لە رۆژئاوای ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو خەڵکدا کرد. دوو کەس گیانیان لەدەستداوە؛ لانیکەم ٢٥ کەسیش بریندارن، پۆلیسیش گومانلێکراوێکیش دەستگیرکردووە. ڕۆژی دووشەممە، 03-03-2025، لە شاری مانهایمی رۆژئاوای ئەڵمانیا ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو قەرەباڵخییەکدا کرد. ستێفان ویلهێلم، وتەبێژی پۆلیسی شارەکە رایگەیاند:  شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە ڕاگیراوە و ڕوون نییە تۆمەتباری دیکە هەبن یان نا. پۆلیس بانگەوازی کردوە کە لە ناوەندی شار دوور بکەونەوە. بەگوێرەی میدیای خۆجێیی مانهایم، ئۆتۆمبێلێکی رەنگ رەشی بەرز بە خێراییەکی زۆرەوە بەرەو رووی بازاڕێکی شارەکە لێی خوڕیوە و خۆی بەنێو خەڵکدا کردووە. رووداوەکەش لە گۆڕەپانی پارادێپلاتز روویداوە. نەخۆشخانەی زانکۆی مانهایم رایگەیاند، پلانیان بۆ فریاگوزاری لەناکاو داناوە، ئەمەش لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی بریندارەکان یان ئەوانی گیان لەدەستدەدەن.     ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 13-02-2025 پۆلیسی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە شەقامی زایدێ لە میونشن، ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد. دوای رووداوەکە ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد و شۆفێرەکەیان دەستگیرکرد، کە پەناخوازێکی ئەفغانستانی بوو. لە رووداوەکە منداڵێکی دوو ساڵ و دایکی گیانیان لەدەستدا.   لە مانگی 12ـی پار ئۆتۆمبێلێک لە شاری ماگدێبۆرگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا خۆی بە نێو بازاڕێکی کریسمسدا کرد و شەش کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش برینداربوون.

  ژان نۆئێل بارۆت وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا هۆشداری دا کە "هێڵی پێشەوە بەردەوام لە ئێمە نزیک دەبێتەوە" بەهۆی "تەماحى ئیمپریالیستییەکانی ڕووسیاوە". بارۆت لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی فرانس ئینتەر ئەمڕۆ دووشەممە چەند کاتژمێرێک پێش مشتومڕێک لە پەرلەمان لەسەر شەڕی ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا، وتی: مەترسی شەڕ لە کیشوەری ئەوروپا، لەناو یەکێتی ئەوروپادا، هەرگیز ئەوەندەی ئەمڕۆ نزیک نەبووە، چونکە نزیکەی ١٥ ساڵە مەترسییەکە بەردەوام لێمان نزیک دەبێتەوە، هێڵی پێشەوەش بەردەوام لێمان نزیک دەبێتەوە. ناوبراو وتی: ئەوەی ئێمە شاهیدی بووین بەئاگاهاتنەوەی تەواوی بەشێک لە ئەوروپییەکانە کە ڕەتیان دەکردەوە واقیعی شتەکان وەک خۆیان ببینن، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم وڵاتە ئەوروپییانە بوونەتە قەناعەت بە پێویستی "ئەوروپا بتوانێت بەرپرسیارێتی بەرگری و ئاسایشی خۆی بگرێتە ئەستۆ، هەروەها هەموو ئامرازە پێویستەکان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی هەرگیز ناچار نەبین لە ئەمریکا بپرسین چی دەتوانێت بۆ ئاسایشی ئەوروپا بکات". وەزیرەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دەستدرێژیی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، دەمانەوێت ئەمریکا بتوانێت، لە ڕێگەی فشارەوە، وابکات (ڤلادیمیر) پوتین، سەرۆکی ڕووسیا لەسەر مێزی دانوستان دابنیشێت و ڕازی بێت کە دواجار واز لە تەماحە ئیمپراتۆرییەکانی بهێنێت کە هێڵی پێشەوەی زیاتر لە ئێمە نزیکتر و نزیکتر کردووەتەوە. بارۆ خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامی ئەو لوتکەیە دەربڕی کە یەکشەممە لە لەندەن بەڕێوەچوو، لەو میانەیدا پانزە سەرکردەی ئەورووپا لە نێویاندا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەڵێنیان دا پشتیوانی لە کیێڤ بکەن و چەکداریی خۆیان لە دژی ڕووسیا بەهێزتر بکەن.

حکومەتى بەریتانیا و ئۆکراینا رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی لەندەن (2.26 ملیار پاوەند) 2.84 ملیار دۆلار بە قەرز بە کیێڤ بدات تاوەکو توانا بەرگرییەکانی ئۆکراینا بەهێز بکات.   لەندەن دەڵێت، رێککەوتنەکە دەرخەری "پشتیوانیی نەگۆڕ و بەردەواممانە بۆ خەڵکی ئۆکراینا." رەیچڵ ریڤز، وەزیری دارایی بەریتانیا بە ئامادەبوونی کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا هەروەها، سێرگی مارچێنکۆ، وەزیری دارایی ئۆکراینا کە بەشێوەی ڤێرچوەڵ ئامادەبوو، واژۆی لەسەر رێککەوتنەکە کرد.   دەگوتر‌ێت، ئۆکراینا بە سامانی سڕکراوی رووسیا، ئەو قەرزە بە بەریتانیا دەداتەوە.  پێش واژۆکردنی رێککەوتنامەکە، ستامەر بەگەرمی پێشوازی لە زیلینسکی کرد، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی هەینی دەمەقاڵێ لەنێوان سەرۆکی ئۆکراینا و هاوتا ئەمریکییەکەی دروستبوو.    کۆمەڵێک خەڵکی ئاسایی لەبەردەم خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت بە چەپڵە پێشوازییان لە زیلینسکی کرد و لەگەڵ ستامەر باوەشیان بەیەکدا کرد، وێنەیان پێکەوە گرت و دواتر چوونەژوورەوە.  ستامەر بە زیلینسکی گوت "زۆر، زۆر بەخێربێی بۆ داونینگ ستریت. تۆ ئاگات لە هوتافی سەر شەقامەکە بوو. پشتیوانی تەواوەتیی بەریتانیات هەیە و، پشتگیریی تۆ و ئۆکراینا دەکەین." ستامەر ئاماژەی بەوە کرد، هەردووکیان "ئاشتییەکی درێژخایەن"ـیان بۆ ئۆکراینا دەوێت، "لەسەر بنەمای سەروەری و ئاسایش بۆ ئۆکراینا."  زیلینسکی لە وەڵامدا باسی ئەوەی کرد، سەدان پشتیوانکاری لە داونینگ ستریت بینیوە.    گوتیشی: "دەمەوێت سوپاستان بکەم، سوپاسی خەڵکی بەریتانیا دەکەم، بۆ ئەم پشتیوانییە گەورەیەی لە سەرەتای جەنگەوە هەبووە. زۆر دڵخۆشم کە خاوەنشکۆ پاشا قبووڵیکرد سبەی من ببینێت و ئێمە لە ئۆکراینا زۆر دڵخۆشین کە هاوبەشێکی ستراتیجیی لەم جۆرەمان هەیە." زیلینسکی هەروەها گوتی "دڵمان بە پشتیوانیی ئێوە گەرمە."  ستامەر و زیلینسکی بۆ ماوەی 75 خولەک لە پشت دەرگا داخراوەکان کۆبوونەوە، لە کاتی رۆیشتنیشی دا، ستامەر تاوەکو لای ئۆتۆمبێلەکە یاوەریی زیلینسکی کرد و پێش ئەوەی سەرکەوێت، لە ئامێزی گرت.

ئەڵمانیاو پۆڵەندا و فەرەنسا کاردەکەن بۆ کۆکردنەوەى پاڵپشتى ئۆکرانیا ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، جەختی لە زیادکردنی دەستبەجێی پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ ئۆکرانیا کردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی لەگەڵ پۆڵەندا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکە کاردەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی بەرگرییەکانی کیێڤ. هاوکات ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوروپا پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە بۆ پشتگیریکردنی بەرگرییەکانی، وتیشى "بەداخەوە ئەوەى ڕویدا خەونێکی خراپ نەبوو، بەڵکو واقیعێکی قورس بوو". هەروەها وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا، داوای ئەوەشیکرد هەردوو ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا یاساکانی بودجەی خۆیان شل بکەنەوە بۆ ئاسانکاری پشتگیریکردن لە ئۆکرانیا دوای ئەو کێشەیە کە بە فڕێدانی زێلێنسکی لە کۆشکی سپی کۆتایی هات. لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، فرانک واڵتەر شتاینمایەر سەرۆکی ئەڵمانیا بە توندی ڕەخنەی توندی لە هاوتا ئەمریکییەکەی دۆناڵد ترەمپ گرت و چاوپێکەوتنە تووڕەییەکەی لە کۆشکی سپی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە دەرەوەی خەیاڵ وەسف کرد. شتاینمایەر ڕۆژی شەممە لە کاتی گەشتى فڕۆکەکەیدا بۆ ئۆرۆگوای بە ئاژانسی ڕۆژنامەوانی ئەڵمانی (dpa)ی ڕاگەیاند: دیپلۆماسی کاتێک شکست دەهێنێت کاتێک هاوبەشەکان لەبەردەم جیهاندا زەلیل بکرێن. وەک شتاینمایەر دەڵێت، دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە ئاساییەکان: “ئەو دیمەنەی لە کۆشکی سپیدا ڕوویدا، هەرگیز باوەڕم نەدەکرد کە ڕەنگە ناچاربین بەرگری لە ئۆکرانیا بکەین لە بەرامبەر ئەمریکا.” سەرۆکی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوروپییەکان پابەندن بە ئازادی و دیموکراسی و سەروەری یاساوە، "دەبێت ڕێگری لە ئۆکرانیا بکەین کە ناچار بێت ملکەچبوون قبوڵ بکات". ترەمپ ڕۆژی هەینی زێلێنسکی بە مەترسی خستنە سەر ئاسایشی جیهانی تۆمەتبار کرد بە ڕەتکردنەوەی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا و هۆشداریدا لەوەی کە "قومار لەگەڵ جەنگی جیهانی سێیەم" و ژیانی ملیۆنان کەس دەکات.

"راگەیاندنی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"، رێگای هەموو هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی رووناک دەکاتەوە و وەک مانیفێستۆی سەردەمە. لەبەر ئەوەی مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتی بۆ گەلەکەمان و مرۆڤایەتی زیاد کردووە، بە رێزەوە سڵاو لە رێبەر ئاپۆ دەکەین. جێبەجێکردنی نێوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتوو زۆر گرنگە لەگەڵ بانگەوازی باسکراودا دیارە کە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرۆسەیەکی مێژوویی دەستی پێکردووە. ئەمە کاریگەریەکی گەورەی لەسەر پێشکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی و ژیانی ئازاد لە سەرانسەری جیهاندا دەبێت. پەیوەست بەمەوە بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە سەر شانی هەموومان؛ پێویستە هەر کەس ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بێگومان کردنی بانگەوازێک بەم شێوەیە زۆر گرنگ بوو؛ ئێستا جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە. ئێمە وەک پەکەکە راستەوخۆ بەشداری نێوەڕۆکی بانگەوازی باسکراو دەبین و رایدەگەیەنین کە ئێمە بەپێی پێداویستیەکانی بانگەوازەکە هەڵسوکەوت دەکەین و جێبەجێیان دەکەین. بەڵام بۆ سەرکەوتن پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی سیاسەتی دیموکراتی و زەمینەی یاسایی دابین بکرێن. هێزی بەڕێوەبردنی خەبات و هاوئاهەنگی پەکەکە کە داڕێژراوە دەدرێتە گەل زۆر ئاشکرایە کە پەکەکە، بووەتە بزووتنەوەی راستی و پاڵەوانە گەورەکانی نیو سەدەی دوایی کوردستان. هەموو شتێک بە خەباتێکی گەورەی پاڵەوانەتی، فیداکاری، قوربانیدان و رەنجی زۆر بەدەست هاتووە. ئێمە هەموو شەهیدە پاڵەوانەکانی ئەم خەباتی ئازادییە بە رێز، خۆشەویستی و سوپاسگوزاریەکی گەورە بەبیر دێنینەوە. ئێستا ئێمە بە هەمان گیان و باوەڕ دەستکەوتە مێژووییەکانی باسکراو دەگوازینەوە بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات. ئەو ژیرییەی کە رێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە و ئەزموونی گەورەی پەکەکە دروستی کردووە، باشی، راستی، جوانی و هێزی بەڕێوەبردنی خەباتی ئازادی لە رێگەی سیاسەتی دیموکراتیەوە دەداتە گەلەکەمان. بە رادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات لەم چوارچێوەیەدا، بۆ ئەوەی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی جێبەجێ بکرێت، ئێمە لە ئەمڕۆوە ئاگربەست ڕادەگەیەنین. بە ڕادەیەک کە هێرش نەکرێتە سەرمان، هیچ هێزێکمان چالاکی چەکداری ئەنجام نادات. هەروەها جێبەجێکردنی بابەتەکانی وەک چەک دانان تەنها بە پێشەنگایەتی پراکتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت. بۆ سەرکەوتنی کۆنگرە پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی بەڕێوەی ببات هەروەها ئێمە ئامادەین کە بەپێی داواکاری ڕێبەر ئاپۆ کۆنگرەی پارتی بەڕێوە ببەین. بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەمە پێویستە مەرج و پێداویستیە گونجاوەکان دابین بکرێن و بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەش پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خۆی پێشەنگایەتی کۆنگرە بکات و بەڕێوەی ببات. تا ئێستا لەگەڵ هەموو هەڵە و کەموکوڕیەکان ئێمە بەڕێوەبەرایەتی شەڕمان کرد؛ بەڵام تەنها رێبەر ئاپۆ دەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بکات. پێویستە مەرج و پێداویستیەکانی ئازادی جەستەیی، ژیان و کارکردنی ئازاد دابین بکرێن ڕاستیە بەرچاوەکان زۆر ئاشکرا نیشان دەدەن کە بۆ ئەوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ ببێت، بۆ دیموکراتیکردنی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای چارەسەری دیموکراتی کێشەی کورد، بۆ پێشخستنی بزووتنەوەی دیموکراسی گڵۆباڵ، پێویستە مەرجەکانی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بژیت و کار بکات دابین بکرێن، هاوڕێکانیشی لەناویاندا بتوانن بەبێ بەربەست لەگەڵ ئەو کەسانەی دەیانەوێت پەیوەندی دروست بکەن. ئێمە هیوادارین کە پێداویستیەکانی ئەمە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە جێبەجێ بکرێن. بانگەواز کۆتایی نییە دەستپێکێکی نوێیە گەل و دۆستە بەڕێزەکانمان! بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بێگومان کۆتایی نییە، بە پێچەوانەوە دەستپێکێکی نوێیە. وەک کە لە ڕاگەیاندنەکەدا زۆر سەرنجڕاکێش دەوترێت و بە شێوەیەکی ئاشکرا دەخاتە بەرچاو کە ئەو شتانەی کە پێویست بوو لە 35 ساڵی رابردوودا بەتایبەتی لەم 20 ساڵەی دواییدا بکرابان، بەڵام بەو رادەیەی دەخوازرێت لە کاتی خۆیاندا نەکراون، ئێستا پێویستە بێگومان بکرێن. لەم بوارەدا پێویستە بانگەوازی ڕێبەرایەتی، هۆکارەکانی، تایبەتمەندی و ئەرکەکانی پرۆسە نوێیەکە کە دەستی پێکردووە بە دروستی و تەواوی تێبگەین و پێویستە پێداویستیەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. پێویستە بە بەرپرسیاریەتی و جیددیەتێکی گەورەوە نزیک لە ناوەڕۆکی بانگەوازەکە ببینەوە و زۆر گرنگە کە لە هەموو بوارێکدا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە جێبەجێ بکرێت. پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین با لەبیرمان نەچێت کە بارگرانیەکەی هەرە زۆر ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە خستوویەتیە سەر شانی خۆی، ڕێگامان ڕووناک دەکاتەوە و پێشەنگایەتیمان دەکات. ئێستا بە 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی' هەنگاوێکی نوێ دەنێت و بۆ هەموو ژێردەستەکان بەتایبەتی ژنان و لاوان پرۆسەیەکی نوێی خەبات دەست پێدەکات. لەبەر ئەمە با تایبەتمەندیەکانی ئەم پرۆسە نوێیە بە دروستی تێبگەین و لەسەر بنەمای ئەوەی کە هەردەم لە بەرامبەر هەر جۆرە ساختەکاری و هێرشێک ئامادە بین، ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەین. با ڕێکخستنبوونی دیموکراتی و خەباتی ئازادیمان لە هەموو بوارێکدا بە ئازایەتی و فیداکاریەکی گەورەوە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە چوار لای جیهان گەش بکەین. پێویستە هەموومان بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی ڕێبەرایەتی خۆمان بە بەرپرس بزانین. بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە 8ی مارس و نەورۆز بکەن ئەوەتا، چووینە مانگی مارسێکی نوێوە و هەیەجانی 8ی مارس و نەورۆز دەژین. ئێمە شۆڕشی ئازادی ژنان لەسەر بنەمای ژنناسی پێش دەخەین و لەسەر هێڵی شارستانیەتی دیموکراتی ژیانی کۆمەڵگای ئەخلاقی و سیاسی رێکدەخەین. هەوڵ دەدەین ڕاستی ئاپۆیی بە شێوەیەکی دروست و تەواو تێبگەین و شۆڕشی ڕاستی کە شۆڕشی بیرکردنەوە و شێوازی ژیانە پێشبخەین. بانگەوازی دوایی ڕێبەر ئاپۆ لە راستیدا بانگەوازی بەهێزتر پشتگیری لە 8ی مارس و نەورۆز بکەن و بە هەیەجانێکی گەورەوە پیرۆزی بکەن. لە هەر کەسێک زیاتر پێویستە ژنان و لاوان ئەم بانگەوازە بە دروستی تێبگەن، بە بەهێزی پشتگیری لێبکەن و پێداویستیەکانی جێبەجێ بکەن. لەسەر ئەم بنەمایانە ئێمە 8ی مارس ڕۆژی ژنانی کرێکار و نەورۆز لە هەموو ژنان و لاوان، گەلەکەمان و دۆستەکانمان پیرۆز دەکەین و بانگەواز لە هەر کەسێک دەکەین کە بە گیانی 8ی مارس و نەورۆز پشتگیری لە بانگەوازی رێبەرایەتی بکەن و لە هەموو بوارێکدا خەباتی ئازادی گەش بکەن! بژی پێشەنگی پاڵەوانی گەلەکەمان پەکەکە! "بژی رێبەر ئاپۆ!"

  تەرمی ئەو چوار کەسە دۆزرایەوە کە ئێوارەى دوێنێ هەینی لە شاخێکى شارى بانەى لە پارێزگای کوردستان(سنە)ی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە ژێر بەفرە.   ئەمڕۆ شەممە، 1ی ئاداری 2025، عەلى ئەکبەر، جێگرى پارێزگارى سنە، ڕایگەیاند دوای گەڕانێکی زۆر، تەرمی ئەو چوار شاخەوانە دۆزرایەوە کە دوێنێ لە ئەنجامی هاتنی رەنووی بەفرەوە بێسەرشوێن بوون. ئەو بەرپرسە ئەوەشى وت ئێوارەی دوێنێ دوو گروپ لە شاخەوانی ناوخۆیی لە بەرزاییەکانی حەفت تاش کە ٤٠ کیلۆمەتر لە بانەوە دوورە، لە ڕێگای گەڕانەوەیان ڕووبەڕووی سێ بەفربارینی یەک لە دوای یەک بوونەتەوە، و حەوت شاخەوان کەوتونەتە ژێر بەفر. ئەوەشى ئاشکراکرد کە ئەمڕۆش لە کاژێر 5 بەیانییەوە گەڕان بە دوای ئەو هاونیشتمانییانە دەستی پێکرد. جگە لە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان، تیمەکانی فریاکەوتن ئامادە بوون.   دوێنی هەینی کۆمەڵێک شاخەوان کە بە مەبەستی شاخەوانی چووبوونە چیایەکی نزیک شاری بانە و ئەندامی هەردوو گرووپی شاخەوانیی پاژین و سوور کێو بوون، بەر رنووی بەفر کەوتن. هەر دوێنێ تەرمی دوو کەسیان دۆزرایەوە و 4 کەسیش بە برینداری دەرهێندران.  ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا، دوو ژن و 4 پیاون بە ناوەکانی شەهلا رەحمانی، رووناک دانشمەند، عومر عەبدوڵڵاهی،کاروان ئەحمەدپوور، خالق محەممەد نەژاد و یاسا سادقی و خەڵکی بانەن.

دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و هاوارکردنیان بەسەر یەکدیدا؛ سەرۆکی ئۆکراینا سوپاسی ئەمریکا دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی و بۆ ئەو سەردانەی بۆ واشنتن بۆی رێکخرا.  ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "سوپاس ئەمریکا، سوپاس بۆ پاڵپشتیتان، سوپاس بۆ رێکخستنی ئەم سەردانە."  لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، "سوپاس سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆنگرێس و گەلی ئەمریکا. ئۆکراینا پێویستی بە دادپەروەری و ئاشتییە، ئێمە رێک کار بۆ ئەوە دەکەین." ڕۆژى هەینی 28ی مانگی دوو دۆناڵد ترەمپ دوای دیدار لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی، ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی لە کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند زێلێنسکی ئامادە نییە بۆ ئاشتی. لە بەیاننامەکەدا ترامپ دیدارەکەی لەگەڵ زێڵێنسکی بە "زۆر مانادار" ناودێر کردووە و ئاماژەی بەوەشکردووە زۆر شت فێربووە کە بەبێ دیالۆگ و گفتوگۆ لەژێر فشارێکی لەو شێوەیەدا هەرگیز فێرنەدەبوو. بە وتەی سەرۆکی ئەمەریکا، ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی ئامادە نییە بۆ ئاشتی، چونکە هەست دەکات دەستێوەردانی ئەمەریکا "سودێکی گەورەی" بۆ ئەمەریکا لە دانوستانەکاندا هەیە. دانۆڵد ترامپ ڕوونیکردەوە "من سوودم ناوێت، ئاشتیم دەوێت". سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم رۆژنامەڤانان لە سەرۆکی ئۆکراینا تووڕە بوو و هۆشداریی پێدا، یان دەبێت ئۆکراینا لەگەڵ وڵاتەکەی رێکبکەوێت، یان واشنتن کۆتایی بە پاڵپشتییەکانی بۆ ئەو وڵاتە دەهێنێت. کاتێکیش زیلینسکی گوتی، "دەتوانم وەڵام بدەمەوە؟" ترەمپ پێی گوت، "نەخێر ناتوانیت، تۆ زۆر قسەت کرد!"  ترەمپ بە زیلینسکیی گوت، "تۆ قومار بە ژیانی ملیۆنان کەسەوە دەکەیت. تۆ قومار بە جەنگی جیهانیی سێیەمەوە دەکەیت، ئەوەی تۆ دەیکەیت بێڕێزییەکی زۆرە بەم وڵاتە."   لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ زیلینسکی، ترەمپ گەلی ئۆکراینا بە "زۆر ئازا" ناودەبات، بەڵام بە هاوتا ئۆکراینییەکەی دەڵێت، "تۆ دەبێت یان رێککەوتنێک بکەیت، یان ئێمە لەم بابەتە دەچینە دەرەوە، ئەگەر ئێمەش بچینە دەرەوە، خۆتان دەبێت ئەو شەڕە بکەن." زیلینسکی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێک لەسەر کانزاکانی ئۆکراینا و تاوتوێکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ رووسیا لە کۆشکی سپی بوو، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بە "دیکتاتۆر" ناوی بردبوو. بەپێی کۆشکی سپی، رێککەوتنەکەش واژۆ نەکراوە.   کۆبوونەوەکە دوای هەفتەیەک لە لاوازبوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان هات کە بەهۆیەوە سەرکردەکانی فەرەنسا و بەریتانیاش چوونە کۆشکی سپی، بۆئەوەی داوا لە ترەمپ بکەن کە کیێڤ پشتگوێ نەخات.   ئاڵۆزی و دەنگ بەرزکردنەوەی سەرۆکی دوو وڵاتەکە دوای چەند قسەیەکی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هات کە گوتی، "دیپلۆماسیەت" بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پێویست بوو. زیلینسکی لێی پرسی، "چی جۆرە دیپلۆماسییەتێک؟" لە وەڵامدا ڤانس بەوە تۆمەتباری کرد کە لە نووسینگەی سەرۆکی ئەمریکادا "بێڕێزیی" کردووە.  دواتر ترەمپ بە هاوتا ئۆکراینییەکەی گوت، "تۆ بە هیچ شێوەیەک وا رەفتار ناکەیت کە سوپاسگوزاری ئێمە بیت." گوتیشی، "بزنس بەم شێوەیە زۆر سەخت و قورس دەبێت."  دواتر سەرۆکی ئۆکراینا لایەنی بەرامبەری بەوە تۆمەتبار کرد کە دەنگیان بەرز کردووەتەوە بەسەریدا و "بە دەنگی بەرز قسەیان کردووە." لە درێژەی قسەکانیدا وتی ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی لە نووسینگەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی "بێڕێزی" بە ئەمەریکا کردووە و "هەرکاتێک ئامادەبوو بۆ ئاشتی دەتوانێت بگەڕێتەوە". هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەیەکی کورتدا وەڵامی پرسیاری پەیامنێرانیان داوە پێش ئەوەی ئەم بەیاننامەیە بڵاوبکەنەوە و گفتوگۆکانیان لە کۆشکی سپی دەستپێبکەن. دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاندووە ڕێککەوتنێکی "زۆر دادپەروەرانە"یان لەسەر کانزاکانی ئۆکرانیا ئەنجامداوە و ڕێککەوتنەکەش "بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە" لەلایەن ئەمەریکاوە. سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا وڵاتەکەی ئەو کانزا دەگمەنانە کە لە ئۆکرانیا دەدۆزرێتەوە، دەردێنێت و لە بوارەکانی وەک زیرەکی دەستکرد و کاروباری سەربازیدا بەکاریان دەهێنن. سەرۆکی ئەمەریکا وێڕای دەربڕینی هیوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، جەختی لەسەر پێویستی سازان لە هەردوولا کردەوە. ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد ئەمەریکا چەکی بۆ ئۆکرانیا دەبێت، بەڵام "هیوادارم پێویست نەکات بڕێکی زۆر بنێرین". سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند کە ناوبژیوانێکی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیایە و دەیەوێت کۆتایی بەم شەڕە بهێنێت. وتیشی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا قسەی کردووە و پوتن دەیەوێت بگەنە ڕێککەوتن. بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە لەگەڵ پوتندا نییە بەڵکو لەگەڵ باشەیە بۆ ئەمەریکا و جیهان. لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی هیوای خواست کە ڕێککەوتنەکە ببێتە "هەنگاوێک بۆ پێشەوە" بۆ ئۆکرانیا. زێڵێنسکی ئاماژەی بەوەدا کە پوتن شەڕی دەستپێکردووە و بۆیە دەبێت تێچووی شەڕەکە بدات. سەرۆکی ئۆکرانیا پوتنی بە "بکوژ" ناوبرد و داوای لە دانۆڵدترامپ کرد سازش لەگەڵیدا نەکات. دیدار و گفتوگۆی ترامپ لەگەڵ زێڵێنسکی تەنها ڕۆژێک دوای دیدارەکەی لەگەڵ کێیەر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە کۆشکی سپی ڕوویدا. لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی دوێنێدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند هەنگاوی داهاتووی شەڕی ئۆکرانیا هەنگاونان بەرەو ئاگربەستە، هەوڵەکانیش بۆ گەیشتن بەو ئاگربەستە "بەخێرایی" بەرەوپێش د  

  پێنج وەزیری پێشووی بەرگریی داوا لە کۆنگرێس دەکەن لێپرسینەوە لە ترەمپ بکات لەسەر کارە بێباکەکانى و دەرکردنی چەند سەرکردەیەکی سەربازی. لە نامەیەکی کراوەیاندا ئەو پێنج وەزیرەى بەرگریی لە کابینەکانى پێشووتری ئەمریکادا بوون، ئێوارەى پێنج شەممە بەکاتى ئەمریکا بڵاویانکردەوە و نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە "بە سیاسیکردنی" دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سوپای وڵاتەکەى، هەروەها داوایان لە پەرلەمانتاران کرد دانیشتن ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی داوای ڕوونکردنەوە لە ئیدارەی ترەمپ بکەن.  لای خۆیەوە ئیدارەی ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەڵبژاردنی کارمەندانی باڵای سەربازی ئیمتیازێکی سەرۆکایەتییە کە سەرۆکەکانی پێش سەرۆکی کۆمارییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاریان هێناوە. بەڵام ڕەخنەگرانی ئەو هەنگاوە لە نێویاندا پێنج وەزیرەکە دەڵێن هیچ پاساوێکی لەگەڵ نەبووە سەبارەت بە لێهاتوویی یان کردەوەی ئەو سەربازانەی کە بەشداربوون. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ترامپ هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە چارڵز براون سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەرکانی سوپای ئەمریکا دەگرێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک گۆڕانکاری فراوان لە سەرکردایەتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا. پاشان پیت هێگسێت وەزیری بەرگری وڵاتەکەی نیازی خۆی بۆ گۆڕینی چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازی دەربڕی. سکرتێری پێشووی ویلیام پێری، لیۆن پانێتا، چاک هاگڵ، جەیمس ماتیس و لۆید ئۆستین کە لە ژێر ئیدارەکانی دیموکراتەکاندا خزمەتیان کردووە، لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرێس ڕایانگەیاندووە، “ئێمە زۆر نیگەرانین لە دەرکردنی چەند سەرکردەیەکی سەرەکی سەربازی ئەم دواییەی سەرۆک ترامپ”. سکرتێرەکانی پێشووی ئەمریکا لە نامەیەکدا نووسیویانە: “ئێمە دەنووسین بۆ ئەوەی داوا لە کۆنگرێسی ئەمریکا بکەین لێپرسینەوە لە ترەمپ بکات لەسەر ئەو کارە بێباکانە”، داوایان لە یاسادانەران کردووە دانیشتن ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی داوای ڕوونکردنەوە لە ئیدارەی ترەمپ بکەن. هەر لە هەمان چوارچێوەدا پێنج وەزیرە پێشووەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم دەرکردنانە "پرسیارێکی نیگەرانکەر لەبارەی خواستی ئیدارە بۆ بە سیاسیکردنی هێزە چەکدارەکان و لابردنی سنووردارکردنی یاسایی لەسەر دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار دەوروژێنن".

لەیەکەم لێدوانى بەرپرسانى ئەمریکا، بۆ بانگەوازەکەى ئـ.ـۆجەلان، وتەبێژى کۆشکی سپی پێشوازی لە بانگەوازەکە دەکات و پێى وایە  یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانەدی ئاشتی. برایان هیوز، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئەمە پێشهاتێکی بەرچاوە و هیوادارین یارمەتیدەر بێت بۆ ئارامکردنەوەی هاوپەیمانە تورکییەکانمان، پێمان وایە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانەدی ئاشتی بۆ ئەم ناوچەیە پڕ لە کێشەیە". ئێوارەى پێنج شەممە، عەبدوڵڵا ئـ.ـۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان پەیامە چاوەڕوانكراوەكەی بڵاوكردەوە، لەناوەڕۆکى پەیامەكەیدا داوای چەكدانان لە پەكەكە و خۆهەڵوەشاندنەوە دەكات. ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دەشڵێت دوای بانگەوازی بەڕێز دەولەت باخچەلی و بەو ئیرادەیەی بەڕێز سەركۆمار نیشانی دا و بە هەڵوێستی ئەرێنی پارتە سیاسییەكان، بەرپرسیارێتی ئەو بانگەوازە مێژوویییە هەڵدەگرم و داوای چەك دانان دەكەم.  

  مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە ئاماژەدان بە ڕادەستکردنی تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی لەلایەن گرووپی حەماسەوە، ڕایگەیاند حەماس دەبێت دەستبەجێ ئەو  59 بارمتەیە بگەڕێنێتەوە، لەوانە ئەو چوار ئەمەریکاییەی کە ماونەتەوە. وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس دوای ئەوە بڵاوکرایەوە کە بەرپرسێکی ئاسایشی ئیسرائیلی ڕایگەیاند تەرمی چوار بارمتە کوژراوەکە ڕادەستی  ئیسرائیل کراون. بەرپرسێکی ئاسایشی ئیسرائیل بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی لە خاچی سوورەوە دەستی کەوتووە ڕایگەیاند، تابوتەکانی چوار بارمتە کوژراوەکە لە دەروازەی کەرەم شالۆن ڕادەستی هێزەکانی ئیسرائیل کراون. پێدەچێت ئیسرائیل لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادوەری بۆ تەرمەکان لە نزیک سنوور ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا گرووپی تیرۆریستی حەماس بارمتەکانی وەک خۆیان گەڕاندووەتەوە وەک ئەوەی پێشتر ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە یان نا. ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات کە گرووپی تیرۆریستی حەماس هەفتەی ڕابردوو تەرمی ژنێکی خەڵکی غەززەیان لە جیاتی شێری بیباس ڕادەستی ئیسرائیل کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە گواستنەوەکە لە ئەنجامی هەڵەیەک بووە و ڕۆژی دواتر تەرمی دایکە کوژراوەکە ڕەوانەی ئیسرائیل کرد. ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئیسرائیل ئازادکردنی نزیکەی 620 زیندانیی ئەمنیی فەلەستینی دواخست و بە هۆی دواکەوتنی ڕادەستکردنی تەرمی شێری بیباسی بارمتەی ئیسرائیلی و هەروەها نمایشێک کە لەلایەن گرووپی تیرۆریستی حەماس لەگەڵ بارمتە ئازادکراوەکان بەڕێوەچوو. لە میانەی هێرشی تیرۆریستیی حەماس لە ساڵی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، هەزار و 200 کەسی مەدەنی کە زۆربەیان خەڵکی ئیسرائیلی بوون کوژران و زیاتر لە 250 کەسی دیکە کە بەساڵاچوو و ژن و منداڵیشیان تێدایە، بە بارمتە گیران. دوابەدوای ئەم هێرشە تیرۆریستییە، ئیسرائیل بە مەبەستی لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی بارمتە ڕفێنراوەکان، لەشکرکێشی بۆ سەر غەززە دەستیپێکرد.

شاندی ئیمراڵی پەیامی ئۆجالانیان بڵاوکردەوە، بفەرموون لە دەزگای میدیایی هاوڵاتییەوە گوێبیستی دەقی پەیامەکە بن: بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی پارتی؛ لە سەدەی بیستەم دامەزراوە، توندوتیژترین سەدەی مێژووە. ئەو ژینگەیەی کە پەکەکە تێیدا دروست بوو، ژینگەی دوو شەڕی جیهانی، سۆسیالیزمی ڕاستەقینە و سەردەمی شەڕی سارد بوو لە جیهاندا. لەو چوارچێوەیەدا نکۆڵیکردن لە واقیعی کورد و قەدەغەکردنی ئازادییەکان و بەتایبەت ئازادیی بیرکردنەوە ڕوویدا. واقیعی سیستەمی سۆسیالیستی واقیعی سەدە کاریگەری لەسەر ئەم پێکهاتە هەبووە لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژی و تاکتیکەوە. لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە هۆی هۆکاری ناوخۆیی و داڕمانی سۆسیالیزمی واقیعی و تێکچوونی نکۆڵی لە ناسنامە لە وڵاتدا و پێشهاتەکانی ئازادیی بیرکردنەوە بووە هۆی ئەوەی پارتی مانای خۆی لەدەست بدات و زیاتر خۆبەدەستەوەدەر بێت. بۆیە وەک ئەوانی تر گەیشتووەتە کۆتایی تەمەنی و پێویستی بە کۆتاییهێنانە. پەیوەندی کورد و تورکیا؛ بەدرێژایی زیاتر لە هەزار ساڵ لەمێژوودا، تورک و کورد هەمیشە بەپێویستیان زانیوە خۆبەخشانە لە هاوپەیمانییەکدا بمێننەوە بۆ ئەوەی بوونی خۆیان بپارێزن و دژی زلهێزە هەژموونییەکان بوەستنەوە. دوو سەدەی ڕابردووی مۆدێرنیتی سەرمایەداری ئامانجی شکاندنی ئەم هاوپەیمانییە بووە. ئەو هێزانەی کە کاریگەرییان لەسەر بووە، لەگەڵ بناغە چینییەکانیان، ئەمەیان وەک بنەمایەک وەرگرتووە. ئەم پرۆسەیە بەهۆی لێکدانەوە یەکسانەکانی کۆمارەوە خێراتر بووە. ئەرکی سەرەکی ڕێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییە کە ئەمڕۆ تێکچووە، بە گیانی برایەتی و یەکڕیزی، بەبێ ئەوەی بیروباوەڕەکانمان پشتگوێ بخەین. پێویستی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی حاشا هەڵنەگرە. پەکەکە درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی یاخیگەر و توندوتیژانە لە مێژووی کۆماردا. چونکە ڕێگای سیاسەتی دیموکراسی داخرا، پارتی بەهێزتر بوو و پشتیوانی پەیدا کرد. دەوڵەتە نەتەوەیی و فیدراسیۆنە جیاکراوەکان، ئۆتۆنۆمی ئیداری و چارەسەری کولتووری کە دەرئەنجامی پێویستی ناسیۆنالیزمی توندڕەون، ناتوانن وەڵامی کۆمەڵناسی کۆمەڵگەی مێژوویی بن. ڕێزگرتن لە شوناسەکان، ئازادی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراسی و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان تەنیا بە بوونی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و فەزای سیاسی مومکین دەبێت. سەدەی دووەمی کۆمار تەنیا کاتێک دەتوانێت یەکگرتوویی و بەردەوامی هەمیشەیی هەبێت کە تاجی دیموکراسی لەسەر بێت. هیچ ڕێگەیەکی تر نییە بۆ گەڕان بەدوای سیستەمەکان و جێبەجێکردنیان جگە لە ڕێگەی دیموکراسی و ناکرێ. کۆدەنگی دیموکراتی میتۆدی بنەڕەتییە. زمانی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیش بەگوێرەی ئەم واقیعە پەرەی پێبدرێت. ئەو بانگەوازەی بەڕێز دەولەت باخچەلی کردوویەتی، ئەو ئیرادەیەی جەنابی سەرۆک کۆمار نیشانیداوە و ڕێبازە ئەرێنییەکانی لایەنەکانی دیکە ئەم پرۆسەیەیان خوڵقاندووە و منیش داوای داماڵینی چەک لەم پرۆسەیەدا دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە لە ئەستۆ دەگرم. هەروەک چۆن هەموو کۆمەڵگا و حیزبێکی هاوچەرخ کە بوونیان بە زۆر کۆتایی پێنەهاتووە، ئێوەش خۆبەخشانە کۆنگرەی خۆتان بانگ دەکەن و بڕیار دەدەن؛ پێویستە هەموو گروپەکان چەکەکانیان دابنێن و پارتی هەڵبوەشێتەوە. سڵاوی خۆم بۆ هەموو ئەو کەسانە دەنێرم کە باوەڕیان بە پێکەوە ژیان هەیە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن. ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥ عەبدوڵڵا ئۆجالان”

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بانگهێشتنامەیەکی لەلایەن ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا پێگەیشت بۆ ئەوەی لە مانگی ئایاری داهاتوو سەردانی ڕووسیا بکات. ئەمڕۆ چوارشەممە (26ی شوباتی 2025)، لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوەخراوەتەڕوو سودانی پێشوازی کردووە لە سێرگی تسیڤلێڤ وەزیری وزەی ڕووسیا، لەکۆبونەویەکدا تیایدا باسیان لە بوارەکانی هاوکاری هاوبەش کرد، بەتایبەتی لە بواری وزە و کەرتی نەوت. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا ئەوەش ئاشکراکراوە سودانی "بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە وەزیری ڕوسیا وەرگرتووە کە لەلایەن ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیاوە بۆى نێردراوە بۆ ئەوەى بەشداری بکات لە ئاهەنگەکانی هەشتاهەمین ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر نازیزیەکاندا کە لە مانگی ئایاری داهاتوودا ئەو مەراسیمە بەڕێوەدەچێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو دیدارەدا جەختی لەوە کردەوە عێراق کار بۆ فراوانکردنی هاوکاری لەگەڵ لایەنی ڕووسی لە چەند بوارێکدا، و پەرەپێدانی هاوبەشی و شارەزایی لە بواری زیرەکی دەستکرد کاردەکات. لای خۆیەوە، تسیڤیلێڤ ئەو پێشکەوتنانەی لە کۆبوونەوەکانی خولی دەیەمی لیژنەی باڵای عێراق و ڕووسیا، کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، کە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی دەکات، و ئەو یاداشتانەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی لە بوارەکانی گواستنەوەی دەریایی، تەندروستی، و کەرتی نەوت، هەروەها لەسەر ئاستی ژوورە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دووپاتکردەوە، ئاماژەی بە خواستی حکومەتی وڵاتەکەی کرد بۆ هاوبەشی زیاتر دوو وڵات لە بوارە جیاوازەکانی بەرژەوەندی هاوبەشدا.

هاوڵاتى وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێککەوتووە ئەو وڵاتە لەڕووی وزەوە سەربەخۆ بێت و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لەڕێگەی ‌هێڵی بۆری عێراق  و تورکیاوە بەخێرایی دەستپێبکاتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وردەکاری نوێی سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبووی راگەیاند. تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا وتی: رۆبیۆ لەگەڵ سودانی کۆمەڵێک بابەتی تاوتوێ کردووە، لەوانە، کاریگەری ئێران لە ناوچەکە، پێویستی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزەو وەبەرهێنانە بازرگانییەکانی ئەمریکا. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پێویستی سەربەخۆیی عێراق لەبواری وزەو دەستپێکردنەوەی کارپێکردنی هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بەخێرایی و، پابەندبون بە مەرجەکانی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراق کاردەکەن بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر. وەزیری دەرەوە جەختیکردەوە کە گرنگە سووریا نەبێتە پێگەیەک بۆ تیرۆر و هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، لەم بوارەشدا سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە جەختیان لە بەردەوامی ڕاوێژ لەبارەی دۆسییەکانی ناوچەکە و بەهێزکردنی هاوبەشی ئەمنی لەنێوان  عێراق و ئەمریکا کردەوە. بەیاننامەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە كاتێكدایە، پێشتر نوسینگەی راگەیاندنی سودانی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفونییەی رۆبیۆو سودانی لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند،  گفتوگۆ لە بوارەكانی هەماهەنگی نێوان عێراق و ئیدارەی نوێی ئەمریكاو چوارچێوەی هاوكاری كراوە، لەسەر بنەمای رێككەوتنە دوو قۆڵیەكان.  هاوكات ئەو پێشكەوتنانە خراوەتەڕوو كە لە كاری هاوبەش لە بوارە جیاوازەكان بە ئەنجام گەیشتووە، رێككەوتون لەسەر چڕكردنەوەی پەیوەندیەكان و قۆڵكردنەوەی هاریكاری نێوانیان، بەبێ‌ ئەوەی ئاماژە بە هیچ كام لەو زانیارییانە بكات كە لە بەیاننامەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە. ئەمریکا بڕیاریداوە سزای توند بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و هەناردەی نەوتەکەی بۆ سفر بەرمیل دابەزێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت عێراق بە خێرایی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی نەوتی ئێران دەستپێبکاتەوە، تا ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا بکات.

هاوڵاتى وەزیری ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سێهەمین ڕۆژی کۆنفرانسی گەورەی پارێزگارانی ئەمەریکا (CPAC) ڕایگەیاند "دووبارە دەستپێکردنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئایەتوڵا دەسەڵاتدارەکانی ئێران دەخاتە سەر ئەژنۆیان. داگ بورگێم وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا لەبەشێکى ترى لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکەیدا، ڕایگەیاند حکومەتی ئێران سەدان ملیار دۆلار داهاتی لە فرۆشتنی نەوت بەدەستهێناوە کە دانۆڵد ترامپ دەیەوێت ئەو کارە بوەستێنێت. وەزیری ناوبراو، ئەوەشى خستەڕوو ترامپ بە گەڕاندنەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار" وەک لە خولی یەکەمی خۆیدا کردی، ئایەتو دەسەڵاتدارەکانی ئێران دەخاتە سەر ئەژنۆی خۆیان. ئاماژەی کورتی داگ بۆرگێم بە ئێران لە کاتێکدایە کە بەرنامە ئەتۆمی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە دەستێوەردانگەرییەکانی حکوومەتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێک بووە لە گرینگترین وتارەکانی چەندین بەرپرس و کەسایەتییەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمارییەکان. مارک واڵاس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی "یەکگرتوویی دژی ئێرانی ئەتۆمی" ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136 ڕووی ڕاستەقینەی سەرکوت و سروشتی ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئێرانە. واڵاس لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید-136 ئامێرێکی کوشتنی ترسناکە کە نەوەک تەنها دژی ئۆکرانیا، بەڵکو لە دژی ئیسرائیل، ئەمەریکا، حکومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها کەشتیوانی لە دەریای سوور و بابولمەندەب بەکارهاتووە و سێ سەربازی ئەمەریکایی لە هێرشێکی ئەو فڕۆکەبێفڕۆکەوانانەدا کوژراون. کۆبوونەوەی کۆمارییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستیپێکردووە و تا ڕۆژی شەممە، 22ی مانگی دوو بەردەوام دەبێت. لە ئیدارەی یەکەمیدا، ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری بەرامبەر ئێران پەیڕەوکرد، بەڵام ئیدارەی بایدن لەو باوەڕەدا بوو، سیاسەتەکە شکستخواردووە، بۆیە دوای کەمتر لە مانگێک لە دەستبەکاربوونی لە 2021، هەڵیوەشاندەوە. ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "من بەڕاستیی دەمەوێت ئاشتی ببینم و هیواداریشم بتوانین بەوە بگەین. بابەتەکەش سادەیە. ئەوان نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت و ئەگەر من گەیشتمە ئەو باوەڕەی کە ئەوان دەبنە خاوەن چەکی ئەتۆمی، زۆر خراپ دەبێت بۆیان".

ئەڵمانییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى  ئەندامانى پەرلەمانی فیدراڵیی، ڕاپرسییەکان باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەنجامەکەی ڕاوێژکاری نوێ و هاوپەیمانییەکی نوێی حوکمڕانی بێت. هاوڵاتیانى ئەڵمانیا بەدەنگەکانیان بڕیار لەسەر حکومەتی داهاتوویان دەدەن هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازو کاریگەرە لەسەر ئاراستەی سیاسەتی ئەڵمانیا و ئەوروپا لە داهاتوودا. لەم هەڵبژاردنەدا 60 ملیۆن کەس مافی بەشداریکردنیان هەیە، 736 ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا ناسراو بە "بوندستاگ" هەڵدەبژێرن، 45 پارت رکابەری دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەربەستی 5٪ تێپەڕێنن و نوێنەرایەتییان لە پەرلەماندا هەبێت، لە خولی بیستەمینی پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا، حەوت پارت نوێنەریان هەیە کە گرنگترینیان ئەمانەن سۆشیاڵ دیموکرات، پارتی دیموکراتی ئازاد، پارتی سەوز، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا،  پارتی دیموکراتی کریستیان. چوار کاندیدی دیار کێبڕکێ لەسەر پۆستی ڕاوێژکار دەکەن، ئەوانیش ئۆڵاف شۆڵتز،  لە پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD)، فرێدریش مێرتز سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا، ڕۆبەرت هابێک لە پارتى سەوز، ئالیس ڤایدل، سەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا. ئەوەى ڕوونە لەم هەڵبژاردنەدا، هیچ پارتێک ناتوانێت حوکمڕانی بکات بەبێ پێکهێنانی هاوپەیمانی و ئەوەش چەند هەفتەیەک دەخایەنێت. بەگوێرەی نوێترین راپرسی؛ پێشبینی کراوە بۆ هەڵبژاردنەکانی 23ی شوبات پارتی کریستیان دیموکرات CDU-ی پارێزگار 30%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، هەرچی پارتی راستڕۆی دژە کۆچبەری تووندڕۆیە پێشبینی کراوە ببنە هێزی دووەم و 20%ی دەنگەکان بەدەستبهێنن. بوژانەوەی ئابووری یەکێک بووە لە دوو بابەتی گەورەی هەڵمەتەکە؛ ئەوی دیکەیان کۆچ و ئاسایش بووە، کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤ەوە بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی کوشندەیەوە خراوەتە سەر سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا. کۆچبەری جێگەی سەرنجی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنە بووە، نیگەرانییەکان بەشێکی بەهۆی زنجیرەیەک هێرشی باڵاوە پەرەی سەندووە کە گوایە لەلایەن پەناخوازان یان کۆچبەرانەوە ئەنجامدراون. بە پێی ئامارێکی فەرمیی ئەڵمانیا لە 2015وە زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە سووریا، عێراق و ئەفغانستان داوای مافی پەناخوازییان کردووە.