واشنتۆن پلانی ماکرۆن بۆ داننان بە دەوڵەتی فەلەستین ڕەتدەکاتەوە

دوێنێ



مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی  ئێکس لەبارەی لێدوانەکەی سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت: پلانەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستینی رەتدەکەینەوە، چونکەبڕیارەکە تەنیا خزمەت بە بانگەشەکانی حەماس و رێگری لە ئاشتی دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بڕیارمدا کە فەرەنسا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت وەکو پابەندییەکی مێژووییمان بە ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا". 
 
سەرۆکی فەرەنسا دەشڵێت، "مانگی ئەیلوول لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارەکە رادەگەیێنم". 
 
لە کۆی 193 وڵات، 143 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. رۆژی 29ی ئایاری 2024، نەرویج، ئیسپانیا و ئێرلەندا وەکو دوایین وڵات دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا نا. 
 
سەرۆکی فەرەنسا لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "پێویستە ئاگربەستی دەستبەجێ [لە غەززە] بکرێت، بارمتەکان ئازادبکرێن و هاوکاری مرۆییش بگەیێندرێتە غەززە. هەروەها، گرنگە کە دڵنیایی لە چەکداماڵینی حەماس، دابینکردنی ئاسایش و بنیاتنانەوەی غەززە بدرێت". 
 
جەختی لەوەش کردەوە، گرنگە کە دەوڵەتی فەڵەستین بنیاتبنرێت، دڵنیایی لە سەرکەوتوویی بدرێت کە دەبێتە هۆی دابینکردنی ئاسایش بۆ هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، "هیچ بژاردەیەکی جێگرەوەش بۆ ئەو رێگەیە نییە". 
 
لە کۆتایی نووسینەکەیدا سەرۆکی فەرەنسا گوتوویەتی، "فەرەنسییەکان ئاشتییان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەوێت. ئەمەش کەوتووەتەوە سەر ئێمە لەگەڵ ئیسرائیلییەکان، فەڵەستینییەکان و هاوبەشە ئەورووپی و نێودەوڵەتییەکانمان کە پیشانی بدەین دەکرێت بگەنە ئاشتی." 
 
فەڵەستین لە دوو ناوچە پێکهاتووە، یەکێکیان کەرتی غەززە و ئەوەی دیکەش کەرتی رۆژئاوایە. کەرتی رۆژئاوا لە رووی ئیدارییەوە لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەوەی دیکەش پێش جەنگ لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرا. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار