پنتاگۆن: هێرشەکان بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی دوو ساڵ دواخست

13 كاتژمێر لەمەوپێش



 

وتەبێژى پنتاگۆن ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران تا دوو ساڵ دواکەوتووە.

شۆن پارنێل وتەبێژی پنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەم خەمڵاندنەی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەشکرد، خەمڵاندنە فەرمییەکە "پێدەچێت لە دوو ساڵ نزیکتر بێت".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دوای نەهێشتنیان وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ڕۆژی 22ی حوزەیران، ڕۆژێک دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئەمریکا سێ شوێنی ئەتۆمی ئێرانی بۆردومان کرد.

دوابەدوای ئەمەش ئێران بنکەی ئەلعودەیدی ئەمریکای لە قەتەر بۆردومان کرد و ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕاگەیاند.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو لێدانانەی وڵاتەکەی لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستیپێکرد، "بەهێز و وێرانکەرن".

ناوبراو زیادی کرد: ئەو شوێنانەی لە ئێران لێمان دا بە تەواوی وێران بوون.

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوز ڕایگەیاند، بۆردومانی پێگەی ئەتۆمی فۆردۆی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە "زیانێکی زۆر و وێرانکەری" بەو دامەزراوەیە گەیاندووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار