تۆم باراک: ئەوەی لە سوەیدا ڕوویدا ترسناکە

18 كاتژمێر لەمەوپێش
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو پێکدادانانەى کە لە پارێزگای سوەیدا ڕوویدا، دەبێت حکومەتی سوریا لێپرسینەوە لەگەڵ بكرێت، چونکە ئەوەی لەوێ روویدا ترسناکە.
ئەمڕۆ دووشەممە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بەیروت، ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی کۆنترۆڵی تەواوی سنوورەکانی وڵاتەکەی، دەبێت لێپرسینەوە لە حکومەتی سوریا بکرێت، بەهۆى ڕووداوەکانی سویدا، باراک جەختی لە ڕۆڵی دیمەشق لە ئاسایش و پاراستنی کەمینەکان کردەوە.
لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا بە "نیگەرانی و ئازار و هاوسۆزی و هاوکارییەکی باوەڕپێنەکراو" وەڵامی پێشهاتەکانی سویدا دەداتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن پەرۆشە بۆ ئەوەی هەماهەنگی لەنێوان سوریا و وڵاتانی دراوسێیدا مسۆگەر بکات، ئیسرائیل بێت یان وڵاتانی دیکە.
ڕۆژی یەکشەممەش، باراک داوای لە هەموو لایەنە شەڕکەرەکان کرد چەکەکانیان دابنێن و شەڕ و پێکدادانەکان ڕابگرن و هۆشداریشیدا لەوەی سوریا لە "بڕیارێکی گرینگ"دا وەستاوە.
وتیشی: "دەبێت هەموو لایەنە شەڕکەرەکان دەستبەجێ چەک دابنێن و دوژمنایەتییەکان ڕابگرن و واز لە سووڕی تۆڵەسەندنەوەی خێڵەکیەکان بهێنن".
نوێنەری ئەمریکا لە سووریا درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: دەبێ لە ئێستاوە ئاشتی و وتووێژ زاڵ بێت.
سەبارەت بە دۆسیەی لوبنان، باراک ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دەوروبەری ئاگربەستە شکستخواردووەکەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل ، ئاماژەی بەوەشکرد کە ناتوانن "ئیسرائیل ناچار بکەن لە ئێستادا هیچ شتێک بکات".
