بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا سزاکانى سەر ئێران چالاک دەکەنەوە

7 كاتژمێر لەمەوپێش
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا سزای نێودەوڵەتی بەسەر ئێراندا دەسەپێننەوە و رایانگەیاند، هەموو ئامرازێکی دیپلۆماسی بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی نەهێڵین ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، بەپێی راگەیێندراوی ئەو سێ وڵاتە، لە ئەمڕۆوە میکانزمی سەپاندنەوەی سزاکان کارا دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، نوێنەرانی ئەو سێ وڵاتە کە بە وڵاتانی E3 ناسراون، سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئێرانی لە جنێڤ کۆبوونەتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان، بەڵام بەبێ هیچ پێشکەوتنێک و پابەندبوونێک لەلایەن ئێرانەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیرانى ئەو سێ وڵاتە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکایان لە بڕیارەکەیان ئاگادارکردۆتەوە، ڕایگەیاندووە، هیوادارن ئێران تا کۆتایی مانگی ئەیلول بەشداری بکات بۆ پێشکەشکردنی بەڵێنەکان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە قەناعەتیان پێبکات بۆ دواخستنی کردەوەی کۆنکرێتی.
گەڕاندنەوەی سزاکان لە ڕێگەی ئەو میکانیزمەی کە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییە ڕەسەنەکەدا دامەزرابوو، کە بە "سناپباک" ناسراوە، ئەنجام دەدرێت و ئامانجیشی گەڕاندنەوەی خێرای هەموو ئەو سزایانەیە کە پێش ڕێککەوتنەکە کاری پێکرابوون، بەبێ ئەوەی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕووسیا و چینیشەوە بتوانن ڤیتۆی بڕیارەکە بکەن.
پرۆسەکە کاتێک دەست پێدەکات کە یەکێک (یان زیاتر) لە وڵاتانی واژۆکەری ڕێککەوتنەکە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش لە "پێشێلکردنی بەرچاوی بەڵێنەکان" لەلایەن ئێرانەوە ئاگادار دەکەنەوە.
