ئاژانسی وزەی ئەتۆم: ئێران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە

3 كاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند، بارودۆخی وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر زۆر جێگەی نیگەرانییە، جەختى کردەوە چاودێریی بارودۆخی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن.
لە دانیشتنی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی وتى: بەئامانجگرتنی وێستگە ئەتۆمییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە تیشکدانەوەی لێنەکەوتووەتەوە، ئێران 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە.
گرۆسی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەر هێرشێک بۆ سەر بوشەهر دەبێتە هۆی ئاستێکی بەرچاو لە تیشکدەرەوەی مەترسیدار، هەروەها ڕوونیکردەوە کە ژێرخانی کارەبا لە شوێنی پیتاندنی نەتەنز کراوەتە ئامانج.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە لە بەرزبوونەوەی ئاستی تیشکدانەوە لە ئەسفەهان ئاگادار نەکراینەوە.
لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە فراوانبوونی ململانێکان دەتوانێت ئاگرێکی جیهانی هەڵبگیرسێنێت کە ناتوانرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و داوای "گەڕانەوە بۆ دانوستانە جدییەکان" دەکات.
وەک لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا وتی، "ئێمە لەبەردەم ساتێکی هەستیارداین و دەبێت بەرپرسیار بین"، ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: ئێستا جیهان لە لێواری داڕماندایە، ئێمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان لە ئەستۆدایە.
ئەمە دووەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، و بە دەستپێشخەریی ڕووسیا و چین و پاکستان بەڕێوە دەچێت.
ڕۆژی ١٣ی حوزەیران، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە ئێران ئەنجامدا. زانیاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تاران پێشکەش کرا.
