دوای سێ ساڵ پوتین و ماکرۆن بە تەلەفۆن قسەیانکرد

10 كاتژمێر لەمەوپێش
کریملین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئێوارەى ئەمڕۆ سێ شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەنجامدراوە، ئەمەش یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنیانە لە دوای ساڵی ٢٠٢٢ەوە.
لە میانەی گفتوگۆکەدا، سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە ململانێی ئۆکرانیا "ئەنجامی ڕاستەوخۆی" سیاسەتەکانی ڕۆژئاوایە، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژئاوا ساڵانێکە کاریان کردووە بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بکەن بە پلاتفۆرمێکی دژە ڕووسیا، ئەمەش دوژمنایەتییەکانی ئێستا درێژدەکاتەوە.
کریملین لە زاری پوتینەوە نووسیویەتی، ململانێی ئۆکرانیا دەرئەنجامێکی سروشتی سیاسەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە کە ساڵانێکە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ڕووسیایان پشتگوێ خستووە و ئۆکرانیایان کردووە بە گۆڕەپانی هەستی دژە ڕووسیا و چاویان لە پێشێلکردنی مافەکانی دانیشتوانی ڕووسی زمان کوێر کردووە.
سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە هەر چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا دەبێت هەمەلایەنێک بێت و ڕەگ و ڕیشەی هۆکارەکانی بخاتە ڕوو و لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییانەی کە ئێستا ڕوودەدەن.
هەروەها لە دیدارەکەدا باسیان لە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، بەتایبەت لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی نێوان ئێران و ئیسرائیل و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە ئێرانیەکان.
هەردوولا جەختیان لە گرنگی ڕێزگرتن لە مافی ئێران بۆ وزەی ئەتۆمی ئاشتیانە کردەوە، هاوکات جەختیان لەسەر پێویستی پابەندبوونی تەواوەتی ئێران بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی لەوان هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردەوە.
پوتین و ماکرۆن ئاماژەیان بە "بەرپرسیارێتی تایبەتی" ڕووسیا و فەرەنسا وەک ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی. هەردوولا پابەندبوونیان دووپاتکردەوە بۆ کارکردن بەیەکەوە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، سەرەڕای جیاوازییە بنەڕەتییەکان لە هەڵوێستەکانیاندا.

