هەسەدە ناسنامەى چوار شەڕڤانى شەهیدى ڕاگەیاند

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا ناسنامەی چوار شەڕڤانی ئاشکرا کرد، دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان تا بەدیهێنانی خەونەکانیان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەڤاڵی شەهیدمان 'شوکری حامی بەشار'، بەردەوام دەستپێوەگری بەها نیشتمانی و شۆڕشگێڕییەکانی بووە و ئەمەی بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەشی گواستەوە، بەجۆرێک کە چەندین ڕۆڵەی لە ڕێڕەوی شۆڕشگێڕیماندا شەهید بوون، یەکێکی تریان لە یەکێک لە شەڕەکاندا بریندار بوو و بووە برینداری جەنگ، و ژمارەیەکی تریشیان هێشتا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە ناو ڕیزەکانی هێزەکانماندا بەردەوامن لە کارەکانیان.

هەروەها هەڤاڵمان 'ئەبو حەجی/ محەمەد حەنان بیلال'، ئەویش باوکی چەندین شۆڕشگێڕە کە لە سەرەتای شۆڕشەوە چوونەتە ناو ڕیزەکانەوە. ئەو ڕۆحیەتە نیشتمانییەی لە ناو خێزانەکەیدا چاندبووی بووە نموونە بۆ هەموو ئەوانەی دەیناسن. سەرەڕای تەمەنە گەورەکەی، لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی ناوچەکانی شەهبا لە ساڵی ٢٠١٦دا بەشداری کرد و بە ئازایەتییەوە ڕووبەڕووی چەتەکان بووەوە، لە کاتێکدا خۆی و کوڕەکانی پێکەوە لەو هەڵمەتەدا بەشداربوون و هەمیشە سەرچاوەی ورە و ئیلهام بوو بۆیان.

هەروەها هەڤاڵمان 'عەلی / حوسێن عەلی حوسێن'، لە سەرەتای دامەزراندنی هێزەکانمانەوە پەیوەندی پێوە کرد و لێهاتوویی خۆی لە کار و خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئەزموونی سەربازی سەلماند. ئەو ڕاستگۆ بوو لەگەڵ ئەو پرەنسیپانەی باوەڕی پێیان هەبوو بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانمان لە تیرۆر و داگیرکاری.

هەروەها هەڤاڵمان 'عەگید تۆڵهەڵدان'، هەرچەندە بەم دواییانە پەیوەندی بە هێزەکانمانەوە کردبوو، بەڵام بەرگرییەکی گەورەی لە بەنداوی تشرین کرد و لە هێزی دوژمن و چەتەکان نەترسا، بەڵکو هێزی خۆی لە باوەڕبوونی بە دۆزە ڕەواکەی وەردەگرت. ئەزموونێکی فراوانی لە کاتی کارکردنی لە ناو هێزەکانی پاراستن لە چەندین شاردا هەبوو و لە تاکتیکەکانی شەڕی ناو شاردا شارەزا بوو. ئەوەی باوەڕی ئەوی بە شۆڕش قووڵتر کردەوە، کاریگەریی براکانی و خزمەکانی بوو کە لە ناو ڕیزەکانی شۆڕشدابوون".

لە کۆتاییدا قەسەدە سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی هەر چوار شەهیدەکە هەموو بنەماڵەی شەهیدان کردووە و بەڵێنی دووپاتکردۆتەوە کە تێکۆشان بەردەوام بێت تا بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و پاراستنی دەستکەوتەکانیان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار