دیموكراتەكان: ترەمپ بەبێ‌ ڕەزامەندی كۆنگرێس بۆی نیە هێرش بكات 

4 كاتژمێر لەمەوپێش



 

هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، كاردانەوەی سیاسیی لە کۆنگرێسی وڵاتەكەی لێکەوتەوەو، تۆمەتباری دەكەن بەوەی دەستوری پێشێلکردووەو دەسەڵاتی خۆی تێپەڕاندووە، بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بەبێ مۆڵەتی یاسایی.

چاک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی پیران، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: نابێت هیچ سەرۆکێک وڵات بکێشێتە ناو شەڕەوە بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس، ئەوەی روویدا هەڵەشەيی و بێ ستراتیژەو پێگەی ئەمریکا لاواز دەکات لەبری ئەوەی بەهێزی بکات.

لای خۆیەوە، ئاژانسی "ئەسۆشێتد پرێس" بڵاویکردەوە: تەنها ژمارەیەکی سنوردار لە سەرکردەکانی کۆنگرێس پێشتر ئاگادارکراونەتەوە، لەوانە مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆمارییەکان و جۆن سون، سەرۆکی زۆرینەی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران، بەڵام بەبێ ئەوەی بە پرۆسەی راوێژکاری فەرمیدا تێپەڕن یان بانگهێشت بکەن بۆ دانیشتنێکی بەپەلە.

وتەبێژی شومەر دەڵێت:  ئاگادارکردنەوەکە زۆر رووکەش بووە، هیچ وردەکاریی پێویستی لەبارەی سروشتی یان ئامانجە ستراتیژییەکانی هێرشەكەی تیادا نەبووە.

دوای ‌هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی ورد و گشتگیریان کردووەتە سەر سێ ناوەندی سەرەکی ئەتۆمیی ئێران کە ئەوانیش فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان و سەرجەمیان خاپوور بوون.

سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، ئێران بە ئاشتی رازی نەبێت یان بیر لە وەڵامدانەوە بکاتەوە، کارەساتێکی گەورەی بەسەردا دێت، بۆیە ئامانجی هێرشەکان راگرتنی هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران بوو.

فۆکس نیوز لەزاری ترەمپەوە رایگەیاند، ئەو چەکانەی بەکارهاتوون لە هێرشەکەدا شەش بۆمبی GBU-57 و 30 مووشەکی تۆماهۆک بوون.

بۆمبی GBU-57 بۆمبێکی زەبەلاحە کە کێشەکەی 13 تۆنە و تەنها لەنێو زەویدا دەتەقێتەوە، دەتوانێت 200 مەتر خاک یان 60 مەتر کۆنکرێت ببڕێت. ئەم بۆمبە تەنها فڕۆکەی B-2ـی ئەمریکی لەتوانایدا هەیە هەڵیبگرێت و هەر فڕۆکەیەک تەنها یەک بۆمبی پێ هەڵدەگیرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار