ئەمریکییەکان دژى شەڕی غەززە دەوەستنەوە

دوێنێ



بەپێى ڕاپرسیەکى نوێى رۆژنامەی یەدیوت ئەهرۆنۆتی ئیسرائیلی، کەئەمڕۆ سێ شەممە بڵاویکردوەتەوە دەریدەخات لەماوەى یەک ساڵى ڕابردوودا رێژەى ئەو هاوڵاتى و بەرپرسە ئەمریکانەى کە پشتیوانى ئیسرائیل و شەڕى غەززەیانکردوە بەرێژەى ١٠% دابەزیوە.

ڕۆژنامەکە دەڵێت ئەوەش ئاماژەیە بۆ دابەزینی ڕاستەقینەی پشتیوانی گشتی ئەمریکا بۆ ئەو شەڕەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە بەڕێوەدەچێت.

ڕاپرسییەکە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکردوە بە لێکۆڵینەوە لە هەڵوێستی ئەمریکییەکان بەرامبەر بە شەڕەکە و لەو ڕاپرسییەدا ٥٠٪ی بەشداربووان پشتگیریان لە شەڕی دژی حەماس لە غەززە کردووە و تاکە ڕاپرسییەکە لەو کاتەوە تاکە لایەنگرانی شەڕەکە زیاتر بووە لە نەیاران.

بەڵام لەچەند مانگى ڕابردودا ڕۆژبەڕۆژ لەو کاتەوە، وردە وردە پاڵپشتی گشتی ئەمریکا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

لە ڕاپرسییەکەی ئێستادا کە لە نێوان ٧ی تەموز تا ٢١ی تەمموزی ئەمساڵ ئەنجامدراوە، دابەزینی ڕاستەقینەی ئەم پشتیوانییە بەدیهاتووە: ئێستا ٦٠٪ی بەشداربووان دژی شەڕەکەن، لەکاتێکدا تەنها ٣٢٪ پشتگیری شەڕەکە دەکەن.

ڕاپرسییەکەی پێشووتر لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا ئەنجامدرا و بە بەراورد بەو ڕێژەیە، ڕێژەی ئەو ئەمریکییانەی کە پشتیوانی شەڕەکە دەکەن، بە ڕێژەی ١٠% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها ڕێژەی ئەوانەی دژایەتی دەکەن بە ڕێژەی ١٢% بازدان بەخۆیەوە بینیوە.

وێنە توندەکانی منداڵانی برسی لە غەززە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهاندا پەخش دەکران – ئەو وێنانەی کە بوونە هۆی پەرەسەندنی فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئیسرائیل،  ترامپ دوێنێ بە ئاشکرا دژایەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی غەززەی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم وێنانەی برسێتی ناتوانرێت "ساختە" بکرێن. 

پێشتر نەتانیاهۆ ناچار بووە ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت، دوای چەند مانگێک لە فەرمانی ڕاگرتنی هەموو هاوکارییەکانی بۆ غەززە، ئێستاش ئیسرائیل خۆی یارمەتییەکان بە ئاسمانەوە دادەبەزێنێت سەرەڕای بانگەشەکانى  سەبارەت بە "هەڵمەتێکی برسیکردن"ی ساختە بە سەرۆکایەتی حەماس.

لەبەشێکى دیکەى ڕاپرسییەکە ئاماژە بە نزمبوونەوەی دەیان ساڵەی ناوبانگ و جەماوەریی نەتانیاهۆ لە ئەمریکا دەکات: 52%ی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە، کە لە کاتی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا ئەنجامدراوە (سەردانێک کە تێیدا چەندین چاوپێکەوتنی لەگەڵ میدیا ناوخۆییەکان ئەنجامداوە)، وەڵامیان داوەتەوە کە بۆچوونێکی نەرێنییان لەبارەیەوە هەیە. 

بەگوێرەی ئاژانسی ئەی پی، ئەمە نزمترین ئاستە لە ماوەی 28 ساڵدا، لە سەرەتای دەستپێکردنی یەکەم خولی سەرۆکایەتی نەتانیاهۆ لە ساڵی 1997. 

لە ڕاپرسییە نوێیەکەدا تەنها 29% وەڵامیان داوەتەوە کە بۆچوونێکی ئەرێنییان هەیە لەسەر ناتانیاهۆ، لە هەر 10 بەشداربوویەک، 2 کەسیان وەڵامیان داوەتەوە کە هیچ بۆچوونێکیان نییە یان بە هیچ شێوەیەک نەیانبیستووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار