نوێنەری ئەمریکا: ترس هەیە توندڕەوەكان ئەحمەد شەرع تیرۆر بکەن

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

تۆماس باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەری "ئەلمۆنیتۆر" دەڵێت: واشنتۆن ترسی هەیە لەبارەی سەلامەتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، بەهۆی ئەوەی هەوڵەکانی شەرع بۆ بەرەوپێشبردنی دەسەڵاتێكی گشتگیر و پەیوەندیکردن لەگەڵ رۆژئاوا، رەنگە ببێتە هۆی كردنە ئامانجی لەلایەن توندڕەوە ناڕازییەكانەوە.

بەپێویستیشی زانیوە، هەماهەنگی لەبارەی سیستمێکی پارێزگاری له دەوروبەری شەرع بكەن، وتوشەیەتی: دڵنیام بەرژەوەندییەکانمان و بەرژەوەندییەکانی شەرع وەك یەكن، ئەو زیرەکەو متمانەی به کاره کانی هەیە.

باراک، تیشکی خستۆتە سەر ئەو مەترسیانەی کە گروپە چەکدارە بیانییەکان دروستیدەكەن، کە پەیوەندییان بەو هەڵمەتەوە كرد شەرع ئەنجامیداو، بووە هۆی روخاندنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا، لەکاتێکدا سەرکردایەتی نوێی سوریا کاردەکات بۆ تێکەڵکردنی ئەو چەکدارانە لەناو سوپای نیشتمانی، کە ئەزمونی شەڕکردنیان بەدەستهێناوە، رەنگە گروپی وەک داعش بەلای خۆیاندا رایانبكێشێت.

نێردەكەی ترەمپ دەشڵێت: تا كاتی یارمەتیدانی فریاگوزاری ئابوری بۆ سوریا درێژە بكێشێت، گروپە پارچەپارچەبووەکان زیاتر دەبن و دەڵێن ئەمە دەرفەتی ئێمەیە بۆ پەکخستنی، بۆیە دەبێت روبەڕوی ئەو دوژمنانە ببینەوە بەر لەوەی بگەن.

جەختشیکردەوە لەوەی، ئەمە پێویستی بە هاوکارییەکی توندوتۆڵ و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری هەیە لە نێوان هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، لەبری دەستێوەردانی سەربازی.

باراک، ئاماژەی بە زنجیرەیەک ئاڵنگاری كردووە كە چاوەڕوانی شەرع دەكەن، لەنێویاندا، یەکخستنی هێزە کوردییەکان لەناو سوپای سوریا، تێكەڵكردنی یەکەی شەڕکەری بیانی و، چارەسەركردنی کەمپەكانی دەستبەسەركردن  لە باکوری سوریا.
شەرع دەبێت روبەڕوی ئیسرائیلیش ببێتەوە، کە لە دوای لادانی ئەسەدەوە ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی لە سوریا بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر کردووە.

شەرع پابەندبونی خۆی بە رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974 لەگەڵ ئیسرائیل دووپات کردەوەتەوەو ئاماژەی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە رۆژێك لە رۆژان.

تۆماس باراک، پێشتر داوای رێککەوتنی دەستدرێژینەكردنی لە نێوان سوریا و ئیسرائیلی کردبوو، ململانێکانیشیانی بە کێشەیەکی قابیلی چارەسەر وەسفکردووە. 

کاتێک ئەلمۆنیتۆر، پرسیاری لەبارەی ئەو هەنگاوانەی ئەمریکا کردووە بۆ ئاسانکاری گفتوگۆ یان دروستکردنی متمانە لە نێوان هەردوولادا، تۆماس باراك وتویەتی: هیوادارین هەردوولا، ئیسرائیل و شەرع، تەنانەت ئەگەر لەم قۆناغەدا قسە لەگەڵ یەکتریش نەکەن، بگەنە لێکتێگەیشتنێک، کە دەستوەردانی سەربازی لە ئێستا بۆ هەردوولا بە ترسناک بزانن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار