ترەمپ: سزاکانی سەر ئێران هەڵدەگرین ئەگەر نیازپاکی نیشان بدەن

4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ڕەنگە سزاکانی سەر ئێران هەڵبوەشێننەوە ئەگەر نیازپاکی نیشان بدات، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش وەڵامى ئەو لێدوانانەى دایەو دەڵێت گاڵتەجاڕییەکانی ترامپ هێرشە بۆ سەر گەلی ئێران.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە ئێران لە ئێستادا بیر لە گەڕانەوە بۆ پڕۆژە ئەتۆمییەکە ناکاتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێران "زۆر ماندوو بووە".
ناوبراو زیادی کرد: ئێران پێش هێرشەکانی ئەمریکا کاتێکی نەبووە بۆ جوڵاندن و گواستنەوەی یۆرانیۆم.
سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە شەڕی ئەم دواییە بۆ ئێران تێچووی زۆری هەبووە و ئاماژەی بەوەدا کە تاران تەنیا چەند هەفتەیەکى کەمى مابوو بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.ئاماژەی بەوەشكرد: پیتاندن وشەیەکی خراپە ئێران نابێت بەکاری بهێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لێدوانەکانی ترەمپ بە گاڵتەجاڕانە و هەڵسوکەوتەکەکانی بەبێ حورمەتانە وەسف دەکات سەبارەت بە رێبەرى باڵاى وڵاتەکەى و نەتەوەی ئێران بە توندی شەرمەزارى قسەکانى ترەمپ دەکات.
وەزارەتى دەرەوە دەڵێت: ئەم لێدوان و ڕەفتارە سوکایەتیانە، کە پێچەوانەی ئەتەکێتی ئەخلاقی و دیپلۆماسییە، نەک هەر پێشێلکارییەکی گەورەی بنەما و بەها جیهانییە هاوبەشەکان و بڕگەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕێز لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان دەگرن، بەڵکو نموونەیەکی ڕوونی بێڕێزیکردنە بە نەتەوە و شارستانیەتێکی ڕەگداکوتاوی قووڵ و ئازاردانی هەستی سەدان ملیۆن کەسی موسڵمانە لە ناوچەکە و لە سەرانسەری جیهان.
