کۆسۆڤۆ بۆ جاری ٥٠ شکستی هێنا لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان

7 كاتژمێر لەمەوپێش
لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی شوباتەوە ٥٠هەمین جارە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی کۆسۆڤۆ دەکرێت و هێشتا نەتوانراوە سەرۆکەکەى هەڵبژێرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە پەرلەمانتارانی کۆسۆڤۆ بۆ پەنجاهەمین جار لەسەریەک نەیانتوانی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن و سەرۆکایەتى پەرلەمانی نوێ پێکبهێنن، لەکاتێکدا لەمانگى شوباتى ئەمساڵەوە هەڵبژاردنکراوە.
ئەم دۆخە کە وڵاتەکەی خستۆتە ناو چەقبەستوویەکی گەورەی سیاسییەوە، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پارتەکەی ئەلبین کورتی سەرۆک وەزیران، ڤێتێڤێندۆس، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بە سەرکەوتوویی دەرکەوت، بەڵام نەیتوانی زۆرینەی کورسییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەستەبەر بکات.
دوای ئەوەی لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان نەگەیشتە ڕێژەى یاسابب، ئەڤنی دێهاری کە سەرۆکایەتی پەرلەمان بوو وەک بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان، ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەکە دواخراوە، ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبین" و کۆتایی بە دانیشتنەکەی هێنا.
هەروەها دێهاری ڕێگری لە داگیرساندنی مایکرۆفۆنی ئەو پەرلەمانتارانەی کرد کە دژی داخستنی کۆبوونەوەکە بوو نەیهێشت ئەو پەرلەمانتارانە قسەبکەن کە دەیانویست ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن.
بەپێى یاسای وڵاتى کۆسۆڤۆ هیچ سنوورێکی کات دیارى نەرکاوە بۆ دانانی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام بەپێی یاسا پێویستە پەرلەمان هەر ٤٨ کاتژمێر جارێک کۆببێتەوە تا ئەو کاتەی سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت.
دادگای دەستووری کۆسۆڤۆ بڕیاریداوە پێویستە پەرلەمانتاران ئەرکە دەستوورییەکانیان بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێرەکەى ئەنجامبدەن، دڵنیابن لەوەی پەرلەمانی نوێ دەست بە کارەکانی دەکات، دوابەدوای پرۆسەی درێژخایەنی پرۆسەکە.
دادگا نزیکەی مانگێک لەمەوبەر وادەی ٣٠ ڕۆژی دیاری کرد بۆ ئەوەی پەرلەمان دەست بە کارەکانی بکات. ئەم وادەیە کە دادگا سەپاندویەتی لە ڕۆژی شەممە ٢٦ی ئەم مانگە کۆتایی دێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان لایەنەکاندا نەکراوە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکەکەى.
بەبێ سەرۆکی پەرلەمان ناتوانرێت پەرلەمان پێکبهێنرێت، هەروەها ناتوانرێت حکومەتێکی نوێ هەڵبژێردرێت و کورتی لە ڕۆڵی چاودێردا بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ بەجێبهێڵێت.
چاودێران ترسیان لەوە هەیە کە ئەم دۆخە سیاسیە بەردەوامبێت و ئەگەر نەتوانرێت هیچ حکومەتێک پێکبهێنرێت، هەڵبژاردنێکی خێرا بەدوای خۆیدا بهێنێت.
