قالیباف هۆشدارى دەداتە سێ وڵاتە ئەوروپییەکە

15 كاتژمێر لەمەوپێش
محەممەد باقڕ قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، مافی کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانیان نییە.
سێشەممە، 2ـی ئەیلوول 2025، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وتاری دەستپێکی کۆبوونەوەی پەرلەماندا گوتی: بڕیاری سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بۆ کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان، هەندێک نیگەرانیی بۆ هاووڵاتیان و بازاڕی وڵات دروست کردووە، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە ئەو سێ وڵاتە، بەهۆی پابەند نەبوونیان بە بەڵێنەکانیان لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، مافی چالاککردنی میکانیزمی بڕگەی 37ـی ڕێککەوتنی ئەتۆمییان نییە و لەبەر ئەم هۆیەش، بە شێوەیەکی نایاسایی پرۆسەی گەڕاندنەوەی بڕیارنامەکانیان دەست پێ کردووە، لەسەر ئەم بنەمایەش پێویستە ئێران هەنگاوێکی گونجاو بۆ ڕێگریی لەم کارە نایاساییەی لایەنە ئەوروپییەکان بنێت، تاوەکو ناچاریان بکات لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە.
ڕاگەیاندنی بڕیاری یەکگرتوو بەرانبەر سەپاندنەوەی سزاکان
قالیباف، ڕایگەیاند "هەڵوێستی ڕوون و دیاریکراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی کاراکردنەوەی میکانیزمی سزاکان، بەم زووانە ڕادەگەیەنرێت و جێبەجێ دەکرێت."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: ئەوەی ئەمڕۆ زۆر گرنگە، ڕوونکردنەوەی ئەم خاڵەیە کە بە پێچەوانەی ئەو هەوڵە زۆرانەی دوژمن دەیاندات، بڕیارنامەی کاراکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئابووریی ئێران نابێت.
قالیباف، هەروا گوتی: سزا ئابوورییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا پەیوەندییان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانەوە هەیە. پێشتر ئەمەریکا زۆر سزای ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەڵام کاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر ئابووریی ئێمە نەبووە. بە واتایەکی تر، ئەو بڕیارەی سێ وڵاتە ئەورووپییەکە، هیچ سزایەکی ئابووریی نوێ بۆ سەر ئێران زیاد ناکات.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕاشیگەیاند "سەرباریی سزا ئابوورییەکانی ئەمەریکا، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ڕێگریی لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بکات و بازرگانی دەرەوەی ئێمە سەرەڕای ئاستەنگ و کێشەکان، بە شێوەیەکی گونجاو بەردەوامە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەراورد بە سزا تاکلایەنەکانی ئەمەریکا، گەورە نین و چاودێریی و کۆنترۆڵی ورد ناکرێت."
قالیباف گوتیشی: ڕەنگە هەندێک کەس و لایەن، سەپاندنەوەی سزاکان بە بەشێک لە ژێرخانی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیی سزاکانی ئەمەریکا بزانن و بانگەشەی ئەوە بکەن ئەم ژێرخانە یاساییە دەبێتە هۆی ئەوەی سزاکانی ئەمەریکا کاریگەرتر لە جاران جێبەجێ بکرێن؛ بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە لە ڕووی یاساییەوە، سزا ئابوورییەکانی ئەورووپا هێندە کاریگەر نین و هەناردەکردنی نەوتی ئێران ناگرنەوە.
پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و زیادکردنی توانای سەربازیی ئێران
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتیشی: ئەوەی بۆ ڕێگریی لە هێرشی دوژمن گرنگە، پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و زیادکردنی توانای سەربازیی ئێرانە. توانای بەرگریی ئێمە لە دۆخێکی باشدایە، لەبەر ئەوەش پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی لە بەرانبەر دوژمن و دروستکردنی کەشێکی دەروونیی ئارام بۆ خەڵک، لەلایەن هەموو بەرپرسان و چالاکوانانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە بایەخێکی زۆری هەیە و لەم بوارەشدا ڕوونکردنەوەی ڕادەی کاریگەریی ڕاستەقینەی سەپاندنەوەی سزاکان، یەکجار گرنگە.
قالیباف لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە هەموو بەرپرسانی وڵات، بە تایبەتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتە جیاوازەکانی حکوومەت، شیکەرەوە و شارەزایانی بواری نێودەوڵەتی و ئابووری، بە وردی و شارەزایانە، ئەوە بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە کە سەپاندنەوەی سزاکان، کاریگەریی ئەوتۆی نابێت؛ بەم جۆرە دەتوانین ڕێگریی لە هەوڵەکانی دوژمن بۆ شڵەژانی باری دەروونی دروستکردنی نائارامیی لە کۆمەڵگەدا بکەین و بارودۆخەکە بە سوودی خۆمان کۆنترۆڵ بکەین.
