سەرۆکی فەرەنسا: چەکی ئەتۆمیی ئێران هەڕەشەیەکی راستەقینەیە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، ڕایدەگەیەنێت، هیچ پاساوێک نییە بۆ لێدان لە ژێرخانی ئەتۆمیی مەدەنیی ئێران، دەبێت ئێرانیش ئامادەیی خۆی نیشان بدات بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان.
بڕیارە پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، لە جنێڤی سویسرا کۆبوونەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەبچێت.
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، جەخت لەسەر گرنگی درێژەدان بە کارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەکاتەوە، وتى: ئاژانس دەبێت بتوانێت بەردەوام بێت لە چالاکییەکانی بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم نەکات.
هاوکات باس لەوەشدەکات ئێمە هاوکات لەگەڵ بەریتانیا و ئەڵمانیا ئۆفەرێکی دانوستانی هەمەلایەنە پێشکەش بە ئێران دەکەین.
ماکرۆن دەشڵێت: هیچ شتێک پاساو نادات بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەو خەڵکی مەدەنی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێراندا.
دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی و نوێنەری ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کردووە پێش ئەوەی بچێتە کۆبوونەوەکە. پەیامی ئەمریکا ئەوەیە، دەکرێت بە گفتوگۆ بگەنە رێککەوتن.
چوونی وڵاتانی ئەورووپا بۆ کۆبوونەوەکە، دوای دەستپێشخەریی سەرۆککۆماری فەرەنسا هات. وڵاتانی ئەورووپا نیگەرانن لە ئەگەری بەشداریکردنی ئەمریکا لە جەنگەکە کە راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە و ئاشتی لە ناوچەکە دەبێت.
لەم هەفتەیەدا، عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و پەیامیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت لە کۆبوونەوەکەدا لایەنی ئەمریکی بە فیزیکی بەشداربن.
