پوتین: بە ئیسرائیلیمان وت بەڵگە نییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت

6 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکى ڕووسیا، ڕایدەگەیەنێت مۆسکۆ چەندین جار ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە کە ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا نییە.
لەچاوپێکەوتنێکى تایبەتدا لەگەڵ کەناڵى سکاى نیوزى عەرەبى، ڤلادمێر پوتین سەرۆکى ڕووسیا، سەبارەت بە پرسى ئێران دووپاتی کردەوە مۆسکۆ پشتیوانی لە مافی ئێران دەکات بۆ بەکارهێنانی ووزەى ئەتۆمی بۆ مەبەستى ئاشتیانه، ئاماژەى بەوەشدا ڕوسیا ئامادەى پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویستە لەم بوارەدا.
پوتین لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ چەندین جار بەرپرسانى باڵاى ئیسرائیلی ئاگادار کردووەتەوە کە ئێران بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا نییە، جەختی لەسەر گرنگی وتووێژ بۆ هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی ناوچەکە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاوبەش کردەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە ڕێڕەوی دانوستان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران وتی: ئێمە پێمان وایە ئێران مافی خۆیەتی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەکاربهێنێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک وردەکاری هەیە کە دەتوانرێت یان پێویستە ڕێککەوتن لەسەر بکرێت.
سەبارەت بە گرژییە بەردەوامەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، پوتین داوا دەکات نەرمی لە هەردوولاوە بنوێنرێت، وتى: ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکان هەن. ناوبراو دەختى کردەوە ئێران و ئیسرائیل دەبێ لە دانوستانەکاندا نەرمی نیشان بدەن، ڕێگا و ئامراز هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ ئەم پرسە.
سەرۆکى ڕوسیا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران چەندین جار ڕایگەیاندووە کە هەوڵی هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی نادات و ئاماژەی بەوەدا کە "دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەڵگەی نەدۆزیوەتەوە کە ئاماژە بەوە بکات کە ئێران خاوەنی ئەو جۆرە چەکە بێت یان هەوڵی هەڵگرتنی ئەو جۆرە چەکی ئەتۆمییە".
سەرۆک کۆماری ڕووسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە لە ڕەتکردنەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆکوژی لە هەر شوێنێکی جیهان و ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بڕیارنامەیەکی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی دەرکردووە، ئەمەش بابەتێکی ئەوپەڕی گرنگییە و دەبێت بە جددی وەربگیرێت.
