سەرۆکایەتى کۆمارى سوریا ڕایدەگەیەنێت هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکى نزیک لە کۆشکى سەرۆکایەتى سوریا هەنگاوێکى مەترسیدارە، ئەو هێرشەى ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانى سوریا پێچەوانەى هەنگاوەکانە بۆ هێورکردنەوەى دۆخى وڵات. رۆژی هەینی دووی ئایاری 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکان شوێنێکیان لە تەنیشت کۆشکی سەرۆکایەتی بۆردوومان کردووە. لەبەیاننامەیەکدا، سەرۆکایەتى کۆمارى سوریا دەڵێت ئیدانەی هێرشەكەی دوێنێی ئیسرائیل دەكەین بۆ سەر كۆشكی سەرۆكایەتیی سوریا، هەروەها دەشڵێن: سازش لە سەروەریی و ئاسایشی سوریا ناكەین و بە هەموو ئامرازێكی بەردەست بەرگریی لە مافەكانی گەلەكەمان دەكەین. هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل دووەم هێرشی سوپای ئیسرائیلە لەم هەفتەیە دەیکاتە سەر سووریا. هێرشەکانی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن، لە دوو رۆژی رابردوو شەڕی خوێناوی لەنێوان چەکدارانی دروز و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق دروستبوو و دەیان کەس کوژران.
ڕێکخراوى نێودەوڵەتی خاچی سوور هۆشداری دا کە هاوکاری و بەدەمەوچوونە مرۆییەکان لە کەرتی غەززە "لە لێواری داڕمانی تەواودایە"، ئەمەش دوای ئەوەدێت ماوەى دوو مانگە ئیسرائیل ڕێگری لە هاتنی هەموو پێداویستییەکانی یارمەتییەکان بکات بۆ ناو خاکی غەززە. ڕۆژی هەینی ئەو ڕێکخراوە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەگەر دەستبەجێ دەست بە پێداویستییەکانی فریاگوزاری نەکرێتەوە، ئەوا ICRC ناتوانێت ئەو خۆراک و دەرمان و پێداویستییە سەرەکیانە بەدەستبهێنێت کە پێویستیانە بۆ درێژەدان بە زۆرێک لەو بەرنامانەی کە لە غەززە بەڕێوەی دەبات. ئەوان لەبەشێکى دیکەى بەیاننامەکەیاندا دووپاتی ئەوە دەکەنەوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئیسرائیل پابەندە بە بەکارهێنانی هەموو ئامرازە بەردەستەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتوانی مەدەنی لەژێر کۆنترۆڵی ئەودا دابین دەکرێن. ئەو هۆشداریدا لەوەی "ئەگەر گەمارۆدانەکە بەردەوام بێت، ئەوا بەرنامەکانی وەک چێشتخانە کۆمەڵایەتییەکانی ICRC کە زۆرجار تاکە ژەمێک دابین دەکەن کە خەڵک ڕۆژانە وەریدەگرن، تەنها دەتوانن بۆ چەند هەفتەیەک کاربکەن. لەلایەکى دیکەوە خاچی سوورى نێودەوڵەتى هۆشداریدا لەوەی ئەو نەخۆشخانە مەیدانییەی کە لە غەززە بەڕێوەی دەبات، بەهەمان شێوە بەدەست "کەمبوونەوەى مەترسیدار لە خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ کەمبوونەوەی هەندێک دەرمان و پێداویستییەکان. جگە لەوەش لیژنەکە ئاماژەی بەوەدا کە "پچڕانی تۆڕەکانی ئاو، لەوانەش داخستنی بۆری ئاو و لەناوبردنی بارهەڵگرەکانی ئاوەڕۆ، مەترسییەکی بەرزی قبوڵنەکراوی تووشبوون بە نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاوی دروستکردووە".
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دواخستنی خولی چوارەمی دانووستانەكانی نێوان واشنتۆن و تاران بە هۆكاری لۆجستیكی و تەكنیكی بووە، دەشڵێت، لە دانووستانەكاندا هیچ گۆڕانكارییەك بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری هەندێ پرس ڕووی نەداوە. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە هۆكاری دواخستنی خولی چوارەمی دانووستانەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ واشنتۆن، كە بڕیاربوو سبەینێ لە ڕۆما بەڕێوە بچێت، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە. لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لەگەڵ عومان و ئەمریكا بڕیارمان داوە، بە هۆكاری لۆجستی و تەكنیكی خولی چوارەمی دانووستانەكان بۆ كاتێكی نادیار دوابخەین. ئەوەشی خستەڕوو، لە دانووستانەكاندا هیچ گۆڕانكارییەك بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری هەندێ پرس ڕووی نەداوە. ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستی ئێمە بۆ گەیشتن بە چارەسەری دانووستان ڕووی نەداوە، بەڵكو لە هەموو كاتێك زیاتر سوورین بە گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە و هاوسەنگ، كە كۆتایی هاتنی سزاكان مسۆگەر بكات و متمانەی نێوانمان بەهێزتر بكات. دەشڵێت، بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بۆ هەمیشە بە ئاشتیانە دەمێنێتەوە، دەبێت ڕێز لە مافەكانی ئێران بگیرێت. جێگای ئاماژەیە، پێشتر عومان دواخستنی خولی داهاتووی دانووستانەكانی نێوان واشنتۆن و تارانیان لە بارەی پرسی ئەتۆمی ئێران ڕاگەیاندبوو، كە بڕیاربوو سبەی شەممە لە ڕۆما بەڕێوەبچێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیاڵەوە، لە پەیامێکدا داوای کرد کە دەستبەجێ هەموو جۆرە کڕینی نەوت یان بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان لە ئێران رابگیرێت. ترەمپ هۆشداریی دا کە هەر وڵاتێک یان کەسێک تەنانەت بڕێکی کەمیش لە نەوت یان بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران بکڕێت، راستەوخۆ دەکەوێتە بەر سزای ئەمریکا و ئەم وڵاتانە یان کەسانە بە هیچ شێوەیەک رێگەیان پێ نادرێت بازرگانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بکەن. ئەم هۆشدارییەی ترەمپ چەند کاتژمێرێک دوای راگەیاندنی فەرمیی هەڵوەشاندنەوەی گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن دێت، کە بڕیار بوو رۆژی شەممە بەڕێوەبچێت. هەروەها گفتوگۆکانی ئەمڕۆی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپیش هەڵوەشێنراوەتەوە و دواخراوە. ئەمە فشارێکی نوێیە لەسەر ئێران لە لایەن ئیدارەی ترەمپەوە کە رەنگە کاریگەری لەسەر دانوستانی ئەتۆمیی ئەمریکا هەبێت لەگەڵ ئێران.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە ناوچەیەکى نزیک کۆشکەکەى ئەحمەد شەرعى سەرۆککۆمارى سوریا لە دیمەشقی پایتەختی سوریا. ئەو ناوچە دەکەوێتە باکوورى دیمەشقى پایتەختى سوریا و ناوچەیەکى بەرزە، کە رەنگە ئەمە پەیامى نوێى ئیسرائیل بێت بۆ دەسەڵاتى سوریا، ئەم هێرشە دوای ئەوە بووە، کە ئیسرائیل دەسەڵاتدارانی سوریای ئاگادارکردووەتەوە، بەرەو ئەو ناوچانە پێشڕەوى نەکەن، کە درووزەکانى لێیە و ئیسرائیل پشتگیرییان دەکات. ئەمە دووەم جارە ئیسرائیل لە ماوەی دوو ڕۆژدا هێرش بۆ سەر سوریا دەستپێدەکات، دوای ئەوەی بەڵێنی دا بەرگری لە کەمینەی دروز بکات. ڕۆژی پێنجشەممە، کاتز هۆشداریدا لەوەی ئیسرائیل بە زۆر وەڵام دەداتەوە ئەگەر دەسەڵاتدارانی سوریا دروزەکان نەپارێزن، ئەمەش دوای دوو ڕۆژ پێکدادان لە نزیک دیمەشق. لەلایەکى دیکەوە بنیامین ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل کاتز وتی: شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق دەستپێکرد. ناوبراو زیادی کرد: ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕژێمی سوریا: ڕێگە نادەین هێزەکانی (سوریا) لە باشووری دیمەشق جێگیر ببن و هیچ مەترسییەک بۆ سەر دروزەکان دروست بکەن. تا ئێستا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە سەبارەت بەو هێرشە نەدراوە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕووخاو، ئیسرائیل باشووری ڕۆژئاوای سووریای کۆنترۆڵ کردووە و بەڵێنی پاراستنی دروەزەکانی داوە. هەروەها زۆربەی چەکە قورسەکانی سوپای سووریای لە دوای ڕووخانی ئەسەد لەناوبرد.
مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند،'' کەنەدا ‘هەرگیز’ ملکەچی هەڕەشەکانی ترەمپ نابێت، ئێمە لەم شەڕە بازرگانییەدا سەردەکەوین، نابێت وانەکانی خیانەتی ئەمریکا هەرگیز لەیاد بکەین''. دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کەنەدا سەرکەوتنی لیبراڵەکان، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە پەیامێکی تووند ئاڕاستەی ئەمریکا دەکات. مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی "هەرگیز" ملکەچی ئەمریکا نابێت، کاتێک سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە فیدراڵییەکانی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممەدا ڕاگەیاند. کارنی وتی: "وەک چەند مانگێکە هۆشداریی دەدەم، ئەمریکا خاکی ئێمە، سەرچاوەکانمان، ئاوەکەمان، وڵاتەکەمانی دەوێت. بەڵام ئەمانە هەڕەشەی بێهودە نین. ترامپ هەوڵدەدات ئێمە بشکێنێت بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت خاوەنی ئێمە بێت." “ئەوە هەرگیز هەرگیز ڕوونادات.” وتی: "ئێمە لە شۆکی خیانەتی ئەمریکیدا تێپەڕین بەڵام نابێت هەرگیز وانەکان لەبیر بکەین. دەبێت چاودێری خۆمان بین. و لە سەرووی هەمووشیانەوە دەبێت ئاگاداری یەکتر بین." پارتی لیبڕاڵەکانی کەنەدا لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کەنەدا توانیان سەرکەوتن بەدەستبهێنن، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی تازە هەڵبژێردراوی کەنەدا پەیامێک ئاڕاستەی ئەمریکا و سەرۆکەکەی دەکات. پارتی لیبڕاڵ بە بەدەستهێنانی 43.5٪ یەکەم بووە، واتە کابینەی داهاتووی حکومەتی کەنەدا پێکدێنێت، بەڵام لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی خاوەن 343 کورسی، زۆرینەی بەدەستەوە نابێت، بەڵکو 155 کورسیی دەبێت. پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆن، 41.4٪ـی بەدەستهێناوە، واتە پیێر پۆلیڤیێر، سەرکردەی پارێزگاران ناتوانێت ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام پارتەکەی بە 133 کورسییەوە دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران. لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کۆشکی سپی گرژی و ئاڵۆزیی کەوتە نێوان ئەمریکا و کەنەدا بەتایبەت باجەکانی ترەمپ و شەڕی بازرگانی گرژییەکانی زیادکرد، ترەمپ هەڕەشەی ئەوە دەکات 25% ئەو پێناسە گومرگییەی کە پێشتر بەسەر کەنەدای سەپاندبووی بەرزتری دەکاتەوە، دەنگدەرانی کەنەدا بڕوایان وایە کە کارنی دەتوانێت ڕووبەڕووی ترەمپ ببێتەوە.
بەرپرسێکى باڵاى ئەمریکا، ڕایگەیاند وڵاتەکەى له مانگی ئازارەوه کەهەڵمەتێکى چڕوپڕى ئاسمانی له دژی حوسییەکان دەستپێکردوە، ٧ فڕۆکەى بێ فڕۆکەوانی جۆرى MQ-9 Reaper لەیەمەن لەدەستداوە، هەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیش نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. ئەو بەرپرسە بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە ئایا ئەو فڕۆکانە بە تەقەی حوسییەکان خراونەتە خوارەوە یان بە هۆکاری دیکە لەدەستچوون، وتی: لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە حەوت فڕۆکەی جۆری MQ-9مان لەدەستداوە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی MQ-9 دەتوانرێت بۆ سیخوڕی بەکاربهێنرێت، کە پێکهاتەیەکی سەرەکی هەوڵەکانی ئەمریکایە بۆ دەستنیشانکردن و بە ئامانجگرتنی ئەو شوێنانەی کە حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان بەکاریدەهێنن، هەروەها بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان کە هەریەکەیان نزیکەی 30 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت. بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، هێزەکانی ئەمریکا لە 22ی نیساندا حەوتەمین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەدەستداوە. ناوچەکانی حوسییەکان لە یەمەن نزیکەی ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی دەبنەوە، لەو کاتەوەی واشنتۆن لە ١٥ی ئازاردا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە دژی ئەوان ڕاگەیاند بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە زیاتر لە ٨٠٠ ئامانجی لە یەمەن داوە و سەدان چەکداری حوسی لە نێویاندا ئەندامانی سەرکردایەتی گرووپەکەیان کوژراون.
بە گوێرەی ئەنجامی بەرایی، پارتی لیبڕاڵی فەرمانڕەوا، هەڵبژاردنی گشتیی کەنەدای بردەوە. مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، توانی بڕوا بە دەنگدەرانی کەنەدی بهێنێت کە ئەو ئەزموونەی لە بەڕێوەبردنی قەیرانە ئابوورییەکاندا هەیەتی، دەتوانێت وای لێ بکات رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ببێتەوە. پارتی لیبڕاڵ بە بەدەستهێنانی 43٪ یەکەم بووە، واتە کابینەی داهاتووی حکومەتی کەنەدا پێکدێنێت، بەڵام لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی خاوەن 343 کورسی، زۆرینەی بەدەستەوە نابێت، بەڵکو 144 کورسیی دەبێت. پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزسیۆن، 41.7٪ـی بەدەستهێناوە، واتە پیێر پۆلیڤیێر، سەرکردەی پارێزگاران ناتوانێت ببێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام پارتەکەی بە 122 کورسییەوە دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز لە نێو ئەنجوومەنی نوێنەران. جەنگە بازرگانییەکەی ترەمپ و هەڕەشەی لکاندنی کەنەدا و کردنی بە ویلایەتی 51ـەمین، کە رۆژی دووشەممەش لە کاتی دەنگدانەکەدا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا جەختی لێکردنەوە، کەنەدییەکانی توڕە کرد و رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکای دراوسێی کردە پرسێکی سەرەکیی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن. کارنی کە مانگی رابردوو وەک سەرۆکوەزیران شوێنی جەستن تروودۆی گرتەوە، دژایەتیکردنی ترەمپی کردە چەقی هەڵمەتەکەی. ئەو پێشتر لە کەنەدا و بەریتانیا وەک پارێزگاری بانکی ناوەندی کاریکردووە. هەر بەوەش توانی متمانەی دەنگدەرانی بەدەستبێنێت لەسەر ئەوەی کە ئەزموونی دارایی، ئەوی ئامادە کردووە لە جەنگی بازرگانیدا سەرکردایەتیی کەنەدا بکات. کارنی کە پێش ئەوەی لە کەرتی حکومیی کەنەدا دا دەست بە کارکردن بکات، وەبەرهێنەرێکی بانکی بووە، بەڵێنی بە هاووڵاتییەکانی دا کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی کەنەدا لەگەڵ وڵاتانی دیکە فراوان بکات بۆ ئەوەی کەمتر پشت بە ئەمریکا ببەستن. سەرۆکوەزیرانەکە لە وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی ترەمپ بە قسەی راشکاو و تووند، سڵی نەکردووەتەوە. ئەو لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا گوتی: "دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت تێکمانبشكێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە خاوەنمان. ئەوان سەرچاوەکانی ئێمەیان دەوێت، ئەوان ئاوی ئێمەیان دەوێت، ئەوان خاکی ئێمەیان دەوێت، ئەوان وڵاتی ئێمەیان دەوێت. بەڵام نایبەن." کاتێک ئەنجامی بەرایی راگەیێندران، دەنگی دڵخۆشی لە گۆڕەپانی ئۆتاوا بەرزبووەوە، کە لەوێ لایەنگرانی پارتی لیبڕاڵ بۆ سەیرکردنی ئەنجامەکان کۆببوونەوە. دۆرۆسی گۆباڵتی تەمەن 72 ساڵ گوتی: "دڵخۆشم چونکە ئێستا کەسێکمان دەبێت بتوانێت قسە لەگەڵ ترەمپ بکات. ترەمپ پیاوی بازرگانییە. کارنیش پیاوی بازرگانییە، پێموایە هەردووکی بەرامبەری یەکن." گۆباڵت لە بارەی کارنی دەڵێت: "ئەو چیدیکە پارێزگاری بانک نییە، ئەو سەرۆکوەزیرانی کەنەدایە و کەنەداش چیدیکە 51ـەمین ویلایەت نییە. بەڵکو ئێمە ئێمەین. ئێمە کەنەداین." ستیڤن گیڵبوو، پەرلەمانتاری لیبڕاڵ و ئەندامی کابینەکەی کارنی، ئەنجامەکەی بە ترەمپەوە بەستەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانوستانی نێوان واشنتن و تاران بە باشی بەڕێوەدەچێت و خەریکە دڵنیابێت لەوەی رێککەوتن لەگەڵ تاران دەکرێت بەبێ ئەوەی پێویست بە هێرشی سەربازی بکات. هەروەها بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ لە وتارێکدا رایگەیاند، تاکە رێککەوتنی قبوڵکراوی نێوان واشنتۆن و تاران رێککەوتنێکە کە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و سنووردارکردنی بەرنامە مووشەکییەکەی. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز پێشتر بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاندبوو، بەرنامەی مووشەکیی ئێران پرسێکی گەورەترە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا. بەگوێرەی راپۆرتەکان، یەکێک لە پێشنیازەکانی ئێران لە دانوستانەکاندا هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە لە وڵاتێکی دەرەوە، روسیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە یۆرانیۆمەکەی ئێران بگوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی.
سێنتکۆم ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی حووسییەکان لە یەمەن بەردەوامە. هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕاف ڕایدەرەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا زیاتر لە 800 پێگەی حووسییەکانی بۆمباران کردووە؛ ئەم هێرشانە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان چەکداری حووسی و زۆرێک لە سەرکردەکانیان، لەنێویاندا فەرماندەی باڵای مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان." ئاماژەی بەوەش کردووە "هێرشەکان چەندان دامەزراوەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەی پێشکەوتووی دروستکردنی چەکی و شوێنی هەڵگرتنی چەکی پێشکەوتوویان لەناو بردووە. ئەم دامەزراوانە چەکی ئاسایی پێشکەوتوویان لەخۆگرتبوو، لەنێویاندا مووشەکی کروز بالیستی و دژە کەشتی، سیستەمی ئاسمانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە هێرشی حووسییەکان لەسەر هێڵەکانی کەشتیوانی نێودەوڵەتی بەکاردەهێنران." ڕوونیشی کردەوە، لەکاتێکدا حوسییەکان بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانمان، ئۆپەراسیۆنەکانمان فراوانتر دەکرد، بەو هۆیەوە هێرشەکانیان کەم کردەوە. هەڵدانی مووشەکی بالیستی بەڕێژەی 69% کەم بووەتەوە. هەروەها هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەڕێژەی 55% کەم بووەتەوە. هەروەها هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا توانای وەرگرتنی سووتەمەنی بەندەری ڕەئس عیسایان لەناو برد، ئەمەش کاریگەری نەرێیی لەسەر توانای حووسییەکان هەبوو، لەو ڕێگەوە ملیۆنان دۆلار داهاتییان بوو بۆ کار و چالاکییەکانیان دەست دەکەوت. باسی لەوەش کرد، لە 15ی ئادارەوە هەڵمەتێکی چڕ و بەردەواممان بۆ سەر حووسییەکان دەست پێ کردووە، ئەوەش لە پێناو گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی و پاراستنی گیانی کەشتیوانانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان. ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە بەکارهێنانی زانیاری هەواڵگری ورد و هەمەلایەنە کراون، کە کاریگەرییە کوشندەکان لە دژی حووسییەکان هەبووە، لە هەمان کاتدا کەمترین مەترسیی هەبووە بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی."
سەرۆکوەزیرانی قەتەر ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە هەندێک پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە بەڵام ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە هێشتا بە زەحمەتە. شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران هاوکات وەزیری دەرەوەی قەتەریشە، ڕایدەگەیەنێت وتی "ئێمە لە پێنجشەممەدا کەمێک پێشکەوتنمان بینیوە بە بەراورد بە کۆبوونەوەکانی دیکە، بەڵام پێویستە وەڵامێک بدۆزینەوە بۆ پرسیاری کۆتایی: چۆن کۆتایی بەم شەڕە بهێنرێت. ئەوە خاڵی سەرەکی تەواوی دانوستانەکانە". بەگوێرەی ڕاپۆرتێکى ئاکسیۆس، ڕۆژی پێنجشەممە هەفتەی ڕابردوو دەیڤید بارنیا، بەڕێوەبەری مۆساد، سەفەری دەوحەی کرد و چاوی بە شێخ محەممەد کەوت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی نوێ لە غەززە بەردەوامە. شێخ محەمەد باسی لەوەکرد حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئامانجی کۆتایی دانوستانەکان ناکۆکن، وتیشى: ئەو گروپە چەکدارە ئامادەیە هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکانی ماوەتەوە بگەڕێنێتەوە ئەگەر ئیسرائیل کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت. بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت حەماس ئەو بارمتە ماوەتەوە ئازاد بکات بەبێ ئەوەی دیدێکی ڕوون بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە پێشکەش بکات. لە 19ی تشرینی دووەمی پاردا ئیسرائیل و حەماس ئاگربەستێکیان راگەیاند و بۆ دوو مانگ بەردەوام بوو، بەڵام لە 18ی ئاداری ئەم ساڵدا سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی شکاند و دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە کردەوە، حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی پابەندی مەرجەکانی ئاگربەست نەبووە.
یەکەم لێدوانی ئیسرائیل لەسەر تەقینەوە گەورەکەی ڕۆژی شەممە بەندەری بەندەر عەباسی باشووری ئێرانی هەژاند، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە هات. ڕۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی هەر دوای تەقینەوەکانی بەندەر عەباسی ئێران، لە زاری بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل پەیوەندیی بە تەقینەوەکەی بەندەر عەباسەوە نییە. ئەمڕۆ شەممە 26ـی نیسانی 2025، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەر عەباسی ئێران ڕووی دا، بەپێی میدیاکانی ئێرانیش، ئەگەری هەیە تەقینەوەکە لە ئەمبارێکی ماددە کیمیاییە مەترسیدارەکاندا ڕووی دابێت. میدیای ئێران ئاشکرای کردووە، ژمارەی بریندارانی تەقینەوەکەی بەندەر عەباس بەرزبووەتەوە بۆ 565 کەس، بەڕێوبەری بەندەرەکەش ڕایگەیاندووە، تا ئێستا ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی بەندەرەکە لەژێر دار و پەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە و هێشتا ڕزگار نەکراون. میدیای ئێران ڕەتی کردەوە، هیچ تەقینەوەیەکی دیکە ڕووی دابێت. ئاماژە بەوە دەکەن، هەموو ئەوانەی لە میدیاکان لەبارەی ڕوودانی تەقینەوەی دیکە بڵاو دەکرێنەوە، دوورن لە ڕاستی. فاتیمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند: بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تەقینەوەکە لە پاشماوەی کەرەستە کیمیاییەکانی بەندەرەکە دروست بووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن بۆ ئاشکرا کردنی ڕاستی ڕووداوەکە.
فەرماندەی گشتی قەسەدە مەزڵوم عەبدی لە وتاری دەسپێکی کۆنفرانسی "یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان"، گوتی: "وەک گەلی ڕۆژئاوای کوردستان پشتگیریی بانگەوازیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین و چی لەدەستمان بێت دەیکەین". فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات رایگەیاند، داواکارى سەرەکییان مسۆگەرکردنى داواکارییەکانى کوردە لە دەستورى سوریا و کۆنفرانسەکەى قامیشلۆ هەوڵێکە بۆ یەکخستنى هەڵوێستى کورد لە سوریا. مەزڵوم عەبدى لە وتارێکدا لە دەستپێکى یەکەمین کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێست و گوتاری کورد لە رۆژئاوای کوردستان" لە قامیشلۆ جەختیکردەوە، کە کاتى ئەوەیە مافەکانیان لە سوریا مسۆگەر بکەن و ئەوەش داواکارى سەرەکییانە. باسى لەوەشکرد، ئەوان 14 ساڵە لەشەڕدان و 13 هەزار گەنجى کورد لەشەڕى پاراستنى رۆژئاواى کوردستان شەهیدبوون. مەزڵوم عەبدى جەختیکردەوە، ئامانجى کۆنفرانسەکە دابەشکردنى سوریا نییە، بەڵکو پاراستنى یەکێتى خاکى سوریایە و یەکڕیزى کورد ماناى یەکڕیزى سوریایە و بەهێزبوونى کورد بە هێزبوونى سوریایە. لاى خۆیەوە، ئیلهام ئەحمەد ئەندامى لیژنەى بەڕێوەبردنى کۆنفرانسەکە بەستنى کۆنفرانسەکەى بە مێژویی ناوبرد کە بە مارشى نیشتمانى ئەى رەقیب دەستیپێکرد. رۆژی سێشەممەی رابردوو (22ـی نیسانی 2025) مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە: بە خۆشحاڵییەوە بە گەلەکەمان رادەگەیەنین کە کۆنفرانسی "یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە ڕۆژاڤا" ڕۆژی 26ـی نیسان بەڕێوەدەچێت. ئاماژەی بەوەکردووە: یەکگرتوویی کورد پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ چارەسەرکردنی پرسی گەلی کورد لە سووریا، هیوادارین هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتی نیشتمانی خۆیان جێبەجێ بکەن. هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئاماژەی بە رۆڵی سەرکردەکانی باشووری کوردستان کرد لە پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان و گوتی: ''لە باشووری کوردستان بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی و لە یەکێتی کاک بافڵ، لە باکووری کوردستان و زیندانی ئیمرالییەوە بەڕێز سەرۆک ئۆجەلان، هەروەها رێکخستنەکانی دیکەی کوردستان دەم پارتی و هەموو رێکخستنەکانی دیکە پاڵپشت بوون.'' دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دیالۆگی کوردی-کوردی لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بووە رۆژەڤ. ئیلهام ئەحمەد گوتی: ''دەنگی گەلی خۆمان دەبیستین کە دەڵێن یەکبگرن و چارەنووس دیاری بکرێت، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە ئێمەش ئەمڕۆ کۆبووینەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئەنجام. لەبارەی رێککەوتنی ئەنەکەسە و پەیەدە، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: ''گفتوگۆ و گەنگەشەی دوور و درێژ کراوە و ئەمڕۆ بەڵگەنامەی گفتوگۆکان لێرە دەخوێنرێتەوە''. فەرماندەی گشتی هەسەدە، بەو بۆنەیەوە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکات کە هاوکار بوون بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە بگاتە ئەنجام و و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکە دەخوازێت. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆنفرانسەکە، زیاتر لە 300 کەس لە نوێنەری پارتە سیاسییەکان و کەسایەتی کورد بەشداریی کۆنفرانسەکە بکەن کە لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەدەچێت. مەزڵووم عەبدی گوتی: ''بۆ پارستنی ئەم هەرێمە، شەڕێکی سەخت کرا کە تێیدا 13 هەزار کچ و کوڕی ئێمە شەهید بوون و نزیکەی 30 هەزار کەس لە هەڤاڵانمان بریندار بوون، بۆیە ئەم کۆنفرانسە پێشکێش بە شەهیدەکانمان دەکەین". فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی: ''هەڵبەت ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکی کەمدا پێکنەهاتووە، بەڵکو ماوەیەکی دوور و درێژە هەوڵی دیالۆگی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان هەیە، پێشتریش هەندێک رێککەوتن و دیدار دروست بوون و ئەوە لە بەردەوامیی ئەو هەڵانەیە.'' مەزڵووم عەبدی باسی لە رۆڵی هەندێک کەسایەتی و لایەن دەکات لە بەرەوپێشبرنی دیالۆگی کوردی- کوردیی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە و دەڵێت: ''لەو پرۆسەیەدا گەلێک هێزی کوردستانی هاوکاریی رۆژئاوای کوردستانیان کرد، لە سەرووی هەمووانەوە ئێمە پاڵپشتیی سەرۆک بارزانی بیر دەهێنینەوە و سوپاسی دەکەین''.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکرد، دیمەشق بە نوسراو وەڵامی لیستی ئەو مەرجانەی داوەتەوە کە لەلایەن واشنتۆنەوە پێشنیازکراون لەبەرامبەر هەڵگرتنی بەشێك لە سزاكانی سەر سوریا، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی رۆژئاوا، بەتایبەتی ئەو سزایانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە سەپێنراون. رۆیتەرز، كە كۆپیەكەی نامەكەی بینوە دەڵێت، حکومەتی سوریا رایگەیاندووە، زۆربەی مەرجەکانی ئەمریکای جێبەجێكردووەو، لە هەوڵی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەشدایە لەسەر هەندێک بابەتی هەڵپەسێردراو. سەبارەت بە چەکدارە بیانییەکانی ناو سوپای نوێی سوریاش، لە نامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەم بابەتە پێویستی بە دانیشتنێکی راوێژکاری فراوانتر هەیە، ئاماژە بەوەشکراوە دەرکردنی پلەی سەربازییەكان راگیراون. سەبارەت بە گروپە فەلەستینییەکانیش، لە نامەکەدا هاتووە، سوریا نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ لایەنێک بە ئیسرائیلیشەوە، دەسەڵاتداران لیژنەیەک پێکدەهێنن بۆ چاودێریکردنی چالاکییەکانی گروپە فەلەستینییەکان لەناوخۆی وڵاتدا، لەگەڵ كردنەوەی دەرگای گفتوگۆی زیاتر لەسەر ئەم پرسە. لە سەرەتای مانگی رابردوودا واشنتۆن لیستێكی داواكارى پێشکەش بە دیمەشق کرد کە هەشت مەرجی لەخۆگرتبو، داوای لە حکومەتی نوێی سوریای کردبوو جێبەجێیان بكات، لەوانە لەناوبردنی هەر عەمباركراوێكی چەکی کیمیایی کە مابێتەوە، دڵنیابون لەوەی چەكدارە بیانییەکان پۆستی سەرکردایەتییان پێنادرێت لە دامەزراوەكانی سوریادا.
لە کاتێکدا کە بڕیارە سبەی شەممە، سێهەمین خولی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە سوڵتانیای عومان بەڕێوە بچێت، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، عەباس عێراقچى، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەو شاری مەسقەت بەرەو مەسقەت دەچێت. ئیسماعیل باقائیی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ عەباس عێراقچى بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیپلۆماسی و تەکنیکی، تاران بەرەو مەسقەت بەجێدەهێڵێت، بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا. هاوکات وتەبێژەکەى ئاماژەی بەوەشکرد، "هەردوولا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتمەند بە تەکنیکی کە هاوکات دەبێت لەگەڵ ئامادەبوونی دانوستانکاری باڵای هەردوو وڵات، عێراقچى و نوێنەری ئەمریکا ستیڤ ویتکۆف. ناوبراو زیادی کرد: بە پێی ئەو ڕێکخستنانەی میوانداری عومانی کردوویەتی، سبەی کۆبوونەوەی تایبەتمەند و دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە نێوان وەزیری دەرەوە و نێردەی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "بەدەستهێنانی پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا پێویستی بە نیەتپاکی و جددی و واقیعبینی لەلایەن لایەنی بەرامبەرەوە هەیە"، بە ئاماژەدان بە ئەمریکا، بەپێی ڕاپۆرتەکانی میدیا ناوخۆییەکان. ئاکسیۆس لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە گەڕی دووەمی دانوستانی تاران و واشنتن لە رۆما، پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە هاتووەتە ئاراوە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە گەڕی دووەمی دانوستان، خواستی وڵاتەکەی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی کاتی دەربڕیوە. بەڵام ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتوویەتی، واشنتن نایەوێت لەم کاتەدا گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی کاتییەوە بکات. ویتکۆف جەختی لەوە کردووەتەوە، وڵاتەکەی لەم کاتەدا جەخت لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی روون دەکاتەوە، لە ماوەی شەست رۆژدا، وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا داوایکردووە. ئاکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر ئێران و ئەمریکا لە 60 رۆژدا نەگەنە رێککەوتن، ترەمپ فەرمان بە سوپای وڵاتەکە دەکات ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران بکاتە ئامانج، یان هاوکاری ئیسرائیل دەکات بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە.
