فەڕەنسا لەسەر گیانلەدەستدانی کۆچبەران نۆ قاچاخچی سزادەدات

9 كاتژمێر لەمەوپێش
دادگایەکی فەڕەنسا بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکی کۆچبەران لە ساڵی 2022 بڕياری حەوت بۆ هەشت ساڵ زيندانی بەسەر نۆ قاچاخچيدا سەپاند کە دووانيان کوردن.
دادگای شاری ليل لە فەڕەنسا سزای هەشت ساڵ زيندانی بەسەر سێ قاچاخچی و حەوت ساڵ زيندانی بەسەر شەش قاچاخچی ديکەدا سەپاند، تاوەکو ئێستا فەڕەنسا زانياری لەسەر ناسنامەی سزادراوەکان بڵاونەکردووەتەوە.
قاچاخچی دەیەم کە لە سەر دۆسيەکە لە بەلجیکا دەستبەسەرە بڕیارە لە دواتردا دادگایی بکرێت، دادگای بەریتانیاش پێشتر سزای نۆ ساڵ زیندانی بەسەر مێردمنداڵێکی سەنیگالیدا سەپاندووە کە بەلەمەکەی لێخوڕیوە.
وەرگەڕانی بەلەمەکە لە ساڵی 2022 لەکاتی پەڕينەوەی نزيکەی 47 کۆچبەر لە کەناڵی ئينگليز لە فەڕەنساوە بۆ بەريتانيا روويداوە، لەکاتێکدابووە کەشوهەوا ناسەقامگير بووە بەڵام قاچاخچييەکان بە کۆچبەرەکانيان گوتووە هيچ کێشەيەک نييە.
بەگوێرەی لێکۆڵينەوەکان، بەلەمەکە بەر لە رۆيشتنی کونبووە بەڵام بەڕێکەوتووە، 39 کەسی تێدا رزگارکراوە و هەشت کەس گيانيانلەدەستداوە.
ئەمساڵ لانیکەم 17 کەس لە هەوڵی پەڕینەوەدا لە کەناڵی ئينگليز لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا گیانیانلەدەستداوە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی رابردوو 78 کەسی گیانیانلەدەستدا.
