ڕۆژنامە "یەدیوت ئەهرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، دوو بۆ سێ هەفتە مۆڵەتی بە بنیامین ناتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و دەیەوێت بە زوترین کات ئەوە روبدات. بە گوێرەی راپۆرتی ڕۆژنامەکە، گەرچی ترەمپ لە کۆبونەوەکەدا ستایشی ناتەنیاهۆی کردوە، بەڵام وادیارە سەرۆکی ئەمەریکا لە پشت نەتانیاهۆوە پلانی دیکەی هەیە و کار لەسەر ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە دەکات کە بەم زوانە دەبێتە هۆی ئازادکردنی هەمو بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە. لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە؛ چەند بەرپرسێکی ئیسرائیل کە لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکانیان قسەیان کردوە، بیستویانە کە ترەمپ کاتێکی زیاتری داوە بە ناتانیاهۆ بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە شەڕەکە، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ نەبوە، ڕەنگە دوو بۆ سێ هەفتە بێت و جەختیان لەوە کردوەتەوە کە دەیەوێت بەم زوانە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت. پێشتریش، سەرچاوە ئەمەریکییەکان بە بنەماڵەی بارمتەکانیان راگەیاندوە؛ کارکردن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لە ئێستادا کاری لە پێشینەیانە و لە کۆبونەوەکەی دوشەممەی رابردوی نێوان ترەمپ و ناتەنیاهۆ لە کۆشکی سپی، پرسی سەرکی کۆبونەوەکەوە بوە. ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژێک دوای دیدارەکەی لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ناتەنیاهۆ ئاماژەی بەو کردوە لە کوبونەوەکەدا سەرۆک ترەمپ پشتگیری کردوە لە شەری غەززەدا و بە رۆژنامەنوسانی وتوە؛ سەرۆک سەیری منی کرد و وتی؛ ئەم پیاوە بەردەوام کار بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکات. پێشتریش و لە دوای کۆبونەوەکەیان، دۆناڵد ترەمپ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ نەتانیاهۆ لە کۆشکی سپی رایگەیاند؛ ئێمە کێشەی بارمتەمان هەیە و هەوڵی ئازادکردنیان دەدەی ، پرۆسەیەکی درێژخایەنە و نابێت ئەوەندە ماوە بخایەنێت، هیوادارم ئیسرائیلییەکان وەک من بن، ئەمەش بەو مانایەی ئەوانیش بیر لە کۆتایی هێنان بە شەڕەکە بکەنەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتوە؛ ئەمەریکییەکان دەیانەوێت ڕێکەوتنی بارمتەکان سەربگرێت، کە ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێککەوتنە کۆتاییهێنانە بە شەڕی غەززە.
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئەگەر لەگەڵ ئێران نەگەنە رێككەوتن هێرش دەكەنە سەر تاران و ئیسرائیلیش سەركردایەتی هێرشەكان دەكات. دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، چاوەڕوانی دانوستانی عومان دەكەن لەگەڵ ئێراندا بۆ گەیشتن بە رێككەوتن. وتیشی، ئەگەر رێككەوتن لەگەڵ ئێران نەكرا ئەوا رێگای سەربازی دەگرێتەبەر و هێرش دەكاتەسەر تاران و ئیسرائیلیش بەشدار دەبێت و سەركردایەتی هێرشەكان دەكات و ئەوەی دەیانەوێت ئەوە دەكەن. دەشڵێت، هیچ كاتێك دانەنراوە بۆ رێككەوتن و هیچ پێشبینییەكیش ناكات بۆ دانوستانەكان، دەیەوێت ئێران بە باشی بمێنێتەوە، بەڵاام نابێت چەكی ئەتۆمی هەبێت، ئێرانیەكانیش تێگەیشتنیان بۆ ئەو بابەتە هەیە. هاوكات، پیت هێگسێت وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی پێداویستی جەنگی بۆ زەریای هیندی گواستوەتەوە و بۆ شەڕی حوسییەكان بەكاریدەهێنێت، ئەگەر رێككەوتنیش لەگەڵ ئێران نەكرێت ئەوا دژی تارانیش بەكاریاندەهێنێت. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن گوتی، "رێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی دوو بژاردەی هەیە؛ رێککەوتن یان لە رێگەی سەربازییەوە." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هەر رێککەوتنێکی قبووڵکراو، دەبێت هاوشێوەی رێککەوتنی ساڵی 2003ـی لیبیا بێت، کە تێیدا هێزەکانی ئەمریکا کەرەستە و پێکهاتە سەرەکییەکانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئەو وڵاتەیان لەنێوبرد یان بردیانە دەرەوە. رۆژی دووشەممە، ترەمپ لە کۆشکی سپی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیدارەکەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستپێدەکات. سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی "راستەوخۆ" دەبن. ترەمپ گوتی، هیواخوازە لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتن، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە "مەترسییەکەی گەورە" دەکەوێتە سەر ئێران، ئەگەر دانوستاندنەکان سەرکەوتوو نەبن.
ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند؛ بەمەبەستی گەڕاندنەوەی دادپەروەری ڕەنگە لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، وڵاتەکەی بە هاوبەشی سعودییە دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت. دوای لێدوانە بەردەوامەکانی ناتەنیاهۆ و دۆناڵد ترەمپ لەسەر چۆڵکردنی غەززە، سەرۆکی فەرەنسا بۆ یەکەمجار باس لە دانان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەکات و قسەی بۆ یەکێک لە کەناڵی وڵاتەکەی کردوە و جەختی کردوەتەوە؛ واقیعەکە وادەخوازێت هەنگاو بنێین بەرەو دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستین و لە چەند مانگی داهاتودا ئەو کارە دەکەین. سەرۆکی فەرەنسا ڕونیکردوەتەوە؛ کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی دڵخۆشکردنی هیچ لایەنێکی دیاریکراو نابێت، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەیە پێیان وایە ئەم کارە دادپەروەرانەیە و وەک فەڕەنسا هەوڵ دەدەن بەشێکبن لە پشتگریرکردن لە دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لە داهاتویەکی نزیکدا. ناوبراو وتوشیەتی؛ ئامانجیان ئەوەیە لە مانگی حوزەیراندا لەگەڵ سعودیە هاوسەرۆکایەتی کۆنفرانسێک بکەن و هەوڵدەدەن لەگەڵ چەند لایەنێکی تردا هەنگاوی دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین تەواو بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە، لەم هەفتەیەدا ماکرۆن بەشداری لوتکەی سێ قۆڵی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و عەبدوڵڵای دوەم شای ئوردن لە قاهیرە کرد. لە لوتکەکەدا تیشک خرایە سەر کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و پاڵپشتیکردنی پلانی عەرەبی بۆ کەرتی غەززە لەبەرامبەر پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و کردنەوەی دەروازەکان بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت بە هاوکاری بۆ ناو ناوچە گەمارۆدراوەکە.
بڕیارە سبەی شاندی ئەمریکا و روسیا لە ئیستەنبوڵ چاویان بەیەک بکەوێت و گفتوگۆ لەسەر چالاکیی باڵیۆزخانەکانیان بکەن، بەڵام بابەتی ئۆکراین لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەیاندا نییە. تامی بروس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، رۆژی 10ـی ئەم مانگە شاندی ئەمریکا و روسیا بۆ جاری دووەم لە ئیستەنبوڵ کۆدەبنەوە، هیچ دۆسیەیەکی سیاسی و ئەمنی و دۆسیەی ئۆکراینیش لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی دوو شاندەکەدا نین. بەگوێرەی قسەکانی تامی بروس، سەرنجی کۆبوونەوەکە تەنها لەسەر کاری باڵیۆزخانەکانی روسیا و ئەمریکایە، نەوەک ئاسایکردنەوەی تەواوەتی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان، چونکە ئەوەیان روونادات هەتا ئاشتی نەگەڕێتەوە بۆ نێوان روسیا و ئۆکراین.
ئەمڕۆ میدیای فەرمی ئێران لە تێلێگرام بڵاویکردەوە، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران لە (12)ی نیسان لە سەڵتەنەی عومان بەڕێوە دەچێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەلایەن عەباس عراقچی وەزیری، دەرەوەی ئێران و، ستیڤ ویتكۆف، نێردەی ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت. تاران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات دانوستانەکان ناڕاستەوخۆ دەبن، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا باسی گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەردوولا دەکات. عراقچی لە سەكۆی (ئێکس) نوسویەتی: ئێران و ئەمریکا رۆژی شەممە لە عومان بۆ ئەنجامدانی دانوستانێكی ناڕاستەوخۆی ئاست بەرز کۆدەبنەوە. راشیگەیاندووە: ئەوە چەندە دەرفەتە، ئەوەندەش تاقیکردنەوەیە، تۆپەکە لە یاریگای ئەمریکادایە. لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، ترەمپ ئاشكرایكرد، شەممەی داهاتوو ئەمریکا وتووێژی راستەوخۆ و ئاست بەرز لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات. وتیشی، ئێمە وتووێژی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدەین، ئەگەر ئەم دانوستانە راستەوخۆیانە لە ڕۆژی شەممەوە دەست پێبکەن، دەبینین شتەکان چۆن بەڕێوە دەچن، پێموایە گەیشتن بە رێککەوتن باشترین چارەسەرە، نەک پەنا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بەرین كە ئاشكرایە. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان لە چانسی سەرکەوتنی دانوستانەکانیان لەگەڵ تاران کەم کردۆتەوە، ئەو سەرچاوانە بە "سکای نیوز عەرەبی"یان وتووە، دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا هیچ ئاسۆیەکی جددی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر نییە. جەختیان لە بوونی کەناڵێکی دانوستانکاری راستەوخۆی ئێران-ئەمریکاش كردووەتەوە جگە لە کەناڵی سەڵتەنەی عومان .
دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو بە رۆژنامەنوسانى وت: رۆژی شەممە، گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەکەین و ئەمەش سوود بە ئێران دەگەیێنێت. ترەمپ باسی لەوە نەکرد شوێنی گفتوگۆکەیان کەی دەبێت، بەگوێرەی قسەکانی رۆژی 12ـی نیسان گفتوگۆی ئەو دوو وڵاتە دەکرێت. دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاند، نابێت ئێران ببێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى و گفتوگۆى راستەوخۆیان لەگەڵ دەکەین. لاى خۆیەوە، ناتەنیاهۆ رایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ رێککەوتوون کە تاران نەبێتە خاوەنى چەکى ئەتۆمى. ترەمپ رۆژى دوشەممە لەمیانەى کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لە کۆشکى سپى جەختیکردەوە، گفتوگۆى راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران لەبارەى بەرنامەى ئەتۆمى ئەو وڵاتە لەسەر ئاستى باڵا دەبێت، لەکاتێکدا پێشتر ئێران داواى گفتوگۆى ناڕاستەوخۆى دەکرد و گفتوگۆى راستەوخۆى رەتدەکردەوە. ماوەى چەند هەفتەیەکە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا هەڕەشەکانى بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە و دوو مانگ مۆڵەتى بۆ ئەو وڵاتە دیاریکردووە تا گفتوگۆ یان روبەڕووبوونەوەى بژاردەى سەربازى هەڵبژێرێت. عەلی خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارى جەژندا هەڕەشەى لە ئەمەریکا و ئیسرائیل کرد کە ئەگەر پلانی لێدان و هێرشکردنە سەر ئێرانیان هەبێت وەڵامیان دەدەنەوە و بە توندی هێرش دەکەنە سەریان هەروەها عەلی لاریجانی ڕاوێژکاری باڵای رێبەری ئێران هەڕەشەى بەرهەمهێنانى چەکى ئەتۆمى کرد لەلایەن ئێرانەوە ئەگەر ئەمەریکا یان ئیسرائیل بە بیانووی پرسی ئەتۆمی هێرش بکەنە سەر ئێران.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جارێکى دیکە هەڕەشەى توند لە چین دەکات و دەڵێت چین باجی 34% هەڵنەوەشێنێتەوە لە 9ی ئەم مانگەوە باجی 50%ی بەسەردا دەسەپێنین. لەپەیامێکیدا لەسەر تۆڕى کۆمەڵایەتى تروس، بڵاویکردوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ نوسیویەتى هەموو گفتوگۆكان لەگەڵ چین سەبارەت بە داواكارییەكەیان بۆ سازدانی كۆبوونەوە لەگەڵمان كۆتایی پێ دێت. هەروەها دەشڵیت هەر وڵاتێك بۆ تۆڵەسەندنەوە باجی گومرگیمان بەسەردا بسەپێنێت، دەستبەجێ روبەڕووی باجی نوێ و زۆر زیاتر دەبێتەوە. لەبەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا، سەرۆکى ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوە دەخاتەڕوو لە رۆژی 9ی ئەم مانگەوە، بەبەهای 50% باجی زیاتر بەسەر چیندا دەسەپێنین، ئەگەر بێتو ئەو باجە 34%ە هەڵنەوەشێنێتەوە كە سەپاندویەتی. ترەمپ سەرەتا 20٪ و دواتر 34٪ـی باجی خستەسەر کاڵا هەناردەکراوەکانی چین بۆ ئەمریکا، ئەگەر ئەم 50ـیەش بسەپێنێت، پێناسی گومرگیی چین دەبێتە 104٪. سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "هەموو گفتوگۆیەکی تایبەت بە پێناسی گومرگی لەگەڵ چین رادەگیرێن. جگە لە چین، لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان گفتوگۆ دەکەین." پێش ئەم پۆستە، ترەمپ لە پۆستێکی دیکەدا نووسی: "هەموو وڵاتانی جیهان لەسەر پێناسە گومرگییەکان گفتوگۆمان لەگەڵدا دەکەن. پێناسە گومرگییەکان قورسن بەڵام دادپەروەرانەن." سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ قسەی لەگەڵ شیگێرو ئیشیبا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کردووە. ئەو بە ترەمپی راگەیاندووە، تۆکیۆ تیمێک بۆ دانوستاندن دەنێرێتە واشنتن. ترەمپ لەبارەی ژاپۆن گوتی: "ژاپۆن لە رووی بازرگانییەوە مامەڵەیەکی زۆر خراپی لەگەڵدا کردووین. ئەوان ئۆتۆمبێلی ئێمە ناکڕن کەچی ئێمە ملیۆنان ئۆتۆمبێلی ئەوان دەکڕین." ترەمپ بەکورتی باسی چینیشی کرد و گوتی: "دەبێت هەموو شتێک لەگەڵ چین بگۆڕێن."
ڕۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بۆ خۆبەدورگرتن و بەكارهێنانی ئاسمانی ئەو وڵاتانەی كە مەترسی جێبەجێكردنی فەرمانەكەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی لاهای كە بڕیاری دەستگیركردنی بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكانی جەنگ لەغەززە هەیە. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ناچار بو گەشتێکی درێژخایەن لە بوداپێستی هەنگاریا بۆ واشنتۆن كە نزیكەی (400) كیلۆمەتر درێژترە لە رێگەیەكی گونجاو ئەنجام بدات. ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەیەکی بەپەلە و بەرنامە بۆ داڕێژراو لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، نەتانیاهۆ لە بوداپێستەوە راستەوخۆ گەشتی واشنتۆنی کردوە، ئەوەش بۆ خۆبەدورگرتن لە نیشتنەوەی فریاگوزاری ناچاریدا ئەو رێگە دورەی هەڵبژاردوە. ڕۆژنامە رونیكردوەتەوە، دوای هەڵسەنگاندن بۆ گەشتەكە كتوپڕەكەی نەتانیاهۆ، مەترسی هەبو كە هەریەك لە ئیرلەندا و ئایسلەندا و هۆڵەندا فەرمانەکەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای دژی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل جێبەجێ بکەن، بۆیە بەناچاری فڕۆکەکە سەرۆك بەسەر ئاسمانی کرواتیا و ئیتاڵیا و فەرەنسادا فڕیوە. رۆژنامەی هارێتزی ئیسرائیلی رایگەیاندوە: لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە سەرجەم گەشتەکانی نەتانیاهۆ بۆ ئەمەریکا بە ئاسمانی یۆنان و ئیتاڵیا و فەرەنسادا گەشتیان کردوە و لەوێشەوە زەریای ئەتڵەسییان بەرەو ئەمەریکا بڕیوە.
سەرەڕای ئەوەی ئێران سەبارەت بە دانوستانی ناڕاستەوخۆ هیچ وەڵامێکی لەلایەن ئەمریکاوە وەرنەگرت، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن بە نێوەندگیری سوڵتانی عومان دووپاتکردەوە. عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران هەموو ئەو هەواڵانەی لەبارەی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا ڕەتکردەوە. بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئێڕان دەڵێت: ئێمە پێشنیاری دانوستانی ڕاستەوخۆ بە هۆکارێک کە چەندین جار باس کراون قبوڵ ناکەین، بەڵام ئامادەین بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەوڵەتی عومانەوە. ناوبراو زیادی کرد: ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیارەکەی ئێران، هەرچەندە ئێمە هیچ پەلەیەکمان نییە. سەبارەت بە بەشێک لەو ناوانەی کە وەک دانوستانکار ئاماژەیان پێکراوە، ئاراغچی ڕوونیکردەوە "هەموو ئەو گریمانانەی کە خراونەتەڕوو نادروستن، بەڵام دڵنیایە بەرپرسیارێتی دانوستانی ئەگەری لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و بەڕێوەبردنەکەی دەکەوێتە سەر شانی وەزیری دەرەوە". ساڵی 2015، رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەنێوان ئێران و پێنج دەوڵەتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بریتین لە ئەمریکا، رووسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا، لەگەڵ ئەڵمانیا واژۆکرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، دەبوو بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران سنووردار بکرێت و لە بەرامبەر ئەوەدا، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران لاببرێن. لە ساڵی 2018ـدا، لە ماوەی یەکەم خوولی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، ئەمریکا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی سەر ئێرانی چالاککردنەوە. لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئێران پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە راگرت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی خێراتر بەرەو پێش برد. رۆژی دووشەممە، عەلی لاریجانی، راوێژکاری نزیکی رێبەری ئێران، هۆشداری دا کە تاران سەرەڕای ئەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات، "ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر، هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە بەدەستهێنانی".
نرخی بیتکۆین گەورەترین زیانی لە 24 کاتژمێردا بەرکەت و لەو ماوەیەدا، بەرێژەی نزیکەی 8٪ دابەزی. پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەسەڵاتی کۆشکی سپی گرتە دەست، بیتکۆین بەرزترین نرخی لە نزیکەی 104 هەزار دۆلاردا تۆمارکرد، بەڵام ئەمڕۆ نرخی یەک بیتکۆین بۆ 76 هەزار و 680 دۆلار دابەزی. هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی گەورەترین دراوی ئەلیکترۆنی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شەڕە بازرگانییەی ئەمریکا بەسەرۆکایەتیی ترەمپ دەستیپێکردووە، کە لەماوەی رابردوودا گەورەترین پاڵپشتیی دراوەکە بووە، پاش ئەوەی باجی خستەسەر 185 وڵات، متمانە بە سیاسەتی دارایی ئەمریکا لاواز بووە و رێگەکانی بازرگانیکردن لەگەڵ ئەمریکا بەرتەسک بوونەتەوە. دراوە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە هاوشێوە بیتکۆین دابەزینیان تۆمارکردووە، بەجۆرێک نرخی یەک ئیسریۆم دابەزیوە بۆ یەک هەزار و 507 دۆلار، نرخی یەک سۆلانە دابەزیوە بۆ 99 دۆلار و 74 سەنت و نرخی یەک ریپڵ دابەزیوە بۆ یەک دۆلار و 70 سەنت، لەکاتێکدا، ترەمپ بەنیاز بوو وەکو یەدەگی ستراتیجیی ئەمریکا پشتیان پێببەستێت.
ئەمڕۆ دۆناڵ ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن چاوی دەکەوێت بە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە گرنگترین ئەو تەوەرانەی گفتوگۆیان لەبارەوە دەکەن، بابەتی باجی گومرگی و دۆسیەی ئێران و ئاگربەستی غەزەیە. ئامانجی سەرەکی نەتانیاهۆ کە ئەمڕۆ لە هەنگاریاوە دەگاتە واشنتن لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ ئەوەیە، هانی سەرۆکە ئەمریکییەکە بدات بکشێتەوە لە بڕیاری سەپاندنی باجی زیادەی گومرگی، یاخود کەمکردنەوەی بڕی باجەکە پێش ئەوەی دژی ئیسرائیل بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. نەتانیاهۆ دوێنێ پێش ئەوەی هەنگاریا بەجێبهێڵێت باسی لەوەکرد، ئامانجی ئەوەیە لەگەڵ ترەمپ گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی بارمتەکان و سەرکەوتن لە غەزە بکات، لەپاڵ ئەوەشدا بابەتی ئەو باجە گومرگییەی ئەمریکا بەسەر ئیسرائیلدا سەپاندوویەتی تەوەرەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەی دەبێت. ناتانیاهۆ دوای سەردانیکردنی هەنگاریا، درەنگانی شەوی یەکشەممە، بە سەردانێک گەیشتە واشنتن بەرپرسان دەڵێن؛ سەردانەکەی پلانی بۆ دانەنراوە و هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ ترەمپ کۆ ببێتەوە. ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لەو گفتوگۆیەدا باس لە پرسی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانە دەکرێت کە ماوەی 18 مانگە لە غەززە دەستبەسەرن، بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە غەززە، هەروەها باجی گومرگی سەر ئیسرائیل". سەبارەت بە باجەکان ناتانیاهۆ گوتی: هیوادارم بتوانم هاوکاربم لەم بابەتەدا، ئەوە ئامانجی منە، من یەکەم سەرکردەی بیانیم لەگەڵ ترەمپ کۆ دەبمەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە، کە زۆر گرنگە بۆ ئابووریی ئیسرائیل. ناتانیاهۆ گوتیشی: پەیوەندیی تایبەتی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل کە لەم کاتەدا زۆر گرنگە. بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل ڕایگەیاند "دوایین ڕاگەیاندنی باج لەلایەن ترەمپەوە ڕەنگە کاریگەری لەسەر هەناردەکردنی ئامێر و کەرەستەی پزیشکی لەلایەن ئیسرائیلەوە هەبێت". هەردوو وڵات 40 ساڵ لەمەوبەر ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادیان ئیمزا کرد و ئێستا نزیکەی 98%ی کاڵای ئەمەریکی لە باج بەخشراون.
دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق چەندین جار جەختیان لە هەوڵەکانیان کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ململانێی ناوچەکە بۆ ناو خاکی خۆیان، چەند بەرپرسێکی باڵای عێراق ئاشکرایان کرد کە گفتوگۆکانی نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی گروپە چەکدارەکان پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە. ئەمڕۆ دووشەممە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، دە فەرماندەی باڵای سەربازی و بەرپرسی عێراق ڕوونیانکردەوە کە "ئێستا گروپە چەکدارەکان ئەوانەى لایەنگری ئێرانن ئامادەن چەک داماڵن بۆ ئەوەی عێراق لە توڕەیی ئیدارەی ئەمریکا دووربکەوێتەوە". هەروەها ئاماژەى بەوەشداوە لەمانگى یەکەمى ئەمساڵدا، چەند گروپێکى چەکدار بارەگانیان چۆڵکردووە و بوونی خۆیان له شاره گه ورەکانی عێراق کەم کردووەتەوه. هاوکات بەرپرسانى ئەمریکا هۆشداریانداوەو بەرپرسان بەغدایان ئاگادار کردووەتەوە کە "ئەگەر هەنگاو نەنرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان لەسەر خاکەکەی، ئەوا ئەمریکا لەوانەیە بە هێرشی ئاسمانی ئەو گروپانە بکاتە ئامانج. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو گروپانەی "نەرمی"یان لە تەسلیمکردنی چەکەکانیاندا نیشانداوە، بریتین لە كتائب حزب الله، والنجباء، وكتائب سيد الشهداء، وأنصار الله الأوفياء. سەرکردەیەک لە حزبوڵڵای کەتایب کە بەهێزترین میلیشیای شیعەیە لە عێراق، لە پشت دەمامکێکی ڕەشەوە قسەی کردوەو ڕوونیکردەوە: ترەمپ ئامادەیە شەڕ لەگەڵ ئێمە بەرەو ئاستێکی خراپتر ببات، ئێمەش ئەوە دەزانین، بەڵام دەمانەوێت خۆمان لە سیناریۆیەکی وەها خراپ بەدوور بگرین.
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە بە رێژەی 3.5٪ دابەزی و دابەزینە گەورەکانی هەفتەی رابردووی خۆی قووڵکردەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 2 دۆلار و 28 سەنتی دیکە دابەزی و بە 63 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 2 دۆلار و 20 سەنت دابەزی و بە 59 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەر دوو نرخی نەوتی سووکی تەکساس و برێنت لە کەمترین ئاستەکانی خۆیان لە دوای مانگی 4 ـی ساڵی 2021ـەوە مامەڵەیان پێوەدەکرێت. نرخەکانی نەوت رۆژی هەینی دوای ئەوەی چین بەسەپاندنی 34٪ پێناسی گومرکی وەڵامی ئەمریکای دایەوە، بە رێژەی 7٪ دابەزیبوون. لە هەفتەی رابردوودا، نرخی نەوتی برێنت 10.9٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 10.6٪ـی بەهای خۆیان لەدەستداوە. ساتۆرۆ یوشیدا، سەرۆکی بەشی کاڵاکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی (راکوتن سیکیۆریتی) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ئەگەری سستبوونەوەی ئابووریی جیهان بەهۆی شەڕی بازرگانییەوە، گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە." یوشیدا پێیوایە، جگە لەو شەڕە بازرگانییەی کە ترەمپ هەڵیگیرساندووە، پلانی گرووپی ئۆپێک پڵەس بۆ زیادکردنی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕدا، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی نەوتە.
ژمارەی کۆگاکانی چەکی کیمیایی زۆر زیاترن لەوەی پێشبینیکرابوو. وەک لە راپۆرتێکی نیویۆرک تایمزدا هاتووە تائێستا زیاتر لە 100 کۆگا هەن کە گومان دەکرێت چەکی کیمیایی سەردەمی بەشار ئەسەدیان تێدا مابێتەوە. وەک لە راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکیدا هاتووە، بەپشتبەستن بە راپۆرتی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، ژمارەی ئەو کۆگا و جێگایانەی چەکی کیمیاییان تێدا هەڵگیراوە زیاترە لەوەی پێشتر مەزەندە کرابوو. کۆگای چەکە کیماییەکان بۆ سەردەمی رژێمی بەشار ئەسەد دەگەڕێتەوە، لەسەردەمی ناوبراودا لەژێر ناوی ناوەندی توێژینەوەی سەربازیی، چەکی کیمیایی دروستکراوە. بەپێی راپۆرتەکە چەکە کیمیاییەکان، سارین، گازی کلۆری بکوژ لەخۆدەگرێت، لەسەردەمی حوکمڕانی خۆیدا، بەشار ئەسەد دژی نەیارەکانی و هاوڵاتی سڤیلی سوریا بەکاریهێناوە. دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد، حوکمی کەوتووەتە دەست دەستەی تەحریر شام، کە لە لیستی تیرۆری نەتەوەیەکگرتووەکاندایە، بۆیە وڵاتان و رێکخراوە جیهانییەکان ترسیان لەوە هەیە ئەو چەکە کیمیاییانە بکەوێتە دەست دەستەی تەحریر شام و بەکاری بهێنێت دژی نەیارەکانی بەتایبەت کەمینەکان. هەرچەندە حکومەتەکەی تەحریر شام رایگەیاندووە کە پاشماوەی چەکە کیمیاییەکان لەناو دەبات ئەویش دوای سەردانی، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، بەڵام رێکخراوەکان بەگومانن. شەیبانی لە مانگی ئازاردا سەردانی بارەگای چاودێری چەکی کیمیایی جیهانی لە لاهای کرد و رایگەیاند، "حکومەتی سوریا هەموو پاشماوەی چەکە کیمیاییەکانی سەردەمی بەشار ئەسەد لەناو دەبات و پابەند دەبن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان".
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد سەبارەت بە كاریگەرییە ئابوری و بازرگانییەكانی بڕیاری ئەمەریكا سەبارەت بە زیادكردنی باجی گومركی، بڕیاریدا چوار هەنگاو بگرێتەبەر. بەپێی هەواڵێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، باس لەو رێوشوێنانە كراوە كە ئەمەریكا بۆ باج خستنەسەر كاڵای وڵاتان پەیڕەوی دەكات، كاریگەرییەكانی لەسەر ئابوری جیهان و عێراق تاوتوێ كراوە. هەر لە كۆبوونەوەكەدا بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سودانی "داتاكانی وەزارەتی بازرگانی خراوەتەڕوو، كە رێژەی بەرزكردنەوەی باجی گومركی ئەمەریكا لەسەر كەلوپەلی عێراق ئاشكرادەكات، كە لەسەر بنەمای جیاوازی هاوسەنگی بازرگانی نێوان دوو وڵات دیاریكراوە، نەك بەهۆی باجی گومركی عێراق لەسەر كەلوپەلی ئەمەریكی". "لەرێگەی داتاكانەوە دەركەوتووە زۆربەی هاوردەی عێراق لە كەلوپەلی ئەمەریكی لەرێگەی بازاڕی وڵاتانی دیكەوەیە، ئەویش بەهۆی ئەو سیاسەتەی بەشێك لە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا بەرامبەر عێراق دەیگرنەبەر، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو داتایانە و بۆ گرەنتیكردنی رێرەوی گەشەی ئابوری عێراق، سەرۆك وەزیران فەرمانیدا بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست كە لەبەرژەوەندی ئابوری عێراق بێت". نوسینگەكەی سودانی وا دەڵێت. یەكەم: كاركردن بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، لەرێگەی كردنەوەی دەروازە بۆ دابەشكەران و كۆمپانیا بازرگانییەكانی ئەمەریكا، چالاككردنی بریكارە بازرگانییەكانی عێراق، مامەڵەی ڕاستەوخۆی كەرتە هاوشێوەكان لەگەڵ ئەمەریكا. دووەم: كاركردن بۆ گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە بانكییەكان لەنێوان كەرتە بانكیی و ئابورییەكانی عێراق و ئەمەریكا، كە بەشێوەیەك بێت بەرژەوەندی ئابوری هەردوولا بپارێزێت. سێیەم: ئاراستەكردنی تیمی دانوستانكار لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی بۆ چاوپێخشاندنەوە بە بنەماكانی بازرگانی لەگەڵ ئەمەریكا، بە ئامانجی باشتركردنی. چوارەم: وەزارەتەكانی دەرەوە، دارایی، بازرگانی و لایەنی پەیوەندیدار ئەركدار دەكرێن بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی بە ئامانجی گەشەپێدانی پەیوەندی بازرگانی، چاودێریكردنی بازاڕی ئابوری و بەرزكردنەوەی راپۆرتی هەفتانە. نیوەشەوی چوارشەممە (2ـی نیسانی 2025)، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، بەرزكردنەوەی پێناسی گومرگی و باجی لەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان راگەیاند و رۆژەكەی ناوناو رۆژی رزگاریی و ئازادبوونی ئابوری و بازرگانی ئەمەریكا و زۆرترین پێناسی گومرگی و باجی خستە سەر كاڵا و شمەكی وڵاتانی دەرەوە. بەپێی بڕیارە نوێیەكەی ئەمەریكا، پێناسی گومرگی و رێژەی باجی 39% دەسەپێنێت سەر كاڵای هەناردەكراوی عێراق بۆ ئەمەریكا، ئەوەش دوەم بەرزترین رێژەیە لەناو وڵاتانی عەرەبی و كەنداودا كە دوای سوریا دێت، كە رێژەی پێناسی گومرگی سەر كاڵای سوریی بە رێژەی 41% دیاری كرد، كەمترین رێژەش كە بۆ وڵاتانی جیهان دیاریكراوە رێژەی 10% دانراوە، كە توركیا و زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی دەگرێتەوە. لەكاتی راگەیاندنی بڕیارەكەیدا كە لە باخچەی كۆشكی سپی بەڕێوەچوو، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: ئەمڕۆ رۆژێكی مێژوییە، رۆژی رزگاریی ئابوریی ئەمەریكایە، پێناسی گومرگی دەسەپێنین بەسەر ئەو وڵاتانەدا كە گومرگ لەسەر كاڵاكانی ئێمە دادەنێن. بەپێی بڕیارەكە كەمترین پێناسی گومرگی سەپێنراو بەسەر كاڵاكاندا 10% دەگرێتەوە، بۆ سەر كاڵای چین بە رێژەی 34% و 20% بۆ سەر وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و وڵاتانی دیكەی جیهانیش بە رێژە و بڕی جیاواز. كۆشكی سپی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، سەپاندنی پێناسی گومرگی بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، قۆنای یەكەم رۆژی 5ـی نیسان و قۆناغی دووەم لە 9ـی نیسانی 2025 دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.