گرۆسی: ئێران لە چەند مانگێکدا دەتوانێت پیتاندنی یۆرانیۆم دەستپێبکاتەوە

8 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رايگەياند، رەنگە لە چەند مانگێکدا ئێران بتوانێت دەستبکاتەوە بە پيتاندنی يۆرانيۆم، ئەوەش سەرەڕای ئەو زيانانەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمريکا و ئيسرائيلەوە بەر وێستەگە ئەتۆمييەکانی کەوتووە.

رافائیل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ديمانەيەکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمريکی لەبارەی گواستنەوەی يۆرانيۆمی پيتێندراوی وێستگەکانی ئێرانەوە پێش هێرشەکەی ئەمريکا گوتی، "نازانين لەکوێيە، رەنگە بەشێکی لەناوچووبێت و بەشێکيشی گواسترابێتەوە".

گرۆسی دەشڵێت، پێویستە لە بارودۆخێکی دڵنيايیدا بن لەبارەی وێستگەکانەوە، پشتڕاستی بکەنەوە کە چی هەیە و لە کوێیە و چی روویداوە، رەنگە بەشێک لە بەرنامە ئەتۆمييەکەی ئێران هێشتا مابێت.

گرۆسی باسی لەوەشکردووە، "ئەگەر ئێران يۆرانيۆمەکەشی نەمابێت ئەوا دەزانێت چۆن بيپيتێنێت، چونکە وڵاتێکە لەڕووی تەکنەلۆجيای ئەتۆمييەوە زۆر زيرەکە".

رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم زیاتر روونیکردەوە و گوتیشی، "ئێمە نازانين ئەو ماددانە لەکوێن، ياخود بەشێکی لەکوێيە، رەنگە لەماوەی ئەو 12 رۆژەدا بەهۆی هێرشەکانەوە بەشێکی لەناوچووبێت، بەڵام رەنگە بەشێکی گواسترابێتەوە، ئێران بەرنامەیەکی زۆر فراوانی هەبوو، لەوانەیە بەشێکی هێشتا مابێت، ئەگەر نەشمابێت ئەوان زانیارییەکانیان هەیە، توانای پيشەسازييان هەيە، ئێران لە رووی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمییەوە وڵاتێکی زۆر زيرەکە، ئۆپراسيۆنی سەربازی هەبێت يان نا، ناتوانيت ئەمە بە تەواوەتی چارەسەر بکەيت، بڕيارە رێککەوتنێک هەبێت، بڕیارە سیستەمێکی پشکنين هەبێت کە دڵنیایی دەدات بە هەموو خەڵکی ناوچەکە و دەرەوە، بە دڵنیاییەوە دەتوانین پەڕەيەکی نوێ هەڵبدەينەوە".

قسەکانی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەکاتێکدا، لەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئيسرائيل بۆسەر ئێران لە 13ـی حوزەيراندا، تاران هەماهەنگی لەگەڵ پشکنەرانی ئاژانسەکە راگرتووە.

هەروەها، لەدوای هێرشەکەی ئەمريکا بۆسەر سێ بنکەی ئەتۆمی ئێران کە (نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان) بوون، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرايەوە، کە بەگوێرەی وێنەی مانگە دەستکردەکان چەند رۆژێک پێش هێرشەکە يۆرانيۆمی پيتێندراوی وێستگەی فۆردۆ گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی ناديار.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار