ئیسرائیل کۆماندۆ بەکاردینێت بۆ تەقاندنەوەى دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ

5 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاریدا دەستوەردانی سەربازی لە ململانێی ئیسرائیل و ئێران نەکات، ئەوە ئیسرائیل بیر لە چەندین بژاردە دەکاتەوە بۆ لەناوبردنی دامەزراوەی فۆردۆی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
تۆڕی 'فۆکس نیوز'ـی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، یەکێک لە بژاردەکانی ئیسرائیل بریتییە لە پشتبەستن بە یەکەی 5101ـی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل، بە 'شاڵداگ' ناسراوە.
مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو ئەندامانی ئەم یەکەیە لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیان بچنە ناو کارگەیەکی دروستکردنی مووشەکی ئێران کە لە ژێرزەوی سووریا بوو.
عامۆس یادلین، بەرپرسی پێشووی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، "شوێنێکی هاوشێوەی دامەزراوەی فۆردۆ هەبووە، کە سەرەڕای قەبارە بچووکەکەی، مووشەکی بالیستیی پێشکەوتوو و ورد، بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئێران و پارەی ئێران بەرهەمدەهێنا."
ئیسرائیل چەند جارێک لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هێرشی کردبووە سەر ئەو شوێنە نهێنییەی سووریا بەڵام نەیتوانی لەناوی ببات. بەڵام سەربازانی یەکەی شاڵداگ چوونە ناو ئەو شوێنەی لە ژێر زەوی بوو، بۆمبیان چاند و دواتر لە دوورەوە تەقاندیانەوە.
ئەو شوێنەی سووریا 90 مەتر لە ژێر زەوی دروست کرابوو، وەک دامەزراوەی فۆردۆ، کە لەنێو شاخەکانی باشووری تاران هەڵکەوتووە.
یادلین گوتیشی: "هێزی ئاسمانی پارێزگاریان لە سەربازانی دەوروبەری دەکرد، دواتر یەکەی شاڵداگ چوونەتە ژوورەوە و شوێنەکەیان لەناوبرد."
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرکەسێک بیەوێت بە خێرایی کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت، دەبێت ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وێستگەی فۆردۆ.
ڕۆژی هەینی دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئیسرائیل ناتوانێت بە تەنیا دامەزراوەی فۆردۆ لەناوببات، ئاماژەی بەوەش دا، تواناکانی ئیسرائیل زۆر سنووردارە، دەتوانن بچنە ناو بەشێکی بچووکەوە، بەڵام ناتوانن بە قووڵی بچنە ناوەوەی دامەزراوەکە، ئەو توانایەیان نییە."
