ئیسرائیل بۆ خامنەیی: چارەنووست وەک سەدام حسێن دەبێت

10 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی ڕاستەوخۆی ئاراستەی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران کرد و هۆشداریشیدا لە "چارەنوسێکی هاوشێوە"ی سەدام حوسێن، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق دەبێت ئەگەر تاران بەردەوام بێت لە بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل.
لە میانەی هەڵسەنگاندنێکی ئەمنیدا کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سەربازی ئیسرائیل بەڕێوەچوو، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکرایەوە، وتی: دیکتاتۆری ئێران ئاگادار دەکەمەوە لە بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و هەڵدانی موشەک بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئیسرائیل.
وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل زیادی کرد: باشترە بۆی چارەنووسی دیکتاتۆر لە وڵاتی دراوسێی ئێران لەبیر بکات، کە هەمان ڕێگای لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل هەڵبژاردووە، بە ئاماژەدان بە سەدام حسێن کە لە کاتی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕووخێنرا.
ناوبراو ئەوەەشى خستەڕوو ئەمڕۆش بەردەوام دەبین لە لێدانی ئامانجەکانی سەر بە ڕێژیم و دامەزراوەی سەربازی لە تاران، هەروەک چۆن دوێنێ لە دژی دامەزراوەکانى پەخش و تەلەفزیۆنى پڕوپاگەندە و هاندانی ڕێژیممان کرد.
شەڕی ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە رۆژی پێنجەمەوە و هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی. لە شەوی چوارەمدا هەردوولا بە مووشەک و فڕۆکە هێرشیان کرد، بەڵام زیانەکانی دیار نین.
لەلایەکى دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە هەوڵی وەستاندنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران نادات، بەڵکو دەیەوێت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران "بە راستی کۆتایی پێ بێت"، ئەمە وەک میدیای ئەمریکی باسی دەکات.
لە کاتی گەڕانەوەی لە کەنەداوە بۆ واشنتن، ترەمپ لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتییدا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "نەمگوتووە ئاگربەستم دەوێت"؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەیەوێت "کۆتاییهاتنێکی راستەقینە" بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەدەستبێت و تاران "بە تەواوی دەستبەرداری" چەکی ئەتۆمی بێت.
ئێران بەردەوام رەتیکردووەتەوە ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دروستکردن بۆمب بێت.
ترەمپ هەروەها باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران کەم ناکاتەوە؛ گوتیشی: "دوو رۆژی دیکە دەزانن چی دەبێت. دەیبینن. تاوەکو ئێستا هیچ کەس [هێرشەکانی] خاونەکردوونەتەوە."
بڕیارە ئەمڕۆ ترەمپ لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هەستیارەکان لە کۆشکی سپی دۆخەکە تاوتوێ بکات، لە کاتێکدا باس لە ئەگەری بەشداربوونی ئەمریکا لە جەنگەکەدا دەکرێت، چونکە ئیسرائیل توانای سەربازیی پێویستی نییە بۆ لێدان لە بنکەی ئەتۆمیی فوردۆ لە نزیک شاری قوم کە لە ژێر زەویدایە.
