ترەمپ لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش هیچ بڕیارێکی لەسەر ئێران نەدا

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریكی، لەزاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە بڵاویكردووەتەوە: لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی،  ترەمپ هیچ بڕیارێکی لەسەر ئێران نەداوە.

رۆژنامەكە رایگەیاندووە: دۆناڵد ترەمپ، کۆبونەوەکەی لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی بەبێ گەیشتن بە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە، کۆتایی پێهێناوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە.

پێشتر کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، گفتوگۆکان لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان، لە بارەگای حکومەت لە واشنتۆن، كە نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایاندووە، كۆتایی هاتووە، بەبێ‌ ئەوەی هیچ وردەکارییەک بڵاوبكاتەوە.

تاوەکو ئێستا روون نییە ئەمریکا چ رۆڵێک لە ململانێی بەردەوامی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا دەگێڕێت. بەڵام دۆناڵد ترەمپ چەندێک دەسەڵاتی هەیە لە بژاردەی کە ئایا ئەمریکا بەشداریی شەڕەکەدا دەکات یان نا.
 
بەپێی یاسای ئەمریکا، سەرۆک بە تەنیا دەسەڵاتی راگەیاندنی فەرمیی جەنگی دژی وڵاتێکی دیکە نییە. تەنیا کۆنگرێس دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات.
 
بەڵام یاساکە ئەوەش دەڵێت کە سەرۆک، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەتوانێت هێزەکانی ئەمریکا بنێرێت و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکات بەبێ ئەوەی بە فەرمیی رایبگەیێنێت کە وڵاتە لە جەنگدایە.
 
بۆ نموونە، بڕیارەکەی ترەمپ بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە سووریا لە ساڵی 2017 دژی حکومەتی بەشار ئەسەد، پێویستی بە رەزامەندیی کۆنگرێس نەبوو. لەبری ئەوە، ترەمپ بە شێوەیەکی تاکلایەنە کاری کرد و ئاماژەی بە هۆکاری ئاسایشی نیشتمانی و مرۆیی کرد.
 
هەندێک لە یاسادانەران لە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری هەوڵ دەدەن توانای ترەمپ بۆ فەرمانکردن بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران سنووردار بکەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار