دووشەممە بە کاش هاوکارى زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ دابەشدەکرێت
3 كاتژمێر لەمەوپێش
عەتا محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی بوژانەوەی چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت تاوەکو ئێستا زیاتر لە 11 ملیار دینار بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە.
کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، میکانیزمی دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر زیانلێکەوتووانی کارەساتەکەی چەمچەماڵدا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە ڕۆژی دووشەممەوە دەست بە قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتیان دەکرێت.
ئەحمەد ئەنوەر، کە وەک سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی هاوکارییەکان دیاریکراوە، ڕایگەیاند: "ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە قەرەبووی ئەو خێزانانە دەکرێتەوە کە ماڵەکانیان زیانیان بەرکەوتووە." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەکە بە سێ هەنگاو بەڕێوەدەچێت و هیوای خواست ئەو پارەیەی کۆکراوەتەوە بتوانێت ئەرکی سەرشانی زیانلێکەوتووان کەم بکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەحمەد ئەنوەر، ئاشکرایکرد، "بەڕێز قوباد تاڵەبانی بڕیاریداوە ئەوانەی لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابینبکرێت."هەروەها جەختی کردەوە، ئەو هەژمارە بانکییەی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دانراوە، دانەخرێت.
لەلایەن خۆیەوە، عەتا محەممەد، ئەندامی لیژنەکە، ڕایگەیاند: "هاوکارییەکانی عێراق هێشتا نەگەیشتوونەتە دەستمان و چەند ڕێکارێک ماون تەواو بکرێن."
ناوبراو دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و وتی: "سەرجەم ڕێکارەکانی دابەشکردنی هاوکارییەکان بە وردبینی و بە چاودێریی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجام دەدرێن."
