بەریتانیا چوار كوردی بەتاوانی كوشتنی هەرزەكارێك دادگای دەکات

19 كاتژمێر لەمەوپێش
كاوە ڕەش/ بەریتانیا
دوو پیاوی كورد لەبەریتانیا، بەتاوانی کوشتنی هەرزەکارێک سزا دران ،دوای ئەوەی بەئۆتۆمبێلەکەیان لەپاسکیل سوارێكی هەرزەكار دەدەن و دەكەوێتە خوارەوە. لەجیاتی پەیوەندیی بەفریاگوزاری تەندروستییەوە بكەن، چاوەڕێ دەكەن تاگیان لەدەست دەات.
ش س، تەمەن ٢٤ ساڵ و ئ م، تەمەن ٣٤ ساڵ، دوای ئەوەی بەئۆتۆمبیل بەدوای هەرزەكارێكی تەمەن ١٩ ساڵان بەناوی (بێن پڕۆكتەر) دەكەون، بەهۆی ئەوەی پێشتر ئەو هەرزەكارە گوایە ئۆتۆمبیلەكەیانی شكاندووە لە ١٥ی ئەیلوولی ساڵ ڕابردوو.
لەشەقامی ویلنگتۆن لەشاری پیتەربۆرۆ پاش ئەوەی بەئۆتۆمبێل لەسەر پاسكیل دەیكەنە خوارەوە، لە كاتژمێر نزیکەی ١٠.٢٠ی شەو، هەریەكە لەش و ئ، بەبێهۆشی ئەو هەرزەكارە دەخەنە ناو سندوقی ئۆتۆمبیلەوە، لەكاتێكدا هێشتا لە ژیاندا ماوە، بەڵام ئەوان دەچن فڕێی دەدەنە و ژێر بەرژینێكەوە.
دواتریش هەردوو تاوانبار لەجیاتی ئەوەی پەیوەندی بەهێڵی فریاگوزارییەکانەوە بكەن، شوێنەكە جێ دەهێڵن و ڕۆیشتون، تاچاویان بەدوو هاوڕێی تریان بكەوێ، بەناوی ز م تەمەن ٤٧ ساڵ و ه م، تەمەن ٤٠ ساڵ، تابتوانن هاوکاریان بن، بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکەو لەناوبردنی بەڵگەکان.
دوای كاتژمیرو نیوێك، دەگەڕێنەوە شوێنی ڕووداوەكەو م پەیوەندی بەژمارە ٩٩٩هێڵی فریاگوزاریەوە دەكات، لەكاتێكدا پێیوابووە كە (بێن) مردووە، بەڵام پزیشكانی فریاكەوتنی شاری پیتەربۆرۆ کاتژمێر ١٢:٣٦ خولەکی بەیانی ڕۆژی دواتر هەواڵی بەمردووی ئەو هەرزەكارە ڕادەگەیەنن.
ش، لەدوای گەڕانەوەیان بۆ شوێنی ڕووداوەکە لەوێ دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێی تاوانەكەیان پەردەپۆش بکات. ئەو بەدرۆ بەپۆلیسی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی چەند ئاگادارییەكی لەڕێگای كامێراكانی چاودێری پێگەیشتووە و بینیویەتی (دز) چونەتە ئەوگەراجانەی كەبەكرێی گرتووە بۆ هەڵگرتنی ئۆتۆمبێلەکانی، لەڕێگاداو لەکاتی گەیشتنیدا، بینیویەتی هەرزەکارەکە لەسەر زەوی كەوتوەو داوای ئاو دەکات، ئەو چووە چووە ئاوی بۆ بهێنێت، بەڵام لەگەڕانەوەیدا بەئیدیعای خۆی قوربانییەكە وەڵامی نەداوەتەوە، پاشان پەیوەندی بە ژمارە ٩٩٩ ی فریاكەوتنەوە کردووە.
بەڵام كاتێك یەکەم ئەفسەر دەگاتە شوێنی ڕووداوەکە تێبینی کردووە کە(بێن) تەنها یەک تاكەپێڵاوی لەبەردا بووە و چەندین برینی پێوەبووە، کەئەمەش لەگەڵ کەوتنێكی ئاسایی یەک ناگرێتەوە.
دوای پشکنینی پزیشكی دەركەوتوە هۆكاری مردنی ئەو هەرزەكارە، بەهۆی سەختی برینەکانی ناوەوەی بووە لەكاتی لێدان و بەربونەوەی لەسەر پاسكیلەكەی بەهۆی پێكانیەوە لەلایەن ئۆتۆمبیلەكەوە. هاوكات لەگەڵ كۆكردنەوەی بەڵگەكانی لێکۆڵینەوەکان لەڕێگای كامێراكانی چاودێری ناوچەكە تاهۆكاری بارودۆخی ڕاستەقینەی مردنەكەی دەربخات .
لە میانی دادگاییکردنێکی هەشت هەفتەییدا، دەستەی دادوەران گوێیان لەوە بوو، کە ئ چۆن تەلەفۆنی بۆ ش ی هاوڕێکەی کردووە، کەبەپەلە بگاتە شوێنی ڕووداوەکە، پاشان بەئۆتۆمبێلێكی سووری کیا، هەرزەكارەكە دەخەنە ناو سندوقەكەوە، هەرچەندە گرتە ڤیدیۆییەکانی سی سی تی ڤی، ساتەوەختی پێکدادانەکەیان نەگرتووەلەگەڵ پاسكیلەكە، بەڵام دەرکەوتووە کەکیا سورەكە بەرەو لای پەرژینەكە ڕۆیشتوەو گەڕاوەتەوە لەو كاتەیدا كەهەرچوار پیاوەکان، تەرمی (بێنیان) خستۆتە ناو سندوقەكەوە، لەگەڵ ئەوەش نیشانی دەدات كەدەعمی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەكە تێکچوو.
ڕۆژی (دووشەممە، ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥)لە دادگای تاجی کامبریج، دوای ٢٤ کاتژمێر و ١٩ خولەک لە وردبینی، دەستەی دادوەران بەكۆی دەنگ، ش س ی نیشتەجێی شەقامی هۆڵدیچ، پیتەربۆرۆ، تاوانباركرد (بەكوشتن) و ساختەو پیلانگێڕی بۆ شێواندنی ڕەوتی دادپەروەرانەی كەیسەكە.
هاوكات هاوشانی ئەوێش، ئ م، نیشتەجێی ئۆندل ڕۆد، پیتەربۆرۆ، ئەویش بەبڕیاری زۆرینەی دەنگ تاوانبار كرا بەکوشتنی بەئەنقەست و ساختەكاری لەشاردنەوەی تاوانەكەدا.
لەگەڵ ئەوەی دوو كەسی یەكەمیان بەبكوژ ناسێندراون، هەردوو هاوڕێكەی دیكەشیان بەناوی ه م و ز م كەئەوانیش نیشتەجێی لینکۆڵن ڕۆد، نیو ئینگلاند، پیتەربۆرۆ، هەردووکیان بەتاوانباركراون بەساختەكاریی و پیلانگێڕی بۆشێواندنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەی دادپەروەری دادگایی كردنەكە.
سەرباری سزادانی ئەو چوار كوردە، دووانیان وەك بكوژ و دووانی دیكەش وەك هاوكارو بەلاڕێدابردنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوەكان، دادگا هێشتا ئاشكرای نەكردووە ماوەی سزاكەیان چەند دەبێت، بڕیارە بەو زووانە ماوەی زیندانی كردنیان ڕابگەیەندرێت.
ئەفسەرێكی لێكۆڵینەوەكان لەكەیسەكە ڕایگەیاندوە; لەبری ئەوەی داوای یارمەتی بکەن بۆئەو هەرزەكارە، بەڵام بەبرینداری بەجێیان هێشتووە بۆ ئەوەی بمرێت و تاوانەکە پەردەپۆش بکەن تادڵنیابن کەقسە لەگەڵ پۆلیس ناکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوەكانمان زۆر جدی بوون، بۆ دۆزینەوەی بكوژو هاوكارەكانیان، وەک شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەو ئەو دوو کەسەی دیکە کەیارمەتیدەر بوون لە هەوڵی پەردەپۆشکردنەکەدا.
