ترەمپ: رێگەنادەین ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجامبدات

10 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتن رێگە بە تاران نادات درێژە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بدات. ئەوەش لە کاتێکدایە بەشێک لە میدیای ئەمریکی دەڵێن، ئەو پێشنیازەی ئەمریکا پێشکێشی ئێرانی کردووە، ئەو مافەی پێ دەدات.
رۆژی هەینی 6ی حوزەیرانی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئیدارەکەی و ئێران دایەوە.
ئەو وتی، بەگوێرەی پێشنیازەکە کە بۆ رێککەوتن بۆ ئێران نێردراوە "ئەوان یۆرانیۆم ناپیتێنن. ئەگەر پیتاندنیان کرد، ئەوا ناچار دەبین بە رێگەکەی دیکە [مامەڵەیان لەگەڵ] بکەین."
ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا وەکو ئاماژەیەک بۆ هێرشی سەربازی بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لێکدەدرێتەوە، لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێککەوتن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا جارێكی جەختیكردەوە: کردەوە واشنتۆن رێگە بە تاران نادات لەناو وڵاتەکەیدا پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجامبدات.
ترەمپ، لە لێدوانێکی کورتدا، لەناو فڕۆکەکەی لەوەڵامی پرسیارێكداسەبارەت بە قسەكانی رابەڕی باڵای ئێران كە وتی، دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابن، رایگەیاند: "نابێت پیتاندن بكەن، ئەگەر پیتاندن بکەن، ناچارین جوڵە بكەین و رێگەیەكی جیاواز بگرینەبەر"، وەك ئاماژەیەك بۆ ئاڕاستەیەکی دوور لە دانوستانەکان، بەبێ ئەوەی دیاری بکات کە ئەو ئاڕاستەیە چی دەبێت.
ترەمپ، لە هەمان کاتدا جەختی لەوە کردەوە، ئارەزووی ئەوە ناکات ئەنجامی بدات بەڵکو ناچار دەبێت، لە کۆتاییدا وتی: "هیچ بژاردەیەکی ترمان نابێت... رێگە بە پیتاندن نادەین".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ، دوای دوو رۆژ دێت لە رەتکردنەوەی پێشنیازی ئەمریکا لەلایەن تارانەوە سەبارەت بە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم، كە تیایدا عەلی خامەنیی رابەڕی باڵای ئێران جەختیكرد، تاران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.
