نوێترین زانیارى لەسەر بوومەلەرزە بەهێزەکەى ڕووسیا

دوێنێ
بوومەلەرزەیەکی بەهێز نیمچەدوورگەی کامچاتکای رووسیای هەژاند و لە هەندێ ناوچەی ئەو وڵاتە و ژاپۆن بووە هۆی دروستبوونی سوونامی.
بوومەلەرزەکە بە گوڕی 8.8 پلەی رێختەر بوو و کۆمەڵێک پاشلەرزەی بەهێزیشی بەدوادا هات و بووە هۆی دروستبوونی سوونامی لە هەندێک ناوچەی کەناراوی زەریای هێمن.
وەزارەتی کاروباری نائاسایی رووسیا بڵاویکردەوە، سوونامی دروستبووە و بەشێک لە شارۆچکەی سڤیرۆ کورلیسکی داوە و بەو هۆیەوە نزیکەی 2 هەزار کەس لە دانیشتووانەکەی بۆ شوێنی سەلامەت گوێزراونەتەوە.
بوومەلەرزەکە دەبێتە هۆی تسونامیەکى نوێ، لەئێستادا شەپۆلە بەهێزەکان دەستیان کردووە بەجوڵە بەرەو کەناراوەکانی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوەی زەنگى ئاگادارکردنەوەی ئەوە خرایەخڕوو کە تسونامی بۆ ناوچەکانى سەرانسەری زەریای هێمن و چەند ناوچەکى دیکەى ئەمریکا بەڕێوەیە
بەرپرسانى حکومى ئەو ناوچانەى کە ترسى ئەوەیان هەیە تسونامیەکە بیانگرێتەوە، داوا لە دانیشتوانیان کراوە بەخێرایی ناوچەکە بەجێبهێڵن یان بچنە شوێنە بەرزەکان و پارێزگاری هاوایی داوای لە خەڵک کرد دەستبەجێ ناوچە کەنارییەکان چۆڵ بکەن.
لە ئەمریکا، بەرپرسانی هاوای و کالیفۆرنیا هۆشداری دەدەنە هاوڵاتییان کە لە کەناراوەکان و ناوچە نزمەکان دوور بکەونەوە.
شارەزایان لە کالیفۆرنیا دەڵێن ئەگەری کەمە زیانی گیانیی کارەساتبار لە ئەمریکا بکەوێتەوە، لە کاتێکدا پارێزگاری هاوای داوا لە هاوڵاتییان دەکات ئارامیی خۆیان بپارێزن.
دەزگای کەشناسی ژاپۆن داوای لە دانیشتووانەکەی کردووە لە کەناراوەکان دوور بکەونەوە و خۆیان نەخەنە دەرەوە بۆ ناو دەریا تاوەکو هۆشدارییەکە هەڵدەگیرێت. دەسەڵاتدارانی مەکسیک و ئەندەنوسیا هۆشداری هاوشێوەیان بۆ دانیشتوانی کەناراوەکان داوە.
لە رووسیا، چەند کەسێک لە رۆژهەڵاتی دووری وڵاتەکە بە سووکی بریندار بوون، هاوکات شەپۆلەکانی سوونامی بەشێک لە شاری سڤیرۆ کورلیسکی ژێرئاو خستووە.
بەپێی دەزگای رووپێویی زەویناسیی ئەمریکا، ئەم بوومەلەرزەیە بە گوڕی 8.8 پلە، شەشەمین بەهێزترین بوومەلەرزەیە لە مێژوودا تۆمارکرابێت.
لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا، ئەمریکا و ژاپۆن لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوون کە ئاگاداریی سوونامی و فەرمانی چۆڵکردنیان دەرکردووە.
لە ژاپۆن، یەکەم شەپۆلەکانی سوونامی تێبینی کراون، کە بەرزییەکەیان لە کەناراوەکانی هۆکایدۆ (دوورگەیەکە لە تەنیشت رووسیا) گەیشتووەتە 40 سانتیمەتر - تائێستا هیچ کەسێک بریندار نەبووە.
فەرمانی چۆڵکردن بۆ کەناراوەکانی ژاپۆن لەسەر زەریای هێمن دەرکراوە، کە ئەگەری هەیە شەپۆلی تاوەکو بەرزیی سێ مەتر رووی تێبکات.
وێستگەی ئەتۆمیی فۆکوشیما کە لە سوونامییەکەی ساڵی 2011دا زیانی پێگەیشتبوو، چۆڵکراون.
بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی بەرزبونەوەی شەپۆلی دەریایی بەهێزی كتوپڕ "تسونامی" لە باکوری زەریای هێمن، ئەوەش وایكردووە، دەسەڵاتدارانی روسیا، ژاپۆن، ئەمریکا و چەند وڵاتێک کە هاوسنورن یان دەکەوێتە ناو زەریای هێمن، هۆشداریی تسونامیی بڵاوکردەوە.
دەستەی جیۆفیزیکی سەربە ئەکادیمیای زانستی روسیا لقی کامچاتکا، جەختیكردەوە، بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ بەهێزترین بوومەلەرزە بووە لە ساڵی ١٩٥٢ەوە، بووەتە هۆی دروستكردنی شەپۆلی مەترسیداری تسونامی بەدرێژایی کەناراوەکان.
