندارکرا دەکەوێتە دووری 150 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی براتیسلاڤای پایتەختی ئەو وڵاتە. هەربۆیە دوای رووداوەکە بە هەلیکۆپتەر گوازراوەتەوە نەخۆشخانەیەکی شاری بانسکا بیستریکا کە 29 کیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەکەوە دوورە. لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دۆخی تەندروستیی فیکۆ یەکلایی دەبێتەوە. فیکۆ بەوە دەناسرێت کە سیاسییەکی دژە ئەمریکایە و لە رووسیاوە نزیکە. لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی مانگی ئادار و نیسانی ئەمساڵدا بۆ جاری سێیەم بردییەوە و بووە سەرۆکوەزیرانی سلۆڤاکیا.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ بە مەبەستی رێگریکردن لە چوونی کۆچبەری ئەفغانی بۆ ناو ئێران، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران بڕیاریداوە دیوارێکی کۆنکرێت بە درێژایی دەیان کیلۆمەتر لە سنووری ئەفغانستان دروستبکات. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 3 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری بۆ بەهێزکردنی پاسەوانیی سنوورەکەی لەگەڵ ئەفغانستان خەرجکردووە، بەشێک لەو پارەیەش بۆ دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێت کە بەرزییەکەی 4 مەترە و درێژییەکی 74 کیلۆمەترە تەرخاندەکرێت. بڕیارە دیوارەکە سنووری باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای خۆراسانی ناوەڕاست و باکووری خۆراسانی باشوور بگرێتەوە. ئێران نزیکەی 920 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ئەفغانستان هەیە، لە 40 ساڵی رابردوودا هەزاران کۆچبەر کە لە دەست باری ناجۆری ئابووری و ئاسایشی ئەفغانستان هەڵاتوون، روویان لە ئێران کردووە. بە گوێرەی ئاژانسی کۆچبەریی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی ئەفغانی لە ئێران دەژین، کە نزیکەی 1 ملیۆنیان دوای هاتنە دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ ئەو وڵاتە هەڵاتوون؛ لەو ژمارەیەش تەنیا 500 هەزاریان وەک پەناخواز تۆمارکراون. بەرپرسانی ئێران دەڵێن، مەبەستێکی دیکەی دروستکردنی دیوارەکە کەمکردنەوە چوونی تیرۆرستە بۆ ئەو وڵاتە، کە گوایە دوای هاتنەدەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان مەترسییە تیرۆرستییەکان زیاتربووە. لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ دوو تەقینەوەی گەورە لە شاری کرمان 80 هاووڵاتی سڤیلی کوشت کە دەوڵەتی ئیسلامی خۆراسان بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ فەرماندەیەکی باڵای وەزارەتی بەرگریی رووسیا بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن دەستگیرکرا، ئەمە دوو رۆژ دوای دوورخستنەوەی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە لە پۆستەکەی. میدیای رۆژئاوا دەڵێن، خەونەکەی یاڤگینی پریگۆژین دوای مردنی هاتە دی. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، میدیای رووسیا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە یوری کوزنێتوڤ، فەرماندەی سەربازانی سوپای رووسیا لە ڤێلاکەی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەستگیرکراوە. دەزگای لێکۆڵینەوەی رووسیا دەڵێت، تۆمەتی بەرتیلخواردنی بەسەردا دراوە و ئێستا دەسگیرکراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگەن لەسەر دۆسیەکە. بە گوێرەی دەزگاکە بێت، ئەو بەرپرسە رووسیە "بەرتیلێکی گەورە"ی قبوڵکردووە کە بە گوێرەی یاسای رووسیا سزاکەی زیاتر لە 15 ساڵ بەندکردنە. دەزگای ئاسایشی رووسیا لە شیرینی خەودا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی لە مۆسکۆ، وا باسدەکرێت لە پەنجەرەوە چوونەتە ژوورەوە و کەرەستەی لەکژری، لیرەی ئاڵتوون، زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار کاشیان لە ماڵەکەیدا دۆزیوەتەوە. دەستگیرکردنی ئەو فەرماندە سەربازییە دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممە، دوای بوونی بە سەرۆک بۆ جاری پێنجەم، ڤلادمیر پووتین، سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیای لە پۆستەکەی دوورخستەوە و کردی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا. ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو تیمۆر ئیمانۆڤ، جێگری وەزیری بەرگریی رووسیاش هەر لەسەر بەرتیلوەرگرتن دەستگیرکرا. یاڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە 23ی حوزەیرانی 2023 فەرمانی بە چەکدارانی کرد هێرشبکەنە سەر رووسیا؛ ئەوەش بە ئامانجی لەکار لابردنی سێرگی شۆیگۆ لە پۆستی وەزیری بەرگریی رووسیا و جێگرتنەوەی. پریگۆژین لای وابوو شۆیگۆ بەرپرسێکی "ترسنۆک و گەندەڵە" و پەیمانەکانی بە ڤاگنەری دابوو نەگەیاندووەتە جێ. یەکێک لەو رەخنانەی لە شۆیگۆی هەبوو بریتیبوو لە جێهێشتنی سەنگەرەکانی جەنگ و نەناردنی چەک بۆ چەکدارانی ڤاگنەر کە لە پێناو رووسیا شەڕیان دەکرد. سەربازانی گرووپی ڤاگنەر لە دوای بیستنی ئەو هەواڵانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تەلەگرام دڵخۆشیی خۆیان دەربڕیوە، چونکە ئەو کات سەرۆکەکەیان کە لە 23ی ئابی 2023دا کوژرا ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی شۆیگۆ، جێگرەکەی و فەرماندەی سەربازانی سوپای رووسیا دەربڕیبوو.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ 76 ساڵ لەمەوبەر فەڵەستینییەکان “لەنێو خاک و ماڵی خۆیان کە ئێستا ئیسرائیلە” دوورخرانەوە و لە غەززە گیرسانەوە. لای زۆرێک ئەو ئەزموونە ئێستا دووبارە دەبێتەوە. نەکبە کە وشەیەکی عەرەبییە و بە واتای کارەسات دێت، بۆ هەڵبڕانی 700 هەزار فەڵەستینی دەگەڕێتەوە لەو ناوچانەی ئەمڕۆ دەوڵەتی ئیسرائیلی لێدروستکراوە؛ ئەمە لە پێش و سەرووبەندی جەنگی عەرەب و ئیسرائیل لە ساڵی 1948 کە دواتر بە دروستبوونی ئیسرائیل کۆتایی هات. ئێستا سێ بەشی دانیشتووانی ئەمڕۆی غەززە ئەو ئاوارانەن کە بەهۆی جەنگەکەوە لە ماڵەکانی خۆیان هەڵبڕان. دوای جەنگ ئیسرائیل رێگەی نەدان بگەڕێنەوە، بە هۆکاری ئەوەی ژمارەیان لە جووەکان زیاتر دەبوو. رێگەنەدان بە گەڕانەوەی فەڵەستییەکان بۆ ئیسرائیل هۆکاری سەرەکیی سەرنەگرتنی گفتووگۆکانی ئاشتی بوو 15 ساڵ لەمەوبەر. ئێستا مەترسیی ئەوە لەسەر فەڵەستینییەکانی غەززە هەیە کە لە رەفەح ئاوارەن، مێژوو بەسەریاندا دووبارەبێتەوە، بەڵام ئەم جارە بە خراپتر. بە هەمان شێوەی پێشتر، خەڵک پشتی ئۆتۆمبێلەکانیان پڕ دەکەن و رەفەح لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل جێدەهێڵن. شەڕی غەززە تاوەکو ئێستا 35 هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوشتووە و یەک ملیۆن 700 هەزار کەسی دیکەش بەهۆیەوە ئاوارەبوون. ئەو ژمارەیە زیاترە لە دوو هێندەی ئەو ژمارەیەی لە 1948 لە ماڵەکانی خۆیان هەڵبڕان و لە غەززە ئاوارەبوون. بەدەر لەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت ئەگەر شەڕەکە بەم جۆرە بەردەوامبێت، 3 ملیۆن و 130 هەزار هاووڵاتی غەززە دووچاری قات و قڕی و برسێتی دەبنەوە. شەڕەکە دوای پەلاماری چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بەهۆیەوە 1200 ئیسرائیلی کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران.

هەوراز حوسێن هاوڵاتی، وارشۆ ئەنتۆنی بلینکن بە سەردانێکی کتووپڕ خۆی گەیاندە کیێڤ و دەڵێت ئەو چەکانەی بۆ ئۆکراینای دەنێرن جیاوازی گەورە لە جەنگی دژ بە رووسیادا دروستدەکات. ئەمە لەکاتێکدایە رووسیا لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەرێکی گەورەی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی رانەگەیێنراو گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و چاوی بە ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کەوت. بلینکن رایگەیاند، "دەزانین ئەمە کاتێکی دژوارە، بەڵام هاریکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا جیاوازی راستەقینە لە دژی داگیرکارییەکەی رووسیا لە مەیدانی جەنگدا دەکات". سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا لەکاتێکدایە، رووسیا لە هەفتەی رابردووەوە دەستی بە گوژمەیەک هێرشی نوێ لە باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردووە و تاوەکو ئێستا لانیکەم 125 کیلۆمەتر دووجا رووبەری ژێردەست هێزەکانی ئۆکراینای لە هەرێمی خارکیڤ کۆنترۆڵکردووە. لەو رووبەرەدا لانیکەم حەوت گوندی تێدایە و بەهۆی هێرشە نوێیەکانەوە 7500 هاووڵاتی ئۆکراینی ئاوارەبوون. کەمتر لە مانگێکە کۆنگرێسی ئەمریکا 60 ملیار هاریکاریی سەربازیی بۆ ئۆکراینا پەسەندکرد کە زۆرینەی هاریکارییەکە لە تۆپهاوێژ و سیستمی بەرگری ئاسمانی پێکدێت. بلینکن دەڵێت، هەندێک لەو هاریکارییانە گەیشتوون و هەندێکیان بە رێگاوەن. بەرپرسانی ئۆکراینا لە رابردوودا لۆمەی ئەمریکایان بەوەکردبوو کە لە هەناردەکردنی کەرەستەی سەربازی بۆیان دواکەوتووە و ئێستاش بەشێک لە بەرپرسانی سەربازیی ئۆکراینا بۆ ئەم پێشڕەوییەی رووسیا لە خارکیڤ لۆمەی ئەمریکا دەکەن. لە شوباتی ساڵی 2022ـەوە کە رووسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێکرد، ئەمریکا گەورەترین هاریکاریی سەربازی بەراورد بە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا ناردووە. لەوکاتەوە تاوەکو مانگی نیسانی ئەمساڵ، ئەمریکا بە بڕی 175 ملیار دۆلار هاریکاریی سەربازی بۆ کیێڤ دەستەبەرکردووە.

هەوراز حوسێن وارشۆ، هاوڵاتی دوای هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم لە مێژوودا، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەردانی چین دەکات. چین دەڵێت "هیچ سنوورێک" لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا نییە. رۆژی سێشەممە 14-5-2024، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، ڤلادمیر پووتین سەردانی پەکین دەکات و لەگەڵ شی ژینگ پینگ، سەرۆکی چین گفتووگۆ لەبارەی پەیوەندییە دوولایەنەکانیان و کێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن. کۆشکی کرێملن هەمان رۆژ سەردانەکەی پشتڕاستکردەوە و باسی لەوەکرد، پووتین لەسەر بانگهێشتی فەرمی شی دەچێتە چین. ئەمەش یەکەم سەردانی وڵاتێکی بێگانەیە بۆ پووتین لە دوای بوونی بە سەرۆکی رووسیا بۆ جاری پێنجەم. لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناوە تاوەکو ئێستا، چین سەرکۆنەی هێرشی رووسیای بۆ سەر کیێڤ نەکردووە؛ ئەمە لەلای رۆژئاوا بە پاڵپشتیی ناڕاستەوخۆی هێرشەکە لێکدەدرێتەوە. لە سەرەتای جەنگەکەوە چین هەناردەی کەرەستە و بابەتی تەکنەلۆجی و ئەلیترۆنی بۆ رووسیا زیادکردووە و وڵاتانی رۆژئاوا دەڵێن، ئەو هەناردانە هاوکاری سوپای رووسیان لە هێرشەکەیان بۆ سەر ئۆکراینا. لەلایەکی دیکەشەوە چین دابینکارێکی سەرەکی وزەی رووسیایە، ئەمەش وادەکات رووسیا لە دۆخی جەنگیشدا دووچاری کەمی لە وزەدا نەبێت. چین لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە بەردەوام ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە هاوبەشی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیادا "بێ سنوورە" و بە توندی سەرکۆنەی سزا ئابووری دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی رۆئاوای بۆ سەر مۆسکۆ کردووە. هەروەها لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا چەندین جار مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان کردووە و هەردوولا هەوڵ بۆ سەپاندنی هەژموونی هاوبەش بەسەر ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای باشوور دەدەن. سەردانەکەی پووتین لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو شی ژینگ پینگ سەردانێکی پێنج رۆژەی بۆ ئەوروپا کرد، کە دووان لە وڵاتەکان سڕبیا و هەنگاریا بوون کە بە نزیک لە مۆسکۆ سەیردەکرێن.