خامنەیی: ئێران تەسلیم نابێت

2 ڕۆژ لەمەوپێش
ڕابەرى باڵای ئێران، وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە و هەڕەشەی توند لە ئەمەریکا دەکات دەڵێت: پێویستە ئەمریکییەکان بزانن کە نەتەوەی ئێران تەسلیم نابێت و هەر دەستێوەردانێکی سەربازی لە لایەن ئەوانەوە زیانێکی گەورەی دەبێت و بە ئاسانی بۆیان قەرەبوو ناکرێتەوە.
عەلی خامنەیی ڕابەرى باڵای ئێران لەوتارێکى ڤیدیۆییدا کە میدیا فەرمیەکان پەخشیانکرد لەسەر چەند بابەتێکى جیاواز قسەیکرد.
جەختی لەوە کردەوە: نەتەوەی ئێران بە توندی لە دژی شەڕێکی سەپێنراو دەوەستێتەوە، هەروەک چۆن لە بەرامبەر ئاشتییەکی سەپێنراودا بە توندی دەوەستێت و ئەم نەتەوەیە لە بەرامبەر سەپاندندا تەسلیمی کەس نابێت.
ناوبراو زیادیکرد، وتى: ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە بەرپرسانی ئێمە خەریکی دانوستانی ناڕاستەوخۆ بوون لەگەڵ ئەمریکا و هیچ نیشانەیەکی کتوپڕ و سەربازی و توند لە لایەن ئێرانەوە نەبووە.
خامنەیی هەروەها ئاماژەی بە لێدوانە هەڕەشە ئامێزەکانی سەرۆکی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: ئەو کەسانەی بە حیکمەتەوە ئێران و نەتەوەی ئێران و مێژووەکەی دەناسن هەرگیز بە زمانی هەڕەشەئامێز لەگەڵ ئەم نەتەوەیە قسە ناکەن، چونکە نەتەوەی ئێران تەسلیم نابێت و پێویستە ئەمریکییەکان بزانن کە هەر دەستێوەردانێکی سەربازیی ئەمریکا بێ گومان زیانێکی قەرەبوو نەکراویان لێدەکەوێتەوە.
سەبارەت بەئیسرائیلیش ڕابەرى باڵاى ئێران بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ئەوان هەڵە و تاوانێکی گەورەیان ئەنجامداوە، وتى: دوژمنی زایۆنی دەبێت سزا بدرێت و سزاش دەدرێت، هێزە چەکدارەکانمان پلانیان هەیە بۆ داهاتوو سزایەکی توندە.
