ترامپ:هیچ شتێکى نوێ پێشکەشى ئێران ناکەین

8 كاتژمێر لەمەوپێش



سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە قسە لەگەڵ ئێران ناکات و "هیچ شتێکى نوێیان" پێشکەش ناکات، هەروەها باسى لەوەکرد ئەمریکا بەتەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بەتەواوەتى سڕیوەتەوە کردووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تروس سۆشیال" رایگەیاندووە: لەگەڵ ئێران گفتۆگۆ ناكەم و هیچ شتێكم بۆ پێشنیاز نەكردووە، لەو کاتەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیانمان وێران کردووە، قسەم لەگەڵ ئێران نەکردووە.

ترەمپ ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانەی ڕەتکردەوە کە دەیانگوت ئیدارەکەی باسی لەوە کردووە کە ئەگەری هەیە یارمەتی ئێران بدات بۆ دەستگەیشتن بە بڕی ٣٠ ملیار دۆلار بۆ بنیاتنانی بەرنامەیەکی ئەتۆمی کە وزەی مەدەنی بەرهەم دەهێنێت.

رۆژى دووشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەگەر ئێران نیازپاکی نیشان بدات، دەکرێت سزاکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن.

ناوبراو هەروەها لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ڕایگەیاند کە ئێران لە ئێستادا بیر لە گەڕانەوە بۆ پڕۆژە ئەتۆمییەکە ناکاتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێران "زۆر ماندوو بووە".

ناوبراو زیادی کرد: ئێران پێش هێرشەکانی ئەمریکا کاتێکی نەبوو بۆ جوڵاندنی یۆرانیۆم.

لەلایەکى دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت یاسای هەڵپەساردنی هاوكاری ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، یاسایەكە كە جێبەجێكردنی لەسەر حكومەت پابەند كراوە. 

لە بارودۆخی ئێستادا ئەمە پرسیارێکە کە پێویستە لە بەڕێوبەری گشتی ئاژانس بکرێت، چونکە ئەو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هاوکارییەکان وەکو جاران و ئاسایی بەردەوام بن. ئەو پرسیارەی کە دەبێت وەڵامی بداتەوە ئەوەیە، چۆن چاوەڕێی ئەوە دەکەن ئێمە سەلامەتی و ئاسایشی پشکنەرانی ئاژانس مسۆگەر بکەین لە کاتێکدا دووشەممەی رابردوو، پێنج شەش رۆژ لەمەوبەر هێرش کرایە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران؟

لەلایەکی ترەوە پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت وڵاتێک کە ئەندامی NPT بێت، ناتوانرێت چاوەڕێی ئەوە بکرێت کە ئەرکەکانی قبوڵ بکات لە کاتێکدا ئاژانس و بەڕێوەبەری گشتی، وەک لایەنی دەسەڵاتدار، لە بەرامبەر ئەو کارە نایاساییانەی کە بەرامبەر بە دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئەنجام دەدرێن بێدەنگ بن، یان لە ڕێگەی هەندێک لە کاردانەوەکانیانەوە، بەشێوەیەک پاساو بۆ ئەو كارانە بهێننەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار